ما 875 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە شەرمی ئەوانەی پێشەوە و دیسان لە شەرمی ئەوانەی کە رەنگە لە دوواوە بوون و من هیشتا نەمبینیبوون، ترسی لووتکەم لەبیر چووەوە. وەک قرپۆکێکی چوست و چالاک کە خۆی دەهاوێتە ناو گۆلەوە، ئاوەها راست بوومەوە و بە قەڵەمبازێک چوومە خوارەوە.

 

 

لووتکە

هەموو تەمەنم ئارەزووم گەیشتنە لووتکە بوو. دوێ شەو خەوم بینی گەیشتووم! لووتکەیەکی سەرکەشی بەردین و تیژ کە بە هەموو دەورووبەری خۆیدا دەیڕوانی. ئەوەندە بەرز هەر تەسەوری ناکەی. سەر لە ناو هەوراندا و بن لە ناو ئاواندا!

بەڵام من لە جیاتی ئەوەی خۆشحاڵ بم، لە جیاتی ئەوەی هەڵخەمەوە، قۆلەکانم وەک باڵی باڵندە بەرزەفڕەکان بکەمەوە و سەرهەڵبڕم و روو بە دونیا و ئاسمان بقیڕێنم، لە ترسانا باوەشم بە بەردەکانا کردبوو و خەریک بوو دڵم دەتۆقی! ئاسمانی بڵیند و بای سامناک و قووڵایی دەشت و دۆڵەکان وەهایان ترساندبووم کە هەر دەم پێم وابوو ئەمە دوواچرکەی ژیانمە و ئیتر ئەوەندەی نەماوە بکەومە خوارەوە و هەموو شتێک بۆ هەمیشە کۆتایی پێ بێ.

چنگەکڕێیەکی سەیرم بوو. هەموو سەری پەنجەکانم بریندارببوون و خوێنیان لێ دەچۆڕا. بەری هەر دوو دەستم شەقار شەقار ببوون. بۆ ئەوەی دڵم رانەوەستێ، هەوڵم دەدا تەنیا لە بەر لووتی خۆم بڕوانم کە چەسپاندبووم بە بەردە گڕەکەوە. لام سەیر بوو چۆن گەیشتوومەتە ئێرە. لامدەکردەوە و هەوڵم دەدا ئەو رێگایە بدۆزمەوە وا پیایا گەیشتبوومە ئێرە، بەڵام قوتەکە لەوە لێژتر، هەڵەمووتتر و بچووکتر بوو بتوانم کوێرە رێگایەکی تیا ببینمەوە. هەموو شتێک لێژاییەکی ترسناک بوو و بەس. جاروبارە بە دزییەوە و بە سرکەسرک سەیرێکی خوارەوەی بەردەمی خۆم دەکرد و ئەو چرکەیەم دەهاتە بەرچاو کە خلۆردەبمەوە و دەکەومە خوارەوە و وەک جەستەیەکی شل و بێ ئیرادە بەو ئاسمانەوە هەتا دەگەمە سەر زەوی پەیکەرم دەبێ بە هەزار پارچە. نازانم بۆ پێم وابوو کە چارم نیە و، لێرە چارەنووسم تەنیا بریتییە لە کەوتنە خوارەوە و ئیتر هیچی تر.

سەرئەنجام لە دووای هەوڵێکی زۆر کە لەگەڵ ئارەقکردنەوە و دڵەڕاوکێیەکی سەیر تێکەڵ بوو، کەمێک ملم بەرزکردەوە، سەرم وەرگێڕا و لە دوواوەی خۆم چاوم بەو تیژاییە کەوت کە دەبێ بەوێدا سەرکەوتبێتم و هاتبێتمە ئێرە. بە دڵنیاییەوە لە خۆشیی ئەوەی دەچوومە سەر لووتکە، گوێم نەدابووە رێگاکە و هەر هەڵپەی گەیشتنم بووە. بە بینینی رێگاکە کە لە راستیدا لە رێگای نەدەکرد، کەمێک دڵم کرایەوە. بەڵام،... بەڵام خوایە گیان چۆن چۆنی بڕۆمەوە خوارەوە. هەر چیم دەکرد زاتی ئەوەم نەبوو ببزوێم. لام وابوو هەر لە عەرزەکە جیاببمەوە لە یەکەم هەنگاودا گڕەبەردەکان کە پلیکانە ئاسا بە مەوداوە چووبوونەوە سەر یەک، رایاندەکێشامە خوارەوە و لەویوە رێک بۆ ناو دۆڵی قووڵ و بێ بن و بێ بەزەیی.

نازانم چەندە لە کات تێپەڕیبوو، کتوپڕ دەنگی مرۆڤم هاتەگوێ! بە ترس و لەرز چاوێکی ترم گێڕا. بە خۆم گوت مرۆڤی چی و شتی چی، جا ئێرە کوا شوێنی مرۆڤە، بە خوا تێکچووم! بەڵام دەنگەکە بەردەوام بوو و، ئەمجارە بوو بە دەنگی قاقای پێکەنین. لە ترسی ئەوەی هەندێ کەس ئاگایان لێمە و بەم دۆخەی من پێدەکەنن، ئەوەندەی تر خۆم بە زەوییەوە لکاند. پان پان وەک قرپۆک بەسەر گەڵای پانی کەنار کانیاوەوە لە فێنکایی ئێوارانی هاویندا. قاقای پێکەنینەکە روون و روونتر دەبووەوە. لەوانە بوو شێت بم. خوایە چ خەبەرە! دیسان لام کردەوە و لە رێگا هەڵەمووت و رژدەکەم رووانی. قاچی راستم کەمێک بزواند و بە خۆم گوت هەر ئەوەندەی لە شتێک گیر بێت پێم وایە دەتوانم کەمکەم بچمە خوارەوە. قاچم شتێکی گرت و لە دووای تاقیکردنەوەیەکی بە سەبر و لە سەرەخۆ زانیم شوێنەکەی خراپ نیە. ئەمە ورەیەکی بەرخستم. دیسان خۆم کڕکردەوە بە تەمای هەنگاوی دووهەم. هەوڵم دا سەیری خوارەوە نەکەم. هەنگاوێکی ترم نا و جەستەم کەمێک راست بووەوە. لەم ساتەدا بوو سەری کەسێکم لێ دەرکەوت، ئەوسا یەکی تر رێک لەبەر دەممدا بەو دیوی لووتکەکەدا. دەستیان لە ناو پانتۆڵەکەیاندا بوو و، بە دەم پێکەنینەوە باسی شتێکیان دەکرد کە من لەبەر گڤەی بەهێزی با نەمدەزانی چییە، ئاگام لێبوو سەیری دووردەستەکانیان دەکرد.

من تەواو بە خۆمدا شکامەوە. ئەمجارە نەک لە ترسی بەرزایی، بەڵکو لە حەیبەتی ئەوەی نەکا بمبینن و پێم پێبکەنن. دیسان خۆم بە لووتکەوە چەسپاندەوە. خراپتر لە هەمووی کاتێک بوو کە زانیم رێک کەمێک لە خوارتری منەوە، لە خوار قاچەکانمەوە، پانتاییەکە مینی بووسێکی لێ راوەستاوە و لەو لاتریشیەوە جادەیەکی ئیسفاڵت کە سەرەوخوار دەبووەوە!

لە شەرمی ئەوانەی پێشەوە و دیسان لە شەرمی ئەوانەی کە رەنگە لە دوواوە بوون و من هیشتا نەمبینیبوون، ترسی لووتکەم لەبیر چووەوە. وەک قرپۆکێکی چوست و چالاک کە خۆی دەهاوێتە ناو گۆلەوە، ئاوەها راست بوومەوە و بە قەڵەمبازێک چوومە خوارەوە.

کە خەبەرم بووەوە و خەوەکەم بۆ دایکم گێڕایەوە (دیارە تەنیا باسی ئەوەم کرد بە بەرزایی شاخێکەوە بووم)، دایکم گوتی هەی رۆڵە خۆزگەم بە خۆت بۆ خەوت،... لەمە باشتر نابێ و ئینشاڵڵا هەر باشیش دەبێ کە بێگومان باش دەبێ! گوتی مەلای مزگەوت دەڵێ حەزرەتی محەممەد، دروودی خوای لێ بێ، پێش ئەوەی خوای گەورە جوبرەئیلی ملایکە بنێرێتە خزمەتی، چەندین جار خەوی بە بەرزایی و بە لووتکەوە بینیبوو.

بەڵام من بە ئەسپایی لەبەر خۆمەوە، وەها کە دایکم گوێی لێ نەبێت بە خۆمم گوت ئیتر قەت ئارەزووی گەیشتن بە لووتکە ناکەم... قەت قەت!

 

گەڕان بۆ بابەت