ما 4126 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

کەسایەتیی ریالیزمی سۆسیالیستی

ماکسیم گورگی لە بیرەوەرییەکانی خۆی سەبارەت بە تۆلستۆی دەڵێ کە تۆلستۆی لە بابەت کەسایەتیی چیرۆکەکانی ئەودا دەیگوت ئەوان زۆر لە خەڵکی ئاسایی ناکەن و جۆرێک لە دەستکردبوونیان پێوەدیارە (لێرەدا مانا گواستراوەتەوە).

وەک دەزانین تۆلستۆی نووسەرێکی ریالیست بوو و گورگی داهێنەری ریالیزمی سۆسیالیستی. ریالیزم زۆرتر گەڕانەوەیە بۆ واقیع و خستنە رووی کێشە کۆمەڵایەتی و پرسەکانی ترە؛ بەڵام ریالیزمی سۆسیالیستی ریالیزمێکە قارەمانەکانی ئەو خەباتکارانەن وا لە پێناو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دا خەبات دەکەن و مەبەستیان دامەرزراندنی سۆسیالیزمە. لێرەوە کاراکتێرەکان دەبنە ئەو مرۆڤانەی خەونی گەورەیان هەیە و خۆ لە دۆخی باو رادەپسکێنن و بۆیە جۆرێک لە جیاوازیی لە نێوان ئەوان و خەڵکی ئاساییدا دروست دەبێ. واتا کەسایەتی خەباتکار، کەسایەتییەکی رۆمانسیشە کە بە خەونە گەورەکانی رووبەڕووی ژیان دەبێتەوە.

بۆیە تۆلستۆی ناحەقی نیە کاتێک دەڵێ کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکەکانی گورکی لە خەڵکی ئاسایی ناچن و جۆرێک لە دەستکردبوونیان پێوە دیارە.

داخۆ ئەمە بەوەمان ناگەیەنێ کە ریالیزمی سۆسیالیستی داڕشتنەوەی مرۆڤە بە هۆی خەونەوە و ئەوسا ململانێی ئەو مرۆڤەیە لەگەڵ واقعی دەورووبەری خۆی؟ بێگومان وەهایە. بەڵام ئەو پرسیارە دروست دەبێ کە بەڕاستی کاراکتێرێکی لەم چەشنە سەداسەد ئەوەیە وا باوەڕی پێی هەیە و باسی لێدەکا، یان لەگەڵ خۆی گەلێک تایبەتمەندیشی هەڵگرتووە کە ئەو بە دۆخی ئاسایی ژیانەوە سەر لەنوێ دەبەستێتەوە؟

کەسایەتی ریالیزمی سۆسیالیستی هەم ریالیستە و هەم سۆسیالیست. بۆیە بوونێکە لە نێوان واقیع و خەون (خەونی شۆڕشگێڕانە لە چەشنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی).  لەم جۆرە دەقەدا نووسەر بە شوێن واقیع دا راناکا، بەڵکو واقیع بە شوێن نووسەردا رادەکا. ئەمە ئەو خەسڵەتەیە کە ریالیزمی سۆسیالیستی لە دەقی نوێ نزیک دەکاتەوە کە تیایا نووسەر هەوڵدەدا کەسایەتییەکانی دەق بە گوێرەی روانگەی خۆی دابڕێژێتەوە و پەلکێشیان بکا بۆ ناو ململانێکان.

سایتی قەڵەم

١٠ مانی مەی ٢٠٢٢

گەڕان بۆ بابەت