ما 11146 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەوسا هەموویان لە ژوورەکە کۆدەبنەوە. ژەمی ئێوارەیە. رۆحەکان بە دەوری سفرەکەدا دێن و دەچن. دادەمەزرێن. چاوەڕوانم یەکیان بانگم بکا. بڵێ راستی ئەوە لە کوێیە. بەڵام دەنگ نیە. وەک بڵێی من هەر نەبووبم. هەر نیشم. داخۆ مەگەر بەڵێن وەها نەبوو؟

 

خانووی رۆحەکان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

وە من خۆم بووم لەوێ بەجێمابووم. لە ناو ژوورەکانی ئەو خانووەدا. خانووەکەی ساڵانی ساڵ لەوە پێش. لە ناو تارمایی تاریکی و رووناکیدا. لە ناو گەمەی تیشک و سێبەردا.

لێم رووانی، وتم لێرەی؟ وتم لێرە بەردەوام ماوی؟ سەرێکی راوەشاند و بە چاوە نادیارەکانی نێوان بوومەڵێڵێکی ناوەخت، وتی ئەرێ. یاخود وتی نا. نازانم.... گرینگ نیە. بە خۆم وت گرینگ ئەوەیە لێرەیە، جا چ خۆی بزانێ یان نەزانێ.

ئەوسا بە ناو ژوورەکاندا جووڵام. وتم لە گەڵم دێی؟ وەڵامی نەدامەوە، بەڵام لە هەر ژوورێک ئەو لەوێ بوو، لە سووچێکدا بە هەمان نیگا و هەمان چاوەڕوانییەوە. لە دیوارەکانم دەڕوانی. لە سەقفەکان. لە سەر تاقەکان. وتم لە بیرتە؟ وتی لەبیرمە. چی؟ راستی من پرسیاری چیم دەکرد. بەڵام گرینگ ئەوە بوو لە بیرمان بوو. دیوارە گڵینەکان، دارەڕاکان و تاقە قڵشیوەکانی داپۆشراو بە پەڕۆ گوڵینەکان و شمەکە وردەکانی سەری. بۆنەکان هاتن. هەڵم مژین. شتێک لە دەروونمدا قڵشی برد و تەقی. هەستم کرد خەریکە شی دەبمەوە. وەک گڵۆڵە بەنێکی رێسراو بە دەست و رانی دایەگەورە. وتم لە بیرتە؟ ئەمجارە وەڵامی نەدامەوە. لەبەر خۆمەوە وتم حەتمەن لە بیریەتی.

لە پەنجەرەکەوە لە دەرەوەم رووانی. درەختی ئێوارە سێبەری دەخست. لق و گەڵاکان خۆیان لە پەنجەرە و لە دیوارەکە هەڵدەسوو. وەک بڵێی دەستی نەوازشێکی پڕ لە بەزەیی دەیەوێ خانوویەکی پەرپووت و کۆن و لەبیرکراو، بلاوێنێتەوە. تەوێڵم بە شووشەکەوە ناو و لێم رووانین. پشیلەیەک لە سووچێکی حەوشەکەدا ئارام تێپەڕی و لەسەر بانیژێکە ون بوو. پەڕێک لە گووڵێک هەڵوەری.

بانیژێکە و کۆترەکان نەرم نەرم کەوتنە فڕین. کۆترێک بەو ئێوارە درەنگانە لەسەر لقەکە نیشتەوە و ئەویش وەک من تەوێڵی بە شووشەکەوە نا. وتم دەمناسیتەوە؟ ئەوی سووچێکە وتی ئەو تەنیا من دەناسێتەوە. ئەوسا زانیم ساڵانی ساڵ تێپەڕیون. ئارام چۆکم دادا و وتم ئەوەندە بێ رەحم مەبە. وتی گوناهی من نیە، خۆی لە خۆیا وایە! راستی دەکرد. پێکەنینم بە گەمژەیی خۆم دێت. هەڵدەستمەوە و دیسان لە لقەکە دەڕوانمەوە. کۆترەکە لەوێ نەماوە. پێی دەڵێم بەڵێن نەبوو بەم کاتە درەنگە کۆترەکان هەڵفڕێنین. دەڵێ ئەمجارە خۆیان هەڵدەفڕن. چاو لە ئاسمان دەبڕم. هیچ نابینم. لەو بەر، بانیژەکە نەماوە و دڵنیا لەوەی کە کۆترەکان شوێنێکیان بۆ نیشتنەوە نیە، بەزەییم بە سەرگەردانی و ئاوارەییاندا دێتەوە. ئاسمان چەند بێ بەزەییە. لەبەر خۆمەوە دەڵێم ئەوانیش!

لە ژوورەکانەوە دەنگ دێت. دەچم درگاکان بکەمەوە. بەڵام دەستم پێیانەوە شەتڵ دەبێ. بیانکەمەوە یان نا. نا، نایانکەمەوە. خۆم دەڵێ دەنگەکان دەبێ وەک خۆیان لەوێ بمێننەوە. گوێ بە درگاکانەوە دەنێم. لەگەڵ ئەوەی ناتوانم وشەکان لە یەکتر جیابکەمەوە، بەڵام دەزانم باسی چی دەکەن. زەمەن پاڵم پێوە دەنێ و دەڵێ بکشێوە بەسە. مێشێک رەنگە هی ئەو ساڵانە لە سەر شانم دەنیشێ. لە کۆڵانەوە دەنگی تێپەڕینی جووتێک گەنجی ئاشق دێتە گوێم. دڵنیام قژیان درێژ و ریشیان زۆر و دەرەلینگی شەرواڵەکانیان پان و پۆڕە. لە دوور دوورەوە کەڵەشێرێک دەخوێنێ. دراوسێی پشتی دیواری گڵینی حەوشەکە، ئافتاوەکەی هەڵدەگرێ و دەچێ بۆ ئاودەست. ئاسمان هەتا دێت تاریکتر دەبێ. بە خۆم دەڵێم دەزانی ئەو کاتانەیش وەها بووە! خۆم بە سەرسووڕمانەوە لێم دەڕوانێ.

پێی دەڵێم لەبیرتە لێرە دەنووستین، لێرە کایەمان دەکرد و لەوێ چیرۆکەکانمان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە؟ خۆم هیچ ناڵێ. دەزانم لە بیریەتی. دەڵێم لە بیرم چووبوونەوە. زەردەخەنەیەکی تاڵ لێوەکانی دەنگێوێ. چۆلەکەیەک خۆی بە بن گوێسبانەکەدا دەکا. درەنگ وەختە. ئەوەندە بەپەلەیە هەناسەی سوارە. ئێوارە بۆ هەموو کەس وەک یەک نیە. بن میچەکە بۆنی ریقنە و بۆنی پەڕو پۆ و وردەچیلکە دەدا. رووی تێدەکەم و دەڵێم کاتی خۆی ئەمەیشم دەست نەکەوت. دەڵێم ئێوارەیان لە سەر پلیکانەی قەراخ شەقامەکان دادەنیشتم و تەنیا لە جیهانم دەڕوانی. دەلێم زۆر جار تەنیا رووانین دەتوانێ یارمەتیدەر بێت. خۆم سەرێک بە ئاستەم رادەوەشێنێ. نازانم بۆ سەلماندنی قسەکەی منە، یان تەنیا بۆ نیشاندانی رێزە، ئەوەیکە گوێ و ئاگای لە منە.

لە دوورەوە دەنگی هەورەتریشقەیەکی ناوەخت دێت. رەنگە بارانێکی ناوەختیش داکا. هاوینەباران. راستی بۆ من بە هاوین گەڕاومەتەوە؟ نەکا لەگەڵ باران هاتبێتم؟ لەگەڵ با و لەگەڵ هەورەکان؟ چاوەکانی ئەو پێم دەڵێن نا وا نیە. دەڵێن من هەر وا بۆ خۆم لێرەم. دەڵێن لەبەر ئەوەی قەت نەڕۆیشتبووم! پێکەنینێکی شێتانە دامدەگرێ. خانووەکە دەنگ دەداتەوە. دەڵێم ئەی ئەو هەموو چیرۆکە، ئەو هەموو بەسەرهات و تێپەڕینە،... ئەو هەموو تەنیاییە؟ بەڵام لە پرسیارەکانم پەشیمان دەبمەوە. نەکا ژیان، چیرۆکێک بێت خۆمان دەینووسینەوە بە بێ ئەوەی بۆ یەک تاقە چرکەیەش چییە جەستەمان لە پشت مێزەکە جووڵابێ!

حەزدەکەم دەرگاکە بکەمەوە و بچە حەوشەکە. خۆم بە چاوە تاریکەکانی پێم دەڵێ نا. دەڵێ لە دووای ساڵانی ساڵ تەنیا ئیزنم هەیە لێرە لە ناو خانووی رۆحەکاندا بێم و بچم. هەر ئەوەندە. لە پشت پەنجەرەکەوە تامەزرۆیانە لە حەوشەکە دەڕوانم. لە خۆڵی کاکڵەمووشان، لەبەردی حەوت بەرد، لەو جادانەی وا ماشینە پلاستیکیەکان پیایا تێدەپەڕین. پێی دەڵێم پێم وایە منیش لەگەڵ یەکێک لەو ماشینانە رۆیشتم، وانیە؟ بە بێ ئەوەی سواری بم، لێمخوڕی و ونبووم. بۆ یەکەم جار بزەیەکی دێتێ و دەڵێ هەر ئەم خەیاڵاتانە بوو بێرەی گەیاندی،... بۆ یەک جاریش بووە وازبێنە! چاو دەقونجێنم و بەسەر گردێکی تەپ و تۆزاویدا سەردەکەوم. لەو سەرە کەسێکی تر چاوەڕوانە سواری بکەم. سەفەر بە بێ هاوڕێ هیچ خۆش نیە.

ژوورەکان بە خێراییەکی سەیرترەوە تاریکتر دەبن. خانووەکە دەبێ بە رەش. خۆم وندەبێ. چاوی بۆ دەگێڕم. ئەگەرچی نایبینم، بەڵام دڵنیام هەر وا لە سووچەکاندایە. ئەو هەمیشە لە سووچەکاندایە. وەک من. ئەوسا ژوورەکان پڕدەبن لە سێبەرەکان. ئەو سێبەرانەی من نابینن و وەک ساڵی ساڵان دێن و دەچن. ئەمجارە بە ناو مندا. یان من بە ناو ئەواندا. ژیان دەژیێتەوە. مێژوو هەموو شتێک داگیردەکا. نەکا من لە دەرەوەی مێژوو بم؟ یاخود ئەوا ئەوانن؟ نازانم. گرینگ نیە. سەیری سەعاتی سەر دیوارەکە دەکەم کە لەبەر دەم رووناکایی بەئاستەمی دەرەوە، سەفحەکەی دەدرەوشێتەوە و من دەزانم کاتژمێر چەندە. ئیستا نا ئیستا دووا رۆحی خانووەکە دێتەوە. لە دەرگا دەدا و دێتەسەرەوە. بە دڵقێک بە دەستیەوە. روو وەردەگێڕم و لە دەرگاکە دەڕوانم. ئەویش بە ناو مندا گوزەردەکا و تێدەپەڕێ. بۆنی گیزە گیزی سەماوەر گوێچکەکانم پڕدەکەن. مژێک لە نیگاکانم دەئاڵێ.

ئەوسا هەموویان لە ژوورەکە کۆدەبنەوە. ژەمی ئێوارەیە. رۆحەکان بە دەوری سفرەکەدا دێن و دەچن. دادەمەزرێن. چاوەڕوانم یەکیان بانگم بکا. بڵێ راستی ئەوە لە کوێیە. بەڵام دەنگ نیە. وەک بڵێی من هەر نەبووبم. هەر نیشم. داخۆ مەگەر بەڵێن وەها نەبوو؟

خۆم، لە سووچێکی نادیارەوە دەردەکەوێ و بن باخەڵم دەگرێ و دەڵێ ئیتر دەبێ بڕۆی! لێی دەڕوانم. راست دەکا. وەک هەمیشە، من دەبێ بڕۆم. بەچاو لێی دەپاڕێمەوە بۆ دووانیگایەک. سەرێک بادەدا. سەردادەخەم و لە پلیکانەکان دەچمە خوارەوە.

هەر بەو شێوەیەی کە نازانم چۆن هاتبوومەوە، دەڕۆمەوە. کۆڵان هەڵمدەلووشێ. لە دوورەوە دەنگی گرمەی هەور دێت.  

 

 

گەڕان بۆ بابەت