ما 10242 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

و: نەژاد عزیز سورمێ

هەمیشە سبەی هەیە و ژیان هەلمان دەداتێ كاری چاتر بكەین، بەڵام ئەگەر من هەڵەبم و ئەمڕۆ دوا ڕۆژم بێ، پێم خۆشە بڵێم خۆشم دەوێی، هەرگیز لەبیرت ناكەم ، چونكە سبەی بۆ گەنج و پیر مسۆگەر نییە، ڕەنگە ئەمڕۆ دواجار بێ ئەوانە ببینی خۆشت دەوێن.

دوانامه‌ی گابرییل گارسیا ماركیز


و: نەژاد عزیز سورمێ

 

(ئەمە دوانامەی ڕۆماننووس گابریل گارسیا ماركیز به‌ره‌نده‌ی خه‌ڵاتی نۆبل بۆ هاوڕێ و خۆشەویستانی، دوای ئەوەی بڕیاری دا واز لە نووسین بێنێ. نامەكە دەقێكە نزیك لە شێوازی ڕۆمانەكانی بە مەودا واقیعی و ئەفسووناویەكانییەوە تا نامەیەكی ڕووت. بەڵام لە هەمان كاتدا خاڵی نییە لە ساوی شیعر، لە تاقیكردنەوە و ئەزموونێكی بە پیت و تژی نهێنی و ژیان لێتكانه‌وه‌، دوور له‌ شكۆی به‌تاڵی بێ شكۆفەوه‌ سەرچاوەی گرتووە. سادە، قووڵ، پەل هاوێشتوو. پایز ئارا، بەڵام هەمیشە ژیان لەبەر بینایی.)

                                                     وه‌رگێڕ

 


ئەگەر خوا حەزی لێبووایە، لە بیری بكردبووایە من بووكەشووشەم و شتێك لە ژیانێكی دیكەی پێ ببەخشیبام ، بە هەموو هێزمەوە دەكارم دەهێنا. ڕەنگە به‌ تەواوی ئەوە نەڵێم بیری لێ دەكەمەوە، لێ بێگومان بیر لە هەموو ئەوە دەكەمەوە كە دەیڵێم. شتەكان بەهای خۆیانیان دەدەمێ، نەك وەك ئەوەی دەینوێنن بەڵكو وەك ئەوەی چیان لێ دەسەنگرێتەوە. كەم دەنووم و زۆر خەون دەبینم. تێدەگەم هەر خوولەكێك چاومان لێك دەنێین ئەوە دەگەیێنێ زیانی شەست چركەمان لە نوورێ لێ كەوتووە. دەڕۆم كە ئەوانی دی تێدا دەوەستن و بێدار دەبم كە هەموو نووستوون.
ئەگەر خوا حەز بكا ژیانێكی دیكەم پێ ببەخشێ، جلوبەرگی سادە دەپۆشم و لەسەر خاك پاڵ دەكەوم نەك هەر بە جەستەی ڕووت، بەڵكو بە ڕۆحی ڕووتیشەوە.
بۆ هەموو خەڵكیشی دەسەلمێنم چەند هەڵە دەكەن بڕوایان وایە كە پیر دەبن عاشق نابن، بێ ئەوەی بزانن، ئەو دەمەی پیر دەبن لە عاشقاتیدا دەوەستن. منداڵان باڵیان دەدەمێ بەڵام لێیان دەگەڕێم بە تەنێ فڕین فێربن، پیران فێردەكەم مەرگ لەگەڵ پیربووندا نایێ بەڵكو بەهۆی لەبیرچوونەوەدا دێ.

ئادەمزادینە!

زۆرتان لێ فێربووم .

فێربووم هەموو دەیانەوێ لەلووتكەی چیادا بژین، نازانن نهێنی بەختیاری لە پێهەڵگەڕانیدایە.
فێربووم كۆرپە كاتێ بۆ یەكەمجار پەنجەی باوكی دەگرێ وا دەگەیێنێ تا هەتایێی گرتووە. فێربووم مرۆڤ تەنیا ئەوكاتە مافی خۆیەتی لە سەرەوە سەیری ئەوی دی بكا كە پێویستە یارمەتی ڕاوەستانێی بدا .
زۆر شتتان لێ فێربووم! بەڵام كەمێكی سوودی بۆ من هەیە چونكە كاتێك لە جانتاكەم دادەندرێن من خواحافیزیم لە ژیان كردووە.
هەمیشە ئەوە بڵێ هەستی پێدەكەی و ئەوە بكە بیری لێ ده‌كه‌یه‌وه‌ .. ئەگەر بمزانیایە دوا جارە بە نوستوویی دەتبینم بەوپەڕی هێزەوە لە ئامێزێم دەگرتی و لە خوا دەپاڕامەوە بمكاتە پاسەوانی ڕۆحت.
ئەگەر بمزانیایە چەند خوولەكی دواییە تۆی تێدا دەبینم دەمگوت: (خۆشم دەوێی) و بە شەرمەوە خۆم لەوە نەبان دەكرد كە تۆ ئەوەت دەزانی.
هەمیشە سبەی هەیە و ژیان هەلمان دەداتێ كاری چاتر بكەین، بەڵام ئەگەر من هەڵەبم و ئەمڕۆ دوا ڕۆژم بێ، پێم خۆشە بڵێم خۆشم دەوێی، هەرگیز لەبیرت ناكەم ، چونكە سبەی بۆ گەنج و پیر مسۆگەر نییە، ڕەنگە ئەمڕۆ دواجار بێ ئەوانە ببینی خۆشت دەوێن.

زیاتر چاوەڕوان مەبە! ئەمڕۆ كارێك بكە چونكە سبه‌ی له‌وانه‌یه‌ نەیێ، بێگومان لەو ڕۆژە پەشیمان دەبییەوە بۆ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك وەختێكت تێدا نەدی، یا بۆ باوەشێك، ماچێك، یان سەرقاڵی ئەوە بووی دوا هیوای خۆتیانی بۆ بنێری. ئەوەی خۆشت دەوێ لە نزیك خۆتی بهێڵەوە، بە گوێیاندا بچرپێنە تۆ پێویستت بەوانە، خۆشت بوێن و بایەخیان پێ بدە و وەختێكت با هەبێ دەستەواژەی وەكو: تێت دەگەم ، بمبەخشە، بەیارمەتیت، سوپاس و هەموو ئەو وشانەی خۆشەویستی كە دەیانزانی. كەس تۆی بە بۆچوونەكانت بە بیر نایەتەوە، كەواتە بۆ هێز و حیكمەتی دەربڕین تكا و تەمەننا لە خوا بكە و بۆ برادەر و خۆشەویستانت بسەلمێنە: ئەوان چەند لای تۆ گرینگن.

 

 

 

له‌  https://www.nawaret.com/%D8%B2%D8%A7%D9%88%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%A1/%D8%B1%D8%B3%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D9%88%D8%AF%D8%A7%D8%B9-%D8%BA%D8%A7%D8%A8%D8%B1%D9%8A%D9%8A%D9%84-%D8%BA%D8%A7%D8%B1%D8%B3%D9%8A%D8%A7-%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%B2

كراوه‌ به‌ كوردی .

  • كاتی خۆی له‌ ژماره‌ی ڕۆژی 3-12-2012 ی ڕۆژنامه‌ی (هه‌ولێر)

‌    بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ .

گەڕان بۆ بابەت