ما 4827 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هەردی حوسێن

شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت ھەموو ئەو ڕووداوە درووستکراو و خوڵقاوانە لێکەوتەی زۆر خراپیان ھەبووە و کارێکیان کردووەتە سەر مرۆی ئێمە کە بەدەگمەن یەکێک دەبینی ئاوات بە ڕابردوو نەخوازێت و نەفرین لە ئەمڕۆ نەکات.

 

بڵندنۆڕینی نالییانە، لە پەنجەرەشیعری پێشەوا کاکەییەوە

هەردی حوسێن

 

لای ھەموومان ڕوونە، کە نالی یەکێکە لەو شاعیرانەی کورد کە لە ڕیزی ھەرە پێشەوەی شاعیرانی کلاسیک دێت. نالی ئەو قارەمانەی کە بە دەست میللەتێکی بێدەسەڵات و کێشمەکێشمی نێو خۆوە دەیناڵاند. ئەو بلیمەت و زانایەیە، کە لەبەر بێ خاوەنی وەک پشکۆی ئاگر، ھێواش ھێواش لە کزی دەدات و داخەکەم  بەقەد کۆلکە شاعیرێکی خاوەن دەوڵەت نێوی نایەت.

بەڵام، پێشەوا کاکەیی شاعیر بەو شیعر و پەخشانەشیعرانە (ـی ڕەخنە و توێژینەوە بە شیعر)ەیدا، دێت و شیعری نالی و ئەدەبەکەی لە جەرگەی سەدەی نۆزدەمەوە بەسەر سەدەکانی دوای خۆشییەوە گەردەن کێل دەکات. شاعیر زۆر قووڵ و نالیناسانە لەو ڕووداو و فەترە زەمەنییە دەنواڕێت، کە نالی تیایدا گوزەری کردووە و باوەڕێک و سوکناییەک بە خوێنەر دەدات کە پێی دەڵێت سەردەمی نالی و دوایی نالی ھەریەک سەردەمە بۆ ئێمە و گیروگرفتەکانی سەردەمی نالی، خزمی گیروگرفتی ئەو سەردەمەی نالیین و بە شکڵ ھەندێک شت گۆڕراوە.

شاعیر پەنجە لەسەر ھەموو ئەو گرفتانە دادەنێت و دەیانھۆنێتەوە. ھۆنینەوەیەک لە شێوەی ڕۆمانئاسا کە پڕیەتی لە ڕووداو و شوێن و کارەکتەر! ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە شاعیر بێ ئەوەی ھیچ ڕووداوێک جێ بهێڵێت و ھەرچی گرینگە بۆ خوێنەر دێت بەیانی دەکات. شاعیر ئەو فەترە زەمەنییەی کە نالی تێدا نییە دووبارە بە لێدوانی نالییانەوە پڕی دەکاتەوە و لە دۆخەکان دەدوێت. کە ئەمە کارێکی ئێجگار قورسە و ئەگەر ڕۆمانێک بوایە ئەوا قەبارەی پەڕتووکەکە چەند ھێندە دەبوو، بەڵام شاعیر وەک بیهەوێت ھەموو یاسایەکی درووستکراو تێک بشکێنێت، دێت و لە ڕووپەڕی شێست لاپەڕەدا کۆی ئەو ڕووداوانەمان وەک تۆمارکردنێک بۆ تۆمار دەکات.

لەم سۆنگەیەوە، زۆر جار خوێنەر بیری بۆ ئەوە دەچێت، تۆ بڵەی شاعیر ئەوەی وەک یادداشتێک نەکردبێت؟ چەند لاپەڕەیەک ھەڵدەدەیتەوە و بیرت بۆ لای شتێکی دیکە دەبات و بە ڕەخنەیەک یاخود ڕووداوێک کە دەشێت لە بیرمان کردبێت دڵمان ڕادەچڵەکێنێت! ھەر لە سەرەتاشەوە شاعیر ئەم پەڕتووکەمان وەک فلیمێکی دیۆکۆمێنتاری نیشان دەدات، کە ھەرگیز جاڕز نابین لە تەماشاکردنی و بگرە حەزیش ناکەین تەواو بێت! و پێ بە پێ لەگەڵ خۆیمان دەبات. بۆ مەگەر ھاتنەوەی نالی و درووستکردنەوەی بە شیکڵی ئیمڕۆ لە دیۆکۆمێنتاری ناچێت!

ئەوەی جێگەی تێڕامانی زیاترە ئەوەیە کە شاعیر لەم پەخشانەشیعرەیدا زۆر وریایانە زمان و زمانەوانی و لایەنی ڕێنووسی بێ ھەڵە بەکار دەھێنێت کە لە سەردەمی ئێستاماندا بووە بە شتێکی مەحاڵ بۆ نووسەران! خوێنەر گەر بیهەوێت لە ھەرڕووپەڕێکدا چەندین ھەڵەی زمانەوانی و ڕێنووسی دەدۆزێتەوە کە ئەوە نەک لەم پەخشانەشیعرەی شاعیردا نییە، بەڵکوو لە بەرھەمەکانی تریشیدا دەگمەنە!

شاعیر دێت و نالی دەکاتە بیانوویەک بۆ دوواندن لە بابەتە (کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری، ئایینی و زمانەوانی.) دۆخی دوای نالی، بە نالی دەخوێنێتەوە و ڕەخنەیان لێدەگرێت. کە دەڵێین خوێندنەوەی نالی بە نالی ئەوە شتێکی ئاساییە و ئەوپەڕی شکۆیە بۆ شاعیر، کە بتوانێک کارێکی وا ئەستەم لە ئەستۆ بگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا پڕ شانازی، ھەر وەکوو مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: »(برناردشۆ) چەند جوانی فەرموو کە لێیان پرسی (تۆ گەورەتری یا خود شێکسپیر؟) ئەویش لە وەرامدا بەوپەڕی باوەڕبەخۆکردنەوە گوتی: (ئەو لە من کەڵەگەتترە، بەڵام من لەسەر شانی ئەو ڕاوەستاوم.) ئەدیب و شاعیرێکی کوردیش چەند بەرز دەبێتەوە کە لە سەر شانی (نالی)ـی ئەدیب و شاعیرێکی کوردیش چەند بەرز دەبێتەوە کە لەسەر شانی نالی و ئاوەڵەکانیەوە گەشتی بەرەو ژوور دەست پێ بکات.« شاعیر بەر لە ھەرشتێک بە شادێڕێکی نالی دەست پێدەکات و دەڵێت:

[لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی هیجرەتە

دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور!]

 

شاعیر چەند وەستایانە ئەو شادێڕەی ھەڵبژاردووە، چونکە نالی ھەرچی تاڵی و سوێرییە لەو شادێڕەدا کۆی کردۆتەوە و داوا دەکات دڵی ببێتە ئاو و بە چاوانیدا بێتە خوارەوە و بێتەوە بۆ نیشتمان! شاعیر ھەر دەڵێی گوێی بۆ ترپەی دڵی ئەم دێڕەی نالییەوە ڕادێراوە و نالی دەھێنێتەوە بۆ نیشتمان، بەڵام چ نیشتمانێک! ئەوەتا شاعیر دەستی نالی دەگرێت و دەڵێت:

نالییش گەر بێتەوە،

جارێکی دی ناڵێت:
(چاوی من دەم دەم دەڕێژێ ئاوی ساف و خوێنی گەش،)
بە بێ گوێدرێژەکەی ڕێ تەی دەکات

تا هەموو دنیا بزانێت
دەریای ئیژە دوڕ و مەرجانی نییە،

ئیدی خۆی پێدا دەکات

لە داخی گرد و دۆڵ و سەری ڕەش![1]

 

شاعیر ھەر زوو نالی نائومێد دەکات و پێی دەڵێت گەر ئەم جارە و چەند جارێکی دیکەش بێیتەوە ھەمان ھەڵوێست دەنوێنی و ڕێ تەی دەکەیەوە، چونکە ئێستا گۆمەکە بۆگەنتر بووە و ناتوانی دان بە خۆتدا بگری و نەڕۆی. شاعیر وەک ئەوەی بیهەوێت بە ئێمە و نالی بڵێت ھێشتا ماوە و وەرن ببینن ئەوانە ھەموو ڕۆژێک لە ژیانمان ڕوودەدەن و خەریکە ببن بە ڕووداوی ئاسایی و لە سەدەی نۆزدەمەوە تا کابینەی ئێستا بەردەوامە و بەڵێنەکانیش وەک ھەڵمی سەر دەریاچەکان ون دەبن و دەچن بە ئاسماندا.

هەموو ڕۆژێک خوێنمان دەڕێژرێ،

تيغ لە گەردنمان سواوە

ناڵێین دەستمان دامێنتە،

چەند دەیەیەکە ناڵینە، ڕەنگە بڕوا تا سەد کابینە[2]

 

شاعیر ھەر بەو ڕەخنانە ناوەستێت، کە نووسەران زیاتر سیاسییەکان دەکەنە ئارمانج، بەڵکوو شاعیر بەداخیشە لەو شاعیر و بوێژانەی كە بوونە پارێزگارێک بۆ سیاسییەکان و بۆ مووچە ناڵە ناڵیانە و بەرگری لە ستەمکاران دەکەن. ھەر ئەوەش پاڵی بە شاعیرەوە ناوە و بڵێ:

ورگت، دەفتەرێکی شڕە

ئەلفبێی کراسەکەت هەڵوەریون.

گوێچکەت کەروێشکییە و

گاڵتەت بە گوێدرێژ دێ.

بگەڕێوە نالی!

ناڵێک بکێشە بە خەیاڵی شاعیراندا!

چۆن داڵغەیان چەقیوە و

ناڵینی مووچەی حیزبییانە!

با هەموو کەس بزانێ خۆ شاعیری ئەم سەدەیە

لە (ئاراس) و (سەردەم)ـەوە،

لە (یەکيێتیی دووسەران)ـەوە،

لە (پاراستن) و (زانیاری)ـیەوە،

قەڵەم و کاغەزيان وەکوو کووتاڵ سەودا پێ دەكه‌ن!

هەر لەبەر ئەوەشە ڕقیان لێمە،

چۆن لە ڕەخنەمدا شیعرم چەکوشکاريی خۆی دەکا![3]

 

شاعیر ئەم گەڕاندنەوەی نالی بە دەرفەت دەزانێت و دەیهەوێت بە نالی و ئێمەش بڵێت، نالی و خانەقاکان چیان بەسەر ھاتووە و مەلاکانی ئەم سەردەمەش بێبەش نین و پشکی شێریان بەردەکەوێت لەو کاولستانەی خوڵقاوە؛ چونکە مەلاکان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان ھەیە، بە پێی ئەوەی زۆرینەی خەڵقی کوردستان موسڵمانن. شاعیر بە شارەزاییەکی زۆر زمانەوانیانەوە لەو بارەوە دەدوێت و دەڵێ:

ناگەڕێمەوە تاریکەدوا، دووا

چاوم بە کەلەم کەوت و کەللەم دا لە سەرەکەلەمی

لە ترسان، لێی بەر بوو، دەستنوێژی شکا مەلا؛

کە هەڕەشەی مووچەبڕینی لێ کرا!

نالی هاتەوە نێو شیعر و

گوێدرێژیش چاوی بە هەرمەلایەک کەوتايه‌،

جووته‌يێکی لێ دەدا![4]

 

لێرەدا گوێدرێژیش وەک کارەکتەرێکی سەرەکی ڕۆڵ دەگێڕێت و بگرە زیاتریش، چونکە ئەوە گوێدرێژەکەی نالییە جووتە لەوانە دەدات کە شاعیر وایان دەبینێت پشکیان ھەیە، بەرپرسیارن لە پێھەڵخلیسکانی خەڵکی و ھاوکاری (حوکوومەت)ـن. بۆیە شاعیر نایشارێتەوە، کە ئەوە ھەر حیزبەکان نین، کە خەڵکی دەڕووتێننەوە و ڕۆڵیان ھەیە لە چەقبەستوویی وڵاتەکەمان. بۆیە شاعیر دەڵێ:

هەر داری سەوز و زەرد نییە

دڵی خەڵەفاوێک، دەکەنە مۆمدان و

چاوی گەنجێکی بیرنەکەرەوە دەکەنە گڵۆپ و

ڕیش خۆڵەمێشێکی ئیخوانی،

بێدەنگ بێ لە ئازاری منداڵێکی ئێزیدی و

دار پرتەقاڵێکیش لەگەڵ خۆیدا دادپه‌روەر نەبێ؛

چى گۆڕاوە نالی؟

هەچە لە گوێدرێژەکەت بکە و بڕۆ![5]  

 

ھەر چەندی کێشەکان، زۆربن، بەڵام نابێت مرۆ ئەوە بکاتە بییانوویەک و ڕوو لە ھەندێک باس نەکاتەوە بەتایبەت زمان، چونکە زمان سەرچاوەی بوونی نەتەوەیە و پێویستە ھەموو نەتەوەیەک شانازی بە زمان و ڕەچەڵەکی خۆیەوە بکات، بەتایبەت ئێمەی کوردزمان... بۆیە شاعیر زمان فەرامۆش ناکات و شانازی دەکات بەو زمانەی پێی دەنووسێت و دەڵێ:

 

کاتێک لە گەردوون ڕادەمێنم

ئەستێرە بێت یان کاکێشان،

هەسارە بێت یان کونە ڕەشەکان،

بە کوردی، جوانتر شیعرم بنکۆڵی دەکات.

با خۆی دەخشێنێت لە هەوای زمانم و

وشەم هەڵدەپاچێت،

بە ڕەگەوە شیعرم هەڵدەکەنێت

یان قەدی دەشکێنێتەوە،

ئەگەر ئەم خاکە لە زمانمدا نەسوێت،

دەیسووم.[6] 

 

شاعیر نەک ھەر شانازی دەکات بە زمانی کوردیییەوە، بەڵکوو ئاڵانگاری ئەوەش دەکات کە زمانی کوردی ئەو زمانەیە، کە دەتوانێت نەک لە شتە زەمینییەکان بەڵکوو لەو شتانەش بدوێت و قسەی پێ بکرێت کە ئاسمانین و پەیوەندیەکی پتەویان بە زانست و فەلسەفەوە ھەیە. شاعیر ھەر بەوە ناوەستێت، بەڵکوو زیاتریش دەڕوات و تا ئەوپەڕی سنوورەکانی خۆشەویستی و ھەست دەربڕین بۆ زمانەکەمان دەڵێ:

نامەوێت دەستت لێ هەڵبگرم ئەی نیشتمان!

هەرچی خوێنە دەیدەم، بۆ زوبانە، وەلێ بە فیڕۆ دەڕوش![7]

 

شاعیر بەردەوام دەبێت لە پەیامەکەی و ئەمجارەیان دێت نالی و خوێنەران دەباتە وێستگەیەکی دیکە و پێمان دەڵێت ببینن گیرۆدەی چین؟ نالی وەرە ببینە لە چ دۆخێکداین؟ نالی وەرە و ببینە خۆت گوتەنی (مەی بۆ نەڕژێ شووشە لە سەد لاوە شکاوە.) وەرە و ببینە ھەموو ئازاری بەدەنمان دەناڵێت بە دەست سیاسییەکانەوە ھەر لە کۆڕەوەوە ھەتاوەکوو ئەمڕۆ. شاعیر ئەو پەیامە لە ڕێگەی شیعرەوە بۆمان بەیان دەکات و دەڵێ:

 

لەدوای کۆڕەوەوە

هەڵدێم، لە دەست دەنگی فیشەکی جەلالی و مەلایی

هەڵدێم، لە دەست دەنگی بتڵەغازی بەتاڵ

بە تاڵ، تاڵيی ڕۆژگار دەژمێرم.

هەڵدێم، لە دەست تەقەتەقی بەرمیلی بەتاڵی نەوت و

هەڵدانەوەی جۆزەی کارەبا و

دەنگی نووساوی ئاو و

هەڵگرتنەوەی مووی سپيی سەرم لە زیندان.

هەڵدێم، لە دەست سەدان تاوانی ئەم بنەماڵانە،

لەم سەرماوسۆڵەدا ڕەقیش ببمەوە،

ناتوێمەوە.

وەک پەیکەرێک لەنێو بەفردا

مێژوویەکی نوێم لێ دەتاشرێ.

ئەوەتا هەموو دنیا دێ بۆ تەماشام

کە کۆچم نەکردووە و هەڵاتووم،

دەزانن بۆ شۆڕشێکی نوێ هەڵدێم.[8]

 

شاعیر ھەر وەکوو لەو سەرنجەی کە خۆی بەر لە دەستپێک ئاماژەی پێدەکات و دەڵێت: ئەم شیعرانە بە شێوەیەکی ڕیالیزمانە نووسراون. بۆیە بێ شرۆڤەکردن لەوەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو پەیامە بگەیەنن کە شاعیر ئارمانجیەتی. دەشگونجێت شاعیر ھەڵبژاردنی ئەم ڕێبازەی ڕێک بۆ ئەوە بووبێت، پەیامی شیعریەکانی ئاسانتر بگات، ئەویش لەبەر ئەوەی ئەو دۆخەی تێیداین لای شاعیر دۆخێکە پێویست دەکات زمانی شیعری ئاسان و قووڵ بێت. ئەویش بەو ئارمانجەی خەڵکی ئاسانتر دۆخەکەیان بۆ ھەزم بکرێت یاخود ئاسانتر لە دۆخەکە بگەن لە ڕێگەی شیعرەوە.

شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت ھەموو ئەو ڕووداوە درووستکراو و خوڵقاوانە لێکەوتەی زۆر خراپیان ھەبووە و کارێکیان کردووەتە سەر مرۆی ئێمە کە بەدەگمەن یەکێک دەبینی ئاوات بە ڕابردوو نەخوازێت و نەفرین لە ئەمڕۆ نەکات. بەدەگمەن مرۆی ئێمە دەبینی لە ناخەوە پێبکەنێت. بۆیە لە چێوەی شیعرێکەوە دەڵێ:

 

کۆمەڵناسێکم دەوێت، خەندەم بۆ شی بکاتەوە.

یان پزیشکێک لە زار ورد بێتەوە،

بزانێت کەسێک لە دڵەوە دەکەوێتە قاقا.[9]

 

شاعیر دەیەوێت، ئەم گەڕاندنەوەی نالی بە دەرفەت بزانێت و بەر لەو سەفەرە درێژخایەنە پێی بڵێت نالی ئەوە ھەر تۆ نیت کە وڵاتت تەی کردووە و چوویت بۆ وڵاتی غەریبیان، وەرە و بنواڕە گەنجان چۆن لە دەست جەور و ستەم پۆل پۆل لە وڵات ھەڵدێن و ڕادەکەن. شاعیر دێت و نیوەدێڕێکی نالی تێکەڵ بە ناخی خۆی و داکەوت (واقیع)ـی ئیمڕۆ دەکات و دەڵێ:

 

لە دەست ستەمکاران

وڵات چۆڵوهۆڵ بووە قوربان!

حوجرە بووەتە زانستگە،

هيی مەلا نییە،

هيی مامۆستايش نییە،

بینای کوڕانی هەرزەکاری کڵاوسوور و ڕاوچییە،

بینایی نییە، لێیان مەگرە!

زانستگەر هەم یاخی و هەم شۆڕشگێڕ و

هەمیش دینارێکیان پێ نییە.

نالی! ئەم کەفوکوڵە چۆن دادەمرکێ؟

کە دەڕوانمە مانگ،

گەدەی بەتاڵم مانگا تێيدا دەبۆڕێنێ![10]

 

شاعیر لە ڕەخنەگرتن بەردەوام دەبێت و پەیتا پەیتا سەفەرەکەی نالییش بەرەو کۆتایی دەڕوات؛ بەڵام شاعیر دێت بەر لە کۆتایی چەند وێنەیەکی دیکەمان نیشان دەدات و دەڵێ:

                 نالی! هەرلخێکی ئەم درەختە ڕاوەشێنيت، قیژەی سەدان کچی سەربڕاوی لێوە دێت، سەدان ڕۆژنامەنووسی بێسەروشوێنت پێ دەڵێت، کاوەی ئاسنگەر لە کوێ و کاوە گەرمیانی لە کوێ! میرنیشنی سۆران لە کوێ و سۆرانی مامە حەمە لە کوێ! هەرلخێک ڕاوەشێنیت، هاواری سەدان پەککەوتەی لێوە دێت، کە گۆچانێکی لێ ساز کردووە و ئاخوداخی ئەم تاڵانکارییەی کوردایەتیی حیزبی بۆ باس دەکات کە چلۆن دڵی شەق بردووە.[11]

 

شاعیر بە درێژایی پەڕتووکەکە زۆر ئیش لەسەر چڕیەتی بابەتەکان دەکات و دەیەوێت بە فەترەیەکی زۆرکەم زۆرترین ئەو ڕووداوانە بە ئێمە بگەیەنێت کە ڕوویان داوە. ئەمەش ژارێکی ئەوەندە سانا نییە، چونکە پێویستی بە سەلیقەیەکی زۆر ھەیە. لە ھەمان لاپەڕادا، چەند باسێک بە یەکەوە گرێ دادات و دەڵێ:

                     شەقی بردووە، پەمۆ نا، دڵی منداڵ.

                               لە گیرفانی هەموانی بڕیوە،

                        دز نا، ئەم دووکاندارە سیاسییانە.[12]

 

شاعیر ڕووداوەکان وەک زەنگیانە بە نێو شیعری خۆیەوە دەکات و ھەرچی ڕووداوە بە جوانی بۆمان دەھۆنێتەوە. ئەمانەی نووسیمانن چەند نموونەیەکن لە کۆی پەڕتووکەکە. لەبەر ئەوەی ڕووداوەکان پاشاخانێکی مێژووییان ھەیە و گرێدراوی یەکترن، ئێمە ھەموومان نەنووسیون، ھۆکارێکی دیکەش ئەوە بوو کە خوێنەر خۆی بتوانێت گوزەرێک بەنێو پەڕتووکەکەدا بکات و بە چاوی خۆی ببینێت چۆن لە پەڕتووکێکی قەبارە بچووکدا، ئەمما گەورە بە نێوەرۆک توانراوە ئەو ھەموو خەم و پەژارەیە بکرێتە پیاڵەی ئەم پەڕتووکەوە. ئەگەر شیعر نەبوایە پێم وانییە بە ڕۆمانێکی چەند سەت لاپەڕەییش تەواو ببوایە! شاعیر لەوانەش گرینگتر کە کردبێتی ئەوەیە نالی ھێناوەتەوە ھەم نێو شیعر و ھەمیش مێژوو، کە ئەوە کارێکی ئاسان نییە. نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت شاعیر شیعری نالی ئاوێزانی شیعری خۆی و ھەستی خۆی و ڕووداوەکانی سەدەی بیستویەک کردووە، کە ئەمە کارە قورسەکەیە، چونکە شیعرێک سەدەی نۆزدە نووسرابێت دوای دوو سەدە ھەمان شیعر درێژەی پێبدرێت کارێکی نەکردەیە، بەڵام نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە شاعیر ھەر لە ھەڵبژاردنی دێڕەشیعرەکانەوە دەزانرێت چ نالیناسێکی گەورەیە! شاعیر بەو چەند دێڕە ئێمە و سەفەری نالی بە کۆتایی دەگەیەنێت و دەڵێ:

لەم بیبابانی نیشتمانەدا، مەرگ هەموو کات منداڵێکی ترسلێنیشتووە، تا گەورە دەبێت، چ تۆز و خۆڵی بیابان هەیە لە چاویدا هەڵدەگڵۆفێت.[13]

 

 

[1]. لە پەنجەرەوە، دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی، پێشەوا کاکەیی، شیعر-پەخشانەشیعر (ڕەخنە و توێژینەوە بە شیعر)، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل.٩.

[2]. لە پەنجەرەوە، دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی، هەمان سەرچاوە، ل.٢٠.

[3]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.٢٢.

[4]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.٢٣.

[5]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.٢٤.

[6]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.٢٩.

[7]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.٣٣.

[8]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.٣٤.

[9]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.٤١.

[10]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.٥١.

[11]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.٥٥.

[12]. هەمان سەرچاوە، ل.٥٥.

[13]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.٥٨.

گەڕان بۆ بابەت