ما 3953 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە جیهانی تێکئاڵاوی ئێمەدا بەراستی ئیتر شوێنیک بۆ شەڕ نەماوە. تەنانەت ئەو شەڕانەیشی وا ناویان لێناوە شەڕی رزگاریدەر. شەڕ چیتر نابێ ئامرازی تەنانەت رزگاریش بێت. مرۆڤ پێویستە یەکجار بۆ هەمیشە ئەقڵ و زەینی خۆی لەم واتایە پاک بکاتەوە و، بە هیچ چەشنێک توخنی نەکەوێتەوە.

مرۆڤ دەبێ شەڕ لە بیر خۆی بباتەوە

بایدن، سەرۆک کۆماری ئامریکا، خوازیاری دادگایی کردنی پوتین بە هۆی جینایەت لە شەڕدایە. بێگومان ئەمە خۆی لە خۆیدا دەتوانێ داوایەکی رەوا بێت. بەڵام گەر بایدن دەیەوێ ئەم داوا رەوایە تەنیا نەچێتە خانەی کێبەرکێ لە گەڵ روسیا و داوایەکی ئەخلاقی و رەوا بێت بۆ هەموو سەردەمەکان سەبارەت بەوانەی شەڕەکانیان دەست پێکرد و بە هۆی بەکارهێنانی چەک وڵاتانیان وێران کرد و خەڵکیان کوشت، وا چاکە بایدن ئەم داوایەی خۆی درێژبکاتەوە بۆ هەموو ئەوانەی وا لەم سەردەمەدا هەڵگیرسێنەری شەڕ لە زۆر شوێندا بوون. بۆ وێنە بووشی باوک و جۆرج بووشی کوڕ کە هێرشکەری سەر ئێراق بوون و بوونە هۆی لێکترازانی شیرازەی ئەم وڵاتە کە هەتا ئیستاکەیش خۆی نەگرتووەتەوە. تەنانەت ئەوانەیشی وا لە ژیاندا نەماون دەتوانرێ بە شێوەی سەمبولیک دادگایی بکرێن.

بێگومان هەموو ئەوانەی دامەزرێنەر و دەستپێکەری شەڕن دەبێ بدرێنە دادا. شەڕ دزێوترین ئامرازە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. بەڵام کاتێک لەگەڵ ئەم چەمکە هەڵوێستی دژ بەیەک دەگیردرێ و تەنیا دەمانەوێ ئەوانەی سزا بدەین کە رەقیبمانن، بێگومان هەڵوێست گرفتی لە چەشنی بایدن سەبارەت بە پوتین زیاتر لەوەی دڵسۆزی ئەو بۆ قوربانیانی شەڕ دەربخا، هەڵگری کردەیەکی سیاسییە کە دەیەوێ بە باسکردن لە جینایەت، خێرێکی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ خۆی دەستەبەربکا.

بێگومان بە لەبەرچاوگرتنی بچوکبوونەوەی دونیا و چڕبوونەوەی پەیوەندییەکان و هەبوونی چەکە ترسناکەکان چیتر جیهان بەرگەی شەڕی ناگرێ و، یەکجار بۆ هەمیشە مرۆڤ دەبێ لەم ئامرازە دووربکەوێتەوە. بۆ ئەم دوورکەوتنەوەیەیش پێویستە کە هەڵوێستێکی هەمەلایەنە سەبارەت بە هەموو دامەزرێنەرانی شەڕ بگیردرێ و، یەک لەوان ولایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کە لە دەیەی نەوەدی سەدەی پێشووەوە دەوری سەرەکی لە هێرش بۆ سەر وڵاتان گێڕاوە.

هەڵوێستی هەڵاواردن ئاسا بەرامبەر بە شەڕ نە تەنیا ئەم کێشە ترسناکە چارەسەر ناکا، بەڵکو تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێ وڵات خێر و بەرەکەی بخۆن و خۆیانی پێ بەهێز بکەن و، دوواتر وەک ئامراز لە دژی وڵاتانی تر بەکاری بێنن.

لە جیهانی تێکئاڵاوی ئێمەدا بەراستی ئیتر شوێنیک بۆ شەڕ نەماوە. تەنانەت ئەو شەڕانەیشی وا ناویان لێناوە شەڕی رزگاریدەر. شەڕ چیتر نابێ ئامرازی تەنانەت رزگاریش بێت. مرۆڤ پێویستە یەکجار بۆ هەمیشە ئەقڵ و زەینی خۆی لەم واتایە پاک بکاتەوە و، بە هیچ چەشنێک توخنی نەکەوێتەوە.

بێگومان گەر وڵاتان لە رەخنە لە خۆیانەوە دەست پێبکەن و پێش لە هەر شتێک هەلگیرسێنەرانی شەڕ لە ناوخۆیاندا مەحکەمە بکەن، دوژمنەکانیشیان چیتر ناوێرن دەست بۆ چەک ببەن.

بایدن تەنانەت گەر پوتینیش بتوانێ بداتە دادگا، کە هەڵبەتە قەت ناتوانێ، هێشتا راست ناکا و ریشەی شەڕی هەڵنەکێشاوە ئەگەر هەر لەو تریبۆنەوە وا قسەی لێدەکا سەرۆک کۆمارەکانی پێش خۆیشی نەداتە بەر رەخنە و خوازیاری دادگایی کردنیان نەبێ!

دژ بە شەڕبوون، هەڵوێستێکی مرۆیی و ئەخلاقییە و بە بێ سڕینەوەی چەمکی شەڕ، مرۆڤ قەت ناتوانێ مرۆڤایەتی و ئەخلاق لە ناو خۆیدا جێگیر بکا.

گەڕان بۆ بابەت