ما 6694 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هاوڕێکانم دەیانگوت لەم کولێرە چەورەی تێهەڵسوو، بێگومان وەک هی ئێمە گەورە دەبێ! لە کۆلێرە چەورەکان دەڕوانم. تیایا دەمێنمەوە بیانخۆم، یان لە خۆمی هەڵسووم. چێژی دەمم زاڵترە. دەست دەکەمەوە بە خواردنیان. جگە لەمە تەمەنی بەهار و کولێرە چەورەکان یەکجار کورتە. نابێ کات بە فیڕۆ بدەم.

 

من نامەوێ پیاو بم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نازانم هۆکار چی بوو: باوکم رقی لە دایکم هەڵگرتبوو، پارەوپوڵی نەبوو یاخود هەر شتێکی تر، کە من بە ئیستایشەوە بەم تەمەنەی خۆم هەر تێی نەگەیشتم بۆچی رۆژێک بە کاتی ئێوارە لە حەوشەکە لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بە سەر دایکمدا نەڕاندی کە "من قەت بۆ ئەم هەتیوە ژن ناهێنم قەت قەت،... جا کەیفی خۆیەتی چی ئەکا با بیکا!" دایکم کە بۆ ئەوەی دەنگی باوکم نەگاتە دراوسێکان هەوڵیدەدا ئارامی بکاتەوە، بە ئارامی وتی "پیاوەکە جا ئەم هاتوهاوارەی بۆچییە..." کە باوکم بە بێ ئەوەی گوێی لێ بگرێ دیسان نەڕاندییەوە "ئەم هەتیوە پیاو نیە و شیاوی ئەوە نیە یەک چڵەپووش چییە بۆنی لەشی ئافرەت بە شەوا لە ژێر لێفەکەیەوە بە کونەلووتیا بچێتە خوارەوە!" باوکم هەر وازی نەدەهێنا، کەفی دەچڕی و دەیشیڕاند "دەبێ بەم حەسرەتەوە سەر بنێتەوە،... ئا، حەسرەت!"

من قەت داوای ژنم لە باوکم نەکردبوو. من وەک عەدولی هاوڕێم نەبووم کە ئەوەندە کەس و کاری لە باوکی بەردا تا ژنی پێ هێنا، من وەک فەرەیدوونی رفیقی سەردەمی منداڵیم نەبووم کە بۆ رازیکردنی بنەماڵەکەی رۆژێ سەری خۆی هەڵگرتبوو و خۆی بە مەقەڕی نەیارانی حکومەت لەو دیو سنووردا کردبوو و هەتا بەڵێنی لە دایک و باوکی نەسەندبوو کە ژنی بۆ دێنن، نەگەڕابووەوە. یان جەلالی حەمەکوێر کە بە مستەکۆڵەیەک لاچاوی باوکی وەها هێنابووە خوارەوە کە مانگێکی پێ نەچوو ژنیان وەک دەستەگوڵێک بۆ گواستبووەوە. نا، من جۆرێکی تر بووم، بێدەنگ و گوێ ڕایەل و حەیابەخۆ کە قەت داوای هیچم نەدەکرد. بۆیە،... بۆیە لام سەیربوو کە ئەو رۆژە باوکم بەو شێوەیە لە حەوشە نەڕاندی و کردی بەو حەشرەی کە کردی و بە گوێرەی دایکم نەدەبووایە بیکردایە. دەبێ بڵێم من لەو رۆژەوە ئیتر رووم نەبوو راستەوخۆ لە باوکم بڕوانم. کە دەمبینی بە خۆمدا دەشکامەوە و ئازای ئەندامم دەنیشتە سەر ئارەق. دۆخیشم وەها نەبوو کە نەیبینم، ئاخر من لەو خانوەدا لەگەڵیان دەژیام.

جاری وایە لەبەر خۆمەوە دەڵێم رەنگە دایکم ئەم داوایەی بە بێ ئەوەی من ئاگام لێ بووبێ بە گوێدا چپاندبێ، جاری وایشە بە خۆم دەڵێم رەنگە باوکم دەیویست بەم شێوەیە من لە کۆڵی خۆی بکاتەوە. ئاخر کوڕێک کە نە توانای بووبێ خوێندن تەواو بکات و نە کاسب بێ و نە بەردێک لەسەر بەرد بۆ بنەماڵەکەی دابنێ، بە کەڵکی چی دەهات. کوڕێک کە ساڵانی ساڵە لە کونجی ماڵەوە خزاوە و هەموو دونیای بووتەوە چواردیوارییەکان. تازە هەتا دەهات تەمەنیشم بەرەو سەرتر دەکشا و ئیتر ئەو منداڵ و گەنجەی جارانی ناو ماڵ نەمابووم. بەڵام ئاخر من هیچ چاوەڕوانییەکیشم نەبوو. بێدەنگ دەهاتم و دەچووم. لە گەڵیان، واتە دایک و باوکم، لە سەر سفرە دادەنیشتم، تا درەنگان سەیری تەلەفزیۆنمان دەکرد، کە میوان دەهات چاییم بۆ دادەنان، لە ژوورەکەی خۆم بە بێ سرتە دادەنیشتم و تا خەو دەیبردمەوە گوێم لە گۆرانی و لە رادیۆ دەگرت. تەنانەت نە داوای جل وبەرگم دەکرد و نە پێڵاویش. بگرە خاڵم، کە جاروبارە دەهات و سەردانی دەکردین، هەندێ جل و بەرگ و پێڵاوی کۆنی دەهێنا، دەیدامێ و ئیتر لەم بارەشەوە هیچ ئەرکێکم بۆ باوکم نەبوو.. دەیگوت ئادەی کوڕی دایکم ئەمانە تاقی بکەوە بزانە چۆنن؟ منیش بە بێ دەنگی تاقیم دەکردنەوە و دەمبینی وەک هەمیشە رێک بە بەرمن و هیچ کێشەیەکیان نیە.

ئیتر ئەم شەڕ و هەرا لە نەکاوەی باوکم هی چی بوو، نازانم.

جگە لەمە لە دووای تێپەڕینی مانگ و ساڵ و بیستنەوەی ئەوەی کە عەدول و فەرەیدوون و جەلالی حەمەکوێر لە گەڵ ژنەکانیان و ماڵە خەزووران کەوتبوونە کێشە و بەزم و رەزم، من ئەوەندەی تر لای خۆم، بە بێ ئەوەی بیدرکێنم بەو ئاکامە گەیشتبووم کە باشترین شێوازی ژیان هەر ئەمەیە من هەمبوو. جارێکیان فەرەیدوون گوتبووی بریا نەهاتمایەوە و بەراستم بووایە و بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانم بهاتایە! گوتبووی بێگومان وەها سەربەرزتر دەبوو! ئەمەی لە بەردەم قاوەخانە وریای خولە نازاداردا گوتبوو. ئەو قاوەخانەیەی وا هەمیشە جمەی دەهات و باوکیشم لەوێ لە سەر سەکۆکەی بەردەمیدا تەسبێحەکانی بۆ فرۆش بڵاودەکردنەوە.

من تەنانەت خەیاڵیشم بە دەم کچانەوە نەدەڕۆیشت. من قەت بیرم لە ژنهێنهان نەکردبووەوە. قەت پێیانەوە، وەک مەلای گەڕەک دەیگوت، شەیتانی نەببووم. لە بیرم دێ، ساڵانی ساڵ لەوە پێش، کاتێک لە گەڵ منداڵانی گەڕەک بە نیوەڕۆیانی هاوین لە پشت دیواری قوتابخانەی سەرەتایی گەڕەک، دوور لە چاوی نوستووی خەڵکی کۆدەبووینەوە، هەر هەموویان زەکەریان دەردەهێنا و هەڵیاندەستان و پیشانی یەکتریان دەدا، من قەت شتی وام نەدەکرد. جارێکیشیان کە ویستیان بە زۆر پێـم بکەن و من هەر نکۆڵیم لێکرد، هەر وەک باوکم هاواریان لێکردم کە پیاو نیم بۆیە پانتۆڵەکەم داناکێشم. سەرئەنجام لە دووای دەستاودەست کردنێکی زۆر، پانتۆڵەکەم بە ئارامی داکێشایە خوارەوە. بە بینینی، ئەوەندە پێکەنین نەبێتەوە، بە پشت و روودا دەکەوتن و خەریکبوو برکیان دەکرد! ئاخر ئەوەی من لە چاو هی ئەوان ئەوەندە بچووک بوو کە هەر حیسابی بۆ نەدەکرا!

من لە گەڕەکیش سەرنجی کچانم نەدەدا. هیچ کاتێک بە مەبەستی خۆ راحەتکردن دەستم بۆ لەشی خۆم نەبردووە. ئەوەندەی نەبێ هەندێ جار شەوانە بە دەم خەوەوە بە بێ ئەوەی ئاگام لە خۆم بووبێ، خۆم تەڕکردووە و بۆ سبەی خێرا لە ئاودەست خۆم شۆردۆتەوە.

دایکم نیگام تێدەبڕی و چاوەکانی پڕ دەبن لە فرمێسکی قەتیس خواردوو. نایەنەخوار. هەروا لێم دەڕوانێ و ئەوسا بە گۆشەی دەسماڵەکەی سەری یاخود چارۆکەکەی، دەیانسڕێتەوە. منیش هەروا لێی دەڕوانم. دەزانم پێوەندی بە نەبوونی پیاوەتیی منەوە هەیە. بەس نازانم کام پیاوەتییان، ئەوەی وا باوکم مەبەستیەتی، یان منداڵانی جارانی گەڕەک؟ ئەوەی کە کەسابەتم پێ ناکرێ، یاخود ئەوەی کە هینی من ئەوەندە بچووکە کە ناچێتە ریزی پیاوانەوە.

جاری وایە چاوەکانم دەقونجێنم و دەچمەوە ئەو ساڵانە. ساڵانی پشتی دیوارە بەرزەکەی قوتابخانەکە، کە پڕ دەبوو لە چقڵ و گیای وشک، کۆتایی بەهارانیش ئەو کولێرەچەورانەی وا دنک دنک دەمانچنینەوە و دەمانخواردن. هاوڕێکانم دەیانگوت لەم کولێرە چەورەی تێهەڵسوو، بێگومان وەک هی ئێمە گەورە دەبێ! لە کۆلێرە چەورەکان دەڕوانم. تیایا دەمێنمەوە بیانخۆم، یان لە خۆمی هەڵسووم. چێژی دەمم زاڵترە. دەست دەکەمەوە بە خواردنیان. جگە لەمە تەمەنی بەهار و کولێرە چەورەکان یەکجار کورتە. نابێ کات بە فیڕۆ بدەم.

من، نە ژنم دەوێ و نە دەمەوێ کاسبی بکەم،... نە حەزیش دەکەم زەکەرم وەک هی عەدول و فەرەیدون و جەلالی حەمە کوێری لێ بێت. من تەنیا حەزم لەوەیە لەم خانووەدا بژیم، لە تەنیشت دایکما و لە کاتێکدا باوکم ئێوارەیان بە جانتای تەسبێحەکانی دێتەوە و هەر لە حەوشە پێش ئەوەی بێتە ژوورەوە، جامانەکەی دادەکەنێ و ئاوێک بە سەروچاویدا دەکا،... باوکم کە بۆنی جادە و قاوەخانە و تەسبێحە قەزوانەکانی گرتووە،... دایکم کە جگە لە من کەسی تری لەم جیهانە پان و بەرینەدا نیە.

من نامەوێ پیاو بم!

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت