ما 3041 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

عەلی حەمەڕەشید

هەموو ئەو ڕاستییە دەزانین کە منداڵان بەگشتی زۆر حەزیان لە گۆرانی و مۆزیکە و بەگوێگرتن لەگۆرانی دڵخۆش دەبن و جیهانە تایبەتەکەی خۆشیان وا دەخوازێت کە بۆ ئەوەی چێژ لە ژیان و سەردەمی منداڵی وەربگرن ئێمەی گەورە بەوریاییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەین و وەک مافێکی ڕەوای خۆیان لەو کارە بڕوانین.

 

چۆنیەتی وتنەوەی هۆنراوە و سرود

عەلی حەمەڕەشید

سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

 

یەکێک لەو بابەتانەی کە منداڵان بە پەرۆشەوە گوێی لێدەگرن و چێژ و خۆشیی لێوەردەگرن هۆنراوەیە(شیعر)  کە وەک گۆرانی دەیڵێنەوە .هۆنراوەی منداڵانیش وەک دەزانین تایبەتمەندی خۆی هەیە و وا باشە ئەو مامۆستا بەڕێزانەی کە لە قوتابخانەدا بە قوتابیانی دەڵێن شارەزاییان تێیدا هەبێت تا زیاتر سەرکەوتووبن لە هەڵبژاردنی ئەو هۆنراوانەی کە دەیانەوێت بە قوتابیانی بڵێن هەر لە باخچەوە تا پۆلەکانی دواتر.مەرجەکانی هۆنراوەی تایبەت بە منداڵانیش بەکورتی لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە:

  1. کورت و پوخت بن و کۆتاییەکی باشی هەبێت ،بەشێوەیەک کە منداڵ خوێندییەوە یان بۆی خوێندرایەوە چاوەڕوانی دێڕی تر نەکات.
  2. وشەکانی سەر بە فەرهەنگی منداڵان بن.
  3. هەوڵبدرێت وشەی نامۆی بە منداڵ زۆر تێدا نەبێت.
  4. بەپێی ئاستی تەمەنی منداڵ نوسرابن.
  5. باس یان وشەی (کوشتن،مردن، خنکان،خوێن...)ی تیا نەبێت یان هەر وشەیەکی تر لەمانە تا لەڕوی دەرونییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ جێنەهێڵێت.
  6. هەوڵبدرێت ئاسۆی بیرکردنەوە و خەیاڵی منداڵ فراونتر بکات.
  7. گرنگی بە بەهاکان بەگشتی بدات بەتایبەتی بەها پەروەردەیی و زانستی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و هەر بەهایەک کە شاعیر بەلایەوە گرنگ بێت.
  8. ڕەچاوی لایەنی دەرونی تێدا بکرێت.
  9. هەوڵبدرێت کە خاک و نیشتمان و ژینگە و باوک و دایک و خێزان و مامۆستا لای منداڵان خۆشەویست تر بکات ،هەروەها گیاندار و باڵندەکانیش.
  10. بەکارهێنانی فەنتازیا(خەیاڵ) زیاتر وا لەمنداڵ دەکات کە چێژی لێوەربگرن و زیاتر لایان بمێنێتەوە.
  11. گرنگی بدرێت بە زمان و ڕێزمان و ناکرێت لەپێناو سەروا و وەزنی شیعردا فەرامۆش بکرێن.
  12. تا چیرۆک ئامێز بێت باشترە و زوو دەگاتە منداڵ .
  13. مۆسیقایەکی ناوەوەی هەبێت کە لەکاتی خوێندنەوەیدا منداڵ هەستی پێبکات
  14. هەوڵبدرێت لە شیعردا زانیاری هەڵە نەدرێت بە منداڵ،بۆیە وا باشە شاعیر کە بۆ منداڵان دەنوسێت شارەزاییەکی باشی هەبێت بۆ ئەوەی نەکەوێتە هەڵەوە.

لەڕاستیدا دەبووایە وەک پڕۆگرام لە وەزارەتی پەروەردە کۆمەڵێک هۆنراوە و سرودی تایبەت لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ئامادەبکرایە کە لەقوتابخانەدا لەبەردەست مامۆستایاندا بووایە تا بەپێی گونجاندن و بابەتی هۆنراوەکان بۆ ئەو پۆلەی دەیانەوێت لێیهەڵبژێرن و بە منداڵانی بڵێن.لیژنەکەش واباشە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەم بوارانەدا سەرپەرشتی بکەن(هۆنراوە  ،دەرونناسی،ژینگەیی،تەندروستی،زمانەوانی،کلتوریی و کەلەپور،زانستی....)چونکە منداڵ لە قۆناغی باخچە و بنەڕەتییدا کە بنیاتنانی کەسایەتیی خۆیان و دروستکردنی کۆمەڵگەیە بە شێوەیەکی ورد و زانستییانە کاریان بۆ بکرێت تا سبەینێ کەسانێکی ڕۆشنبیر و چالاک و دروست دەربچن ،چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت هۆنراوە کاریگەری خۆی بەهەردوو شێوەی ئەرێنی و نەرێنی لەسەر منداڵ جێدەهێڵێت.خۆمان کە گەورەین تائێستاش ئەو هۆنراوانەمان لە بیرە کە کاتی خۆی مامۆستا بەڕێزەکانمان پێیان وتووین.بۆیە بۆ وتنەوەی هۆنراوە بە منداڵان وا باشە مامۆستا ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکات:

  1. هەڵبژاردنی هۆنراوەیەک کە گشت مەرجەکانی هۆنراوەی تایبەت بە منداڵانی تێدابێت.
  2. گونجاو بێت بۆ ئەو پۆلەی کە دەیەوێت بەمنداڵی بڵێت،واتا لە ئاستی تەمەنیاندا بێت.
  3. کورت و پوخت و ئاسان بێت و بە ئاوازێک بوترێت.
  4. بۆ مەبەستێک بێت کە مامۆستا پێشتر دیاریکردووە،نەک ئەو ڕۆژە و بەڕێکەوت هۆنراوەیەکی هاتە بەردەست یەکسەر بۆیان بنوسێت و پێیان بڵێت.
  5. پێشتر ئامادەکاری بۆ ئەو هۆنراوەیە کردبێت کە هەڵی بژاردووە و دەیەوێت بەمنداڵی بڵێت،بزانێت خاوەنەکەی کێیە؟کورتەیەک دەربارەی ژیان و بەرهەمەکانی و ئەگەر پەرتوک یان نامیلکەی چاپکراوی هەبوو ،یان لەگۆڤارە تایبەتەکانی منداڵاندا ناوی هەبوو بۆ منداڵی باس بکات.
  6. پێویستە ئەو سەرچاوەیەش دیاری بکات کە هۆنراوەکەی لێوەرگرتووە،تا منداڵ ئەگەر کەوتە بەردەستی جارێکی تر بیخوێنێتەوە کە لەمەوەش مامۆستا دەتوانێت حەزی خوێندنەوە لای منداڵ پەرە پێبدات تا منداڵان لەسەرەتاوە خوێندنەوە بکەن بە کلتور.
  7. ئەگەر لەقوتابخانەدا پەرتوکخانەی تێدا بوو لەوێ بوترێتەوە باشترە و سەرچاوەکان لەوێ هەن و لێرەشەوە هەر کاریگەری ئەرێنی لەسەر منداڵ دروست دەکات بۆ زیاتر ناسینی پەرتوکخانە و خۆشەویستکردنی پەرتوک و گۆڤار و خوێندنەوە.
  8. خۆ ئەگەر ژوری مۆزیک لە قوتابخانەکەدا هەبوو لەوێ کاریگەری باشتری دەبێت بەمەرجێک مامۆستا خۆی شارەزای مۆزیک بێت و بتوانێت ئامێرێک بژەنێت و پێشتر ئاوازێکی گونجاوی بۆ ئەو هۆنراوەیە دانابێت کە دەیەوێت پێیان بڵێت.
  9. ئەگەر شارەزای مۆزیک نەبوو دەتوانێت سود لە هاوڕێکانی وەبگرێت و هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی ئاوازی بۆدابنێن ،یان ئەگەر ئەوان ئاوازیان داناوە بۆ هەمان هۆنراوە کە دەزانن گونجاوە بە تۆمارکراوی لێیان وەربگرێت بۆ قوتابییەکانی خۆی سودیان لێوەربگرێت.
  10. مامۆستا دەشتوانێت سود لەو گۆرانییە تۆمار کراوانە وەربگرێت کە تایبەتن بە منداڵان بەمەرجێک هۆنراوەکە ئەو خاڵانەی لەخۆگرتبێت کە لەسەرەتاوە باسمان کرد.
  11. واباشە مامۆستا ئاگاداری ئەوە بێت کە لەهەر پەرتوکێک نوسرا هۆنراوەی پەروەردەیی یان بۆ منداڵان،مەرج نییە هەموو هۆنراوەکان گونجاوبن و پەروەردەیی بن و دووربن لە وشە و وێنەی نەشیاو.بۆیە پێویستە مامۆستا ئامادەکارییەکی باشی بۆ بکات و بە وردیی و بە باشی هەڵسەنگاندنی بۆ بکات و بیخوێنێتەوە ئەوسا بڕیار بدات کە بە منداڵی بڵێ،چونکە کارێکی وا ئاسان نییە .
  12. ئەگەر لە قوتابخانەدا (داتاشۆ) هەبێت ،مامۆستا دەتوانێت بۆ ئەو کارە سودی لێوەربگرێت.

 

شێوازی وتنەوەی هۆنراوە یان سرود:

هەموو ئەو ڕاستییە دەزانین کە منداڵان بەگشتی زۆر حەزیان لە گۆرانی و مۆزیکە و بەگوێگرتن لەگۆرانی دڵخۆش دەبن و جیهانە تایبەتەکەی خۆشیان وا دەخوازێت کە بۆ ئەوەی چێژ لە ژیان و سەردەمی منداڵی وەربگرن ئێمەی گەورە بەوریاییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەین و وەک مافێکی ڕەوای خۆیان لەو کارە بڕوانین.بۆیە مامۆستایانی ئازیز کە هەمیشە پێشەنگ بوون لە پەروەردە و فێرکردندا بەهەمان شێوە لەم کارەشدا هەر پێشەنگن و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لە ئەستۆی ئەوان .لەکاتی وتنەوەی هۆنراوە یان سرود دا پێویستە گرنگی زیاتر بەم بوارە بدرێت و بەشێوەیەکی گونجاو و ڕێگایەکی ئاسان کە منداڵان هەم چێژی لێوەربگرن و هەم هۆنراوەکەش بە ئاسانی لەبەر بکەن.

  • سەرەتا مامۆستا هۆنراوەکە جارێک بەدەنگەوە بۆ قوتابیان بخوێنێتەوە تا بتوانێت حەزی منداڵەکان بۆ هۆنراوەکە لەسیمایانەوە ببینێت.
  • پاشان چیرۆک ئاسا باسێکی کورتی هۆنراوەکە بکات و ناوی خاونەکەی بە منداڵان بڵێت.
  • ئیتر دێڕ دێڕ لەسەر وایت بۆردەکە بینوسێت و بەو ئاوازەی کە ئامادەی کردووە خۆی بیڵێت و ئەوانیش لەدوایەوە بیڵێنەوە.
  • کەزانی دێڕی یەکەم بەباشی دەڵێن ئەوا دەتوانێت دێڕی دووەم بنوسێت...بەمشێوەیە تا کۆتایی هۆنراوەکە.
  • دواتر دەتوانێت یەک یەک قوتابیان هەڵبسێنێت و بیڵێنەوە.
  • لەم وتنەوەیەدا مامۆستا دەتوانێت ئەوانە دیاری بکات کە دەتوانن باشتە بەو ئاوازە بیڵێن و زووتر لەبەریان کردووە وەک کۆرسێک.
  • دواتر جارێک ئەمان وەک کۆرس بیڵێن و ئەوانەش کە ماون دوای ئەمان بیڵێن و جاری سێیەم هەمووان پێکەوە بیڵێن.
  • بەدووبارەکردنەوەی لەم شێوەیە لەگەڵ مامۆستا هەمووان دەتوانن هۆنراوەکە لەبەر بکەن..
  • ئیتر داوا لە قوتابیان بکات کە لە پەڕاوی تایبەتدا بینوسن.بۆ وانەی داهاتوو دووبارە بکرێتەوە باشتر و ئاسانترە لای قوتابیان و بە دووبارەکردنەوەش زیاتر لەبەری دەکەن و بەخۆشییەوە دەیڵێنەوە.

 

 

گەڕان بۆ بابەت