ما 4820 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

کاتێک تۆ دەمری، رۆحەکەت دەچێتە کەناری چۆمی ستیکس  شاڕۆنی بەلەمەوان لە چۆمەکە دەتپەڕێنێتەوە، بەڵام تۆ دەبێ لەبری ئەمە کرێی بدەیتێ. لەبەر ئەمەیە کاتێک ئێمە مردوو ئەنێژین سکەیەک ئەخەینە نێو دەمی. مردوو دەتوانێ ئەم سکە بدا بە شاڕۆن.

 

هیرکوول

دیرۆکێکی یۆنانییە بۆ منداڵان

بەنیامین هۆڵم کرۆس

یاڵی شێر

هیرکوول قارەمانێکی یونانی بوو. ئەو پیاوێکی زۆر زل و بەهێز بوو. زۆریش حەزی بە، خۆدەرخستن دەکرد.

رۆژێکیان خواژنێک لەگەڵیا کەوتە قسان. خواژن داوای لێکرد هەڵبژێرێ، چ جۆرە ژیانێکی پێخۆشە.

خواژن وتی: "من دەتوانم ژیانێکی ئاسان و شادت پێ ببەخشم، کە ناچار نەبی دەست بدەیتە هەر کارێکی دژوار و سەخت. هەمیشە خواردنی فراوانت هەبێ و لە خۆشی و شادیدا رابوێری."

هیرکوول بیری لە ژیانێک دەکردەوە کە، مەزن و بەرچاو بێت.

خواژن جارێکی تر دەستی بە قسان کرد و  گوتی:

"یان، دەتوانم  ژیانێکی سەخت و دژوارت پێ ببەخشم، ناچار بی بە جەنگان، بە رەنجکێشان، بەڵام بۆ هەمیشە ناو و ناوبانگ دەربکەی."

هیرکوول بیری کردەوە ئەم جۆرە ژیانە باشترە. بۆیە گوتی:

 "ئەمەوێ بۆ هەمیشە بەناوبانگ بم."

خواژن وتی، "کەوایە هەستە بچۆ بۆلای شا، بزانە چیی دەوێ بۆی بکەی."

هیرکوول چوو بۆلای شا. شا لە رواڵەتی هیرکوول خۆشی نەهات. پرسیاری کرد:

"ئەتۆ کێی؟"

هیرکوول وتی: "من هیرکوولی مەزنم! ئەمەوێ بۆ هەمیشە ناو و ناوبانگ دەرکەم!"

شا تووڕە بوو. بیری کردەوە هیرکوول دەیهەوێ خۆهەڵکێشێ.

شا وتی: "تاقی بکەرەوە! لە نیما شێرێکی لێیە ساڵانێکە خەڵک ئەکوژێ. هەر ڕاوچییەک چووبێ راوی بکا، بۆخۆی بووەتە خۆراک.  ئەگەر تۆ ئەوەندە ئازای، بچۆ ئەم شێرە بکوژە و پێستەکەیم بۆ بێنە. ئەوەش بزانە، حەز ناکەم لەلایەن کەسێکی زل و ناقۆڵای! وەک تۆوە هەڵخەڵەتێم."

هیرکوول گورزەکەی دەستی هەڵگرت و چوو بۆ نیما. تیر و کەوانێک  بە پشتییەوە  و چەقۆیەکی برۆنزیش،  بەکەمەریەوە بوو.

کاتیک گەیشتە نیما لە خەڵکی دەپرسی بۆ شێرەکە.

پیرێژنێک وتی: "خەڵکی ئەڵێن زۆر گەورەیە!"

پیرەپیاوێک وتی: "خەڵکی دەڵێن زۆر ترسناکە!"

لاوێک کە لە گوێچۆمێک دانیشتبوو گوتی: "من دیومە هەر خەڵک ئەخوا!"

هیرکوول بەلای کوڕەکەوە دانیشت و لێی پرسی،  چی لەبارەی شێرەکە دەزانێ.

کوڕەکە وتی: "چڕنووکەکانی وەک خەنجەرن. دانەکانی وەکوو ڕمن. ئەوە پێنج ساڵە

خەڵک دەچن بۆ راوی، هەتا ئێستا کەسیان نەگەڕاوەتەوە. ئەگەر بەو کەژەدا سەرکەوی، لەبەر دەم ئەشکەوتەکەیدا دەتوانی ئێسکەکانیان ببینی! بەڵام  کەللەی سەریان نابینی. شێر حەزدەکا کەللەسەران داکرمێنێ."

کوڕەکە لەپڕا قسەکانی خۆی بڕی. ئەو چاوی بڕیبووە چەقۆ جوانە بڕۆنزییەکەی لای کەلەکەی هیرکوول.

هیرکوول پرسی: "لات وایە بەم چەقۆ جوانە ئەتوانم ئەم شێرە بکوژم؟"

کوڕەکە سەری راوەشاند و گوتی: "بیرم ئەکردەوە ئەگەر بچی و شێرەکە خواردتی،

من دەتوانم چەقۆکەت هەڵگرم؟"

هیرکوول گرژ بوو. گوتی: "چۆن شتی وا ئەڵێی؟ من هیرکوولم لە دنیادا بۆ هەمیشە ناوبانگ دەردەکەم! چلۆن دەتوانی بیربکەیەوە ئەو شێرە من دەخوا؟"

ئەوسا هیرکوول بە کەژەکەدا هەڵگەڕا.

هیرکوول زۆر زل و بەهێز بوو. ئەو لە هیچ شتێک نەدەترسا. بەڵام  شتێک کە بۆ کەسێکی وا زڵ و بەهێز، کێشەیە، ئەوە بوو، هەڵگەڕان بەو شاخەدا کارێکی ئەستەم و گران بوو.

تیشکی خۆر لە پشتەملی ئەدرا. ئارەق بە دەموچاویا ئەهاتە خوار. ئەو بەڕاستی پێویستی بە چۆڕێ ئاوی خواردنەوە بوو.

هیرکوول ئەشکەوتێکی لێ دیار نەبوو.  هێچ ئێسکێکیشی نەدەبینی. بیری کردەوە رەنگە ئەو کوڕە خەڵەتاندبێتی.

"ئەو گەمژەیە دەیتوانی نەختێک ئاوم بۆ بێنێ."

هیرکوول روانی بۆ بناری کێوەکە. لەو خوارەوە چۆمەکەی دەبینی، بەو دۆڵەدا ئەڕواتە خوار. ئەمەش ئەوی تینووتر دەکرد.

لەوکاتەدا شتێک لە شانی درا. "ئەی!" دەنگێکی لێ بەرز بۆوە. بینی بەردێکی چکۆلە بەرەوخوار تل ئەبێتەوە.  هیرکوول بەرەوسەر روانی.

نە زۆر دوور، کچێکی بینی لەسەر بەردێک دانیشتووە. کچەکە بەردێکی تری لە دەستدا بوو.

هیرکوول بانگی کرد، "کچە چکۆل ـــــــ".  کچەکە پێکەنی و بەرەوژوور هەڵات. هیرکوول دوای کەوت، بەڵام نەیتوانی بیگاتێ. کچەکە وەک بزنەکێوی لەم بەرد بۆ ئەو بەرد بازی ئەدا و لە پشت بەردیکی گەورەوە لە چاو ون بوو.

دەنگە دەنگێک دەگەیشتە گوێی هیرکوول.  هەر زوو پیاوێکی لێ دەرکەوت. پیاوەکە دەستی کچەکەی گرتبوو لەگەڵ خۆی دەیبرد.

"ببوورە بەڕێز" پیاوەکە گوتی. "کچەکەم جانەوەرێکە، وەک کێج وایە." کچەکە پیکەنی و دەستی لەدەستی باوکی دەرهێنا و رایکردە پشت بەردێکەوە.

پیاوەکە وتی،"تینووت نییە؟" هیرکوول وەڵامی دایەوە،  "بەڵی زۆر."

پیاوەکە نەختێک ئاوی بۆ هێنا. هیرکوول هەر زوو خواردییەوە.

"وابزانم بۆ شێرەکە ئەگەڕێی؟" پیاوەکە پرسیی.

هێرکوول وتی، "ئەرێ"

پیاوەکە وتی، "تۆ دەبێ شێت بێ! دڵنیام ئەو چیرۆکانەت بیستووە لەم شێرەی ئەگێڕنەوە."

"بەڵێ، بەڵێ!" هیرکوول وەڵامی دایەوە. "چڕنووکەکانی وەک خەنجەرن، دانەکانی وەک ڕمن، ئێسک و پرووسک لە هەموو شوێنێک دەبینرێ، بەڵام کەللەسەر نا."

پیاوەکە پرسیاری کرد: " دوای ئەوەی شێرەکە تەواو بوو لە خواردنت، دەتوانم تیر و کەوانەکەت هەڵگرم؟"

هێرکوول بە رووگرژییەوە وتی: "نا، ناتوانی! پێم بڵێ لەم شێرە چی دەزانی؟ " پیاوەکە وتی: "دەتوانم چوار شتت پێ بڵێم،

 ئەشکەوتی شیرەکە وا لەسەر ئەو شاخە.  ئەشکەوتەکە دوو رێگای هەیە، بۆیە شێرەکە ناکەوێتە تەڵەوە. پێستی شێرەکە جیڕ و پتەوە، تیر نایبڕێ. شێرەکە بەر لە ئێواران لە ئەشکەوتەکەی دێتە دەرەوە. "

هیرکوول وتی: "زۆر زۆر سپاس. ئەتۆ زۆر یارمەتیدەر بووی، بەڵام کچەکەت دەعبایەکە!"

هیرکوول دیسان بەرەو بەرزایی کێوەکە، رێکەوتەوە. لە دوورەوە ئەو دوو رێگایەی دەبینی کە دەچوونە نێو ئەشکەوتەکەوە.

هیرکوول زۆر ماندوو ببوو. قاچەکانی ژانیان دەکرد، پشتیشی ئێش هاتبوو، لاقەکانیشی هەروا.

‌هیرکوول تەماشای بەرپێی خۆی دەکرد. ئەو بەردانەی کە پێی لەسەر دادەنان  رەنگیان سپی بوو و لە ژێر پێیدا خرمەیان دەهات. نەختێک راوەستا و لەو بەردانە ورد بۆوە. لە خۆیا حاڵەتێکی رشانەوەی هەست پێدەکرد. ئەوانە بەرد نەبوون کە ئەو لە سەریان دەڕۆی. ئەوانە کۆمەڵێک ئێسکی مرۆڤ بوون، کەچی کەللەسەریان تیدا نەبوو. هیرکوولی زەلام و بەهێز ترس وسام دایگرت.

هیرکوول لەسەر ئەو ئێسکانە، ئەوەندە کە دەیتوانی بە ئەسپایی پێی هەڵدەگرت. لە نزیک دەرکەی ئەشکەوتەکەوە، لە پشت بەردێکی گەورە خۆی شاردەوە. لەوێ دانیشت وچاوەڕوانی ئێوارە مایەوە. زۆری نەبرد خەو دایگرت.

کەی هیرکوول ئاگای بۆوە، راست ئەو کاتەی خۆر خەریک بوو لەسەر شاخەکانەوە ئاوا دەبوو. نەختێک لاقە ماندووەکانی هەڵگڵۆفین، لە پشت بەردەکەوە بە دزیەوە تەماشایەکی دەرکەی ئەشکەوتەکەی کرد.

لەوێ بوو!

شیرەکە بەڕاستی گەورە بوو!  گەورەتر لە هەر زیندەوەرێک هەتا ئەو کاتە دیبووی. لەو زەردە خۆرەی  ئێوارەدا پێستەکەی وەک بڕۆنز دەدرەوشایەوە. شێرەکە پێیەکی بەرز کردەوە و چڕنووکەکانی لستەوە. ئەو چڕنووکانە بەڕاستی وەک خەنجەر بوون.

هیرکوول بیری لە قسەی خواژنەکە کردەوە، کە وتبووی: "ئەو جۆرە ژیانە ژیانێکی ئاسان نابێ."

ئەو تیرێکی خستە کەوانەکەیەوە و ژێیەکەی راکێشا.

کەوانەکەی ئەوەندە بەهێز بوو، دەیتوانی تیرەکەی لە دارسنەوبەرێکی ئەستووردا نوقم بکا. بەدڵنیاییەوە شێرەکە دەکوژێ.

هیرکوول نیشانەی لەدڵی شێرەکە گرت. راست لەو کاتەدا شێرەکە دەمی داچەقاند. دانەکانی وەکوو نێزە وابوون.

هیرکوول تیرەکەی خست. تیرەکە لە هەوادا فڕی. نیشانە گرتنەکەی زۆر تەواو بوو. تیرەکە راست لە سەردڵی شێرەکە درا و ... کەوتە زوی.

شێرەکە نەڕەیەکی کرد، بریندار نەببوو بەڵام زۆر تووڕە بوو. زوو هەڵاتە نێو نزیکترین دەرگای ئەشکەوتەکەوە.

هیرکوول نەیدەزانی چی بکا. ئەگەر بەدوایا چووبا، لەوانە بوو شێرەکە هێرشی بۆ بهێنێ. ئەمەش باش بوو چونکە دەیتوانی لەگەڵیا بەشەڕ بێ. لەوانەش بوو لە دەرگاکەی ترەوە هەڵبێ خۆی ون کردایە.

هێرکوول دەبوو چارەیەک بدۆزێتەوە، دەرگایەکی ئەشکەوتەکەی لێ بگرێ.

لە نزیک دەرکەیەکی ئەشکەوتەکەوە بەردێکی زل هەبوو. هێرکوول چوو بۆ لای بەردەکە. ئەوەندەی توانی پاڵی نا بە بەردەکەوە. هیچ پیاوێکی ئاسایی نەیدەتوانی ئەمکارە بکا، بەڵام خۆ هیرکوول پیاویکی ئاسایی نەبوو. ئەو زۆر گەورە وبەهێز بوو. بە هێواشی بەردەکە جووڵا، دوایی کەوتە سەر تل. بە چەند جارێک تل بوونەوە، دەرکەیەکی ئەشکەوتەکەی گرت.

هیرکوول بە سینگەخشکە چوو بۆ  لای دەرگاکەی تری ئەشکەوتەکەوە. ئەو تیر و کەوانەکەی لەگەڵ چەقۆ و گورزەکەی دەستی دانا. لای خۆی بیریکردەوە، ئەگەر تیر نەتوانێ ئەم گیاندارە بریندار بکا، کەواتە چەقۆکە و کوتەکەکەیشی کەڵکیان نابێ. هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا  و چووە نێو ئەشکەوتەکەوە. لە پێشدا هیچی نەدی. دوایی کە چاوی بە تاریکی راهات، دەیتوانی شکڵی بەردەکانی نیو ئەشکەوتەکە ببینێ. شتێکی تریشی لێبوو. دوو چرای سوور. هێرکوول زۆر لای سەیر بوو. کاتێک دەنگی هەناسەی هاتە گوێ، ئەمجا زانی ئەوانە چرا نین. ئەوانە چاو بوون!

شێرەکە بە نەڕەیەکی ترسناکی تر، پەلاماری دا. هێرکوول دەرفەتی ئەوەی هەبوو خێرا باز باتە سەر بەردێک. شێرەکە گەراوە و پەلاماری دایەوە. چاوە سوورەکانی ئەبریسکانەوە. لە حاڵێکدا چڕنووکە تێژەکانی لاقی هەڵدڕیبوو، هیرکوول لەسەر ڕێگاکەی دەرچوو. پێش ئەوەی شێرەکە بتوانێ پەلاماری بداتەوە، هێرکوول پەڕییە سەر پشتی و باسکە گەورەکانی لە ملی توند کرد.

شێرەکە کەوتە هەناسەبڕکە و کەف چڕاندن. هەڵدەبەزیەوە و خۆی دەکوتا بە دیواری ئەشکەوتەکەدا، بۆئەوەی هیرکوول لەسەر پشتی بەرداتە خوارەوە. هیرکوول دەستی لێ بەرنەدا، وردەوردە  هەوای سییەکانی خاڵی بۆوە. راست ئەوکاتەی هیرکوول تەواو هێزی لێبڕابوو، دوایین خیزەی هەناسەی شێرەکە هات و کەوتە زەوی و مرد.

چەند رۆژ دواتر، شا لە کۆشکەکەی بوو. لەگەڵ هاوڕێکانی باسی ئەو گەنجە گەمژەیان دەکرد کە دەیگوت، دەیهەوێ بۆ هەمیشە بەناوبانگ بێت.

شا وتی: "بۆ تاکە رۆژێک ناوبانگی دەردەچێ، ئەویش ئەو رۆژەیە کە شێرەکە دەیخوا. دوایی لەبیر دەچێتەوە."

هەر لەو کاتەدا، لە دەرگایان دا.

شا وتی: "بزانن کێیە؟"

‌هیرکوول پیی نایە ژوور. یاڵی شێرەکەی وەک کڵاو لەسەر نابوو. شا نەیدەتوانی بەچاوەکانی خۆی بڕوا بکا.

هیرکوول بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: "ئەمن هیرکوولی مەزنم، ئەمەوێ هەتاهەتایە ناوبانگم هەبێ. ئەمەشم بەچاکی سەلماند!                                                           

شا توورە بوو لەوەی هیرکوول شێرەکەی کوشتبوو. ئەو حەزی نەبوو هیرکوول ببێتە قارەمان. بۆیە ریزێک ئەرک و کاری ئەستەم و دژواری بۆ دانا، کە لایوابوو هیرکوول لە توانایدا نییە بیانکا. شا هیوادار بوو، هیرکوول لەم کارانەدا تیاچێ.  بەڵام هیرکوول ئەوەندە گەورە و بەهێز بوو دەیتوانی هەر جۆرە ئەرک و فەرمانێک بەڕێوە ببا. لە ریزی ئەو ئەرکانەدا کە شا داینابوو هیرکوولیان تێدا بکوژرێ، گرتنی زیندەوەری جادوویی و کوشتنی دەعبای ترسناک هەبوون. بەڵام هیرکوول دەیتوانی هەموو ئەم کارانە بکا. دوای ئەنجامدانی دە دانە ئەرک و فەرمان ئیتر شا هیچی تری پێنەما.

ناچار وەک دوایین فەرمان، وتی: "تۆ دەبێ سێوی زێڕینم لە هیسپراید بۆ بهێنی،"

  هیرکوول پرسی: "ئەوە چییە؟"

شا وتی: "ئەمە ئەرکی تۆیە بزانی ئەوە چییە، بڕۆ ئیتر."

هیرکوول گورزەکەی دەستی هەڵگرت و ڕۆی. هەر کەسی تووشدەبوو، ئەیپرسی بۆ سێوی زێڕین، بەڵام زۆرترینی ئەوانەی پرسیاریان لێدەکرا، سەریان رائەوەشاند.

هەندێک لەوانە ئەو چیرۆکانەیان بیر ئەهاتەوە، لە تەمەنی منداڵیدا، دایک و باوکیان بۆیان گێڕابوونەوە. بەڵام کەس دڵنیا نەبوو لە راستییەکە.

هیرکوول لایدایە چەمێک بۆ مەلە و بیرکردنەوەیەک، کە دوایی چی بکا. ئەو بیری لەوە ئەکردەوە، شا ناردوویەتی بۆ شتێک کە هەر نییە.

ئەو ئەمەشی بەبیرا هات،"بێتوو لە هیسپراید باخی سێوی زێڕین بدۆزێتەوە سێوێک بە شادا ئەکێشێ!"

هیرکوول ئەمەی پێنەدەزانی کە وا لە ژێر چاودێری رۆحی داریکدا.

دەنگیک هات و گوتی: "دەتوانم کۆمەکت بکەم بۆ دۆزینەوەی هیسپراید."

هیرکوول روانییە دەوروبەری خۆی، کەچی کەسی نەدەبینی.

رۆحەکە بە پێکەنینەوە وتی: "تۆ من نابینی، بەڵام ئەمن تۆ ئەبینم. ئەگەر دەتهەوێ سێوی زێڕین بدۆزییەوە، دەبێ لەگەڵ پیرەپیاوی دەریادا قسە بکەی."

"پیرەپیاوی دەریا ئیتر کامەیە؟" هیرکوول پرسیاری کرد.

ئەو زۆر قەڵس ببوو. لە پێشدا شا ناردی بۆ سێوی زێڕین کە قەت نەیبیستبوو. دوایی رۆحێک کە نەیدەتوانی بیبینێ،  ناردی بۆ دۆزینەوەی پیاوێک، خۆ ئەویشی قەت نەبیستبوو.

هیرکوول بیری کردەوە، دەبێ دەریا باشترین جێ بێ بۆ گەڕان لە دوای پیرە پیاوی دەریادا.

رۆژان لەسەر رۆژان، هیرکوول لەو قەراخ دەریایە گەڕا. تووش هەرکەس دەبوو، بۆ پیرەپیاوی دەریای دەپرسی. بەڵام کەس نەیدەزانی پێرە مێردی دەریا لە کوێیە.

هیرکوول بەڕاستی ماندوو و بێزار ببوو.

بەیانییەکیان لە گەڕاندا، پێی نایە نێو کۆمەڵی قەوزە و گژوگیای دەریایی.  راوەستا و لێی روانی. قەوزە و گژوگیا دەتوانێ بجووڵێ؟  

هیرکوول جوان وردبۆوە. ئەرێ! قەوزەکە زۆر بەئارامی بەرز و نزم دەبۆوە.  لەوە دەچوو هەناسە بکێشێ!

هیرکوول نەختێک لە قەوزەکەی لادا، قاچێکی پیر و چرچەڵ دەرکەوت.

بیری کردەوە،"ئەمە دەبێ پیرە پیاوەکەی دەریا بێت!" خێرا پڕیدایێ. پیرەپیاو ئاگای بۆوە. هیرکوول چاوی کەوت بە چاوە سەوزە تووڕەکانی.  ئەو قژێکی درێژ و  لوول و سپی و ردێنێکی درێژ و زەرد و سووری هەبوو.

پیرەپیاو ورتەورتێکی هات، هیرکوول تێنەگەیشت چی دەڵێ. لرفەی شەپۆلەکان بەرز و بەرزتر دەبوونەوە.

لە ناکاو پیرەپیاو ون بوو. لە جێگاکەیدا ماسییەکی زل پەیدا بوو.

هیرکوول بە هەر دوو دەست کلکی خزی ماسییەکەی گرت. ماسی بەتوندی بەملاولادا  خۆی تەکاندا، قاچەکانی هیرکوولی لە زەوی بڕی و لە هەوادا رایوەشاند.

هەرکوول دەیبینی چاوە سەوزە تووڕەکانی ماسی شین هەڵگەڕاون. دوایی ماسییەکە ون بوو. لەجێگەیدا دولفینێکی گەورە دەرکەوت.

چاوەشینەکانی دولفین لە هیرکوول مۆر ببۆونەوە، لەحاڵێکدا دەستی بە کلکییەوە بوو، دولفین هەوڵی ئەدا فڕێیدا.

بەڵام هیرکوول دەستی لە کلکی بەرنەدا تا ئەوکاتەی چاوەکانی دولفین سوور بوون. دولفینیش ون بوو. لە جێگەی ئەویش قرژاڵێکی گەورە بەئەندازەی بەلەمێکی سەوڵ لێدان دەرکەوت.

هیرکوول قاپووڕی قرژاڵەکەی لە پشتەوە گرت. چنگی قرژال لە هەوادا بەدوای گرتنی هیرکوولەوە لەملا بۆ ئەولا دەگەڕا. دەیهەویست لەسەر پشتی خۆی بیخاتە خوار. بەڵام هیرکوول رێگەی بەمە نەدا. پاشان قرژالەکەش ون بوو.

هیرکوول دیسان قاچی پیرەپیاوەکەی گرتەوە.

"زۆر باشە،" پیرەپیاوەکە گوتی. "ئەتۆ بردتەوە. چیت دەوێ؟"

هیرکوول باسی ئەو ئەرکەی بۆکرد کە شا پێی سپاردبوو.

پیرەپیاو وتی: "من هەموو شتێک لە بارەی باخی سێوی زێڕینی هیسپراید دەزانم،

 

ئەو باخە هی زیووس، گەورەی خواکانە.  ئەو سێوانە لە باخێکی جادوویی لە باکووری ئەفریقا بەرهەم دێن. سێ خێوی دار بەناوی هەسپراید چاودێری ئەو باخە دەکەن. بۆ پاراستنیشی ئەژدەهایەکی سەدسەری بەلاوەیە.                            

"ئەتۆش ئەوەندە بەهێز نیت، ئەو ئەژدەهایە بکوژی." پیرەمێردی دەریا وتی. "تۆ دەبێ ئەتلەس خوای مەزن پەیدا کەی، خێوەکانی دار کچی ئەون. لەوانەیە ئەو بتوانێ ئەم سێوانەت بۆ پەیدا بکا."

هیرکوول سپاسی کرد و هەستا رۆی بەدوای ئەو خوا مەزنەی، کە ناوی ئەتڵەس بوو.

هیرکوول دەیزانی ئەتڵەس چیی بەسەر هاتووە، بۆیە بیری نەدەکردەوە وائاسان بێ ئەتڵەس بدۆزێتەوە و بۆ پەیدا کردنی سێوی زێڕین یارمەتی لێ وەربگرێ.

هیرکوول بیستبووی، زەمانی زوو ئەتڵەس پەلاماری زیوسی داوە، بەڵام دەرەقەتی نەهاتووە. زیوس بۆ تەمیە کردنی بۆ هەتاهەتایە گەردوونی پێ لە کۆڵ ناوە.

هیرکوول دەیزانی،  تەنیا رێگایەک کە ئەتڵەس بتوانێ بچێ سێوی زێڕینی بۆ بهێنێ، ئەوەیە، کەسێکی تر پەیدا بێ ئەم کۆڵەی بۆ هەڵگرێ. هیرکوول ئێجگار بە هێز بوو. بەڵام ئەوەندە گەوج نەبوو کە بیر بکاتەوە بەبێ یارمەتی، ئەم کارەی پێ بکرێ.

ئەو کاتەی هیرکوول گەییە ئەو چیایەی ئەتڵەس لێی دەژیا، هێشتا نەیدەزانی چی بکا. ئەو ئاگرێکی کردەوە و بەداڵغەوە لێی پالکەوت. لە خەونەکانیدا لەو خواژنەی  دەپاڕایەوە کە پێی گوتبوو لە نێوان ژیانی ئاسان و ژیانی سەختدا یەکیان هەڵبژێرێ کە بۆ هەمیشە لە بیر بمێنێتەوە.

لە خەونیدا لە کاتی پاڕانەوە، شێوەی ئەو خواژنە لە ئاگرەکەدا دەرکەوت.

خواژن لێی پرسی: "چۆنی لەگەڵ ژیانی ناوداریتدا؟"

هیرکوول وەڵامی دایەوە: "زۆر باشە پیاو ناودار بێ. هەر کارێکی گرانیش شا پێی سپاردووم ئەنجامم داوە، بەڵام ئەم کارەیان ئێجگار گرانە."

خواژن وتی: "من کۆمەکت ئەکەم،" ئەوجا چاوی بڕیە کۆمەڵێک تەختە بەرد. هیرکوول سەیری کرد لەریەوە تونێلێک دەمی کردەوە.

 خواژن وتی: "لە نێو ئەم تونێلە ئەتڵەس دەدۆزیەوە.  سبەی کە لە خەو هەڵدەستی هێز و توانای خوایەکت ئەبێ. ئەوەندەت هێز دەبێ بۆ تاکە رۆژێک گەردوون لە کۆڵ بنێی. ئەگەر لە رۆژێک زیاتر بتهەوێ گەردوون هەڵبگری لە ژێر قورسایی گەردووندا ئەپلیشێیەوە."

خواژن دیار نەما، هیرکوولیش خەوی لێ کەوت.

 کاتێک هیرکوول لە خەو هەڵسا، لە خۆیا هەستی بە جیاوازی دەکرد. شەقێکی لە بەردێک هەڵدا بەرەو ئاگرەکە، کەچی بەجێی تلانەوە بۆسەر ئاگرەکە، بەرد پەڕی رۆی و رۆی هەتا درا لە کێوێکی تر.

هیرکوول بیری هاتەوە لە خەونیدا خواژنەکە چیی پێگوتبوو. ئەو بەڕاستی هێزی خوایەکی پەیدا کردبوو. ئیتر ئەوە نەبوو کات بەفیڕۆ بدا.

تونێلەکەی بەردەمی هێشتا هەر مابوو. هیرکوول رایکردە نێو تونێلەکەوە و لەوسەریەوە دەرچوو.

 لەوێ، ئەتڵەس لەبەر دەمی بوو. ئەو لەبەرد داتاشرا بوو. لاقە گەورە بەردینەکانی نووشتابوونەوە، پشتیشی بەرەو پێش چەمابۆوە.  لەسەر پشتی گەردوونی راگرتبوو.

"ئەتڵەس!" هیرکوول بانگی کرد. "خواژن منی ناردوە بۆ یارمەتیت."

ئەتڵەس وتی: "ناتوانم سەر بسووڕێنم. وەرە پێشەوە با بتبینم." هیرکوول چووە بەرەوە تا بەجوانی لەیەک دەرکەوتن.

هیرکوول وتی: "خواژن پێی گوتم بێم رۆژێک بتحەسێنمەوە. ئەوەیش کە تۆ دەبێ بیکەی ئەوەیە بچی لە هیسپراید سێوی زێڕینم بۆ بهێنی. ئەگەر تۆ بەڵێن ئەدەی ئەمکارە بکەی، منیش ئەم گەردوونەت یەک رۆژ بۆ هەڵدەگرم."

"باشە،" ئەتڵەس وتی. ئەگەر هەر هێنانی سێوی زێڕین بێ، من ئەحەسێمەوە باشە ئەوا رێککەوتین. گورزەکەت دانی با گەردوونت بدەمێ.

 

هیرکوول لاق و پشتی وەکوو ئەتڵەس چەماندەوە، دەستی بردو گەردوونی وەرگرت و لەسەر پشتی خۆی داینا.

ئەتلەس جووڵا و گوتی: "ئای چەند خۆشە،" خۆی راست کردەوە، دەستی بە شانەکانیدا هێنا. ئەوسا وەرگەڕا و بەرەو خۆر دوور کەوتەوە.

کاتێک گەرایەوە لقێکی دارسێوی پێبوو. سێوی زێڕین پیایدا شۆڕ ببونەوە و لەبەر تیشکی خۆر دەبریسکانەوە.

هیرکوول هاواری لێ کرد، "راوەستە، ئێمە ریکەوتنێکمان هەبوو!. ئەمەش تەنیا بۆ تاکە رۆژێک بوو!."

ئەتڵەس کەوتە پێکەنین. "ئێمە رێکەوتبووین من سێوت بۆ بێنم. قەت بەڵێنم نەدابوو گەردوون هەڵگرمەوە."

هیرکوول ئاگادارکردنەوەکەی خواژنی بیر کەوتەوە. هێزەکەی تەنیا رۆژێک درێژەی دەبێ.

هیرکوول وتی: "راستە، تۆ ساڵانێکی زۆرە ئەم گەردوونەت لە کۆڵ ناوە، ئێستا نۆرەی منە. بەڵام پێش ئەوەی بڕۆی خولەکیک پێویستم بە یارمەتیی تۆیە."  

ئەتڵەس وتی: "چیت پێویستە؟"

هیرکوول وتی: "پشتم، ئەگەر بۆ هەمیشە ئەم گەردوونە راگرم پێویستم بەوەیە نەختێک بجووڵێم دەبی تۆزێک بەلای راستدا بگەڕێم. ئەگەر بتوانی خولەکێک گەردوون راگری تا نەختێک ببزووم؟"

ئەتڵەس وتی: "زۆر باشە،" بە ئارامی گەردوونی لەسەر پشتی هیرکوول هەڵگرت و خستییە سەر پشتی خۆی.

"زۆر سپاس" هیرکوول هاواری کرد. تاوی دایە گورزەکەی، سپاسیش بۆ سێوەکان. ئەوسا لە تونێلەکەوە بەڕاکردن گەڕایەوە دواوە.

ئەتڵەس لە رقا نەڕاندی. بەڵام هیرکوول رزگاری ببوو. ئەو سێوەکانی پیگەیشتبوو، توانیبووی بیسەلمێنێ، دەتوانێ کاری نەکران بکا.

ئەوجا گەڕایەوە بۆ کۆشکی شا. لە دەرگای دا.

شا وتی: " کێێە؟"

هیرکوول هاتە ژوور. شا بەچاوەکانی خۆی باوەڕی نەدەکرد. هیرکوول سیوە زێڕینەکانی پێ بوو.

هاواری کرد: "من هیرکوولی مەزنم، ئەمەوێ بۆ هەمیشە لە دنیادا ناو دەرکەم. ئەمن ئەمەم سەلماندوە!"

سەگەکەی دۆزەخ

شاکارێکی دیکەی بە هێرکوول ئەسپارد. پێی گوت: "تۆ دەبێ دۆزەخ پەیدا بکەی." "چی؟" "ئەرێ، تۆ دەبێ دۆزەخ پەیدا بکەی و بچیتە نێوی. "گاڵتە ئەکەی؟!" "تۆ دەبێ سێربەروسی بهێنی." شا وتی. "ئۆی، نا!" هیرکوول وتی. "ئەمە ناکرێ!"

سێربەروس سەگێکی دڕندە بوو بە دیار دۆزەخەوە. کارەکەی ئەوە بوو نەهێڵێ مردووەکان لە دۆزەخ هەڵێن.

هیرکوول وتی: "خۆ تا ئێستا، هیچ مرۆڤێکی زیندوو نەچۆتە دۆزەخ." شا وتی: "ئەوە کێشەی من نییە، ئەتۆ گوتت دەتهەوێ هەتاهەتایە  ناو و ناوبانگت هەبێ. کەوایە فەرمانت پێ ئەدەم سێربەروسم بۆ بهێنی. برۆ ئیتر!"

هیرکوول بیری کردەوە،"ئەم کارە بەڕاستی لە کردن نایە! کەس نازانێ دۆزەخ لە کوێیە!" هیرکوول پێویستی بە یارمەتی بوو. ئەو کەسێکی پێویست بوو لەبارەی دۆزەخ و مەرگ و خودا، هەموو شتێک بزانێ. بۆیە چوو بۆ پەرستگا بۆ لای قەشەیەک. لە رێگادا بیری هەر لای سێربەروس بوو. هەموو دەزانن ئەم سەگە خۆی لە دۆزەخ لە دایک بووە. بەئەندازەی ئەسپێکیش دەبێ. سێ سەری هەیە وکلکیشی مارە. کەواتە ئەم کارە کردنی ئاسان نییە.

لە پەرستگە قەشەکە پێی گوت، مردوو چۆن دەچێتە دۆزەخ.  

قەشەکە گوتی: "کاتێک تۆ دەمری، رۆحەکەت دەچێتە کەناری چۆمی ستیکسstix  شاڕۆنی بەلەمەوان لە چۆمەکە دەتپەڕێنێتەوە، بەڵام تۆ دەبێ لەبری ئەمە کرێی بدەیتێ. لەبەر ئەمەیە کاتێک ئێمە مردوو ئەنێژین سکەیەک ئەخەینە نێو دەمی. مردوو دەتوانێ ئەم سکە بدا بە شاڕۆن. کاتێک گەیشتییە ئەوبەر چۆم، ئەشکەوتێک دەبینی. ئەم ئەشکەوتە دەرگای چوونە نێو دۆزەخە. سێربەروس لەم ئەشکەوتەدا ئەژی. ئەو ناهێڵێ کەس لە دۆزەخ بێتە دەرەوە."

هیرکوول نەختێک بیری کردەوە. ئەوجا وتی، رەنگە ئەمە کارێکی وا گرانیش نەبێت. پێویستم بە شاڕۆن نابێ لە چۆمەکە بمپەڕێنێتەوە. خۆم ئەتوانم مەلە بکەم.

قەشەکە وتی: "تۆ هەڵەی. ئاوی ئەم چۆمە ڕەش و پڕ لە ژەهرە. مەلەی تێدا بکەی دەمری. تۆ دەبێ وابکەی شاڕۆن بتپەڕێنێتەوە. تا ئێستا ئەویش هیچ مرۆڤیکی زیندووی نەپەڕاندۆتەوە.

هیرکوول نەختێک زیاتر کەوتە بیرکردنەوەوە.

بەڵام ئەگەر سیربەروس لە ئەشکەوتەکەدا بێ، خۆ ناتوانم بچمە خوارەوە بۆ نێو دۆزەخ!

قەشەکە وتی: "دیسان هەڵەی، هادێسHades خوای دۆزەخە. ئەگەر تۆ بێ پرسی ئەو، ئەم سەگە پاسەوانە بگری، دەتدۆزێتەوە و دەتکوژێ. رۆحیشت بۆ هەمیشە لە دۆزەخدا دەسووتێنێ!"

نیوەشەو بوو هیرکوول گەیشتە چۆمی ستینکس. سکەیەکی زێڕی خستە دەمی و لێی راکشا. وایدەنواند کە مردووە. گوێی لێبوو بەلەمێک لێی نزیک دەبێتەوە.

دەنگێکی پیر پیر بانگی کرد، "ئەوە کێــــــــــــــــــــیە چاوەڕوانی پەڕینەوەیە بۆ دۆزەخ؟ سکەیەکت پێیە بۆ من؟"

هیرکوول چاوەڕوان مایەوە تا بەلەمەکە هاتەقەراخ ئاوەکەی نزیکی. لەپڕا هەستا بەلەمەکەی گرت. شاڕۆن باڵاپۆشێکی بە سەرکڵاوەوە لەبەرا بوو. رەنگی پێستی بۆر بوو. خۆیشی لە مردوو دەچوو.

شارۆن وتی: "تۆ نەمردووی."

هیرکوولیش وتی: "من پێویستم بە پەڕینەوەیە، تۆ دەبێ من بپەڕێنیەوە، ئەگینا بەلەمەکەت نادەمەوە!"

شاڕۆن سەیرێکی هیرکوولی کرد. چاوی لە ماسوولکە بەهێزەکانی بڕی. پیستی شێرەکەی بە پشتییەوە بینی. زانیی بەشەڕ دەرەقەتی ئەم پیاوە زل و ناقۆڵایە نایە.

وتی، "باشە، ئەتپەڕێنمەوە." هیرکوول چووە نێو بەلەمەکە، سکە زێڕەکەی دایە شاڕۆن. شاڕۆنیش سەوڵی لێدا بەرەو ئەوبەری چۆم.

سەرئەنجام گەیشتنە ئەوبەر. هیرکوول سپاسی لێکرد و گوتی: "دوایی ئەتبینمەوە."                                                شاڕۆن وتی: "نا، تۆ ناتوانی. کەس لە دۆزەخ ناگەڕێتەوە."

هیرکوول ئەو ئەشکەوتەی بینیەوە کە قەشەکە بۆی باس کردبوو. لە دەم دەرگاکەدا راوەستا و ئەملاولای سەیر کرد. هیچ نیشانێک لە سێربەروس نەبوو.

ئەوجا چووە ژوور.

ئەشکەوتەکە دەچووە خوار بۆ قووڵایی ژێر زەوی. دوای نەختێک گەڕان گەیشتە بۆشاییەکی گەورە و تاریک. ئەوەندە گەورە بوو نەیدەتوانی میچەکەی یان دیوارەکانی ئەولای ببینێ. بەڵام دەیتوانی هاواری رەنج و ئازار ببیستێ.

"ئەم دەنگانەی بەلاوە خۆش نەبوون"

ئەم ئەشکەوتە گەورە، پڕبوو لە رۆحی مردووان. پیاوێکی بینی بەردێکی خڕی گەورەی بە سەرەوژوورکەیەکدا هەڵئەگێڕا. کە ئەگەیشتە نزیک لووتکە خلدەبۆوە بەرەو خوار. پیاوەکەش بەدوایدا ئەهاتە خوار، سەرلەنوێ هەڵیدەگەڕاندەوە.

هێرکوول پرسی، "ئەوە چی ئەکەی؟"

پیاوەکە گوتی: "ئەمن پیاوکوژ بووم، ئەمەش سەزای منە."

هێرکوول پیاوێکی تری بینی، لە ئەستێرێکی ئاودا وەستاوە. ئاوەکە تا ملی دێ. زمانی لێ درێژ ببوو. لێوەکانی وشک و قڵشاو بوون.  کاتێک دەیوێست سەر دانەوێنێ ئاو بخواتەوە، ئاوەکە نزم دەبۆوە. دەمی نەدەگەیشتێ.

"ئەتۆ چیت کردوە؟" هێرکوول لێی پرسی. بەڵام قوڕگی ئەم پیاوە ئەوەندە وشک ببوو نەیدەتوانی قسان بکا.

دوایی هیرکوول چەند ژنێکی بینی. ئەوانە بە سەتڵ، لە ئەستێرێکەوە بۆ ئەستێرێکی تر ئاویان ئەگوازتەوە، بنکی سەتڵەکان کون بوون. تا دەگەیشتنە ئەستێرەکەی تر ئاوەکەیان دەڕژایە خوار. ژنێکیان وتی، "ئێمە شووەکانمان  کوشتوون، ئەمەش سزای ئێمەیە. بە شەو و رۆژ بۆ هەمیشە ئاودەبەین. بەڵام قەت ناتوانین ئاو بگەیینینە ئەستیرەکەی تر."

هیرکوول پرسیاری کرد: "لە کوێ دەتوانم هادیس ببینم؟"

دانەیەک لە ژنەکان گوتی: "لەو ئەشکەوتەی تر.،"

ئەشکەوتەکەی تر رووناک بوو. دیوارەکان بە میلیۆنان گەوهەری بریقەدار ئەدرەوشانەوە. هادیس و شاژنی لەسەر تەختێکی بەردینی گەورە، لە ناوەڕاستی ئەشکەوتەکە، دانیشتبوون.

هادیس شاد و بەهێز دیاربوو. شاژن کز و رەنگزەرد و مەلوول دەهاتە بەرچاو.

هادیس وتی: "هێرکوول بەخێر بێی، هیچ کەسێکی تر ئەوەندەی تۆ ئازا یان بڵێم ئەوەندەی تۆ شێت نەبووە، پێ بنێتە، قەڵمڕەوی پاشایەتی من. بۆچێ هاتووی؟

هێرکوول وتی: "بەڕێز هادیس، هاتووم  ئەگەر بکرێ، سێربەروسی بە ئەمانەت وەرگرم."

هادیس کەوتە پێکەنین و گوتی: "بۆچی دەتهەوێ سێربەروسی بەریە دنیای زیندووان؟"

هیرکوول وتی: "خواژنەکەم پێیگوتم بۆ هەمیشە ناودار و بەناوبانگ دەبم. بەڵام دەبێ هەر کار و ئەرکێکی پادشا پێم دەسپێرێ ئەنجامی بدەم. شاش پێی گوتووم سێربەروسی بۆ بەرم."

هادیس وتی: "کەوایە شاویستوویەتی ئەتۆ بمری. ئەو تۆی بۆ کارێکی دژوار و لەکران نەهاتوو ناردوە. بەڵام ئەتۆ تا ئێرە باش هاتووی. ئەگەر بتوانی سێربەروسی بەبێ بریندار بوون بگری، دەتوانی بۆ تاقە رۆژێک بیبەی بۆ شا."

هیرکول سەرسام مابوو. ئەوجا وتی: "زۆر سپاس!" وام ئەزانی دەڵێی نا. بیرم ئەکردەوە کە هاتم بۆ ئێرە دەمرم!"

هادیس وتی: "تۆ هێشتا بەتوانای، بەردەوام بە."

هیرکوول هەر لەوێوە گەڕایە دواوە، لە دۆزەخ هاتەدەر. کاتێک ئاسمانی شەوی لەبەردەم خۆیەوە بینی، زانیی وا لەبەردەم ئەشکەوتەکەدا. راوەستا و گوێی شل کرد. مڕخەی دەهاتە گوێ. سێربەروس دەبێ لەم نزیکانەوە نووستبێ.

گورزەکەی نایە زەوی. سەر و یاڵی شێرەکەی لەسەر نا. پێستی شێرەکەیشی لە مل ئاڵاند، بە ئەسپایی چووە بەرەوە.

مڕخەی سەگەکە دەهات، بەڵام هێشتا نەیدەتوانی بیبینێ. لەو کاتەدا پێی لە بەردێکی چکۆلە هەڵئەنگوت. بەردەکە لە سەر ئەو زەوییە بەردینە تل بۆوە. هەر خیرا دەنگی مڕخە نەما. چەند چرکەیەک بیدەنگی بوو. دوایی هیرکوول سێ مڕەی بەرزی هاتە گوێ. لەترسا گیانی کەوتە لەرزین. سەری بەرز کردەوە، شەش چاوی سوور سەیریان دەکرد. هیرکوول کەڵبە تیژەکانیانی سەگەکەی دەبینی. کلکە مارەکەیشی لە دواوە رائەوەشاند.

سێربەروس دووبارە مڕاندی و پەلاماری هێنا. هیرکوول بە خێرایی کشا دواوە. بەڵام پاژنەی لە بەردێک درا و کەوت. سێربەروس کەوتە سەری. دەمی هێنا کەڵبەکانی لە لەشی چەقێنێ. سەرێکی سەگەکە بۆ سەری هیرکوول چوو، یەکی تری بۆ سینگی چوو، سێهەمیان بۆ قوڕگی. لە کاتێکدا سەگەکە هەوڵی ئەدا قەپ بگری و  دەمی لێک نا کەڵبەکانی پێستی شیرەکەی نەبڕی. مارەکە فیشکاندی و تفی کردەوە، بەڵام بەرلەوەی پەلامار بدا هیرکوول گرتی و سەری کوتا بە بەردێکدا. سیربەروس هیرکوولی دەتلاندەوە. لای سەیر بوو بۆچی کەڵبە تیژەکانی لە هیرکوول کارناکا.

هیرکوول هەڵسایەوە سەر لاقەکانی. پێستی شێرەکەی لە پشتی کردەوە و بە دەستێکیەوە بەرز رایگرت.

سیربەروس دیسان پەلاماری دایەوە. هیرکوول نەختێک خۆی لادا و پێستی شێرەکەی لە سینگی سێربەرووس ئاڵاند. بازی دایە سەر پشتی و پێستەکەی کشان بە سەر هەر سێ سەرەکەیدا. ئەو هەر سێ سەرەکەی بە پەتەوە کرد.

ئەمجاگوشی و گوشی. سێربەروس سەری رائەوەشاند بۆ ئەوەی سەری رەها بکا. بەڵام بێهێز و بێهێزتر دەبوو. بێهۆش بوو و کەوتە زەوی.

کاتێک هیرکوول گەیشتەوە کۆشکی شا، سیربەروس بە کۆڵیەوە بوو. شا باوەڕی بە چاوەکانی نەدەکرد.

"وامئەزانی ئێستا تۆ مردووی،" شا وتی.

هیرکوول وتی: "هەرچیت داواکرد، کردم." ئەوجا سەگەکەی فڕیدایە بەرپێی شا. سەگەکە کە درا بە زەویدا ئاگای بۆوە. شا لەترسا رەنگی سپی هەڵگەڕا.

هاواری کرد: "لای بەرن لەبەر چاوم."

هیرکوول کەوڵی شێرەکەی لە سێربەروس پێچایەوە، بەڵام زۆری توند نەکرد.

سێربەروس هەستایە سەر لاقەکانی.

شا هاواری کرد: "ئیتر هیچ فەرمانێکم بۆتۆ نییە. ئەوەی دژوار و نەکران بوو، کردت.

تۆ گەورەترین قارەمانێکی کە تا ئێستا ژیاوە. ئیتر نامەوێ جارێکی تر چاوم بەچاوت بکەوێتەوە!"

هیرکوول سیربەروسی بردەوە بۆ هادیس.

هیرکوول بۆ هەمیشە ناوبانگی دەرکرد؟  ئەرێ، هەر لەبەر ئەوەیە ئێستاش چیرۆکەکەی ئەگێڕینەوە.

 

 

گەڕان بۆ بابەت