ما 2269 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

دوای چەند ساڵێک پۆلی شەشەمی ئامادەیی تەواو کرد نومرەیەکی باشی بەدەستهینا، بەهۆی بەرزی نومرەکەیەوە لە کۆلیجی تەلارسازی وەرگیرا، رێک لەم کاتەدا قسەی نێو پەرتووکی سەر زبڵدانەکەی کەوتە یاد کە دەڵێ، پەیکەرتاش تەنیا لە دیوی دەرەوە ئیش دەکا بەڵام ئەندازیاری تەلارساز لەسەر جوانی دیوی دەرەوەو ناوەوە ئیش دەکا. 

 

پەیکەر تاشەکە                        

ئەو مناڵێکی تەمەن دوازدە ساڵەی لاتەریک بوو، زۆر حەزی بە تێکەڵاوی نەدەکرد، هەمیشە مەلی خەیاڵی بەرفراوانی دەفڕی رووەو ئاسۆولەسەر درەختی ئایندە لەنگەری دەگرت، لەبنەماڵەیەکی دەست کورت و هەژار بوو، حەزی بە ماسی گرتن بوو، لەو رووبارەی قەراغی ماڵیان جاروبار ماسی یی دەگرت بە قولاب، تەڵەی دائەنایەوە بۆ ريشوڵەو جۆلەکە، جارو باریش توپانی دەکرد ئەگەر حەزی لێ بووایە، بەهارانیش دەگەڕا بۆ قارچک و دومەڵان لەو دەشتە دوورە دەستە و سەریکی لە زبڵخانەی شار ئەدا، جارو بار شتی باشی ئەدۆزییەوە، جارەکەی پێشوو پەیکەریکی مامزی دۆزییەوە سەرەکەی شکا بوو، لە نێو سەرەکەی دا هیڵەک و دار تیل هەبوو، بەڵام ئەمجارەیان پەرتووکێکی دۆزییەوە بە زمانی عەرەبی لەسەری نووسرا بوو هونەری پەیکەر تاشی تەنانەت بە ئینگلیزیش ناوەکەی تەرجەمە کرا بوو The art of sculpture پەرتووکەکەی هەڵگرتەوەو تەکاندی و خستیە بەرباخەڵیەوە، ئۆخژن بەشادەمارەکانی لەشی دەگەڕا، هەستی کرد خەونەکانی لە نێو ئەم پەرتووکە خۆیان حەشار داوە، دوای گەڕان و سوڕان لەو دەشتە بەرینە عەلاگەیەک دومەڵانی دۆزییەوە، گەڕایەوە ماڵەوە، چووە نێو ناندینەکە بەدەنکە شقارتەیەک گازەکەی پێ کرد و تاوەکەی لەسەر دانا، رۆن و پیازی تێکرد هەتا سوور بوەوە، دوای شوشتن دومەڵانەکەی  بەلەت کراوی تێ کرد، هەندێ خوێ و بەهاراتی پێوە کرد، براو خۆشکەکانی ئەو دەمە لە ماڵ نەبوون هەر بۆیە بەتەنیا تێری لێ خوارد و ئەوەی مایەوە سەرەقابێکی لەسەر داناو خستیە نێو دوڵابەکەوە، رۆژێکی هەتاوی گەرم بوو،ئیدی کەوتە سەر خوێندنەوەی پەرتووکەکە کە سەرەتا باسی میژووی پەیکەرتاشی دەکا کە پێش زایین بە چوارهەزارو پێنج سەد ساڵ پەیکەر تاشی بوونی هەبووە، لەسەردەمی فەرعەونیەکان و ساسانیەکان لە وڵاتی یونان و رۆما تا دەگاتە سەردەمی رینە یسانس و ڕابوون کەباسی پەیکەرتاشی دەکا دەڵی سێ جۆرە، یەکەم بەرجەستە بەشێوەیەک لێواری وێنەکە هەڵدەکۆڵی تا وەکو وێنەکە بەبەرجەستە کراوی دەرئەکەوێ ئەوجا چ لەسەر تەختە بێ یان مس و یان بەرد یان قوڕ، دووەم قوڵایی، شێوەی هەڵکەندن و هەڵکۆڵینی وێنەکە بۆ ناوەوە، سێ یەم دروستکردنی پەیکەر بەتەواوەتی کە سێ مەودای سەرەکی یی هەیە، پانی و درێژی و بەرزایی، پەیکەر سازی مێژووی لە هونەری فوتۆگراف کۆنترە هونەری فوتۆگراف تەنیا لەسەر دوو مەودا ئیش دەکا کە ئەویش بەرزایی و درێژی وێنەکەیە، لە زەمانی کۆن دا پەیکەر تاشان وێنەی خوداوەندو پادشاکانیان دەنەخشاند، دروستکردنی بتەکان لەسەردەمی بت پەرەستی ئیشی دەستی پەیکەر تاشان بوو.

***

لە لێواری باغچەکانی نزیک ماڵەوەیان قوڕ سووری لێ بوو، ئەو بەمناڵی بەدەستە خۆرسکەکانی وێنەی خانوو ئاژەڵی دروستدەکرد، پەیکەری سەرکی زەلامی دروستدەکرد بەڵام کە پەرتووکەکەی خوێندەوە بۆی دەرکەوت دەبێ سەرەتا (کارگاز) دروست بکەیت بە ئینگلیزی پێ دەڵێن Armature ئەویش بە تەل و فیولین و کاغەزی رۆژنامە پێوە دەپێچی، تەنانەت لە پەرتووکەکەدا باسی دروستکردنی مێزی سوڕاو دەکا کە چۆن دروست دەکرێ یان لە رێگای Lazy susan یان بە بۆڵبرینگ کە دوو تەختەی ڕاست و چەپی لێ ئەدەی لەگەڵ فلەنجەیا قایمی ئەکەی لەبەر ئەوەی پەیکەر تاش هەمیشە کەرەستە خاوەکەی بەردەمی ئەسۆڕێنێ، بەشێک لە پەرتووکەکە باسی مامۆستایەکی ئەمریکی دەکا لە لوس ئەنجلوس کەچۆن پێوانەی پەیکەر دەکا بەرێگایەکی زانستی، پرگالی تایبەت بەکار دەهێنی کە پێ دەڵێن Calipers بۆ نموونە قوڕەکەی بەردەستی دەکاتە چین چینەوە سەرێکی سەرەتایی دروست دەکا ئەوجا لە ناوەراست لەملاو ئەولا شوێنی گویچکە دیاری دەکا ئیدی لە نەرمایی گویچکەوە دەیپێوێ بۆ چەناکە دواتر بۆ نووکی لوت، بۆ نێوچاوان، بۆ هێڵی قژ هەروا پێوانەی نووکی لوت لەگەڵ پشتی سەر دواتر بزمار دائەنێ لەسەر ئەو پونتانە، کە پێوانەکەی رێک بوو، تا سەر بزمارەکان بەقوڕ دایئەپۆشێ، هەموو شتی لە جیهان ئەگەر تەکنیک و میکانیزمی ئیش کردنی بدۆزیتەوە ئاسانە، هەرچەند پەیکەر سازی دوو جۆری هەیە، ئەکادیمی و خۆڕسکی، ئەو حەزی لە خۆرسکی بوو دەیتوانی زیاتر داهێنانی تیا بکا کە پەتووکەکەی تەواو کرد، بوو بە خاوەن پروژەیەکی خەیاڵی کە پیویستی بەجێ بەجێ کردنە، لەکاتێکدا دایکی لێ ناگەڕێ مێزی سوڕاو دروست بکا و ئیشی قوڕی لەسەر بکاهەربۆیە ماوەیەک بەو شێوەیە مایەوە ململانی لە نێوان خەونەکانی و شێوەی جێ بەجێ کردنی دا هەتا چووە قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانەی ناوەندی مامۆستایەکیان هەبوو حەزی لە مۆسیقاو هونەرو پەیکەر تاشی بوو، هەر بۆیە رۆژێکیان گرێی کویرەی دڵی خۆی لای مامۆستا کردەوە، بە مامۆستای گوت، من زۆر حەزم لە پەیکەرتاشی یە تەنانەت زانیاری تیئوریم هەیە، میتودەکانی شارەزام بەڵام من لەماڵەوە دایکم رێگام پێ نادا ئەم کارە بکەم، لە وەڵام دا مامۆستا بەخۆشحاڵی یەوە گوتی، هونەر پیویستی بە فەزاو ئەتمۆسفیری تەندروستە هەتا بخەمڵێ و گەشە بکا، باشترین فەزا بۆ تەقاندنەوەی وزەت قوتابخانەیە، لەم قوتابخانەیە ژووری وەرزش و هونەرمان هەیە دەکرێ سوودی لێ ببینی، ئیدی کەوتە دروست کردنی مێزی سووڕاو بە پولبیرینگ، مامۆستایەکیان هەبوو ناوی بەشار بوو وانەی فیزیای پێدەگوتن کوردی فەیلی بوو خەڵکی بەغا بوو، رۆژێکیان پێگوت مامۆستا بەشار ئەگەر زەحمەت نەبێ کەرەستەی پەیکەرسازیم بۆ دێنی لەگەڵ پرگال Calipers مامۆستا بەشاریش لەوەڵام دا گوتی فرە خاسە ! وەبان چەوەیلم، ئیدی ئەم مێرد مناڵە خولیاکانی تا دەهات باڵانومای دەکرد و گەشەی دەسەند، دوای ئەوەی کە قسەیان کرد لەگەڵ بەریوبەری قوتابخانە، بۆی هەبوو لە هەفتەیەک دا رۆژێک تەرخان بکەن لە ژووری وەرزش وهونەر کاری پەیکەر سازی بکا، ئیدی بەتاسەوە چاوەروانی ئەو رۆژەی دەکرد، لە نزیک باغچەکەی لای ماڵیان رێک لەو شوێنەی بەمناڵی یاری بە قوڕی دەکرد، عەلاگەیەک قوڕی هینا و بردی بۆ قوتابخانە لەگەڵ کۆمەڵی تەل و رۆژنامەی کۆن، ئیدی کەوتە دروست کردنی کەللە سەر، یەکەم کەللە سەر کە دروستی کرد کەللە سەری خۆی بوو چونکە ئاسان بوو بە پرگالی تایبەتی Calipers پیوانەی بکا، تا دوا ساڵ چەند پەیکەرێکی دروست کرد و توانی بەشدار بێ لە پێشەنگای قوتابخانەکان لە ئاکامی کێبەرکێ پلەی یەکەمی هینا، ئەوە بوو قایمقامی قەزاکە خەڵکی رومادی بوو جووتی پێڵاوی نوێی پێشکەش کرد، ئیدی رۆژێک بەریوەبەری قوتابخانە بانگی کرد و پێگوت، کوڕم ڕاستە تۆ دەستت ڕەنگینە لە پەیکەرتاشی بەڵام دەبێ بایەخ بە خوێندنەکەت بدەیت بەڵکو کولێجیکی باش وەرت دەگرێ، ئیدی ئەم قسانەی بەرێوبەر بووە گوارەو لە گوێچکەی خۆی قایمی کرد.

                        ***

دوای چەند ساڵێک پۆلی شەشەمی ئامادەیی تەواو کرد نومرەیەکی باشی بەدەستهینا، بەهۆی بەرزی نومرەکەیەوە لە کۆلیجی تەلارسازی وەرگیرا، رێک لەم کاتەدا قسەی نێو پەرتووکی سەر زبڵدانەکەی کەوتە یاد کە دەڵێ، پەیکەرتاش تەنیا لە دیوی دەرەوە ئیش دەکا بەڵام ئەندازیاری تەلارساز لەسەر جوانی دیوی دەرەوەو ناوەوە ئیش دەکا، هەر بۆیە لەمەولا دەبێ بایەخ بە جوانی دیوی ناوەوە بدا، یەکەم ساڵی زانکۆ دوای ئەوەی لەگەڵ ڕاگری کۆلیج قسەی کرد، پێشەنگایەکیان بۆ کارەکانی کردەوە، لەنێو دەفتەری تێبینیەکان زۆرێک لە قوتابیان سەرسۆڕمانی خۆیان بەکارەکانی پێشان دابوو، لە نێویاندا کچێک بوو خەڵکی بەغا کە لە دەفتەرەکەی نووسی بوو، هیوادارم لە نزیکەوە یەکتر بناسین منیش عاشقی پەیکەرتاشیم، ئیدی دوای چەند رۆژێک لە یانەی زانکۆ کچەکەی بینی، قاوەکیان پێکەوە خواردەوە، باسی زۆر بابەتی گشتی و تایبەتی کرا، بەڵێنیان بەیەک دا کە دۆستایەتیان دەپارێزن، تا دەهات پەیوەندی کۆمەڵایەتیان پتەو تر دەبوو، تەنانەت کچەکە خۆی گواستەوە بۆ شوعبەی کوڕەکە، بێگومان لە دووتوێ پەیوەندی کۆمەڵایەتی دا توڕەکانی خوشەویستی خۆیان حەشار داوە. وای لێهات کچەکە پێ خۆش بوو لە ماڵەوە میوانداریی بکا و بەدایک و باوکی بیناسێنێ، رۆژێکیان یەکی لە قوتابیان کە لە یانە دانیشتبوون پێگوت، باسی خۆت بکە چۆن بووی بە پەیکەرتاش، ئەویش باسی ئەو پەرتووکەی کرد کە لەسەر زبڵدانی شار دوزیبیەوە، ئیدی بەگاڵتە قوتابیانی شوعبە پێاندەگوت (ئەبو زبالە) کچەکەش پێ ناخۆش بوو بەهاوەڵەکەی بڵین (ئەبو زبالە) چەندین جار تووشی دەمەقاڵی بوو لەسەر هاورێیەکەی، بەهاورێیەکەی گوت، ئەمە باجی ڕاستگۆیی تۆ ئەیدەی تۆ نابێ هەمیشە راستگۆ بێت ئەوەتە سەعدی شیرازی دەڵی (درۆی مەسلەحەت ئامێز لە ڕاستی جەنگ ئامێز باشترە) تازە کار لە کار ترازا بوو هەر بەو نێوەوە بانگی یان دەکرد. کاتێ زانکۆیان تەواو کرد شەڕی ئیران ، ئیراق لە گەرمەی دابوو، ئاکام کوڕەکە بڕا بۆ خزمەتی سەربازی و کچەکەش لە ئوفیسی کار لە بەغا دەست بەکار بوو.

وەک جاران پەیوەندیان گەرم گوڕ نەبوو تا دەهات لەبەر دووری کەمتر چاویان بەیەک دەکەوت، پەندێکیش هەیە دەڵی (ئەوەی دوور بێ لە چاو دوورە لە دڵ) کوڕەکە گوازرایەوە بۆ بەرەکانی شەڕ لە فاو ئیدی کەمتر یەکتریان ئەبینێ.

ماوەیەک دەنگ و باسی کورەکە ون بوو کچەکە بەتاسەوە چاوەروانیی دەکرد تا رۆژێکیان خاچی سووری نێو دەوڵەتی نامەیەکیان هینا بۆ ئەدریسی کچەکە لە بەغا سەبارەت بە هاورێیەکەی کە ئێستا دیلە لە ئێران.

 

گەڕان بۆ بابەت