ما 3182 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

ژەنراڵە تڕۆیانەکانی نێو دەستەکە بزەی خۆشییان بە روخسارەوە بوو. دوو کەس لە نێو دەستەکەدا، کە سەرباز نەبوون، هیچ خۆشحاڵییان پێوە دیار نەبوو. یەکیان لە قەشەیەکی پیر دەچوو. ئەوی تریان کاساندرا، کچەشازادەیەکی تڕۆیانی بوو.

 

ئۆدیسیوس

بەنیامین هوڵم کرۆس

 

دیرۆکێکی یۆنانییە بۆ منداڵان

 

ئەسپەکەی ترۆی

 

ناوم ئۆدیسیوسە. ئەمن شای ئیتاکام. لە شەڕی تڕۆیدامن شەڕوانێکی یۆنانی بووم.  ئەم شەڕە دەساڵی خایاند. دە دانە ساڵ!

با لەسەر ئەم شەڕە قسەتان بۆ بکەم. هەموو شەڕەکە کارێکی شێتانە بوو.

ئەزانی بۆچی شەڕمان دەکرد؟ لەبەر ئەوە کە شازادەیەکی تڕۆیانی، هیلێن، شاژنی سپارتای هەڵگرتبوو. هیلێن نەدزرابوو، ئەو بۆخۆی لەگەڵیا رەدوو کەوتبوو. ئەمەش شاکانی یۆنانی شێت و هار کردبوو. ئەوان هەموو شەڕکەرانی خاکی یۆنانیان بانگ کرد بۆ شەڕ. دەبوو هیلێن بهێننەوە و تڕۆیش ویران بکەن.

 بۆیە بە کەشتی بەرەو تڕۆی کەوتینە ڕێ.

دەساڵ دوای ئەمە، هێشتا ئێمە لە تڕۆی هەر خەریکی شەڕ بووین. لە دەشتە باگرەکانی دەرەوەی شاری تڕۆی، شەڕێکی زۆر رووی دا. گەلێک پیاوی ئازا مردن. هەموو شەوێک تڕۆیانەکان ئەگەڕانەوە بۆ نێو شارەکەیان. لە پشت دیوارە زۆر گەورەکەی شار خۆیان دەشاردەوە و  لە سەر دیوارەکانەوە تیربارانیان دەکردین.  بەمجۆرە زۆرێک لە باشترین جەنگاوەرانمان کوژران.

زۆر جار هەوڵمان دا هێرش بەرینە نێو شار، بەڵام دیوارەکان ئیجگار بەرز و قایم بوون. ناچار هەموو رۆژێک ئێواران ئەگەڕاینەوە نێو خێوەت و کەشتییەکانمان.  

  بەرلەوە زۆر حەزم لە کەشتی و چادر بوو، بەڵام ئێستا، ئیتر نا. دە ساڵ مانەوە لە ئۆردوگا و خێوەت نشینی پشتی پیاو دەشکێنێ.

دەساڵان شەڕ، دە ساڵان سەیری ئەو گەمژانەی کە دەیانهەویست وابنوێنن قارەمانێکی مەزنن، منی تەواو ماندوو کردبوو. ئەوەی پێویستمان بوو ئەمە بوو، رێگایەک یان فێڵێک بدۆزینەوە خۆ بگەیەنینە نێو دیوارەکانی شار، ئەوسا دەمانتوانی شەڕ بکەین و سەرکەوین.

ئەمن بیرۆکەیەکم بۆ هات. بۆیە چوومە لای شا ئاگامیمنۆن و قسەم لەگەڵ کرد. ئاگامیمنۆن سەرکردەی لەشکری یۆنانی بوو.

ئاگامیمنۆن گوتی: "ئۆدیسیوس! شەڕی ئەمڕۆکەی منت دی؟"

گوتم: "بەڵێ. بەڵام شتێک هەیە پێویستە قسەی لێ بکەین."

ئاگامیمنۆن بەتووڕەییەوە سەیرێکی کردم. "چیی تر هەیە قسەی لەسەر بکەین؟ قارەمانەکانی یۆنان... شەڕە قورسەکان... منی سەرکردەیان..."

وتم بەڵێ. "ئەی چۆن، حەزناکەی ببیە سەرکردەیەکی قارەمانی شەڕێکی براوە، دژی ترۆی؟

 بەبێگومان قسەکەم سەرنجی راکێشا. ئەگەر ئەم شەڕەی ببردایەوە بۆ هەتاهەتایە ناوبانگی دەردەکرد.

وتم، من بیرۆکەیەکم لە مێشکدایە. هەموو ئەو شتەیش دەبێ بیکەین ئەوەیە، ئەسپیکی دارینی کلۆر، یان ناو بەتاڵ دروست بکەین.

شا دەیزانی من پیاوێکی زیرەکم. ئەو حەزی لەوە بوو ببێتە قارەمانێکی مەزن، ئەگەر ئەم شەڕەی ببردایەوە، بۆ هەمیشە دەبووە خاوەنی ناو و ناوبانگ.

رۆژی دوایی زوربەی پیاوەکانمان چوونە دەر بۆ شەڕ لە دەوری دیوارەکانی تڕۆی. من و دەستەیەکی کەم لە شەڕکەران لە ئوردووگا ماینەوە. ئێمە شوێنێکمان لە پشت گردێکەوە دۆزییەوە. تڕۆیانەکان لە شارەوە نەیاندەتوانی بمانبینن.

هەموو ئەم رۆژە ئێمە خەریکی دروستکردنی ئەسپەکە بووین. ئەسپەکە گەورە بوو بەقەد دیواری شارەکەش بەرز بوو. نێوەکەی کلۆر و بەتاڵ بوو، بە شام گوتبوو نێوەکەی ئەبێ بەتاڵ بێ. ئەم ئەسپە جۆرە درووشکەیەک بوو لەسەر پێچکەی دارین. بۆیە دەمانتوانی بەملاولادا بیگێڕین.

ئێوارەی ئەو رۆژە، کاتێک شەڕ تەواو بوو، ئەسپەکەم پیشانی شادا.

  ''زۆر گەورەیە! "ئاگامیمنۆن وتی. ئەوسا پرسی: "ئەمانەوی چیی پێ بکەین؟"

وتم، هەموو شاکان کۆ بکەرەوە ئەوسا پلانەکەمتان بۆ باس دەکەم.

درەنگانێکی شەو هەموو لە خێمەکەی ئاگامیمنۆن بۆ خواردنەوەی شەراب کۆ ببووینەوە.

دەستم بە قسان کرد، "ئەمانەوێ خۆمان وا پیشان بدەین کە هەڵدێین،"

لە پێشدا هەموو کەوتنە پێکەنین. وایان ئەزانی گاڵتە ئەکەم. قارەمانەکانی

 یۆنان و هەڵهاتن!

وتم، " نا" وادەنوێنین کە هەڵدێین."

ئەمجارە توورە بوون.

یەکێک لە شاکان وتی: "ئێمە ئەمانەوێ قارەمانێکی مەزن بین."

یەکی تر نەڕاندی: "ئێمە قارەمانین!"

بە بیرم هێنانەوە، ئەوە دە ساڵە هێشتا ئەو شەڕەمان نەبردۆتەوە. ئێستا گوێ شلکەن بۆ پلانەکەم.

ئەوان ئەم قسەمیان پێ خۆش نەبوو، بەڵام من دەمزانی هەندێک لەوان حەزیان بە گەڕانەوەیە، هەر وەکوو خۆم. بۆیە گوێیان بۆ راگرتم.

"ئێمە وادەنوێنین کە هەڵدێین. کەل و پەلەکانمان ئەپێچینەوە و باری کەشتییەکانمانی دەکەین. ئەوجا لە کەناری دەریاکە لێدەخوڕین. هەتا لە چاو ون دەبین. تڕۆیانەکان وا بیرئەکەنەوە، هیوابڕاو بووین و دەستمان لەشەڕ هەڵگرتووە.

شاکان هێشتاش هەر تووڕە دیار بوون.

خێرا وتم، "ئەزانم، قارەمانەکانی یۆنان واز لەشەڕ ناهێنن. ئێمە تەنیا وادەنوێنین کە وازمان هێناوە. ئەسپەکەتان لە بیر بێت؟"

شا ئاگامیمنۆن گوتی، "ئەمە ئەسپێکی گەورەیە،"

بەڵێ، "ئێمە ئەمانەوێ ئەم ئەسپە دارینە لەبەر دەروازەی شار بەجێبهێڵین. کەسێک لە پیاوەکانمان دوائەکەوێ بۆ ئەوەی بە تڕۆیانەکان بڵێ، ئیتر دەستمان لە شەڕ هەڵگرتووە. تڕۆیانەکان وائەزانن ئەم ئەسپە خەڵات و پێشکەشییە بۆ ئاشتی.  وادەزانن ئەمە دیاری ئێمەیە بۆ خواکان. ئەوان دەیبەنە نێو شار بۆ ئەوەی پیشانی بدەن شەڕ دوایی هاتووە."

شاکان هێشتا هەر تووڕە دیار بوون. ئەوان کاس و سەرلێشێواو مابوون.  کەسیان نەیدەویست پێ لەوە بنێ لە پلانەکەی من تێنەگەیشتووە.

پێم گوتن، "وەرن بەدواما،"  ئەوانم بردە لای ئەسپە دارینەکە. دەرگا نهێنییەکەی ژێر سکی ئەسپەکەم پیشاندان. گوتم، "تەماشای ناوەوەی بکەن. چەند سەرباز دەتوانین لە نێویدا بشارینەوە؟"

 شاکان پێکەنین و سەریان لەقاند.

بەمجۆرە شاکان پلانەکەمیان پەسند کرد. ئەو شەوە لەگەڵ چل کەس لە پیاوەکانم

چووینە نێو زکی ئەسپەکەوە. چەند کەسی تر لە پیاوەکان پاڵیان پێوە نا، ئێمەش لە نێویدا بووین. تا گەیشتینە دەم دەروازەکەی تڕۆی. ئەوسا هەموو لەشکری یۆنان خۆیان پێچایەوە و ئەوێیان بەجێهێشت. کەشتییەکان ئەوەندە دوور کەوتنەوە کە لە شارەوە، تڕۆیانەکان نەیاندەتوانی بیانبینن. پیاوێک بەناوی سینۆن دواکەوت کە ئەسپەکە بدات بە ترۆیانەکان. چل سەرباز و من  ئەو شەوە لە نێو ئەسپەکە ماینەوە.

 کاتێک سەرئەنجام یەکەم جریوەی باڵندان هاتە گوێمان. لە درزێکی چکۆلەی تەختەی ئەسپەدارینەکەوە روانیم بۆ دەرەوە.  بەرەبەیان بوو.

دەنگ لە سەر دیوارەکەی شار دەهاتە گوێمان. دەنگەدەنگ زۆرتر و زۆرتر دەبوو، وادیار بوو هەموان هاواری خۆشییان دەکرد. ئەوان لەشکری یۆنانیان نەدەبینی. وایاندەزانی ئێمە رۆیشتووین.

دەروازەکەی شار نەختێک کرایەوە و دەستەیەکی کەم لە تڕۆیانەکان ڕوو بە ئەسپەکە هاتن. دەروازەکەش لە پشت سەریان داخرایەوە.

"یۆنانیەکان گەڕانەوە بۆ وەڵاتی خۆیان!" سینۆن هاواری کرد. 

"ئەوان گوتیان ئەگەر بە دەساڵ شەڕ نەمانتوانیبێ سەر بکەوین، ئەوا ئیتر قەت سەرناکەوین."

ژەنراڵە تڕۆیانەکانی نێو دەستەکە بزەی خۆشییان بە روخسارەوە بوو. دوو کەس لە نێو دەستەکەدا، کە سەرباز نەبوون، هیچ خۆشحاڵییان پێوە دیار نەبوو. یەکیان لە قەشەیەکی پیر دەچوو. ئەوی تریان کاساندرا، کچەشازادەیەکی تڕۆیانی بوو. هەردووکیان پەرۆش و نیگەران دەردەکەوتن.

قەشەکە لە سینۆنی پرسی، "ئەم ئەسپە چییە؟"

سینۆن وەڵامی دایەوە: "ئەوە دیاری ئاشتییە، پێشکەشییە بۆ خواکان..."

"وا نییە!" شازادە کاساندرا وتی. "ئەم ئەسپە پیس و نەگبەتە."

"یۆنانییەکان رۆیشتوون شازادە،" دانەیەک لە ژەنڕاڵەکان وتی. "شەڕ تەواو بووە."

قەشەکە وتی: "دەبێ گوێ لە شازادەی بگرین، ئەمە پێشکەشی نییە بۆ خواکان، ئەمە... ئااااای !"  ئەو لەناکاو، بە ئازارەوە ناڵاندی و قولاپەی خۆی بەدەستەوە گرت. مارێک گەزتبووی.

 ژەنڕاڵێکیان وتی: "خواکان نیشانێکیان بۆ ئێمە ناردوە.  ئەوان ئەم مارەیان ناردوە بتگەزێ چونکە نەتویست رێزی ئەم خەڵاتە بگری."

ژەنڕاڵێکی دیکە وتی: "ئەمە دەبێ خەڵات و پێشکەشی بێ بۆ خوا."

سینۆن سەیرێکی قەشەکەی کرد و گوتی: "ئێوە دەبێ ئەم خەڵاتە بەرنەوە نێو شار، بەر لەوەی خواکان تووڕەتر بن." قەشەی پیریش دەستی بە قولاپەیەوە گرتبوو و لەسەر زەوی بە ئێش و ئازارەوە  دەتلایەوە.

ژەنڕاڵیکی دیکە هاواری کرد: "دەروازەکان بکەنەوە.

دەروازەکان کرانەوە.  تڕۆیانەکان ئەسپەدارینەکەیان پاڵنا بۆ نێو شار و دەروازەکان داخرانەوە.

هەموو ئەو رۆژە ئێمە بە بێدەنگی ماینەوە. کە تاریکی داهات دەنگی تڕۆیانەکان  لە دەرەوە کەمتر و کەمتر دەبۆوە. چاوەڕوان مامەوە هەتاکوو نیوە شەو. ئەوسا فەرمانم دا، دەرگاکە بکەنەوە.

دەرگاکەمان کردەوە. خۆم و پیاوەکانم خزاینە دەر. چووین بەرەو دەروازەکەی شار و لە ناوەوە کردمانەوە.

لەشکری یۆنانی رژانە نێو شار. دوای دەدانە ساڵ شەڕ، بە نێوە شەوێک شار کەوت و شەڕمان بردەوە. شاری تڕۆی سووتا و تەختی زەوی بوو. بە هەزاران تڕۆیانیش مردن.

ئەی شای سپارتا هیلێنی گەڕاندەوە؟ بەڵێ، ئەو ژنەکەی خۆی هێنایەوە. ئێمەش هەر چی  زێڕ و شتی گرانبەهای ئەو شارەمان دەستکەوت کۆمان کردەوە و کەوتینە ڕێ بۆ یۆنان.

  شا ئەگامیمنۆن بەو ئاواتە گەیشت کە، ببێتە قارەمانی یۆنان لەو شەڕەی  ئێمە بردمانەوە و ئەو سەرکردایەتی دەکرد.

منیش بە ئاواتی خۆم گەیشتم، تڕۆی جێ بهێڵم و بگەڕێمەوە ماڵەوە.

بەڵام ئەو کاتە ئەمەم نەدەزانی کە گەیشتن بە ماڵەوە زۆر گرانترە تا جەنگان لە شەڕدا.

ناوی منت لەبیر بێت

ناوی من ئۆدیسیوسە. دەساڵ لە تڕۆی من شەڕم کرد. تا رێگای ماڵەوەیشم دۆزییەوە دەساڵی تری پێچوو.

ئەگەر بمەوەی ئەوەی لە ڕێی گەڕانەوەدا بەسەرم هات، بەتەواوی بۆتان بگێڕمەوە، لەوانەیە چەند حەوتوویەک بخایەنێ.  بۆیە ئەمەوێ تەنیا یەک بەسەرهاتتان بۆ بگێڕمەوە کە تا ئێستاش وەک مۆتەکە خەوی شەوانەم لێ ئەزڕێنێ.  

هەر زوو دوای ئەوەی من و پیاوەکانم تڕۆیمان بەجێهێشت، تووشی زریانێک هاتین و کەشتییەکانمان لە رێبازی خۆی دوور کەوتنەوە. زوربەی ئەو خواردنەی هەمانبوو لە دەستمان چوو. ئەو کاتەی لە ئاسۆوە دوورگەیەکمان بەدی کرد، لە برسانا خەریک بوو دەمردین.

بایەوانەکانمان دڕا بوون. دارئاڵای کەشتییەکانمان شکابوون. چەند دانەیەک لە کەشتییەکان خەریک بوو نوقمی ئاو دەبوون. بە هەموو هێزێک کە مابوومان سەوڵمان لێئەدا. کاتێک لە دوورگەکە نزیک بووینەوە، لە کەشتییەکان بازمان دا خوار و بە مەلە چووین بەرەو وشکانی.

خۆشحاڵ بووین لەوەی زیندوو ماوین. پیاوەکان چەند کەروێشکێکیان راو کرد. ماسییان گرت. بەلەمەکانیان چاک کردەوە. هێز و هیوایەکمان هاتەوە بەر.

ئێوارەیەکیان شتێکی زۆر سەیر و نائاساییمان بینی.

لە بەرزایی هەڵدێرگەیەکی لای کەناراوەکە، دارستانێک بوو. لای دارستانەکە دێوێک وەستابوو.

ئەم دێوە لە هەموو دارەکان بەرزتر بوو، هەر کە ئێمەی دی، دارێکی لە رەگ و ریشەوە هەڵکێشا و بۆی هاویشتین. دارەکە بە سەر سەرمانا بە سووڕخواردن لە پشتمانەوە کەوتە نێو دەریا. دوایی پشتی تێکردین و بە تەپەتەپ دوور کەوتەوە.

لە پێشدا پیاوەکان زۆر ترسان. بەڵام من بیرۆکەیەک هات بەمێشکمدا.

گوتم: "کوڕینە! دە ساڵان شەڕ ئێمەی نەکوشت. زریانەکانی دەریاش ئێمەیان نەکوشت. ئەم دێوەش ئێمە ناکوژێ. دێوێکی ئەوا دەبێ خواردمەنیی زۆر هەبێ. ئێمە دەبێ کۆگای خواردنەکەی بدۆزینەوە. ئەوجا خواردنی تەواومان دەست ئەکەوێ بۆ رێگای ماڵەوە. "

ئەوان ئەیانزانی قسەکەم راستە. بەڵام هێشتاش هەندێکیان هەر دەترسان. کێ دەیتوانی لۆمەیان بکا؟ ئەو شەوە لەترسان زۆر وریا بووین، کەچی دێوەکە نەهات.

رۆژی دوایی کەناراوەکەمان بەرەو قووڵایی دوورگەکە بەجێهێشت. لە رێگادا  ئەشکەوتێکمان دۆزییەوە زانیمان کەسێکی لێ ئەژی. بەردی دەرگای ئەشکەوتەکە لە دووکەڵا رەش هەڵگەڕا بوو. ئەشکەوتەکە کەسی تێدا نەبوو، بۆیە چووینە ژوور.

ئەوێ مەنزڵی دێوەکە بوو.

پەنیرێکی زۆرمان دۆزییەوە. پێستە بزنێکی زۆریش بەئەندازەی بایەوان لە گۆشەیەکدا سەر یەک خرابوون.  

 وتم، "دەبێ ئەوەی پێویستمانە هەڵیگرین و بڕۆین. بەڵام ئیتر زۆر درەنگ بوو. لە ناکاو ئەشکەوتەکە تاریک بوو. لامان کردەوە دیمان هەیکەلی دێوەکە بەر رووناکی خۆرەکەی گرتووە. شانی دابووە سەر دارەدەستێکی ئەستوور. رانێک بزن لە نێو لنگیەوە رایانئەکردە نێو ئەشکەوتەکەوە.

هەر کە بینیمانی  بەسەرمانا نەڕاندی، "دز!"  ئێمە تەنیا توانیمان ئەوە ببینین، بەردێکی گەورەی تلاندە دەروازەی ئەشکەوتەکەوە. هەموومان لە ئەشکەوتەکەدا بە تەڵەوە بووین!

 دەنگی دێوەکە لە ئەشکەوتەکەدا دەزرینگایەوە.

"ئاگرێک وەکەن!" بە یەکێک لە پیاوەکانم گوت، لە نزیک دەرگای ئەشکەوتەکە ئاگرێک بکاتەوە.  

هەر کە گڕی ئاگرەکە بەرز بۆوە، چاومان بە روومەتی تەواوی دێوەکە، کەوت. روخساری جوان نەبوو. سەری بە ئەندازەی گابەردێک دەبوو. لە جێگای چاوی مرۆڤ، چاوێکی گردی زلەی لە تەختی ناوچەوانیدا بوو.

 ئێستاکە ئەو، گرمە و بۆڵەی ئەهات. "ئێوە چی ئەکەن لێرە؟"

زانیم ئیتر جێی درۆ نیە. وتم، " بۆ خواردەمەنی هاتووین."

ماوەیەکی کورت قرتە قرتێکی کرد و لەبەر خۆیەوە پێکەنی. دوایی سەری بە پشتدا خست و ئەوەندە پێکەنی هەتا فرمێسک بە تاکە چاوەکەیدا  رژایە خوار.

 "هاتوون بۆ خواردەمەنی!" هەناسەیەکی هەڵکێشاو گوتی: "ئێوە لێرەن بۆ ئەوەی ببنە  خواردنی  ژەمی ئێوارانم. بەڵێ، بەڵێ ئێوە!" دەستی برد و دانەیەک لە پیاوەکانمی گرت و کردیە دوو لەت. لە کاتێکدا لەشی ئەو پیاوەی دائەکرۆشت،  ئەوانی ترمان لە ترسا هەڵدەلەرزاین.

هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی: "تامی خۆش بوو." ئەو جا خوێنی سەر دەم و لێوی خۆی سڕیەوە.

"زۆر زۆر خۆش بوو." باوێشکێکی دا و لە سەر پێستە بزنەکانی دانیشت.

لە حاڵێکدا هەوڵم ئەدا دەنگم نەلەرزێ، هاوارم لێکرد و گوتم: "بەڕێز شەرابت پێخۆشە؟ ئێمە هەندێک شەرابمان لەگەڵ خۆمان هێناوە. هەوڵمانداخواردنەکەی تۆ بدزین. لەبری ئەوە لانیکەم دەتوانین هەندێک شەراب پێشکەشی تۆ بکەین."

مام دێو واقما. پرسی، "شەراب چییە؟  قەت ئەو ناوەم  نەبیستووە."

وەڵامم دایەوە، "شیلەی ترێ،" دەستم برد کوندەیەک شەرابم دایە دەستی. زۆری لێ خواردەوە.

وتی، "تامی لەوەش خۆشتر بوو. زۆرترم بەرێ."

دانە دانە کوندە شەرابەکانم دایە دەستی. هەر زوو بەدەم پێکەنینەوە لێی پاڵکەوت. ئەوجا بە منگەمنگ گوتی: "بیگانە ناوت چییە؟

گوتم،:  پێم ئەڵێن، هیچکەس،"

دێوەکە وتی: "باشە هیچکەس، خۆشم دەوێی، دوای هەموویان دەتخۆم." بە وتنی ئەمە چاوەکانی لێکنا و خەوی لیکەوت و دەستیکرد بە مڕخەمرخ.

  ئەوەندە چاوەڕوان ماین تا دڵنیابین ئاگای نابێتەوە. ئەوسا بە سرتە بە پیاوەکانم گوت، "دارەدەستەکەی بێنن و بە چەقۆکەتان سەرێکی تیژ کەن."

ئەم دارەدەستە قەدی دارێکی ئەستوور بوو، تیژ کردنی ماوەیەکی برد. کاتێک تیژ کرا، پێمگوتن بیخەنە ئاگرەوە  بۆ ئەوەی جوان رەق ببێ.

ئێستا ئێمە خاوەنی چەکێک بووین. لە کاتێکدا دێوەکە لە خەودا بوو، دارەکەمان هەڵگرت و نیشانەمان لە سەری گرت. دەستمان کرد بە راژەندنی دارەدەستەکە وەک کەبەش یان قەڵاکوت، بۆ پێش و دوا. بە ئەسپایی وتم، یەک... دوو... سێ، و لە سەریمان کوتا. نووکی تیژی دارەکە راست چوو بە چاوی دێوەکەدا.

قیژەکەی ئەوەندە بەرز بوو، هەموو دەستمان بە گوێمانەوە گرت. بە تووڕەیی هەڵبەزیە سەر لاقی. بەڵام ئێستاکە ئیتر چاوی نەیدەبینی. مستەکۆڵەی بەملاولادا هەڵدەسووڕاند و دەیویست بمانگرێ. کایەیەکی ترسناک بوو. دەمانزانی ئەگەر هەرکام لە ئێمەی بگرتایە دەیکوشتین.

دەنگە دەنگێک لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە دەهاتە گوێ. ژمارەیەک دێوی دیکە بوون!

ئەوان هەرایان کرد: "قیژە و هاواری تۆمان بیست. چی رووی داوە؟

لە نێو ئەشکەوتەکەوە دێوەکە قووڕاندی، "کوێر بووم!"

پرسیاریان کرد: "کێ کوێری کردی؟"

ئەویش گوتی: "هیچکەس!"

لە دەرەوە وەڵام درایەوە، "گەمژەی کەر! گاڵتە و گەمەی کەرانەی تۆمان زۆر دیوە."

لە دوورکەوتنەوەدا تەپەی پێیان دەهات.  ئێستا ئیتر لەلای هاوڕێکانیەوە ترسمان نەما. بەڵام هێشتا نەماندەتوانی هەڵێین، چونکە بەردی دەم دەروازەی ئەشکەوتەکە هێندە قورس بوو، بۆمان نەدەبزوا. لە درزێکی چکۆلەی لای بەردەکەوە بینیمان خۆر لە ئاوابووندایە.

هەمانەکانمان لە خواردەمەنی پڕکرد. چەند کاتژمێرێک چاوەڕوان ماینەوە. دێوەکە جاری وابوو ئەی نەڕاند. جاری وایش بوو هەوڵی ئەدا بمانگرێ. جاروباریش دائەنیشت و نکە و نووزەی ئەهات.

ئەو کاتەی بزنەکان دەستیان بە باڕەباڕ کرد، لە درزی دەروازەکەوە دیمان کازیوەی بەیانە.

دێوەکە لەبەر خۆیەوە بۆڵەی ئەهات، دەیگوت: "ئەبێ بزنەکان دەرکەم، ئەگەر پیاوێک ویستی راکا، خێرا ئەیخۆم."

دەستم لە پیاوەکان راوەشاند کە ئاگایان لە من بێ. خۆم خزاندە ژێر سکی بزنێکی زلەوە. بە پشتا خەوتم و دەستم بە تیسکە درێژەکانی ژێر زکی بزنەکەوە گرت و خۆم پیایدا هەڵواسی.

ئەو کاتەی دێوەکە بۆ کردنەوەی دەرگای ئەشکەوتەکە تەختە بەردەکەی جووڵاند، هەموو پیاوەکانم بە ژێر سکی بزنەکانەە خۆیان هەڵواسیبوو.

بزنەکەی من نزیکترین بوو لە دەرگاکە. دێوەکە دەستی بە سەر پشتی بزنەکانا دەهێنا و دەیکردنە دەر. یەک یەکی پیاوەکانم بەم شێوە خۆیان رزگار کرد.

 کە هەموومان هاتینەدەر، هەرام لێکرد: "گێلی نەزان! ئەتۆ هاوتای من نیت!"

دێوەکە لە رقا نەڕاندی. بەرەو بەلەمەکان دوامان کەوت. هەر چەند بەهۆی کوێری هێواش دەڕۆی، ئێمە دەبوو بەگوڕ لەبەریەوە راکەین.

لە بەلەمەکاندا بە توندی سەوڵمان لێدا. دێوەکە لە قەراخ ئاوەکە وەستابوو، دەیبۆڕاند. تاویدایە بەردیکی گەورە و خستی بۆمان. 

ئەو شەپۆلانەی ئەم بەردە لە ئاوەکەدا دروستی کرد، خەریکبوو نوقمی ئاومان بکا.

بەڵام ئێمە ئەوەندەی توانیمان بە توندی سەوڵمان لێدا. نەڕە و هاواری مام دێو وردەوردە کز بوو، بایەوانەکانی ئیمەیش با بەتوندی لێی ئەدا.

لە رێگای ماڵەوەمدا تووشی زۆر مەترسی بووم . لەگەڵ زۆر دەعبای سەیردا بەشەڕ هاتم. زۆر سیحر و جادووم لێکرا. زۆرجار خواکان کۆمەکیان کردم. جار جاریش خەریکبوو بمکوژن.

لە رێگادا سەرمان لە زۆر دوورگەی تر دا. لە دانەیەکیان پادشای دوورگەکە بەزەیی پێماندا هات. ئەو دیارییەکی زۆر باشی دامێ. دیارییەکەش سندووقێک بوو. شا گوتی لەم سندووقەدا چوار بای تێدایە، ئەگەر بەداخراوی هەڵیگرم، ئەوە بای خۆراوا ئەمگەیەنەتە ماڵەوە.     

پیاوەکانم جاری وابوو، بە قسەیان ئەکردم، جاری واش بوو رقیان هەڵدەستا و گوێیان لێ نەدەگرتم. کاتێک لە ماڵ نزیک بووینەوە، سندووقەکەیان کردەوە. ئەوان وایان ئەزانی من فریوم داون و سندووقەکە شتێکی بەنرخی تێدایە و من نامهەوێ لەگەڵیان بەش بکەم.

هەر کە سندووقەکەیان کردەوە، باوبۆرانێکی ترسناک لە دەورمان هەڵیکرد و بەلەمەکانمانی لەت و پەت کرد. هەموو پیاوەکانم نوقمی ئاو بوون و تەنیا من بە زیندوویی مامەوە.

بەڵام لەو هەموو بەسەرهاتە ترسناکەی لە رێگای گەڕانەوەدا تووشیان بووم، دێوە یەکچاوەکە خراپترینیان بوو.

 

 

بەخێر بێیەوە

ناوم ئۆدیسیوسە. من شای ئیتاکام. من قارەمانێکی شەڕی تڕۆی بووم. ئەمن دێوە یەکچاوەکەم کوێر کرد. لە نێو هەموو ئەو زریانانەی کە بوونە هۆی تێداچوونی  پیاوەکانم، تەنیا من مامەوە.

 کاتێک گەڕامەوە ئیتاکا، سواڵکەرێک بووم. لە ئیتاکا کەس بەگەڕانەوەی منی نەزانی.

ئەوە بیست ساڵ دەبوو من دوورەوڵات بووم. رەنگبوو ئێستا ئیتاکا پادشایەکی تازەی پەیدا کردبێ. لەوانە بوو ژنەکەم، شاژنە پێنۆلۆپ، هاوسەرێکی دیکەی هەبێ. دەبێ  کوڕەکەم، شازادە تەلەماکووس، باوکێکی تازەی هەبێ. لەوانەش بوو مردبێ.

ئەگەر بچوومایە بۆ کۆشکی شا، دەکوژرام؟

لەو قەراخ ئاوە بەتەنیا مامەوە. جلوبەرگی وەک سواڵکەرانم لەبەرا بوو. پاش بیست ساڵان شەڕ و سەفەر وەک پیرەپیاوێک دەهاتمە بەرچاو.

لە ئیتاکادا تەنیا بە پیاوێک متمانەم هەبوو. ئەویش شوانێکی پیری بەرازان بوو. ئەو لە کۆخێکی دەرەوەی کۆشکدا دەژیا.

هەستام چووم بۆ دۆزینەوەی. شوانەی بەرازان نەیناسیمەوە، بەڵام ئەوەی پێویستم بوو پێی گوتم.

ئەو گوتی: "کۆشک پڕە لەو پیاوانەی خوازیاری مارەکردنی شاژنن، هەرکەسیش مارەی بکا دەبێتە شا. شاژن ئەوە بیست ساڵە پێیان دەڵێ، 'نا' .

 شازادە تەلەماکووسیش دەڵێ هەرکەس دایکی مارە بکا دەیکوژێ. بەڵام تازە کەس بیر لەوە ناکاتەوە،  شا ئۆدیسیوس دوای بیست ساڵان بگەڕێتەوە."

ئەمەش منی هێنایە پێکەنین. دەمبینی بۆ ئەوەی ببمەوە بە شا، دیسان دەبوو بجەنگم. بەڵام چاک بوو ئەوەشم زانی کە، شاژن و کوڕەکەم هێشتا هیوایان هەر بە من مابوو.

شوانی بەرازان لەسەر قسەکانی رۆی:

"ئەو پیاوانەی دەیانهەوێ ببن بە شا، بەڕاستی تووڕەن. ئەوان پێلان و داو دادەنێن شازادە تەلەماکووسی بکوژن. ئەگەر ئەم پیلانەیان بۆ سەر بچێ، ئەوجا پێموایە شاژنە پەنەلۆپ، دەست هەڵئەگرێ."

لە شوانی بەرازەکانم پرسی: "ئەتۆ شازادەی دەناسی؟ ئەگەر بتوانی من بەریە ئەوێ، رەنگە بتوانم یارمەتی بکەم. یەک دوو شتێک لە بارەی شەڕ دەزانم."

شوانەکە تەماشایەکی سەیری کردم. بەڵام هەر خێرا سەری بەرەو خوار لەقاند و هەستا کۆخەکەی بەجێهێشت. کاتێک گەڕایەوە پیاوێکی بە‌هێز و باڵابەرزی لەگەڵ بوو.                                                                                                من هیچم نەگوت. قژە درێژەکانم لەسەر دەم و چاوم لادا. جێ برینی سەر لاقم پیشانی کوڕەکەم دا. شوانەکە واقی وڕ مابوو.

"باوکە!" تەلەماکووس هاواری کرد. هات لەباوەشم بگرێ. ئێستا ئەو لە من گەورەتر و بەهێزتر بوو.

لەسەر ئەو پیاوانەی لە کۆشکن لێم پرسی: "چەند کەسن؟ بەهێزترینیان کێیە؟

تەلەماکوس وتی، "ئەوانە نزیکەی سەد کەس ئەبن، ناپەسندترینیان 'ئانتینیووس' ی پێ دەڵێن."

وتم، "ئێمە پلانێکمان پێویستە."

لەبەر ئاگردانی کۆخی شوانەکە دانیشتین. لە خۆرهەڵاتندا پلانیکمان دانا.

بە شوانی بەرازەکاندا پەیامێکم بۆ شاژن نارد. پەیامەکە دەیگوت، تەلەماکوسی کوڕی رێگایەک دەزانێ بۆ رزگار بوون لەو پیاوانەی کە دەیانەوێ مارەی بکەن.

ئەو دەبوو لە نیوانیانداململانەیەک ساز بکا، کە تەنیا لە توانای ئۆدیسیوسدا بێ.

 شاژن دەبێ بەو پیاوانە بڵێ، ئەگەر دەیانەوێ ئەو شوویان پێبکا، دەبێ ئەم کێبەركێە بەرنەوە. هاتو نەیانتوانی دەبێ کۆشک بەجێبێڵن.

لە هەمان کاتدا دەبوو لە جلوبەرگی سواڵکەرێکدا بچم بۆ کۆشک. لە کاتێکدا کە تەلەماکوس چەکەکانیان دەشارێتەوە، ئەو پیاوانە بخافڵێنم.  ئەوەش دەبوو بزانین کامە لە خزمەتکارەکانی کۆشک جێگای بڕوان. تاکوو  ئامادە بین بۆ شەڕ.

لە دەروازەکەی کۆشک کەس منی نەناسییەوە. بەبینینی ئەو هەموو خەڵکە لە کۆشکدا زۆر ڕقم هەڵسابوو. ئەوان وایان هەڵسوکەوت دەکرد، وەکوو ئەوەی کۆشک هی ئەوان بێ.

لەتەک تەلەماکوسدا بە شەلەشەل چوومە هۆڵەکە. گەرەکم بوو هەموو بزانن کەسێکی پیر و لاوازم.

 پیاوێک، کە زل و دڵڕەق دەهاتە بەرچاو، هاواری کرد: "کوڕە!"

چەند خولەکێکی پێچوو تا تێبگەم لەگەڵ کوڕەکەمیەتی .

"ئەم پیرەپیاوە گێلە کێیە لەگەڵتا؟" چەند کەسێکی تر دەستیان بە پێکەنین کرد.

منێش وتم: "پیاوێکی هەژارم، بەڕێز،" بە ئەسپایی بە گوێی تەلەماکوسدا چپاندم،  بچێت چەکی ئەو پیاوانە بشارێتەوە.

ئەوجا بە ئانتینیوسم گوت، "بیستوومە ئۆدیسیوس هەمیشە لەگەڵ هەژاران میهرەبان بووە."   

"ها! دەبینم تۆ بەریوەبەری لێرە، دەبێ تۆ شائۆدیسیوس بی." ئانتینیوس ئەمەی بە پێکەنینەوە گوت. "ئۆدیسیوس مردوە و نەماوە. بەم زووانە دەبمە شا. ئیتر سواڵکەر و مواڵکەر لە کۆشکەکەی مندا جێیان نییە!"

ئانتینیوس هەستا و هات بەلامەوە. دەیویست بەوانی دیکە پیشان بدا کە بەرپرسیارە. بە مستەکۆڵەیەک خستمیە زەوی.  پیاوەکانی تر دایانە قاقای پێکەنین.

ئانتینیوس بەگاڵتەوە وتی: "چیت دەوێ سواڵکەر، ناتەوێ شەڕ بکەی؟"                 "چۆن ئەتوانم لەگەڵ پیاوێکی وەک تۆ دا شەڕ بکەم؟" من وەڵامم دایەوە.

ئانتینوس لەقەیەکی دا لە زکم. ئەوانی دیکە زیاتر پێکەنین. لە پشتیانەوە ئەمتوانی ببینم، تەلەماکوس و دوو لە خزمەتکارەکان خەریکی بردنە دەرەوەی چەکەکانن.

دوایی شاژن هات، ئەوە بیست ساڵ بوو نەمدیبوو. حەزم دەکرد ڕاکەم بۆ لای. بەڵام چارنەبوو دەبوو لە جێی خۆم راوەستم. ئەو سەیری کردم کەچی نەیناسیمەوە.

"ئەمە ئاوا هەڵسوکەوت دەکەی لەگەڵ خەڵکا، ئانتینیوس؟" شاژن بەئارامی وتی.

ئانتینیوس تەنانەت ئەوەندە خۆی ماندوو نەکرد هەر تەماشایشی بکا. ئەمجا گوتی:

"ئیتاکا پێویستی بە پادشایەکە،" پادشایەکی بەهێز. ماوەیەکی زۆر درێژیشە چاوەڕوان ماوین.  ئۆدیسیوس هیشتا نەگەڕاوەتەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە یەکێک لە ئێمە هەڵبژێری."

ئەوسا رووی لە شاژن کرد و بە بۆڵەبۆڵ گوتی: "بەهێزترین پیاو هەڵبژێرە ببێتە شا"

شاژن زەردەخەنەیەکی کرد و گوتی: "باشە، هەڵدەبژێرم."

پیاوەکان هەناسەیەکی قووڵیان هەڵکێشا.

شاژن وتی: " ئانتینیوس، من تاقیکردنەوەیەکم بۆ تۆ هەیە. راستە، تۆ دەبێ بەهێز بی بۆئەوەی ببی بە شا، نەک تەنیا بەهێز، بەڵکوو بەهێز وەک ئۆدیسیوس. تۆ دەبێ ئەوەندە بەهێز بی بتوانی کەوانەکەی ئۆدیسیوس بچەمێنیەوە و تەلەکەی پێوە کەی. دوای ئەوە تیرێک بە نێو کونی دوانزە کەللەتەوردا بهاوێی. ئەگەر توانیت ئەمە بکەی، ئەوا دەبیتە شای ئیتاکا. ئەگەر نەشتوانی بیکەی، دەبێ بۆ هەمیشە کۆشک بەجێبێڵی."

" تۆ ئەبینی من لە هەموو ئەم پیاوانەی لێرەن بەهێزترم." ئانتینیوس هاواری کرد.

شاژن وەڵامی دایەوە، "با بزانین. کەوایە تۆ یەکەم کەس دەبی ئەم مەرجەی من قبووڵ دەکەی؟"

ئانتینوس بە تووڕەییەوە وتی: "کەوانەکە بدە دەستم!"

شاژن کەوانەکەی لە دیوار داگرت. بە خزمەتکارەکانی گوت دوانزە تەور بەڕیز لە سەر مێزەکە دانێن. ئەوجا کەوانەکەی دایە دەست ئانتینیوس.

دەبێ دان بەوەدا بنێم لەو کاتەدا زۆر شڵەژاو و پەشۆکاو بووم.  چی دەبوو ئەگەر ئانتینیوس ئەوەندە بەهێز بوایە؟ شاژن چارەی نەبوو. ئەو دەبوو شووی پێبکا. منیش ناچار دەبووم سەری خۆم هەڵگرم و بڕۆم.

 ئانتینیوس کەوانەکەی لە دەست شاژن وەرگرەت و بە هەر دوو دەست سەرێکی کەوانەکەی رووبەخوار پاڵ پێوە نا. ئەو هەموو هێزی خۆی بەکار هێنا. کەوانەکە نەختێک چەمایەوە، بەڵام نەک ئەوەندە کە بتوانێ تەلەکەی پێدا بکا.

هاواری کرد: "ئا نەختێک رۆنم بۆ بێنن! ئەم شتە کۆنە لەمێژە بەدیوارەوە هەڵواسراوە. وەک بەردی لێهاتووە!"

خزمەتکارێک نەختێک رۆنی بۆ هێنا. ئانتینیوس رۆنەکەی لە کەوانەکە هەڵسوو، دیسان زۆری بۆ هێنا. کەوانەکە نەختێکیتر چەمایەوە، بەڵام هێشتا ئەوەندە نەبوو تەلەکەی بگاتێ.     

وتم: "باشترە نەختێ پشوو بدەی ئەوجا هەوڵ بدەیەوە،" من لەسەر عەرزەکە دانیشتبووم.  ئانتینوس کەوانێکی پیاکێشام.

شاژن سەیرێکی کردم و زەردەخەنەیەکی کرد. کەسی تر ئەمەی نەدی. ئێستا زانیم کە منی ناسیوەتەوە. هەستم دەکرد دڵم خەریکبوو بتەقێ.

"بەڵێ ئانتینیوس،" شاژن هاتە دەنگ. "شانسێکی دیکەت ئەدەمێ. تا تۆ پشوویەک ئەدەی رەنگە ئەم سواڵکەرە بتوانێ کەوانەکە ببەستێ."

ئانتینوس مرقەیەکی کرد. "ئەم پیاوە گێلە؟ باشە، با تۆزێ بمانهێنێتە پێکەنین." کەوانەکەی فرێدایە سەر زەوی.

بەهێواشی هەستامە سەر پێ. دەستم برد بۆ کەوانەکە. هەر کە راست راوەستام، باڵاپۆشەکەم لەسەر شان کەوتە خوار. دەساڵ لە شەڕا و دەساڵ لە دەریا تەواو بەهێز و پتەوی کردبووم. ئانتینوس و پیاوەکانی تر ماسوولکەکانی سەرسنگمیان دەبینی. لەناکاو ئانتینیوس دڵی کەوتە لەرزین.

خێرا کەوانەکەم چەماندەوە و ژێکەیم پێوە کرد. پیاوەکان هەناسەیەکیان کێشا.

تیرێکم تیخست و ژێکەیم کێشا دواوە. ئەژنۆیەکم نایە زەوی و تیرێکم لە نێو کونی دوانزە کەللە تەورەکانەوە ناردە دەرەوە. پیاوەکان بۆ تاوێک خامۆش و بیدەنگ بوون. تیرێکی دیکەم ئامادە کرد.

لە لایەکی دیکەی هۆڵەکەوە، کوڕەکەمم دی لە گەڵ دەستەیەک خزمەتکار بە بێخشپە و بەخێرایی هاتنە ناو. ئەوان شمشێر و رمیان پێبوو.

ئانتینیوس نەڕاندی بەسەرما، "ئەتۆ منت فریو دا!" هەڵمەتی بۆ هێنام. بەڵام بەرلەوەی بمگاتێ، دووهەم تیرم هاویشت. تیرەکە لە سنگی درا وخستییە زەوی.

هەموو ئەوانەی لەدەورم  بوون هەستانە سەر پێ.  زرمە و تەقەی کورسییان دەهات. پیاوەکان دەیانقیژاند. دوایی زانیان هیچیان چەکیان پێ نییە.

پیاوێک جێ برینەکەی سەر لاقم  سەرنجی راکێشا و هاواری کرد: "ئەوە شا ئۆدیسیوسە!" ئەمجا پیاوەکان زانیان من کێم. زانیان  بینیومە ویستوویانە ژنەکەم و پادشاییەکەم لێ بستێنن. هەموو بەرەو دەرگای هۆڵەکە رایانکرد. لە دەروازەی کۆشکەوە بەرەو رۆخی ئاوەکە هەڵاتن و خۆیان خزاندە نێو بەلەمەکانیان.

سەرئەنجام، ئیتاکا بووەوە هی من. تەماشایەکی شاژنە پەنەلۆپم کرد. ئەویش بزەیەکی هاتێ. قسەم بۆ نەکرا.

ئەویش تەنیا هەر ئەمەی گوت: "زۆرت پێچوو."

 

 

گەڕان بۆ بابەت