مەهدی عەبدوڵڵا
پێشەوای نووسەر و شاعیر، دەخوێنێتەوە، ڕادەمێنێ، لە هیچ دانامێنێ. وێڕای دنیای تایبەتیی خۆی، خاوەنی ڕا و ڕەخنەی خۆیەتی، کە ڕەنگە دیسانەوە زۆر نەبن لە جیلی خۆی؛ شاعیر بن و شیعریان ئاوێزان بێ لە بەیانکردنی دەردی مرۆڤایەتی.
پێشەوا و نەمرەڕێ
مەهدی عەبدوڵڵا
دەگەڵ پێشەوا، ڕەنگە هاوساڵ و مانگ بین، لە زۆر لاوە لێکنزیکین، بەڵام ئەمن نە شاعیرم و نە شیعرناس، ئەمما هەرتکمان بۆ نەمرەڕێیەک ملی ڕێمان گرتووە و هەریەکە بە ڕاستەڕێیەکدا و هەورازێکی وان دەبەیندا نییە.
٭ کاکەیی، کوڕێکی دانسقە و کاکڵ، لەخۆبوردووییەکی بێوێنە، بەڕادەیەک تەواوی گەنجییەتیی خۆی بۆ دنیای هزر و ڕوح، ئینسانییەت، ئازادی، گەیشتنە هەقیقەت بۆ هەقیقەتی تەرخان کردووە. بۆ وشیاری و وریابوونەوە تێدەکۆشێ. ئەو بەیەکچاو دەڕوانێ و کۆژانی تەواوی دنیا لە دڵ و ئەندێشەی خۆیدا ورد و وەرد دەکاتەوە و خەم و ناسۆری کون و قوژبنەکانی جیهان دێنێتە سەر ڕووپەڕ و مرۆڤایەتی پێکەوە دەبەستێتەوە و پەنجە لەسەر برینەکان دادەنێ و خەمێکی قووڵ بە شیعر و وشەی ناسک دەردەبڕێ، کە لە بەرهەمەکانیدا بە ڕوون و ڕەوانی دیارە.
٭٭ پێشەوای نووسەر و شاعیر، دەخوێنێتەوە، ڕادەمێنێ، لە هیچ دانامێنێ. وێڕای دنیای تایبەتیی خۆی، خاوەنی ڕا و ڕەخنەی خۆیەتی، کە ڕەنگە دیسانەوە زۆر نەبن لە جیلی خۆی؛ شاعیر بن و شیعریان ئاوێزان بێ لە بەیانکردنی دەردی مرۆڤایەتی.
(بیر بکەوە تا بکەویتە ڕێ)۱
٭٭٭ نەمرەڕێ، یەک لەو بەرهەمە ناوازە و مانادارانەیەتی، کە قەدەرێکی زۆر نییە چاپ و بڵاوی کردۆتەوە، هەوڵێکە وەک باقی هەوڵەکانی دیکەی بە زمانێکی پاراو و ڕەوان، دەوڵەمەند لە وشەی کوردی، مانای قووڵ دەبەخشێ و هەر خوێنەرە و بەشێخۆی مانا هەڵدەێنجێ، بە قەولی مەولانا (هر کسی از ظن خود شد یار من) و دەبێتە یار و یاوەری و دەیخاتە سەر ڕێ و بەرەو نەمرەڕێ ڕاستەڕێی دەکات.
* لە بەشێک لە نەمرەڕێدا، مانای کردۆتە بەر پیتەکان و کارێکی سەرنجڕاکێش و جوانی خوڵقاندووە. وەرن با پێکەوە بزانین لە پیتەکانی پێشەوادا چ مانایێکی ڕۆحی و جوان دێتە دەست، کە دەمانباتەوە بۆ دنیای ڕووناکی:
ـ پێ:
پێ، پەی پێ ببرێت، پاڵی پێوە نەنرێت/...
پەلەپڕووسکەی ناوێ سەرێ، تاسووخی دیداری لە دڵەوە دەوێ.۲
ـ ێ، یێ:
یێ، ئەوەتا پێمان دەڵێ:
ئەم ڕێیەی ئێرە، کۆتایی دێ،
سەرەتایەکی دی دێ.۳
شین:
شین نەکەین بۆ ڕەنگی شین، شین ببینەوە بە پێکەنین/ شەونشینی ئەوەیە بە شینیمان شەودێز ڕووناک بکاتەوە.٤
ە، ئە:
ئە، بزوێنێکی کورت و سواوە، دە هەموو کونێکەوە دەچێ دەبێتە نێوانگر، دەچێتە نێو نەمرەڕێ.٥
و، واو:
وچانێکم دەوێ، گوێم لە هیچ ورتەورتێ نەبێ،٦
- ئەلف:
ئا، ئائا دەگەڵ ئێوەمە! چ دادەگیرسێ، ئاو یان ئاور؟ ئاو گوتی پاکیێتی لە من و لێخنی لە ئێوە/ تینویێتی لە من و پاشەڕۆ لە ئێوە/ ئاور گوتی هەرکێ داگیرسێ، دەبێ پاکیێتیی لە ئاوەوە سەرچاوە بگرێ.۷
=====
۱. نەمرەڕێ، پێشەوا کاکەیی، (چامە-کتێب)، چاپخانەی جەنگەڵ- تاران، وەشانی نووسیار- دانیمارک، ز. ۲۰- (۸)، ۲۰۲۱، ل. ۳۳.
۲. نەمرەڕێ، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل. ۲۰.
۳. نەمرەڕێ، هەمان سەرچاوە، ل. ۳۲.
٤. نەمرەڕێ، هەمان سەرچوە، ل. ۲٥.
٥. نەمرەڕێ، هەمان سەرچاوە، ل. ۳۱.
٦. هەمان سەرچاوە، ل. ۳۱،
۷. نەمرەڕێ، هەمان سەرچاوە، ل. ۱۷.
نوێترین کتێبی تازەی «پێشەوا کاکەیی» چاپ و بڵاو کرایەوە⤵
کتێبی «لە پەنجەرەوە، دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی»ـی پێشەوا کاکەیی، چاپ و بڵاو کرایەوە. کە ئەم کتێبە کاری ڕێنووس و هەڵەچنی «وشیار عەلی» و کاری بەرگ «ئیبراهیم ساڵح» ئەنجامیان داوە و لە چاپخانەی کارۆ چاپ کراوە.
🔻 لهبارهی ئهم پەڕتووکەوە پێشەوا کاکەیی دهڵێت:
ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شیعری منە کە لە (شیعر و پەخشانەشیعر)دا خۆی دەبینێتەوە. هەندێک شوێن بۆ ڕەگەزی تریش. دەمەوێت خۆم لە پێشەکی ببوێرم. تهنيا سەرنجێکی خێرا بۆ خوێنەران به جێ دههێڵم. نالى (مهلا خدرى ئهحمهدى شاوهيسى ميكايهڵى 1800-1877) بیانوویەک بوو بۆ من تا بتوانم بدوێم. لە ڕوانگەی: سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایینی و زمانهوانییەوە کارم لەسەر ئەم شیعر و پەخشانەشیعرانە کردووه و دۆخی دوای نالیم پێيان خوێندووهتەوە. ئەم شیعرانە بە زمانێکی ڕەخنەیی، کاری توێژینەوەييی خۆيانيان کردووە. چهند نیوەبەیتێكى نالیم هێناوە و ڕەخنە و وەڵام و سەرنجی خۆمم بۆيان هەبووە. ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بیڵێم، ئەوەیە کە لە سەرتاپای شیعر و پەخشانەشیعرەکاندا لە ڕوانگەی ڕیالیزمی ڕەخنەیییەوە دوواوم. هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی دوای نالی و هێنانەوەی نالی بۆ ئێستامان کە لە چ ئێستایەکدا دەژین و داهاتوومان لەسەر ئەو ئێستایە چی لێ شین دەبێتەوە.
پەرەگرافیک لە پەڕتووکەکە:
نالی! هەرلخێکی ئەم درەختە ڕاوەشێنيت، قیژەی سەدان کچی سەربڕاوی لێوە دێت، سەدان ڕۆژنامەنووسی بێسەروشوێنت پێ دەڵێت، کاوەی ئاسنگەر لە کوێ و کاوە گەرمیانی لە کوێ! میرنیشنی سۆران لە کوێ و سۆرانی مامە حەمە لە کوێ! هەرلخێک ڕاوەشێنیت، هاواری سەدان پەککەوتەی لێوە دێت، کە گۆچانێکی لێ ساز کردووە و ئاخوداخی ئەم تاڵانکارییەی کوردایەتیی حیزبی بۆ باس دەکات کە چلۆن دڵی شەق بردووە.
شەقی بردووە، پەمۆ نا، دڵی منداڵ.
لە گیرفانی هەموانی بڕیوە،
دز نا، ئەم دووکاندارە سیاسییانە.
ئەها ببینن! زمان بەو لینجاوییەی خۆیەوە، شیعرمان بۆ دەنووسێت،
هەموو شتێک دەکشێت و دەشکێت،
دەلکێت و ون دەبێت.
🔹پێشەوا کاکەیی
🔸پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، نازناوی (پێشەوا کاکەیی)ـیە، لە ١٩/ ٤/ ۱۹۸٤، لە گەڕەکی «جووتکانیان»ـی شاری قەڵادزێ لە دایک بووە. پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی ۱۹۹۱ ڕوو لە خوێندن بە زمانی دایکزاد دەنێت و هەر لە قەڵادزێ خوێندنەکەی کۆتایی پێ دێنێت و ساڵی ۲۰۰٥-۲۰۰٦ بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی لە ئاستی باڵادا ڕوو لە زانستگەی سلێمانی و کۆلیژی یاسا و ڕامیاری دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا وەردەگرێت. ئێستایش فەرمانبەری زانستگەی ڕاپەڕینە.
🔴 لە گەلێک ڕۆژنامە و بڵاڤۆکدا بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە. چەندین توێژینەوە و خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و ئێستاکە سێ کتێبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، دانەیەکیان چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کۆمەڵەشیعرێکیشی وەردەگێردرێ بۆ زمانی عەرەبی. لە داهاتوودا دەکەونە بەر دیدی خوێنەرانی فارسزمان و عەرەبزمان. چەندین ڕێزلێنانی وڵاتانی پێ بەخشراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، چەند شیعرێکیشی وەرگڕدراونەتە چەندین زمانی تر...
🔻بەرهەمە شیعریی و ئەدەبییەکانی بریتین لە:
١. پاشماوەی هەناسەکان، کۆمەڵە شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی، ۲۰۰۸؛
٢. منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم، چامە- شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی دیلان، سلێمانی، ٢٠١١، چاپی دووەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠١٩؛
٣. باغ غەزەلی تۆ، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەنجەرە، تاران، ۲۰۱٥؛
٤. لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدیان، (دەقی واڵا،) چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۷؛
٥. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی یەکەم و دووەم،) شیعر، پەخشان، پەخشانەشیعر و گێڕانەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۸؛
٦. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی سێیەم و چوارەم،) ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۸؛
٧. گەردووننامە، شیعر، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار-دانمارک، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۹؛
٨. بونیادنانەوەی ڕووناکی لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەد مەلادا، لێکۆڵینەوە، ناوندەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٠؛
٩. نەمرەڕێ، چامە-کتێب، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار-دانمارک، چاپی یەکەم، چاپخانەی جەنگەڵ، تاران، ٢٠٢١؛
١٠. بیری شیعر و خەیاڵی زمان، دیدار لەبارەی شیعرەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۱؛
۱۱. زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر، (پڕۆژەی پێنجەم) ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢؛
۱۲. لە پەنجەرەوە دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی، شیعر-پەخشانەشیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۲.