ما 2412 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

ئەو گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە دوژمن لە یەکێک لە شەوەکاندا بە شێوەی ژێرزەمینی هوروژمی هێنابوو. ئەوان پەتاتەکانیان لە هێرشێکی ناجوامێرانەدا راگواستبوو بۆ ئەو شوێنانەی وا ئێستا شەڕی تێدا بوو. دوژمن بە پەتاتەکانی ئەوەوە خەریکی دەستەبەرکردنی سەرکەوتنەکانی بوو. هەواڵی سەرکەوتنەکانی دوژمن کە لە رادیۆکانەوە هەموو رۆژێک بڵاو دەبوونەوە بە تەواوی ئەوی لەم راستیە دڵتەزێنە دڵنیاکردبوو.

 

خۆڕاگری و پەتاتە

 

سەرەتا، دڵی خەبەری پێدابوو شەڕێکی گەورە بەڕێوەیە. دوواتر شەڕەکەیشی لە خەودا بینیبوو. لە رۆژێکی زستانیدا، لە کاتێکدا شەختە، زەوی لە ئامێزگرتبوو و لە شاخەکان لاق هەتا ئەژنۆ لە بەفر رۆدەچوو، فڕۆکە و تانگ و سەربازەکان هێرشیان هێنابوو. رەحمیان بە کەس نەکردبوو. وەک چۆن شۆفڵ خانوو رادەدا، ئاوا هەموو شاریان بە گەڕەکەکانییەوە رادابوو. هەموو شوێنێک گڕ و دووکەڵ و هاوار و زریکە. هەموو شوێنێک ئەو تەرمانەی هێشتا باوەڕیان بە مردنی خۆیان نەهێنابوو. بەفر و خوێن ببوون بە هاوڕێی گیانی بە گیانیی یەکتر.

کە خەبەری ببووەوە، ئیتر لەوە دڵنیا بوو شەڕەکە بە راستی بەڕێوەیە. هەر بۆیە زۆر ماتڵی نەکرد. کات زۆر بە دەستەوە نەمابوو. دەستبەجێ کەوتە خۆ بۆ ئەوەی شێوازی رووسەکان بۆ بەرگری لە بەرامبەر دوژمناندا رەچاو بکات. کاتی خۆی ئەم شێوازەی لە کوڕی دراوسێکەیان بیستبوو. ئەو کوڕە چاویلکە لە چاوەی، بە کتێبەوە بە تایبەت کتێبی مێژووییەوە یەکجار سەرقاڵ بوو و، بەردەوام لە سەر شەڕەکان یەک بە دووای یەکتر، کتێبەکانی لووشدابوو. ئەو کوڕەی وا لە دووای هەموو خوێندنەوەکانی، گەیشتبووە ئەو قەناعەتەی ئەوەی پشتی لەشکری ناپلئۆن و هیتلەری لە رووسیادا شکاندبوو، نە بەفر و سەرماو سوڵە بوو و  نە شەڕی ئازایانەی قەزاقەکان، ئەوەی لە راستیدا رووسەکانی لەو شەڕە سەختانەدا سەرخستبوو، پەتاتە بوو و،... پەتاتە!

کوڕەکە بۆی گێڕابووەوە کە رووسەکان پەتاتەیان لە ناو خاکدا دەشاردەوە و کاتێک سەربازەکانی دوژمن روویان لە شوێنە داگیرکراوەکان دەکرد، لە هیچ شوێنێک خۆراکیان بۆ خواردن دەست نەدەکەوت. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە خودی خەڵکەکە بە دزییەوە لە پەتاتە شاراوەکانیان دەخوارد و بەم شێوەیە رۆژ بە رۆژ دوژمن لەڕ و لاوازتر دەبوو و خەڵکی بە هەیبەتتر. ئیدی کار گەیشتە شوێنێک کە تەنانەت منداڵێکیش دەیتوانی بە شەپەڵاخەیەک سەربازێکی دوژمن لە خاک بگەوزێنێ. بەڵێ! گەر پەتاتە نەبا قەت رووسەکان بە سەر دوژمنانیاندا سەرنەدەکەوتن!

بە خۆشییەوە حەوشەکەیان گەورە بوو. دەستبەجێ ئۆتۆمبیلێكی بەکرێ گرت و رووی کردە بازاڕ. سێ فەردە پەتاتەی کڕی، سوواری سەیارەکەی کرد و رووی لە ماڵەوە کردەوە. پەتاتە فرۆشەکە، کە جوملە فرۆش بوو بە خەیاڵی ئەوەی مشتەرییە نوێیەکەی دووکانی داناوە، پێی گووت لە وەرگرتنی پارە هیچ پەلەی نیە. ئەم کە بە دڕدۆنگییەوە سەیری کابرای دەکرد و لە دڵەوە پێکەنینی بە گەمژەیی دەهات، خێرا پارەکەی دایە دەست و ئەوسا گووتی:

ـ "بەشی خۆت لادە، پەشیمان نابیتەوە، ئەوەندەی نەماوە بگەنە ئێرە!"

جوملە فرۆشەکە کە لە قسەکە نەگەیشتبوو، بە بێ ئیرادە و بە پەلە سەیرێکی دوواوەوەی خۆی کردبوو، ئەوسا رووی لە مشتەرییەکەی کردبووەوە و لە ئان و ساتی حەزی گووتنی شتێکدا، مشتەرییەکەی بە پەلە لێی دوورکەوتبووەوە.

کە گەیشتەوە ماڵ، زۆر خێرا دەستی بە هەڵکەندنی چاڵێک لە قوژبنێکی حەوشەکەدا کردبوو. هەڵبەت سەرەتا لە شوێنەکەی زۆر دڵنیا نەبوو. دەبا لە شوێنێکدا هەڵیکەنێ دوژمن زۆر خێرا نەیدۆزێتەوە. سەرئەنجام گەیشتە ئەو رایەی کە باشترین شوێن، رێک سەر خودی رێگاکەیە. ئەو شوێنەی لێی رادەوەستی و لێیەوە سەیری شوێنان دەکەی، تەنیا شوێنێکە بۆ لێیەوە ڕوانین، نەک تێڕوانین. پاییزێکی درەنگ وەخت بوو و رووبەری سەرەوەی خاک کەمێک بەستبووی. چاڵێکی گەورە و قوڵی هەڵکەند. دوواتر سێ فەردە پەتاتەکەی تێهاویشت، جوان جوان سەرەکەی بە خاک گرتەوە و ئەوسا بەردێکیی سپیی گچکەیشی کردە نیشانە.

دووای خەو بینینەکەی، ئەوە یەکەم شەو بوو کە لە راستیدا بە ئارامی و دڵنیاییەوە سەری نایە سەر سەرینەکەی. کەواتە یەکەمین هەنگاو و دووا هەنگاوی لە پێناوی هێشتنەوەی وڵات و شکستی دوژمناندا هەڵگرتبوو. ئەو شەوە لە خەویدا دەیبینی کە چلۆن منداڵە گرینۆکەکەی دراوسێیان کە هەمیشە جووکەی دەهات، بە شەپەڵاخەیەک قەڵافەتی سەربازێکی دوژمنی تەختی زەوی کرد.

بۆ رۆژەکانی دوواتریش درێژەی بەم کارەی دا. چەند فەردە پەتاتەی تری کڕی، هەڵبەت نەک لە هەمان شوێن. هەرچی دەکرد نەیدەتوانی لە دڵەوە لە گەمژەیی جوملە فرۆشەکەی پێشوو خۆش بێت. کەسێک کە بۆ خۆی پەتاتە فرۆش بێت و کەچی نەزانێ پەتاتە چ مانایەکی گەورەی لە شەڕی گەورە و خۆڕاگریدا هەیە و، خراپتر لەمە نەزانێ کە ئەوەندەی نەماوە دوژمن بگاتە ئێرە، واباشە قەت رووی تێنەکاتەوە.

چەندین دەیان تەلیسی تری پەتاتەی لە شوێنە جیاجیاکانی حەوشەکەیدا حەشار دا و خستنیە ژێر خاکەوە. لە بەر خۆیەوە حسێبی کرد کە بەو پەتاتانە دەیتوانی خۆی و خاو و خێزانی لانیکەم بە چەندین ساڵ لە بەرامبەر غەدری دوژمندا خۆڕابگرن. تەنانەت شەوێکیش هەموو خێزانی کۆکردەوە و قسە و باسی پێویستی لە گەڵ کردن. ژنەکەی کە نەیدەزانی چلۆن وەڵامی مێردەکەی بداتەوە، خەمی ئەوەی بوو کە بە هۆی پەتاتەکانەوە هەرچی جانەوەری سەیر و سەمەرەی ژێر خاکە لە حەوشەکەی ئەواندا کۆببنەوە.

دووای ئەوەی خاك بەستی، لە گەڵ یەکەم زوقمەکان، شەختەی بەیانیان رووی لە حەوشە کرد و ئەوجار بەفر باری. ئەم کە هەموو بەیانیان و ئێواران لە بەر پەنجەرەکەیان رادەوەستا و ئاسۆی بەسەردەکردەوە، شتێک پێی دەگووت کە دوژمن یان بەیانیان زوو یان ئێوارەیان درەنگ هێرش دێنێت، پێکەنینی بە گەمژەیی دوژمنێک دەهات کە دەیویست روو لە وڵاتێک بکات وا ئەوی تێدا دەژیا.

زستانێکی سەخت رووی لە وڵات کرد. رادیۆکان دەیانگووت کە لە مێژە وەها سەرما و سۆڵێک نەبیندراوە. ئەمە ئەوەندەی تر دڵنیای کردەوە دوژمن بەڕێوەیە. هەموو شتێک ئیتر لە سەردەمی ناپلئۆن و هیتلەری دەکرد. کوڕی دراوسێکەیان گووتبووی کە ساڵی هێرشی ناپلئۆن و هیتلەر بۆ سەر رووسیا، ساڵی دژوارترینی زستانەکان بوونە. شەوێک کە لە دەرەوە بە دوو مەتر بەفر لە سەر زەوی بوو و سەرما سی دەرەجە لە ژێر سفردا بوو، هەموو خاو و خێزانی کۆکردەوە و بە دڵنیاییەوە باسی لەوە کرد کە بۆ سبەی دوژمن دەگاتە وڵاتەکەیان، هەربۆیە لە ئیستاوە دەبێ فێری ئەوە بن کە چلۆن بە دزییەوە لەو پەتاتانە بخۆن و چلۆن بە هیچ کلۆجێک نابێت تەسلیمی ئەشکەنجەکانی دوژمن بن بۆ ئاشکراکردنی شوێنی پەتاتەکانیان.

ئەو شەوە تا بەیانی خەوی لێنەکەوت، بەڵام خەوی بینی کە هاتن. بە جوانی گوێی لە دەنگی زنجیری دەبابەکان و هاڕە هاڕ و وژە وژی فڕۆکەکان بوو. تەنانەت بریسکەی سەرنێزەی تفەنگەکانیشی بینیبوو. لە بەر ئەوەی نەکا سبەی لە بەر شەڕ و ئاگری قورسی دوژمن نەتوانن بچنە حەوشێ و پەتاتە دەربێنن، هەر ئەو شەوە چووبوو و چەند سەلکێکی دەرهێنابوو و لە مەنجەڵێکی گەورەدا کوڵاندبوونی. بۆ ناشتا هەموو خاو و خێزان پەتاتەیان خواردبوو.

بەڵام دوژمن نەهات. تووڕە لەو دۆخە، چەند جارێک دەر و ژووری کرد. چوو رادیۆکەی هێنا و گوێی لە هەواڵەکان گرت. نا، هیچ قسە و باس نەبوو! وەک هەمیشە رێکلامە و گۆرانی و بەرنامە بێماناکان. بیری کردەوە بێگومان دەبێ دوژمن دەستی بە سەردا گرتبێ. رەنگە دوژمن بە هۆی ئەو و پەتاتەکانییەوە دەیەوێ لە ئاخر قۆناغدا شارەکەی ئەوان داگیر بکا. خەمی ئەوەی کە نەکا هاووڵاتیانی تر بەم زیرەکەی ئەو نەزانن و دوودەستی هەرچی پەتاتەی وڵاتە رادەستی دوژمنی بکەن، تەواو رایتڵەکاند،... ترساندی. بە پەلە لە ماڵ چووە دەر بۆ ئەوەی بچێ و لە کوڕەکەی دراوسێیان بپرسێ. لە دەرگای دا. لە ماڵەوە نەبوو. لە کاتێکدا بەو پەڕی ناهومێدییەوە بۆ مالەوە دەگەڕایەوە، کتوپڕ دڵنیاییەکی سەیر رووی تێکرد:

ـ "نا، بێگومان چووە بۆ شوێنەکانی تر بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە حێکمەتی مێژوو."

بۆ رۆژی دوواتریش دوژمن نەگەیشت. رۆژی سێهەم و چوارەم و ... هەر نەگەیشت. بەرە بەرە هەوا بۆنی بەهاری گرت و بەفر دەستی بە توواندنەوە کرد. درەختەکان چرۆیان دەرکرد و لە هەموو شوێنێک دەنگی باڵندە بەهارییەکان هاتنەوە گوێ،... وەک هەموو بەهارێک. بەڵام دوژمن نەهات و نەهات.

پەتاتەکان رزان و حەوشەکە جێ جێ پووکایەوە و رۆچوو.

ئەو گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە دوژمن لە یەکێک لە شەوەکاندا بە شێوەی ژێرزەمینی هوروژمی هێنابوو. ئەوان پەتاتەکانیان لە هێرشێکی ناجوامێرانەدا راگواستبوو بۆ ئەو شوێنانەی وا ئێستا شەڕی تێدا بوو. دوژمن بە پەتاتەکانی ئەوەوە خەریکی دەستەبەرکردنی سەرکەوتنەکانی بوو. هەواڵی سەرکەوتنەکانی دوژمن کە لە رادیۆکانەوە هەموو رۆژێک بڵاو دەبوونەوە بە تەواوی ئەوی لەم راستیە دڵتەزێنە دڵنیاکردبوو.

ئیستا دەزانێ کە دوژمنیش دەتوانێ یەکجار لە مێژوو شت فێربێت، ئەوەندە زیاتر کە نەهێڵێ ناپلئۆن و هیتلەرێکی تر دیسان سەرهەڵبدەنەوە.  

 

 

گەڕان بۆ بابەت