د. ئەحمەدى مەلا

شوێنەکان خزن

شەقامەکان تەڕن

دونیا رەش و سپییە

وەک فلیمەکانی گابان

جادەکان چەورن

بە یادەوەری لینجی پەناهەندان

تۆش شۆڕ دەبیتەوە

 

شیعرى تام و شیعرى پاریس

 

تام:

هەندێجار

هیچ شتێک تامی نامێنێ

سەوزیی گەڵای دار و

ئەو دەقە جوانەی کە هێشتا

نەتنووسیوە

شکۆی تەم و

لێڵیی ئاسمان

هیچ شتێک تامی نامێنێ

سیماکانی منداڵیی و

ئەو لاپەڕە سپییەی بەردەمت

یادەوەرییە زۆر و زەبەنەکان

دەژاکێن و

وەک کڵۆ شەکری

ناو قاوەیەکی تاڵ دەتوێنەوە

نیشتمان و تاراوگە وەکو یەکیان لێدێ

دوێنێ و سبەینێ

ئێستا کەینوونەی ون دەکا

هەندێجار

هەموو شتێ تامی لە دەست دەدا

سەرجەم

ئەو نامانەی کە دەبوایە

بینووسیت

ئەوانەی خەریکی دەینووسیت و

ناگەنە هیچ شوێنێ

سەرجەمی ناونیشانەکان

سڕرانەوە

خێر و شەڕ و

رەش و سپی

وەکو یەک

ئاوا دەبن بە کپی

 

پاریس:

شوێنەکان خزن

شەقامەکان تەڕن

دونیا رەش و سپییە

وەک فلیمەکانی گابان

جادەکان چەورن

بە یادەوەری لینجی پەناهەندان

تۆش شۆڕ دەبیتەوە

میترۆ

تاریک و بۆنی ئاودەسخانەکان

بێ پسوولە

بێ تیکت

بێ "ئێستا"

سواری مترۆیەک دەبی

نازانی بۆ کوێ دەچێ

لە کوێ دەبێ دابەزی

لە پەنجەرەکانەوە

رێکلام و

میترۆش سیخناخ

بە لەشی بەشەر

تەنها

هەست دەکەی

تۆ زیادی

لە نێو ئەو تاریکاییەی

هەر بە تۆ دەکەن

لە بیچمی تۆ

خۆیان داتاشیوە

لە رۆحی تۆوە

تیشکە تاریکەکانیان

قۆزتۆتەوە

و

بایەک

پالەپەستۆیەک

هەموو

داڵغەکان

پەرت و بڵاو دەکات

تەنها

هەر

تۆ زیادی

و

 

دانابەزی و دانابەزی...

گەڕان بۆ بابەت