ما 7643 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

خراپە، ئایین و مرۆڤ

مرۆڤ هەر لە کۆنەوە مێشکی بە خراپە و چاکەوە سەرقاڵ بووە. ئەم سەرقاڵییە بەوەی گەیاندووە کە لە دەرەوەی مرۆڤ هەندێ هێزی بانسروشتی هەن سەرچاوەی چاکە و خراپەن و، ئەوانن کە ئەم دوو دیاردە گشتییە دیاریدەکەن و بەسەر دونیادا دابەشی دەکەن؛ یاخود چاکە و خراپە وەک دوو هێزی بانسروشتی خۆیان سەرچاوەن و ئەوانن رەوتی ژیان دیاری دەکەن و لە راستیدا 'بوون' بریتییە لە ململانێی بەردەوامی ئەم دوو هێزە.

بەڵام بە هاتنی سەردەمی نوێ و چاخی رۆشنگەری، ئیمانویڵ کانت وتی کە خراپە دیاردەیەکی دەرەوەی مرۆڤ نیە و، لە راستیدا پێوەندی راستەوخۆی بە خۆیەوە هەیە و بۆیە خودی مرۆڤ لێی بەرپرسیارە. بەم شێوەیە ئەم فیلسووفە سەرچاوەی خراپە بۆ خودی بەشەر دەگێڕێتەوە و بەرپرسیارەتی دەداتە دەست خودی مرۆڤ.

بێگومان لە نێوان ئەوەی کە هێزە بانسروشتییەکان بە سەرچاوەی خراپە بزانین یان خودی مرۆڤ، جیاوازییەکی زۆر هەیە وەها کە بە دوو جۆرە روانگەی فەلسەفیمان دەگەیەنێ. کاتێک هێزێکی دەرەکی هەیە ئەوا کاری مرۆڤ ئەوە دەبێ کە بۆ ئەوەی خراپە نەکا دەبێ خۆی لەو هێزە ببوێرێ، بە تایبەت لە رێگای باوەڕی ئایینیەوە؛ بەڵام ئەگەر سەرچاوەی خراپە خودی مرۆڤ بوو ئەوا دەبێ مرۆڤ خۆی چاک بکا و کارێک بکا کە ئاکار و بیر و کردەوە خراپەکانی چیتر سەرهەڵنەدەن. لەم حاڵەتدا دەکرێ خراپە وەک هێزێکی مرۆڤی لەناو بچێ یاخود لاواز بکرێ.

کانت بەم شێوەیە دەیەوێ هێز و باوەڕی مرۆڤ بۆ مرۆڤ بگێڕێتەوە و، لە رێگای ئەم خۆباوەڕییەوە توانای ئینسان بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ خراپە بگێڕێتەوە. لە راستیدا گەر بە گوێرەی ئایین بێت قەت شەیتان نامرێ و بۆیە مرۆڤ هەمیشە باوەڕی بە مانەوەی خراپە دەمێنێتەوە. هەڵاتنی بەردەوامیش لە شەیتان، چارەسەری کێشەکەی ناکا.

سایتی قەڵەم

٢٢ مانگی دووی ٢٠٢٢

گەڕان بۆ بابەت