ما 3245 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەدیب نادر

ئەم دڵۆپەیە، بەدڵۆپەکانی تر ناچێت، زەوی ڕەنگی ڕژاوی خۆی بە ترپە ئاوەڵاکان دەسپێرێت، منداڵییەک، لەودیو ئاواییە کەستەکییەکان، لەودیو سەبەتەی حەسیریی برینە ئەبەدییەکان، لەودیو ئافەریدەبوونی کەوشەنە بێدواییەکانى دەربەدەریی، پەیڤەکانی دەکرد بە کلیلی شەوبۆیی ئاواڵەکردنەوەی تەلیسمە داخراوەکان.

 

 وەک وێڵگە پانۆڕامییە ئەم داستانە

ئەدیب نادر

 

"من سەر بەو ڕەچەڵەکەم کە کاتى خۆى لە ژێر ئەشکەنجە و مەینەتیدا گۆرانى وتووە" ڕامبۆ- وەرزێک لە دۆزەخدا

 

بەدواى خۆدا لەقلەقەکان بۆ نەوەکان لانەکانیان دەهێڵنەوە، منیش هاتمەوە... داپیرە بۆ زارۆڵە بێ باوکەکانى دەوروبەرى، سەربووردە ئەفسووناوییەکەى بە کۆتاییەکى میلانکۆلییەوە گرێدا و منیش دەستپێکى سەرگوروشتەى بێکۆتایى ڕەوەکەى خۆم بۆ غەوارەکانى دنیا لە ئەلفوبێوە شەتەک دا: پاش نەمانیش! ئیرەیى بەوانە دەبەم، لە گۆڕخانەى غەوارەیى، بە گوڵجاڕى جوانى مانا، پۆشتەوپەرداخ، ناویان دەخەنە لەسەر تاتەى کێلە بەردە زراڤەکان!

*دووپاتەی خود

هێشووى ساتە بەتەوژم لەکیس چووەکانی خۆم دەڕنم، هێشووى ساتە خۆڵەپووت بردووەکانی خۆم دووپاتە دەکەمەوە، نەخشەى تارى ئەم پەڕەوازەییەی کۆتایی ڕەت دەکاتەوە، لەگێتی ئەفسووناوى فنجانە هێلوون ئاساکەى ئەم دیرۆکە کوڵێنانییە قەرەبرووتەدا، کچێنیى خۆی بە پڕووشەى بەفرى ڕووسپی، ئەو شەوە زیووییانەی یاد وەردەگێڕایەوە نێو بوون

*دوڕیانى ڕەگەکان

لە مێژ نەبوو، بەسەر کیشوەرى تەڵایى لمى بێشوومارى یاددا، گەردەلوولى یادوەرییە قەترانییەکانم دادەچۆڕاند، ژیان دەبووە ئاسنى کووڕی لە گەردەن و مەچەک گەوزاو، ئەبجەدییەت دەبووە مەودا و کۆتایی بەو پەیوەستییانە دەهات، کە کرمە مەڕمەڕییەکان پۆقەتەیان داپۆشیبوون، دڵ لە ترپەی شەباقەیەکى بێمیهردا گینگڵی دەدا، نیگایش ڕازی تراویلکەیەکی دووری لە بەرۆکدا هەڵدەگرت، ئەو دوڕیانە دەگمەنەم دەبینی، ڕووپۆشی زەلیلیی، ڕوخساری یەکێکیانی حەشاردەدا، ئەوی تریش وەکو داوی جاڵجاڵۆکەی بنمیچەکان، هیچ گێژەڵووکەیەکی تووڕە نەیدەپساند

*بێهوودەیی

هەموو شادییەکان لەدیوی دەرەوەی گیان سەقامیان گرت

هەموو شتەکان لە دەرەوەی نیشتیماندا بۆن و چێژی مەرگیان هەیە

هەموو شتەکان لەودیوی خۆشەویستیی بێبەریین لە تەماو هوودە

هەموو شتەکان لەمدیوی عیشقبازیی پڕن لە دڕدۆنگیی و ژوار

*هاوکێشەیەکی دواکەوتوو

نازانم بۆ کاژی منداڵییم تووڕهەڵدا و وەک خەوتوویەک بەسەر شۆستە بۆرەکاندا پێی خۆم هەڵگرت، ئاوێنەیەکم نیازبوو: وێنەی میهرڕێژی دوورەچاویی تۆی لەڕوودا بەدی بکەم، گوێم لە هەسانە غەمی ئەو گۆرانییانە بێت، لە شەوانێکی دووردا هاودەنگییان پێدەبەخشین، لەو سەما ئەهریمەنییانەیش بەدوور بم کە گیانیان دەسکەنە دەکردین و بە ڕۆحی غەوارەی ئەم ئۆلکە هەڵکڕووزاوەوە گرێچنیان دەکردین

*هاوکێشەیەکی بەرایی

چۆن دەتوانم ئەمشەوە وەنەوز بدەم و ئەو هەموو قافڵە و ڕچانە لەبیر بکەم کە خۆرە هەڵاتووەکانیان لە شەوی هەڵاتنمدا بەیاد سپارد، فرمێسکەکانم کڵۆم نین، تووڕەییم برووسکە نییە، ئەو دەروازە ئاسنین و ئەفسانەییەى سەرنوێشتم بەکام ئەفسوون ڕابماڵم، چۆن ئەم ئاسمانە بە بۆشایى ئابڵووقەدراوە بسمم؟ پەرجوو قەت قەت بەمن ناکرێت! دیوارە بێ ئەندازە ئەستوور و تۆکمەکانیش

جێگاى دەرگایان لە نێودا نابێتەوە!

*ڕەنگە وەنەوزییەکان

لەکوێوە دێی، دەڵێی پۆلوودانی چۆڵایی کۆڵانەکانت لە دیدە و شەقاوەکانتا هەڵگرتووە و سووتانی نایلۆنی سەبانەی کۆلیتە ژیان سپاردووەکان و مەرگى شەولەبانە لەبیرکراوەکان دەبینی، ئەو چڵەنەمامە ڕوواوانەی هزریشت، کە بە منداڵیی دەتکردنە ئامڕازە بەراییەکانی هاتوچۆ و بە سمە خۆڵاوییەکانت ڕووەو دنیای تۆزوگەرد کێشت دەکردن، بوونە بەئاردێکی بەڵەک، چیدى ئۆکسجین بە دنیا دوورەکەى باوکت نابەخشن، ماندووێتى کلۆرى کردووى، شەمەندەفەرێکیش بە تخووبە کەلەپچەکراوەکانی دییاردا تێناپەڕێت، ماندوویەتیت لێ بدزێ و سەرخەوێکی دیلانەییت پێ ببەخشێت

*گەڕەلاوژە

بۆ کوێ دەڕۆى، لەنێوانی زەردەپەڕی هەمیشەیی و بە ئاگایی ئێوارەدا، لە ڕەنگە وەنەوزییەکانی خۆراوادا گەوزە دەخۆیت، وەکو سەدایەکی چەمووش لە گەڕەلاوژەی خەیاڵەکاندا زایەڵە دەدەیتەوە، وەکو سەدایەکی گلاو ئاووڕی گەڕانەوەیەکی وەدی نەهات دەدەیتەوە، تا لە ئاپۆرای جەستە هەڵوەریووەکانی شارە لێڵە سەرابییەکەت بگەوزێیتە پەلەقاژە بێدواییەکان

*تەداعی یەکەم

کەس ناپرسێ، کەس لە خەمی ئەوەدا نییە، جێسەقامى سبەینێت لەکوێدا دەبێت، کەس بیر لە هەناسەکانی هاتوو ناکاتەوە، هەتا ئەو ماسییە پەڕەنگییەی نێو ڕۆخانە لێخنەکەیش مگێز دەکات سەری نەرمۆڵەی پەنجەکان لێکدا لێکدا داکرۆژێ، هەتا ئەویش- کەناتوانێت – نەخشەی وێرانی بیناییم وێل دەکات و لەچێوەی بەتانوپۆی بێکەسیی دەمهێڵێتەوە

*لاقەکردن

ئەم دڵۆپەیە، بەدڵۆپەکانی تر ناچێت، زەوی ڕەنگی ڕژاوی خۆی بە ترپە ئاوەڵاکان دەسپێرێت، منداڵییەک، لەودیو ئاواییە کەستەکییەکان، لەودیو سەبەتەی حەسیریی برینە ئەبەدییەکان، لەودیو ئافەریدەبوونی کەوشەنە بێدواییەکانى دەربەدەریی، پەیڤەکانی دەکرد بە کلیلی شەوبۆیی ئاواڵەکردنەوەی تەلیسمە داخراوەکان، بۆ خۆی دەگەڕا، بەڵام خۆی بە ونبوون دەسپارد! دیسانەوە بەدووی خۆیدا عەوداڵ دەبوو، لەودیو نەیزەکی جەنگەوە بەتیامانی پڕ نهێنی دەیڕوانییە ئاسەوار و جێپەنجەکان، بەسەرسامیی دەچووە سەر ڕاسپاردەى دەریاى هاتوو و سەرچڵییەکى دیکە فێردەبوو، لەبەرچاویا کچێنیى شەپۆلەکانى کات دەپژان و دیسانەوە بەسەرسامیى دەینۆڕییە ئەو پەلکەگیا باریکانەی لە ئامێزی دوودڵی با و جۆلانەی خووناوکە شەفەقییەکاندا، کەوتبوونە کرۆشمەی خەونی ئاڵەوە، بەسەرسامییش دەینۆڕییە ئەو چراوگە پڕمیهرانەی دوا ئەسرینی داگیرانیان دەڕشتە سەر ڕوومەتى وشکهەڵگەڕاوى شەوى تاریک

*دیمانەیەک لەگەل مانگى بۆش و بەتال

مندالڕ نەبووم، کە مانگی گەڕۆکم پەیڤاند، لەسەر ئەو شارە غەریبە، لەسەر ئەو قەقنەسە کڵوکۆدامرکاوە تریفەکانى پەخش دەکرد، سنووری منداڵکارییەکانى خۆم بەڕابردوو بەخشیبوو، ئیدی هەرگیز مندالڕ نەبووم، کە ختووکەی بیستنیمدا و پێم وت مەچۆ، مەچۆرە سەر دووکەلڕ کێشەکانی ئەو شارە کەمەر بڕاوەی لەنێو داڕووخان و تەپیندا خۆی بە کۆستێکى بەرپێوار دادەپۆشآ، ئیدی هەرگیز مندال نەبووم، کە بە گوێچکەکانیا ڕامگەیاند: مەچۆرە سەر ئەو شارە دزێو و بزڕکاو جێهێڵراوەى تیتروازەکان چیدى لە نەینۆکی ئاوەکانیا خۆ نابینن، مەچۆرە سەر ئەو شارە وردوخاشە بالەشی کەڵەکەبووی ئەو ئافرەتانە نەبینیت، کە پاش جێگیربوونیان لە ئەموستەچاوی هەتا هەتایی

پەڵەی شین و مۆری نیکرۆفیلیایان لە باوەش خۆ گرتبوو

مندال نەبووم

کە گوێم لە قریشکەی وێرانکەری کانزا فڕەکەکان بوو، ئەی بۆچی کەوتمە سەنگوسووژ؟ ئەی بۆ پرسیم ئەوە جەنگەڵە مەشقەڵان بەرەو تەشقایی دەنێرێ، یان بەزم و ڕەزمى دێوەزمە بێ ئۆقرەکانە هەڵایساوە؟ ئەی ئیتر لەبەرچی پرسیاری وەکو زارى ئەشکەوت داپچڕاو؟

نەمدەزانی ئەوە یەکەمین ڕۆژی بەرجەستەبوونی وجوود بوو

جەستەیەکم خستە ژێر ڕکێفی ڕۆح و هاتمە دنیا!

نەمدەزانی، دیدەکانم لەودیو مینای چایخانەیەکى ژاوەوە، سەربازە بە تالووکەکانیان دەبینی، وەک هەوری زڕ لە ڕەوینەوە وەردەبوون، نەمدەزانی بۆچی لەودیو دەستەجلە خاکییە قوڕاویی و چڵکنەکانیانەوە هەمیشە ڕوخساری منداڵکارەی جەنگم دەبینی و لەگەل زامە تەڕەکانی سەرەتادا ناسیارییەکى قووڵم پەیدا دەکرد؟

*گەورە بوون

دڵم شەمەندەفەرێکە، لەنێو توونێڵی ساڵە خوێناوییەکاندا بزر دەبێت، کامیراکان، وێنەکانی یادەوەریی دەمەونخوون دەکەنەوە، پەنامەکیی پرسیارەکان لەبوومەلەرزەى کازیوەی ڕەشی جەنگدا چۆڕاوگەی شەباقەکان سوورەکان دەگرنە خۆ، ئەو پیتانەی وەکو بڵقی سەرڕووی ڕووپەڕ، لە حەوشەی پڕ درزی مزگەوتە تەریکەکان بەرهەڤم دەکردنەوە، بای خۆشەویستیی دەبووە شوانکارە و بەرەو شارە لەبیرکراو و ونەکەم دەیبردنەوە، وەک گیایەکی لەنێو ئاوونگدا شاراوە، بە تەمتومانی ئەو گەمارۆ هەڵەکۆکییە خۆحەشار دەدەم لەلانکەی چاوە کەسیرەکانما وڕک بە گەورەییەوە دەگرآ، گەورەبوونیشی ناسۆرێکی بێئامانی ئارمانە پەیگیرەکانە، لەنێو کوورەی ساتەکانی غەوارەیى و بێبەهایى، دەمکات بە بوونەوەرێکی بێ کڵوکۆ و بە دۆزەخەکان دەساژۆ، لەو کاتەوە، لە چامەکانی دۆزەخدا زەنگۆل.. زەنگۆل. ئیکسیری دانسقەى زیندەگی لەگیان و ڕۆحمدا هەڵدەقووڵێ، کەوانەی چاوە ئەشک ڕێژەکانم، نیگاکانم دەگرنە شینکایی سێڵاوی ڕەهاى با و ئاسمانى بێکۆتا و یەکڕەهەند، هەتا شەهوەتی دەگمەنى گەواڵەکان بدۆشم و پەلکەزێرینە دیارەکان شکار بکەم 

*ئاوێنەکان

جەنگاوەرە بە ئاڵۆش تاجدارەکان، قامکە تووتڕکیی و چاوە باشقال و ڕژدەکانیان دەگرنە سنگ و بەرۆکی دێهاتییەکان، گوندەکان شەکەتیی کرمێیان دەکات، زینهار دەبن لە ئاوەدانیی و ڕاوەستان، پێیە کۆچکردووەکان وەک ئاوێنەی هەڵپەسێرراو سیپەڵاکیان بە تولەڕێ و ڕچە تۆزاوییەکانەوە لەبیر دەکەن، سواری زینی ئاوزینگدان دەبن، دەکەونە قەرتاڵەی پشتی داهێزراوی هەڵاتنێکى ئەبەدیی، کێ ئەو کەستەک و خۆڵە دەبینێت، بۆنی گیانەڵاى ئەم دییارە وردوخاشە ناکات و لەناو پێچ و لوولی ئەو لمە هەمیشەییەدا، لەناو دووکەڵستانی جەنگەڵە بەنێڵەکان ئاوا نابێت؟ سووتان بۆنسۆو مۆرى قەرەبرووت بە هەموو شتەکان دەبەخشێت، ئا ئەم ڕەوتە شپرزە و پەشۆکاوە، فەریکە گەڵاکان لە خوێنە بەربووەکەی من وەردەدات، مانیفێستی هەنۆیەک  بآ لێبڕ تاوڵی شێداری دەدا بەسەر بینا بێبەراییەکاندا، ئەم دەستاڕە خاڵییەی دانەوێڵەی ئێستامان دەکاتە ئاردی ڕابردوو، دواڕۆژیش بەسەر ئێسکەکانماندا گڕەی دێت، وردوخاشیی بەدێم و ڕوخساری کێڵگەکانی بوونمان دەدا و گیانمان کەمۆڵەی ئاوێنەییە دووکەڵی زەردیلەی کیمیای لێ هەڵدەچێت!

*نەوگڕێک دەمانگێڕێتەوە بۆ مانگى ئادار

ئیدی لەدەرێی جەستەمدا مەشقەڵان هەڵنایسێنم، لقی باسکە شۆڕەکانم ئەنگوستیان پیا هەڵدەوەرێت، ئەم سەرهەڵدانە ڕۆح لەودیو چمکەکانی بە ژن و باڵا قەرتماغاوییە دێرینەکەم هەڵدەتروشکێ، دڵم وێنەی ڕوخسارى مانگ هەتاوی خەونى منداڵیی ڕاوى دەنێت، خورپەکانى جێ دەمێنن،  خورپەکانى تریفەى بەر تاریکییەکى لاسارن، وڕێنەی ئەو چرا زیووییە مەلوولە پەرتیی گیان کۆناکاتەوە، خەرمانەى ئەو گەواهیدەرە تاقانەیە تۆزی ڕۆشنایی بەسەر ئێسکی بێدارییم هەڵدەنیشێنێ، ئاى لەو هەناسە دواکەوتووانە چۆن شووشەى حەسرەتە سەرومڕەکانم تەماوى دەکەن،  چۆن خەونە سەرومڕەکانم پەخشوبڵاو دەکەنەوە و چاوەکانم دەکەنە بارۆمەتری بینینی ئەو خەونە هەڵاتووانە!

*نوتفەیەکی جێماو

هێلانە ڕووت و ئاواکان، گێژەڵووکە ناوەختەکان خوێنیان دەداتە دەم ونبوون، منیش دوورم، لەوێ لە چەمەرە و ترپەیەکى خۆشەویستیى پترم جآ نەهێشتووە، دڵۆپەکان دەکەونە زاڤدانى وشکوبرینگى بآ هەویایى، ئەو زەنگۆڵە بەدوایەکدا هاتووانە نابن بە بێشەیەک وشە، ئەو تارماییە لە مانەوە بێزار و هەراسانە بیانکاتە شوورەى دژوارى مانەوە، نوتفەیەکى مروارین دەخاتە ئینجانە ڕەنگامەکەى ئەو شەبەنگە بەجێماوە..ڕەنگە تۆڕە مێیینەکەى کە لێى جێ دەمێنێ بەبڕشت بێت پزیسکى ڕێگاوبانێکى پڕاوپڕ لە دەنگى نال و خاڵیى خاڵیى لە سەرابى پێ ببەخشێت

*خەونێکی مێخەکیی

کە مانگ هەڵهات: سەرم پوورەی پێکەنین بوو، بە خەونە پڕ ئاشتییەکاندا شۆڕدەبووەوە، لەدنیا مێخەکییەکاندا خۆی بەمەدهۆشیى دەسپارد، لە بەهەشتێک دەگەڕا، دەروازەی شاری مۆتەکە و دێوەزمە لە بەختیدا کرایەوە، دەنگێکى زۆر ڕمووزن و هەتاکو بڵێى شەیتانیى، فرمانى دا: لە خەونەکان بێبەریى کەن، چراى یادەوەرییەکانى شارى سەرزێدى لە چاودا بکوژێننەوە، بیبەنە لاى ئەو بەندەنەى نوال گومڕایى دەشکێنێ، بۆنى گولڕ و سیحرى جوانى ئاوەدانیى و پاکیزەیى ڕامووسانى زارۆڵانى لەدل دەرکەن، پێى نیشاندەن، چۆن بێ هیوا مەزنەکانى دەچێتە سەر زینى مردن. کە مانگ هەڵهات: هەوسارى دەمارە عاشقەکانى من بەرببوون، سەرە بێ هەدادانەکەم وەکو بێچووە زنارى بە بال کەوتوو لەو قەدپاڵە سەرەولێژەوە خلۆردەبووە نێو جوانییە بێ پەرواکانى شەهید بوون

*پریازگ

خوڕەمى خوێن ڕەوتى هێنا، جانتاى زامە پڕ مەوداکان ئاوێنەیان هەڵگرتبوو، جەنگاوەرە گەیشتووەکانیان بە دیار دەخست، خەرمانەى دەستەمۆبووى گیانم دەگەڕان: گەرماییەکى خۆرئاوایى- چراى خەندەیەکى بەجێماوى زەڕکەفت بە کزیییەکى بێمەیل، پەپوولەى دواهەناسەیەک- کۆتاییەکى شیرین شیرین و سەرسامکەر- ئومێدێکى پەژمووردەنەناس و چەند ڕەوەیەک برینى سوورى هەڵنووتا- و لەسەر جەستە سەخییەکەمدا دۆزرانەوە  

*وار

وڵاتێکى وردوخاش و پەڕاگەندە لە گیانمدا بینرایەوە: لمى زێڕینى سارا ڕووت و قووتەکانیم لە گورچیلەم هەڵگرتبوو، هەورازە سەرکەشەکانیم خستبووە کووڕایى پشتم، باو کژە بێ نسێکانى پشوویان گەمارۆ دەدام، کانیاوە زەنوێرە کانیم ئاواى بینا چککردووەکانم کردبوو، دڵى پڕ میهرم کردبووە کەپرى ئاسۆیى قەڵا باستانییەکانى، بە تلییە زبرەکانم خەمى سەر ڕووى هەیڤى گەردینى ئاسمانە مۆنەکەیم دەسڕییەوە، زەمەنەکەى، لە کاتژمێرە بەساڵدا چووەکەى مێژوودا، ڕەهەندى ناڕەهابوونى بەرجەستە دەکرد

ئێمە ئاوا هەڵماندەگرت ئەویش لە تاسەى بآ تانوپۆمان ڕادەپسکا

*تەڵەزمی مەوداکان

لە جۆگەلەى گریانێکى هەرگیزییدا، بە دووى ئەبجەدییەتى باڵەفڕەدا دەگەڕام، کە نەخشەى کەوناراى بە تەلبەند  خەفەکراوى ئەم وارە جارێکى تر دۆزرایەوە، تەڵەزم و مەرگ لە گیانى ساردى باکوورییم هەڵدەوەریى، گالیسکەى با هاوکێشە کوشندەکانى کیمیاى بە پۆیلانە بۆ سییەکانم دەهێنا، ئەنگوستى هەناسەکانم چیدى قەمتەریان نەدەخستە گەردنى مەرگ، ئاسمانى بێموبالات مەودا چەمووشەکانى ئەم نەخشەیەى بە تەڕنەبوون زین کردبوو، ئەو چۆگەلە یاقووتییەم کردە بەرموورى ئاسۆى ئاواڵەى سبەینێ، هەنگاوەکانم باژێڵەى بێ سنوورییەکانى خواست کرد و لە شیناییە بێدواییەکانى ئەستێرەیەکى دى ڕامام

*تەداعی دووەم

کە ڕۆیشتم، کە دەگەڕێمەوە مەنزڵى خۆبەختییەکان بە کۆڵانە جێماوەکانى ئەو پەڕى خەونى منداڵییمدا پیاسە دەکەم، ڕۆحى مەلوولم لە تەپوتۆز و چڵپاوەکانى سەرەڕێ غەریبیى خۆى هەڵدەکێشێ، سەرجەمى کوختە و خانووەکان وەک نوشتە پیرۆزەییەکانى جادوبازى قژدرێژى گەڕەکە دوورەکەمان سێ سووچن، لە دامەنى چاوە وشکەکانى مندا ئاوقا دەبن، دەوروپشتم لە میان ژەنگ و ژیلەمۆى بێدەنگییدا سەرهەلڕ دەدەن، لە هەموو چرکە ساماڵەکانى ئێستا سڵدەکەمەوە، هەموو ساتە بێڕەنگوڕووەکان دەکەمە سووتووى بیرکردنەوەیەکى سەرومڕ لە گەڕانەوەیەکى دیکە و بەئاشکرا ڕنووس کردنەوەى ئەڵها و ئارەزووە لەکاڵبوونەوە بەدەرەکان و کەلەپوورى ئەم ئەوینە بەردەوامە

*کاسێتێک

لە پایتەختە بە تارمایى قەرەباڵخەکان، پەیڤە مەند و سەلارەکان، کاژى بەریان دادەماڵن،  لێوڕێژ دەبن لە تبر و کەوان، کە سەفەرى باران شەقامە خەوتووەکان ڕەجاڵى تەڕایى دەکات، بۆهیمییەکى پێخواس وکەڕولاڵم، نیگاى قەفەزى چاوانم بە گشت ئاڕاستەیەک بەرهەڵدا دەکەم، کآ درک بەوە دەکات کە هەڵوەستەى حەسرەتە نەمرەکانم لە پالڕ وەدى نەهاتنى شتەکاندایە، کآ درک بەوە دەکات، کاتآ کە سەرماى برسێتیى ئەم بۆشاییە لە هەرس بەدەرەى کاسەى سەرم دەتەنێت، بیر لە ڕفاندنى کتێبێکى دەوڵەمەند، یان هەڵگرتنى ئازار و ژانى کتێبخانەیەکى ئاوەڵا دەکەمەوە؟

کآ پەیى بە پڕکێشییەکانى یاد و خەیاڵى من دەبات؟

*مووچڕکەیەک لەسەر شۆستەی ساڵەکاندا

هەموو شتە ژاڵەییەکان لە کێڵگەی یادی کۆچەرییمدا دەبنە داری شیرینیی، لەشم وەکو هەڵمی زستان لە سەرمادا هەڵدەلەرزآ، تامە هەنگوینییەکان، ڕەنگە هەنگوینییەکان، سەدای ترپە لاوازەکان و دووریی هەناسەکانیش، لیزگن بەسەر خەمە ئەنگوستەچاوەکانەوە هەڵدەترووکێن، لەسەر شۆستەکاندا دەکەومە دوای ئاسەواری بەجآ نەماوی ساڵەکان، ساڵەکان دۆنایدۆنی چارەڕەشیین، لە دڵدا شەو و تاریکیى دادەهێنن

*پەنجەرە

پەیوەندی نێوان هەناسەکانی دەمی گیانەڵا، دووکەلڕ ئاسا چاوى سەماى لەیەک دەنێت، لە شارێکدا، سڕیی ئابڵووقەی گیان دەگرێت، ورشەی لێوی شەهوەتڕێژی چەقۆ هەسان ماچکردووەکان، لەدڵدا پەنجەرەی ئاواییەکی سەخیی دەکەنەوە، شەویش گیانی بە بەیانییە نەهاتووەکان ناسپێرآ، تا بێدارییە ماندوونەناسەکەی وەنەوز و پڕووشەی ماندوێتیی چاوەکان بڕفێنآ، ئیتر وێنە دێرینەکانى یادوەریى لە ئاوێنەی سەقامگیری ئەو تولە ڕووبارەى منداڵییدا جێدەمێنن، ئەسپێکی لات، ڕۆحی وەڕسی کەوتۆتە سەر سمە بآ ئەتەرەکانى و ڕۆخە زەمزەمەدارەکەی پآ تەرک ناکرێت

*ڕانەبوون

ئاسمان گومەزێکى نقێمدارە، دەیجوور زیندەوەرێکی دزێوى دەساژۆیە، مانگ گولبەی سوولاوکەیەکی مەند و کەفڕەنگە، لەسەر دوومەڵە کەسکەکانی گیانی پڕووکاوی شارەوە، تفتیلکی گڕەبردووی بانگ، گمە دەخاتە نێو هەڵدێرە بێبنەکان، سەدا بەسەر تەنافەکانى ئاسۆدا هەڵدەواسآ،  چارەوی گشت ناونیشانە چەمووشەکان لەخۆلڕ و گەردی زەردەپەڕى ئێوارەدا دەگلێن و لە تروسکایی ئاستەمی دەلاقەیەکی دوورەوە ڕۆدەچمە نێو جەستەی تاریکییەکى بآ ڕەوت، لەودیو قۆزاخەی ڕاکشانێک، جآ پێی دانسقەى خەونێک هەڵدەگرم، کابووسى گەردەلوولێک لەناوجەرگەیدا پەپکەى خواردووە، ترس و تراژیدیا لە ناخى بیابانئاسامدا دەستیان تێکەلڕ کردووە، کە قۆزاخەکە جێدێڵم، هەنگاوەکان هێشتاکونآ هەرخەواڵوون، ئاییندەى پێشوەخت ماندوویش وێژینگێکى سەرسامکەرى خەونەکانى منداڵدانە!

*تەداعی سێیەم

تاراى پێواریى لەسەر شتە بآ جووڵەکان هەلڕ دەماڵم، پاوانەکان لەو کێڵگە دوور و تەنهایە ژەنگى جوانى  قەرسیلییان هەڵهێناوە، ڕۆح کە چیدى ناتوانآ جەستە ئاوا کات، خوێن دەکاتە قەدیفەیەکى زیوالڕ و بە نمنمۆکى گۆڕەکانى دەبەخشێت، نازانم سەرجەمى ئەو تانک و زرێپۆش و تفەنگە لە ژەنگ یاخیى و هەرگیز خانەنشین نەکراوانە چ شتێکم پآ هەرس دەکەن؟ ناتوانم واز لەدەربەدەریى بێنم و شوورە ڕەق و پتەوەکان دابەشبکەم، بە وەرینى گەڵایەکى زەردى پاییز نیگەرانییم چرۆ دەکات، شەقاوى هەدادان نەناس ڕازەکانى زیندەگیمە، بە باران و گژوگیاى هاتوو دەیتەنم

*ئاوابوون

دیارنەما! دییار- نەما! کآ بە دووی ڕەوینەوەیدا ڕەهەنە دەبێت، کآ لە دەورانی پەشم و ڕیسوا بوون، بۆ دۆزینەوەی دەگەڕێت؟ قافڵەى بەدمەست خولیاى تەم ودومان بووە، تراویلکە دوورەکانى نیازە، لە شەوانى کزتریفە پێیەکان لەو ڕێچکە لە تەواوبوون نەهاتووانە هەڵدەنگوتن. کە ڕێگایەکی قیرسچمە و ئەستەمیان هێنابووە ئارا، لەودیو مینای ڕووت و قووتی پەنجەرە نزمەکانەوە، ڕۆخانەیەکی قەترانیی گوزەر دەکات، نیگاى وردیلەی منداڵەکانی کەناری، هەنگاوەکانم دەبەنە نێو گژوگیا، لەو بژوێنە قەوزەییەدا دەیشارنەوە، وابزانم لە ڕەنگى خاکوخۆڵى ئەم خاکە وەریدەدەن، تاراى سپیى تەم ڕوخسارى بەفری ڕاکشاو دادەپۆشێت، بەفر بووکێکی بێدەنگە، ڕەنگی گرشەداری کراسە ئاودامانەکەى بۆ چاوە بآ ترووکەکان دەگوازێتەوە، کآ لە دنیایەکى نەگۆڕ دەربازبوون وەدەست دەهێنێت کە هەموو ڕەنگە زیندووەکان تیایدا دەمرن؟ خەوزڕیى تەنها بەر ڕەنگى ئالڕ دەکەوێت بەسەر پردەکان، بەناو ئاواییە دوورەکان، بە چەمە کەفاوییەکاندا شۆڕدەبێتەوە و پیاسە دەکات، دەڕوات و ماچى سوورى دڵۆپە کۆنتراستەکانى دەکاتە گوارەى قەتیسماو بەگوێى ئەو ژیانە کەڕەى، منداڵەکان لەبەردەمیدا دەمرن و نابنە گێڕەرەوەى سەربهووردییەکان!

*گەڕانەوە بۆ ژێر چەرداخەکانی منداڵیی

ڕۆژگارەکانى ئەو چاخە، عومر هێشتا شوڵکى نەرمى دەرەوەى باهۆزى کۆچ بوو، بە ئاوڕدانەوەیەکى ڕەنگاڵە، دێوجامەى خەونەکانمان هەڵدەدایەوە و گڕکانێکى پەپکە خواردوومان لەژێر بەدى هاتنەکانیاندا دەبینى..قرچەى دوا نیوەڕۆ کشومات و لینجاوییەکان، بە تەیمان و دیوار و محاجەرە و کەپرى دارمێوەکاندا هەڵدەگژاین، هاڵەى مزر و هەنارە تفتەکان و نارنجە تۆزاوییەکانمان دەڕنییەوە، ڕکابەرایەتى خۆمان پێشکەش بە بەرزایى چڵە قورسەکان دەکرد و تا ئاستى خۆ شۆڕمان دەکردنە خوارآ، ڕۆژگارەکانى ئەو چاخە، سەرى بەیدەست و شەیداى بەر ڕەهێڵەى میهرەبانى شارى پڕاوپڕ لە دووکەڵمان بۆ ژێر چەترى تاریکى ئەوبەر..نەوى نەدەکرد، کەڤرە ڕق ئەستوورەکانمان دەخستە نێو قەڵماسنک و نەماندەهێشت ئەوبەرییە تاریکەکان ڕۆخانەى خاسە ببڕن، هەوڵماندەدا ئێمە خەندەى ماسییە پڕ جموجووڵەکان بۆ خوشکە خەمبارەکانمان بهێنینەوە، ئێمە سەرلەنوآ ئاسمانە لە سوێروو ڕاوکراوەکانمان ئاوەدانی باڵەفڕە دەکردەوە، دوای هەڵچوونمان ئەو ئاوازە قەیرەیەمان دەخواست و لەسەر ئەو هزرە دەگیرساینەوە: کە هەر تەنها کەڕەتێک دەبینە شمشالڕ ژیان فوومان پیادا بکات، هەر تەنها جارێکیش ڕێبواری خەوێک دێت و دوو هەنگاوی جاوید دەخاتە سەر چاوە بە ئێشک سەنگین و ماندووەکانمان، بە خۆشەویستییەوە، ئەو ڕێچکە لاسارانەمان دادەهێنا، ڕووە و دییارى باڵندە تۆراوەکان ڕایان دەکرد، ئەو ژینە لاژیوەردییەمان دەخوڵقاند، کە لەچێوە زڕەکانی مەرگەوە دەگەڕایەوە، چەشنی میوانی بارانی ئاخروئۆخری پاییزان چاوەکانی هەڵدەهێنا، هەر تەنها جارێک پەیژەی هەناسەکان بە ئاسمانی لەداکبوونەوە قەتیسی دەکردین، کەیل دەبووین لەپیاسەى باو سیڕەی ناوادەی دەرگاکانی دوا بەتڵی شەو، لەو دەمەوە، بەدوای سەفەری باوکماندا، ئەو ڕۆچووەی دەربەندی شەو، ئەوگەنمەى نێو دەستاڕە بێبەزەییەکانى زەمەن، بەڕووی وردی بارووتینمان لەنێو گۆچانە کانزاییەکان دەناو لەگەلڕ ئەو ئەستێرە ئاگرینە سەرمان لەبناری هەڵکشانەکانەوە هەڵدەهات، دەمانگرتە دڵی سەحرایینی ئەو ڕاوکەرانەی

سپێدەیان دەخستە تۆڕەکانەوە

ئیتر واشەى بە تەنوورەکردن سەرقاڵ

ئاسمانى دووکەڵاویى ئەمبەری شاریان جێدەهێشت

*مۆزەخانەیەک بۆ نەخشە سڕاوەکان

لەو ساتە ڕاکردووە بآ جمکەدا، هەموو بە پەیتوونی زووخالڕ دامان لەشەققەی هەڵاتن، گوڵەخوێنەکان لە باخچەی سەرسامکەری قەرەبرووتدا هەڵپڕووکان، کەڤرەکان کاژیان فڕێدا و گەڕانەوە ئامێزی دێرینەی یەکەمیان، بێشەڵانە تێک ئاڵقاو و تابڵێى چڕوپڕەکان بوونە ڕەوە باڵندەی هیس، کاروانێک هەوریان پێک هێنا، کەوتنە ئاسمانی دوور و بەر لە کەوشەنی گەورەیی و هەڵەتەبوون چاویان بەداوی باڵەفڕە نادیارەکان ڕەوانەکرد

دەست و پەنجە هەڵکڕووزاوەکانیش بەرۆکى باخچەکانیان گرت

لەیستۆک و یاریچەکانیان هەڵدایە نێو هەڵدێرەکانى سوتماک! 

*نەگۆڕەکیی

ڕۆژەکان ئامێتەی یەکنەواییەکی پووکاوە دەبن، هەموو شتەکان لە نەگۆڕانەوە دەلەوتێن، سیستەمی کافیتیریاکان، ئەسکەمیلەکان، پیاڵە سورمەدارەکان، چاییەکوژاڵکییە ئەبەنۆسییەکە، هاموشۆی هەردوو دیوی پەنجەرەکان هەروەک خۆیان دەمێننەوە، ئاژەڵەکان بەرەو قوتووە بچکۆلەکان ڕادەکەن، ڕێکخراوە قاچاخەکان خۆیان دەئاخننە نێو ڕۆتینى کافیتیریا پڕ دەمەتەقآ بیزەنتییەکان و بەرەو کڕەکیى ملدەنێن، هەر بە تەنها کەڕەتێک خۆ لە خامۆشیی هەڵناکێشن، بە بێواریی پێدەشتی پیرۆزی ڕووپەڕەکانى یادمان دەکێڵن، ڕووبەرى ئەودیوی سەرحەدەکان، بەیداخی خارودڕکەزیی تیا هەڵدەدەن، تەمەت گوڵێکی پەژمووردەی خۆڵەمێشیی گەورەیی نادەن بە دنیا

ئەمە گەڕەلاوژەی زەمەنی نێو نەردێنی چایخانەکانە

ڕۆژە درێژەکانى یەڵدا

ئێستاکانە هەمبازی یەکتری دەبن

ساڵە کورتەڵەکان، بە دووی ئاوایی عومری نەوەکاندا دەڕەوێنەوە، ڕووبار هەناسەیەکی درێژى پڕ لەزەتە دەریای قوول هەڵی دەکێشێت، چی پەرتیی دێرینەی ڕۆژە هەڵوەریووەکان دەپێچێتەوە؟ ڕوخسارە کلاسیکییە داتەپیووەکان ئومێدم لە وردوخاشبوون دەگەوزێنن، لەژێر سێبەری پێڵوودا دەمکەن بە گەڕیدەی چاو گلکردووى ئەو شارانەی وەکو ژووژگ گرمۆڵەی سەر زەوی بوونە، ئاسۆی کزی نیگا شەکەتەکان دەڕووشێنن، ڕوخسارە کەونە یەکنەواکان بەدمەستن، سەرلەنوێ زاڤدانى هەڵکردنمان لە ڕشانەوە پڕدەکەن، پەیامی پووچیی ئاودیوی شووشە پڕ هەواکان دەکەن و دەیهاونە نێو جۆگەلەی سەرکزگرتووی ژێر سەیوانى تاریکایى، مەستن، دەیانەوێ نرخی بێهاوتاى شتەکان بدۆزنەوە، شووشە لە مەدهۆشیی بەتاڵەکان تووڕدەدەنە چەمە ڕەژووییەکەی ئەودیو..دڵەکان تروسکاییان لەبەر خۆیان تەکاندووە، هەموو قوژبن و سووچەکان بە تۆپزیی لەژێر باڵی تاریکییدا خەوێنراون، ڕێگای کێویلە، کچێنیی هەنگاوەکان دەڕووشێنێ، بەدووی دۆزینەوەی ئومێدی بزربووی نێو دووکەڵی خوێن هەڵوەداین

وشەکان گوڵەگەنمن بەرەو کەوێری لەبیرچوونەوە دەڕۆن و تیایدا وشک هەڵدەگەڕێن

بە پەرژینە بڵندەکانی ئێوارێ خۆم لە باى هار دەڕەخسێنم

چۆن ئەسپەکانی تووڕەیى لە تەلیسمی ئەم قەمتەرە جیاکەمەوە

چۆن ئەمشەوە بێ ئیکسیرە بکوژم و

بۆ هەمیشە ڕاکردنەکانی خۆمی تێدا بتەکێنم؟

*ئۆدیبێکی جیاکار

تێکڕای ڕێوبانە دوورەکان، حەشاری ژێر تەمتومانن، ئەو ڕۆژە ڕمۆک و وشکە، لە گۆڕخانەی ئەم یادە دەورتەنراوە، وەک کێلەبەرد، باوکى خۆم و منداڵەکانى شارى بێ ئاوشارم لە قەبرسانێکى دووردا ڕوواند: من چەند هاوکێشەیەکى لاسەنگم، چەند ئاتاجم بە نزیکیى ئەو دڵە ڕەهایەیە کە جێگاى بوغز و کینە و دۆگماى تیادا نابێتەوە هەردەم سایلی زارۆڵەیەکی بآ متمانە، بیرم وەک مێشى جاڕسکەر لە دەوروبەری دەئاڵێ، پادشای فانتازیاى مردنیش، خەنجەری مشتۆ بە ناخوون ڕازاوەی هەڵکێشاوە و ڕاوم دەنێت، وەکو زارۆڵە لە لمی بیرکردنەوەدا گەمە بەنەخشەکان دەکەم، گەمە بە بووکەشووشەى گوناهەگەورەکان دەکەم، قەڵاتە بآ دێم و کەسمە کۆنەکان ڕەسم دەکەم، کەوشەنە خوێنباوەکانی گاڤى نەمر دەسڕمەوە، ناخم بەو هەڵهەڵە تێکقژاو و کەفچەڕینە سپیوسۆل و بێگەردانە دەچێت، کە یەکتری لە ئامێز دەگرن، یەکتری هەڵدەلووشن و دەسڕێنەوە

*ڕوخسارەکان

دەموچاوە ڕەقەڵگەڕاو و گومڕاکانى دیمەنى حەکایەتە بەردەوامەکانى ئەمبەرى شار، نەخشەى دزێو و بێزەوەرى کشانەوە و نوشووستیمان بۆ دەکێشن، وەکو بلوورى ناسکى دەورى ئاگرێکى چەمووش قرنجانمان پێدەبەخشن، کە لە نێو جێ و بالینگ و ئامێزى پڕ لە هەڵدێرى قەرەجانەماندا دەکەون، نیشتیمان دەبێتە خامەیەکى لەبیرکراو و بەدواى سپێتیى مێژوودا دەگەڕێت و ڕەشاییەکانى دەنووسێت!

*ناونیشانە ئاوییەکان سەرەندی یاد لەبیردەکەن

ئەى ناونیشان، هێشتا هەروەکو سەرابیت، ڕێگاکان لەت لەت دەکەیت! جارێ یاقووتەکانى سەرتاجى باوێشکى پاش ئائەم هەموو ماندووبوونە بەرجەستە نەببوون، ئەم ڕاچەنین و هەژانە لەکوێوە هات؟ دووکەڵى زراڤى زایەڵە زۆر نزیکەکان لەگەل تاو پێوار نەببوون، بۆ لەگاڤى تەشەنەى گەندەڵیى و پشکوتنى چڵێسییە دڕکاوییەکان، دەمارە بە هاژ و هووژەکانى منت ڕووشاند؟ ڕۆژى هەزاران ئاوزینگدان نەختێک کشوماتیى زیاتر بۆ قەڵاى ئاپۆراى ڕۆحە پڕ ژاوەژاوەکەم بەجێدێڵن، ڕۆژى هەزاران ناونیشان بە پاڵدێمى شڕووڕى زاکیرە بەجێماوەکەمدا وەکو هەسارە دەکشێن! وەکو وردە لمى بۆتەى سەرەندەکان داباریت و

لەم گاڤە ساراوارەدا تەڕاییەکم شک دەبرد

ئەویشت لێم کرد بە سەراب!

*پێشبینیی

کە هاتم، نووزەى دەنگێکى تاسا و بە ئاوڵەمە هێشتا شەقەڵنەگرتووەکانى دەگوت: جارێ مەیەن 

جارێ مەیەنە ئەم بێروونە لە ڕەنگبەدەر و ڕەهایە،

مەیەن

مەیەنە ئەم دنیا بێ سەوداسەریى و نەوایە!

*مۆمیاکان

شار سەرەنوێڵکێکی سەراپا ڕەنگامەیە

شەو بەڕەشپێستێکی بەدبەخت و سەرمابردەڵە دەچێت، سەروگوێی تۆزوخۆڵاوی ڕۆژنامە تووڕدراوەکان کەڵەکە دەکا و ئاگرێکی تابڵێى جوان بۆ گەمارۆى ئەم سەرما بێوێنەیە لەناو ڕەنگى قووڵى خۆیدا دەسازێنێ، لە ڕووبارە کلییە سەرومڕەکە ڕادەمێنآ، شەمشەمەکوێرەکان چەند گوناهن، گوێ بۆ شەقژنى شەیتانى ئاسمانێکى بە داوتەنراو ڕادەدێرن، ماسییەکان وێنەى کال و هەناسەى پرینگاوەى خۆیان دەشارنەوە و سکیان دەدەنە بەر شەهوەتى ڕژاوى مانگ، جووڵە و پەڕکە ڕەقەکانی خۆیان دەدەن بە بێدەنگیی و گوێ بۆ کەڵەفی ئاسمانێکی بەداو تەنراو ڕادەدێرن، لەم شەوە بێ وێنەیەدا کێ نانێکی بەرماوە و ساپیتەیەکی نزمم لەگەڵدا دابەشدەکات، کآ لەگەڵما ئەو گەواڵانەی ڕووبار لەنێو چاوە خۆکوشتووەکاندا دەنووسنەوە، لە تەنها یەک زستانی ڕمۆک و سەمەرە، ئاوێتە و کۆ دەکاتەوە، کێ لە سروشتی تووشی ئەم وەرزە بەردەوام و کەللەشەقە یاخی دەبێ، کێ لەسەردەمی هەڵوەرینى ڕووناهییەکاندا ملی ڕێى هات و نەهاتم لەگەلڕ دەگرێت؟ تا کوژانەوەیەکى یەکجاریى، بە چراخانی ئەو کۆشکە ڕازاوانە ببەخشم کە گرێبەندی تەبایی لەگەلڕ ئەبەدییەتێکدا دەبەستن!

*ئاووڕدانەوە بۆ سەرەتا

چۆن دەتوانم، ئەمشەوە وەنەوز بدەم و ئەو هەموو قافڵە و ڕچانە لەبیر بکەم کە خۆرە هەڵاتووەکانیان لە شەوی هەڵاتنمدا بەیاد سپارد، فرمێسکەکانم کڵۆم نین، تووڕەییم برووسکە نییە، ئەو دەروازە ئاسنین و ئەفسانەییەى سەرنوێشتم بەکام ئەفسوون ڕابماڵم، چۆن ئەم ئاسمانە بە بۆشایى ئابڵووقەدراوە بسمم؟ پەرجوو قەت قەت بەمن ناکرێت! دیوارە بآ ئەندازە ئەستوور و تۆکمەکانیش، جێگاى دەرگایان لە نێودا نابێتەوە!

*قەتیسمان

هەموو کاتێک دوای ڕۆژگارە هیساوییەکان، لەمابەینی دوو هەنگاوی ڕواوڕوو قەتیس دەمێنم، بەزەییم بەو زەمەنە دێت کە لەناو ڕەهەندەکانمان قەتیس ماوە، هەموو ڕەهەندە جوانەکان پڵپڵەی دۆڕانیان پێدا هەڵواسراوە، بەژنی کات و ئەمێستابوون و چرکەساتە نەهاتووە بآ شەقڵەکان، لەبەر خاتری ئاواتێکى بە بەردەوامیى مەحکوومبوو، هەمووم دۆڕاند، ئاواتێک تیایدا، نەمتوانى لەپی دەستەکانم لە شایلۆغانى تیشکەکاندا لێوانلێوى زیوو بکەم و چەشنی نیهاڵی خەزانێک بکەومە نێو خەونێک لە خەونە وەدى هاتووەکانى خودا و بە سەوزاییەک پۆشتە بم

*مینارەی خوێن

ڕۆندکى لەمیهربەدەرى دڵشکانم وشکوبرینگ نابێتەوە، یادوەریی تاڵى ژێر پێیە بەکێبلڕ ئاوساوەکانم دەدەمە بەر خۆرى کەنارەى ئاسمانێک، نەخشەى پەشێوى زێدێکى هەڵکۆڵراوى لەسەر دیارە، هێشتا نازانێ ڕووناکیى ماناى چییە، وا دەزانێت ئەو شاخانە هەردەبآ شان بدەنە بەر زریان و چەرخەدانى هەرەسەبەفر، هەردەبآ ببنە سەرێکى سەخت و دژوار بۆ جامانەى باریکەڕآ و ڕێچکە پێکداچووەکان، هەر دەبآ، هەر دەبآ لەم ڕێگا وەحشەتناکە پڕ لە دارستانى مەرگە، حەکایەتى شیرینى ڕەزەکان لە سەر یادى لێوەکانما سەما بکات، شێوەى نەوس خرۆشێنەرى گێوژ، بە ڕووتیى خۆى هەڵدەداتە نێو تەماشاى زۆر برسیی چاوەکانمەوە، لەقلەقەکان دواى بالڕ لێکدان لانەکانیان بۆ بێچووى تازەڕەسى خۆ دەهێڵنەوە، منیش بێچووى لانەیەکى ژێر سێبەرى تاریکاییم کۆمەڵێک عەزرەتم بە میرات بۆ ماوەتەوە، فوارەى کەڵەگەتى خوێن دەکەم بە گومەز و

ئەم زستانە ئەفسانەییە بێدواییە لە ژێریدا هەڵدەکورمێم   

*بێواریی

تەنها لەتۆ بەدگومان نیم ئەى ڕۆحە پڕ ماخۆلان و ئاتەشەکە، دەکرێ مۆجیزەکانى ئاسمان بێنیتە ئێرە؟ دەزانم لە ناواخنتدا دۆزەخێکى سەیر پەنهانە، دەزانم، چاوە مەنگ ڕامێنەکانت، هەموو شتە چەقاوەسووەکان دەبێزن، ئەمە گاڤى زەماوەندە تاریکەکانى ئێمەیە کیژان شوو بە باوکان دەکەن دایکان دەچنە کوللەى سەوزى توڵازەکان، قوتیلەى هێوور و کزى ئائەم سەدە عاجباتییەیش  بێواریى خامۆشى دەکات

*نقومبوون

وەختآ قەیاغى بێگەردى مەرامەکان، پاش گەشتە زەبەندەکانى، لە ڕۆخى مگێزى بێگیان و ئارەزووە دامرکاوەکان، نزیک نزیک دەبێتەوە، لە پالڕ ئەسکەلەى بێوەرییەکى ترمدا لەنگەر دەگرێت، پاکژیى و بێهاوتایى بەهاکانى دەدۆڕێنێ. لە دنیایەکى ئاوادا، لەبەر دەرگا دانەخراوە میهرەبانەکەم مەوەستە، با لێرەیش شاربەدەر نەکرێم، پەنجە مەخموورەکانت لە چەتوونیى ئاستانە یەخبەستووەکەم مەسوو، نەبا وەکو منداڵەکانى ئەوآ یارییە ساکارەکانیان لە بیر بچێت، ئەو پانتاییە خەمبارەى زۆر دەمێکە سەرى بۆ نێو دڵە تاراوگەئاساکەم هەڵگرتووە، ختوکەى کوێرایى دەدات، لەبەر دەرگاکەم مەوەستە، مەلوولیت ختووکەى دڵشکانێکى قوول دەدات، وەرە ژوورێ، وەک ئاوڵەمە چاوەدووم ڕووتییم ببینرێ و ڕەق و وشک هەڵنەگەڕێم، لەو سەرکۆسپەیە مەوەستە، شەقاوێک، هەرتەنها شەقاوێک هەڵبنآ و..

ئیتر کۆسپەى جیلوەدارى بوون دەکەوێتە ژێر سێبەرى ئاوەکان و

نەخشەى شێواوى دەروونم لە ساتە زیووینەکاندا نوقم دەبێت

*ڕووتکارییەکی ئەو لەبیرکراوە

ئەو ڕێگایە، ئەو جەستە ڕووت و ڕەجاڵە پەسەند دەکەم، ئەو لەبیرکراوە کتومت بە دایکم چووە، شەوان دێت و گۆرەوییە ڕەشەکانی لە ئەسکوردم دەئاڵێنێ، ئەو بێوە لەبیرکراوە، هەموو گۆشە و کەلەبەری جەوقووتی خەونە نقومبووەکانم دەداتە دەست تیرێژى حەزە نامۆکان، ئەمە چەند زەمەنێکی لال و بێڕەنگە، من تەنها بە خەونە بەمۆتەکە سەرشارەکانم لە قوژبنێکی گڵکۆیی داخزابووم، دێتە لام، مانگی گەرداویی ژوورۆچکە زستانییەکەم  پڕپڕ دەکات لە تریفە، جەستەم لە خەمە گەندەمووییەکان دادەماڵآ، لە پۆشاک و یادەوەرییەکان ڕووتکارم دەکاتەوە و بە نوشتەى سەوزى بچکۆلەى نێو لێوانى ئاوڕشێنى گیانم دەکات، لەشى پیرەڵۆکى دەکاتە پەلکەڕەنگینەى ئەو بۆنە گەوڕییانەى لە کاتژمێرە بەجۆشەکانى هەرزەکارییمەوە هەڵدەچوون، وەک ئەو شاخە پڕ داڵدەیە کە کاتى ڕاکردنەکان لەنێو خۆیدا مۆڵى دەدام، بۆنى مێیینەى دەبێتە تاجى خووناوە کریستاڵییەکانى بەژنوباڵام، لێناگەڕێم ئەو ئاستانەیەى لە مێژە ئاشنایەتى توانەوەى کاڵبۆتەوە خاک وخۆڵى لە بیرچوونەوە بیسمێت، وەکو ئیکسیر بە شەباقە وشکارۆکانى ڕۆحیدا ڕادەبوورم

چى نیسارى تینووێتییە لە تیشکى زیووینى ئاودا دەڕەوێتەوە

ئیتر وێنەى هەرزەکارییە دوورەکەى یادەوەرییم، سووسە دەبەم، دنیاى هەرگیز ڕمووزنم فریووداوە

*تۆزی ناڵە

کە چاوانم وەک هەوداکانى سەر سەرم داڵدەیان بە چەرموویى دا، کاتێ کە ئائەم بەیۆگرافیا سەمەرە و غەوارەیە، لە پەلەقاژێى یادوەریى دەستى هەڵگرت، چراکان کەوتبوونە گیانەڵا، تووشى سستیى و پەژمووردەنێکى تر ببووم، نامەى مەحزوون و شەمزاوى خوشکە قەیرەکەم، قسەى لەزارمدا پژاند: هەمیشە سپێتیى شتەکان بەسەر ڕەشاییەکانى سەرمدا هەرەس دێنن، لە ڕەنگى مەیینم وەردەدەن..شانازى بەو مردووەوە بکە کە هێشتا زیندووە! بەم شێوەیە وڕێنەى ئەم نامە کۆن و تازەیە لەسەر ڕووپەڕە ئاودزکردووە دێرینەکاندا دووبارە دەنووسمەوە، دوامین چامە، دوانیگاى ئەو ڕۆحە بە ناڵە تۆزاوییەیە، دەیگرمە ئەم ژیانەى تاکە ڕێیەکى توولەى لێوە دەردەچێت، ئەویش دەنۆڕێتە ئەو ڕۆحانەى سەر ڕۆخانەى نەمان کەوتوون

*سەفەرێک بەرەو دامرکانەوە

لەگەل جل و بەرگەکانما، ئەوگێژەڵووکە لیوەیە هەتاوى بیر ڕادەماڵێ، چەمەڕام شەو، بە دەزوولەى هەناسەکانى باران پەنجەرەکانى ڕووتایى خۆم لێل بکەم و دابگیرسێم بارانیش لە کۆچى دوێنێیدا تەنها دۆڵى مەرگى بۆمان پڕکردووە!

چۆن دەتوانم ئەم کڵوکۆ دامرکانە لە باربەرم، بە سییە زوورهانەکانم با لە داگیرسان وەردەم و تێنەپەڕم؟ چۆن دەتوانم کۆت و بەندى یادى خۆم فەرامۆش بکەم؟ هەمیشە لە تازییە و شاییەکاندا، وەکو برین پێکەوە گۆشتەوزوون دەبووین، ئەم سەفەرە سەرهەتاپا پەرتى کردین

جوانیى هاوکێشەکانى منداڵیى لەبەرچاوە تەڵخەکانم ڕەواندەوە

دەزووى ئەو کۆلارە لاسارەشی لەهەنووکەى غەریبییمدا کاژوواژ کرد

ئەم سەفەرە خۆڵەمێشییە

منداڵییمى سوارى چەرخ و فەلەکى فەوتان کرد و ڕووەو نەگەڕانەوەى تاهەتایى

ڕێخستنێکى یەکجاریى لە بەرۆکى دا

*دیدەنیی

ئەو ڕێچکە زستانییە بەردەوامە، هەنگاو لەچاوان دەدزێ و وێڵیان دەکات. کێ دەڵێت: ئەم تنۆکەیە بە تنۆکەکانى دى دەچێت؟ کێ دەڵێت: نەبا مردن زەردەخەنەت بسڕێتەوە و خەونە خوداییەکانت گۆڕەوشاردات، لەپەناى بەرزییە کانى ئەوێدا، بەدزییەوە، ژووانێکى دیکە لەگەل چارەنووسدا بەرقەرارکە، با تۆز و خۆڵى کاوڵیى بەرپا نەبێت ئیدى وەکو چیایەکى کەمتەرخەمى ئاسمانڕووش و مەلى مات و حەپەساوى نێو شەوارە بێوێنەکان لە ژێر تەڵەزم و داڕووخانە هەمەجۆرە ناوەختەکانى دنیا هەستاومەتەوە و

دەست و پەنجە ڕابووەکانم  چاوشارکێیەکى عاشقانە لەگەلڕ گوڵاڵەدا دەکەن

*ڕۆژنەیەک دەڕوانێتە شەوە هاتووەکان

منداڵە پاژنە چڵکن و لە خۆڵەمێش گەوزاوەکان، دەبنە هەموو شتێک: لاولاوى گاگۆڵە کردووى سەر پیادەڕەوە دوورەکان، ڕەنگى دواکەوتووى زەردەپەڕ، تاج بۆ شەققژنى بال لێکدانى سیسرکەکەچەڵە برسییەکان، تەڕایى بۆ  گەرووى تینوو هەڵگەڕاوى وردە کرمەکان، دەبن بە هەموو شتێک ئینجا لە زیووى شەوەکاندا کەڵکەڵەیان ڕوو لە دنیا دەلاقەیەک دەکاتەوە. وەک شەپقەى سەرى داهۆڵە تەریکەکان، ئاشناى لاسامە پڕ یارییەکانى زستان دەبن، ڕێگاکانیان بێ شەقل و دوانەهاتووە، دەچێتەوە نێو کوێرایى هەڵەمووتە نادیارەکان  

*پەژیوانیی

ئەم ڕێگایە، ئەم کەلاشە ڕووت و قووتانەى باوەشی گشت شوێنەکان، ئەم پێ و پلە خاوسانە. نەدەبوایە: گۆلاوە بۆدڕناوییەکانى ئەو شارەى لەگەل یادم مەوداکانى منداڵیى هەڵبژاردووە، بگۆڕمەوە بەم دنیا پڕ پەژیوانیى و دوماناوییە دوورەى لە گەمەى تاراوگەکاندا ڕۆحى من لە خشتە دەبات!

*کوڕژنی ئاو

لەم دنیایەى سەرتاسەر بۆ من تەیمان و گوێسوایە، پەڕەسێلکەکان وەرزەکانیان دەدەنە دەست فەرامۆشیى، خاک و لیتە لە ڕێى مەودا سرکەکان دەگوازنەوە، کوڕژنى ئاویش بە گۆزەڵەى دەنووکەکان لە پەسڵانى خەمباریى دەپەڕێننەوە، تا بۆ دڵە بێ داڵدەکەم ئاواییەک بخوڵقێنن کەچى زستان چەتەووڵێکى بێڕەحمە ڕێى فڕینیان لێ دەدزآ و لەشى نەرمیان مۆمیا دەکات!

*ئابڵووقە

ئاى لەم ڕێگا بێ وێستگایەى بە جەللادى ئاوڕدانەوە قاڵبووە، نەدەبوایە. ئاى لەو جوانییەى ئەودیو دومانە چڕەکان و لەو دزێوییە ئەفسانەییەى لەمدیو دووکەڵە زەردەکانەوە ئابڵووقەى ڕەوەندى هەناسە دەدات، نەدەبوایە.

*هەسارە

ئەم ئێوارە دووکەڵاوییەی دەرەوەی تخووبە لە هەتەری نیگا ڕاپسکاوەکان، دوای خۆشەبوونی پێڵووە هەڵواسراوەکانی بێدارییم، دوامین قووقەى کەڵەشێرەکان درەنگیی شەوی هەرماو بەرجەستە دەکەن، شەونمی زوڵاڵی کازیوەی دووریش بەسەر بێشەڵانی زڕى تاریکایی دەبارێنن، بە قەوزەی سەوزى ئەو کوژانەوە خەوبینە، وەنەوزی گیانی ماندووی خۆم پێچایەوە و سەرم لەم بۆشاییە بێ تانۆپۆیە بوو بە هەسارەی سەقام ونکردوو، مەستیی وێنەی منداڵکاریی خۆمم دۆڕاند، شیعریش بوو بە ڕێگا بەرەو کاکێشانی گەردینەیی و لەسەر ئەستێرەیەکى دووری قووڵایی ناوى نووسیم.

 

گەڕان بۆ بابەت