ما 6487 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

دەسەڵاتی سیاسی لەبەر ئەوەی باکگراوندێکی ئاینی یی هەیە ناتوانی ئەو دەسەڵات و ناوەندانە فەرامۆش بکا یان روڵی رابەرایەتی کردنیان بگێڕێ بگرە هەوڵ ئەدا سازش لەبەرانبەریان بکا و زیندویان بکاتەوە بۆ نموونە لە کوردستان شاهیدی فیستیڤاڵی خێڵ و عەشیرەتەکانین هەروا بایەخ دەدرێ بە ناوەندی دەسەڵاتی شیخەکان، لە زۆر بۆنەوە قسە و هەڵویست و گوتاری تایبەتیان هەیە و دەسەڵاتیان دەڕوا لەبەر ئەوەی خاوەنی دەرویش و موریدن وەک یەکەیەکی روحی و فیزیکی حیسابیان بۆ دەکرێ.

 

لە نێوان روحانیەت و عەقڵانیەتدا

هاوڕێ نەهرۆ    

بێگومان روحانیەت چەمکێکی ئاینی وغەیبی یە، بەڵام عەقڵانیەت چەمکێکی لۆژیکی و زانستی یە. دەشێ لە نێو عەقڵانیەت کایەی روحی ئەنجام بدرێ و بەهەمان شێوە لە نێو روحانیەتیش دا کایەی عەقڵانیەت ئەنجام بدرێ. روحانیەت پشت بە عاتیفەو سۆز دەبەستێ لەکاتێک دا عەقڵانیەت پشت بە لۆژێک و مەنتیق دەبەستێ. لێرەدا لەبەر رۆشنایی ئەم روونکردنەوە ئەگەر باس لە حزبەکانی کوردستان بکەین لەسەرەتا دا بەکایەی عەقڵانیەت دۆست و لایەنگرانیان دەخەنە تەڵەوە. بۆ نموونە لە دروشمەکانیان دا، خۆیان وەک رزگارکەری نیشتمان و نەتەوەو وڵات خۆ دەنوێنن یان حزب و گەرایشی ئیسلامی بە پەیرەوکردنی شەریعەت و نزیک بوونەوە لە چەمکی خوداوەند خۆ دەناسێنن بەڵام کە دوست و هەواداری بەدبەخت کەوتە تەڵەیانەوە ئیدی بە پرنسیپی رێکخراوەیی ناوندی و دیموکراسیەت و دەسەڵاتی هەرەمی و پیرامیدی و رەخنەو رەخنە لەخۆ گرتن دەستی پێ دەکەن تاوەکو کەسایەتی دوست و لایەنگر لە خەشتە دەبەن یان هەندێ نووسەر پێیان وایە، یاسای فیزیاوی کردەی مەرجداری پێچەوانە کە بافلوف لەگەڵ کوتر و سەگ ئەنجامی ئەدا لە رێگای روشنکردن و کوژاندنەوەی گلوپ و پێ دانی خواردن و خواردنەوە ئیدی بەم شێوەیە هەرەسی بە ئیرادەو مێشکی گیانلەبەرانی دەهینا، دوست یان لایەنگر سەرەتا ئالودەیە بەدەسەڵاتی باوک و بنەماڵەو خێڵ و تیرەو عەشیرەت کە دێتە نێو حزبەوە ناکۆکییەک دروست دەبێ لە نێو دونیای دەسەڵاتی کۆن و جیهانی دەسەڵاتی نوێ دا، پرسیاری زۆر لە مێشکی تاکی نیمچە سەربەخۆ دەورووژێ بەڵام حزب کە دەسەڵاتیکی بە هێز ترەو ماشینیکی گەورەو زەبەلاحی مێشک شووشتنەوەیە لە رێگای کۆبوونەوەو و خوێندنەوەی بڵاوکراوەکانی حزب و دانی پیتاک و ئابوونەوەی مانگانە، کەسایەتی دوست و لایەنگر گریی ئەدەن بە خۆیانەوە، بۆ نموونە دانی ئابوونەی مانگانە وەک ئەوە وایە پارە بخەیتە پروژەیەکی ئیکۆنۆمی یەوە، یا قازانج دەکا یان زەرەر، تاک وەک بەشدار بوو بەشداری لەهەردوو ئاراستەکە دەکا، رێک وەک ئەو مورید و دەرویشانە وایە کە پارەو ئازووقە بۆ ماڵی شیخ دەبەن، شیخ وەک دەسەڵاتیکی ئاینی دانپیانراو. بەهەمان شیوە حزبەکانی کوردستان وەک نمایندەی دەسەڵاتی سیاسی و درێژکراوەی دەسەڵاتی ئاینی دەردەکەون بۆ نموونە پارتی و یەکیتی دوو مەرجەع و دەسەڵاتی ئاینی جیاوازن یەکێکیان تەریقەتی قادری یە ئەوی دیکەیان تەریقەتی نەقشبەندی یە. رەگی ئەم دەسەڵاتە ئاینی یە نهینی وجود و بوون و مانەوەیانە وەک دەسەڵاتی سیاسی تەزکیە کراوە لەلایەن وڵاتانی جیهانی و هەریمایەتی یەوە، بۆ نموونە جیابوونەوە و بە تەریک کەوتنەوەی رابەری بزوتنەوەی گۆڕان یاخی بوونێکی مەدەنی بوو لە دەسەڵاتی ئاینی دیاریکراو پشت بەستوو نەبوو بە هیچ دەسەڵات و مەرجەعیکی ئاینی گەرچی رابەرەکەیان دەیگوت گوڕانکاری لە سەوابتی ئاینی ناکەین بەڵام کە مەرجەعی ئاینی نەبوو خۆی ڕانەگرت لە پێش گۆرانکاریەکان لە دوا هەڵبژاردن دەنگیان نەهیناو کەوتنە پەراوێزو کەنارەوە ! مەبەستم ئەوەیە حزبەکانی کوردستان وەک نوێنەری دەسەڵاتی سیاسی و درێژکراوەی دەسەڵاتی ئاینی سەرەتا بە عەقلانیەت کاری جەماوەری دەکەن بەرانبەر رای گشتی و کەسانی تازە پێگەیشتوو لە بواری سیاسی دا وەک پاریزەری گەل و نیشتمان و خاک خۆیان دەرئەخەن و دەنوێنن بەڵام کە دوست و هەوادار کەوتە داوەکەیانەوە ئیدی کایەی روحی لەسەر ئەنجام ئەدەن لە رێگای بەستانەوەی بە ڕایەڵ و یادەوری شەهیدانی حزب و میژووی حزب و یادگارییەکانی حزب و هاورێ و هەڤاڵانی حزب، واتا لە رووی روحی یەوە کەسایەتی ئەوەی تازە هاتۆتە ریزی حزبەوە سەرلەنوێ دائەرێژن تا وەکو دەبێتە یەکەیەکی روحی لە روح و بیرکردنەوە جەستەی فیزیکی و روحی حزب، ئەم شیوە پەروەردەیە وایە کردووە جەمسەربەندی زۆر  لە کۆمەڵگای ئێمە دا بێتە کایەوە، دیاردەی بە کویلە بوون و دەرویشی بێ ئیرادە زۆر بێ لە کوردستانی ئەمرۆمان دا و ئالیەتی رەخنە لەدەسەڵات و بیرکردنەوەی عەقڵانی ون بێ، بێگومان کومەڵگای کوردستان دابەش بووە بە سەر یەکەی جوراجور و جیاوازی ناوەندی دەسەڵات هەر لە بنەماڵەوە بگرە تا دەگاتە تیرەو خێڵ و ناوەندو دەسەڵاتی ئاینی بە سونەو شیعەوە وێرای چوار مەزهەب لای سونە کە ئەوانیش حەنبەلی و حەنفی وشافعی و مالکی ین و سێ مەزهەب لای شیعە کە ئەوانیش دوانزە ئیمامی و زیدی و ئیسماعیلین، لای شیعە مەرجەعی سەید هەیە، لای سوننە مەرجەعی شیخ هەیە، گەرچی مەرجەعی سوننە وەکو مەرجەعی شیعە چڕو و ناوەندگرایی نییە.

لێرەدا دەسەڵاتی سیاسی لەبەر ئەوەی باکگراوندێکی ئاینی یی هەیە ناتوانی ئەو دەسەڵات و ناوەندانە فەرامۆش بکا یان روڵی رابەرایەتی کردنیان بگێڕێ بگرە هەوڵ ئەدا سازش لەبەرانبەریان بکا و زیندویان بکاتەوە بۆ نموونە لە کوردستان شاهیدی فیستیڤاڵی خێڵ و عەشیرەتەکانین هەروا بایەخ دەدرێ بە ناوەندی دەسەڵاتی شیخەکان، لە زۆر بۆنەوە قسە و هەڵویست و گوتاری تایبەتیان هەیە و دەسەڵاتیان دەڕوا لەبەر ئەوەی خاوەنی دەرویش و موریدن وەک یەکەیەکی روحی و فیزیکی حیسابیان بۆ دەکرێ.

کۆمەڵگای کوردستان لەبەر ئەم ڕایەڵەی دابەش بوونە، زەحمەتە تواناو تێکۆشان و وزەی یەکبخرێ لەبەر ئەوەی ئەم ناوەندانە لەبری ئەوەی هاریکاری و هاوکاری و دەستەکی یەک بکەن بە شێوەی هەماهەنگ و هارمۆنی شان بە شانی یەک برۆن دەکەونە نەفی کردنی یەکتر و دژایەتی کردنی یەکتر، دابەشبوونی یەکیتی و پارتی بەسەر دوو دەوڵەتی هەریمایەتی جیاواز دا لەم سونگەیەوە سەرچاوە دەگرێ .

هەر بۆیە میللەتی کورد ناتوانی لەسەر رابەریکی دیاریکراو لەنگەر بگرێ و بۆچوونەکانی یەکبخرێ، ئەوجا ئەو رابەرە مردوو بێ یان زیندوو بۆ نموونە ئێمە نەمانتوانیوە وەک تورکیا وزەو تواناکانمان یەک بخەین نموونەی ئەتاتورک، پاشماوەی دەسەڵاتی عوسمانی و شێوەی دابەشبوونەوەی دەسەڵاتەکانی وەک ئێستای کوردستان بوو شپرزەو پەراگەندە ! بەڵام ئەتاتورک هات دەسەڵاتی ئاینی لە دەوڵەت جیا کردەوە وئەلف و بی عەرەبی گۆڕی بۆ زمانی لاتینی ئەمەش وەک دابڕان و دوورکەوتنەوە لە کەلەپورو کەلتوری ئیسلام.

لە دام و دەزگا فەرمیەکانی تورکیا شورەتی حاجی و مەلاو شیخی قەدەغە کرد، شورەشێکی تەواوی عەلمانی ڕاگەیاند هەر بۆیە ئەتاتورک تا ئێستاش ویڕای دەسەڵات و باڵا دەستی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا سیمبول و ئیکۆنیکی بەرجەستەو، خەتیکی سوورە نابێ ببەزێنرێ، لەنەستی هاووڵاتیان تورکیا جێگایەکی شایستەی هەیە، ئەتاتورک میللەتی تورکیای یەکخست، ناوەندو دەسەڵاتەکانی ئاینی خستە قەوارەی خۆیانەوە کردنی بە بژاردەیەکی فەردی هەر بۆیە لە ئاکام دا وەک باوکی تورک ناوزەد کرا.

کەچی ئێمە لە کوردستان خاوەنی دەیان رابەرین چ زیندوو یان مردوو بەڵام تا ئێستا هیچ رابەرێک نەبۆتە سیمبولی نەتەوەو نیشتمان وەک یەکەیەکی سیاسی و مەعنەوی بەڵکو وەک سیمبولی حزب و گروپی دیاریکراو ماونەتەوە ئەمیان دان بە ئەوی تریان نانێ. یان بە شیوەیەکی تر دەسەڵاتی روحانیەت لە ئەوروپا کایەی عەقڵانی تیا ئەنجام درا وەک نووسینەوەی سەرلەنوێ ئینجیل و بەرپابوونی شورشی رینیسانس لەسەردەمی رابوون لە ئیتالیاو فەرەنسا تا سەرتاپای ئەوروپای گرتەوە کەچی لە رۆژهەڵات و لە وڵاتی ئێمە لە نێو دەسەڵاتی ئاینی کایەی عەقڵانیەت نەکراوە، دەسەڵاتی ئاینی نەخراوەتە خزمەتی پرۆژە گەورەکەوە. لە ئەوروپا دەروونناسێکی وەک فروید دەیگوت، دەسەڵاتی خوداوەند درێژ کراوەی دەسەڵات و نفوزی باوکە، لە کوردستانی ئێمە هیچ زانایەک ناتوانی قسەی وا بکا یان داروین دەیگوت ئینسان لە نەسلی ئاژەڵەوە هاتووە بە پێ گوڕانکاری میژوویی یان کۆبرنیکۆس لە رووی فیزیاوی یەوە بۆ چوونی هەڵەی ئاینی مەسیحی ڕاست کردەوە سەبارەت بە قەوارەی زەوی.

بێگومان ئەمە لەلایەک خەتای بابەتی خودی یە لە لایەکی تر خەتای بابەتی مەوزوعی یە، هەڵکەوتی جوگرافیان کوردستان وای کردووە کە دەسەڵاتی دەرەکی جیهانی و هەریمایەتی روڵیان هەبێ لە هێشتنەوەی ئەم دابەشبوونە.

ئەگەر لە ناوەوە سەیری تابلوی ئەم دابەشبوونە بکرێ لە کومەڵگای کوردستان ئەوە مرۆڤ دووچاری رەشبینی دەبێ، هیچ ئومێدیکی نزیک نابینی کە بۆ نموونە کوردستان ببێ بە دەوڵەت یان هەر هەوڵ و تەقەڵلایەک لەم بوارەدا !

دەتوانم وێنای دوخی کوردستان بە پارچە بەڕەیەکی شڕو ڕەنگاو ڕەنگ بکەم کە هەر کەسەو ناوەندێک چمکیکی گرتووەو بۆلای خۆی و بەرژەوەندیەکانی ڕایدەکێشی لە کاتیک دا بەڕەکە لەم لاو لەو لا دڕاوەو خەریکە هەڵدەوەشێتەوە.

لەبەر ئەوەی هەر ناوەندێک دونیای روحانیەتی خۆی هەیە، لەنێو یادەوەری گشتی دا روحانیەتی کورد یان کوردستان تێکەڵ و ئاوێتە نەبووە بەیەکتر، هەر بۆیە وزەکانی میللەتی کورد دابەش بوونە بەسەر ئەم ناوەندو یەکانە کە پێشتر ئاماژەم پێ کردن.

بێگومان مێش هەنگ دووجۆری هەیە مەڕو بزن ئەم هاوکێشەیە دەکرێ پەیرەو بکرێ بەسەر مرۆڤەکان یان ناوەندی دەسەڵاتەکان لە کوردستان بەداخەوە ئەم ناوەندانەی کە باسم کردن وەک ناوەندی دەسەڵاتی خێڵ و عەشیرەتگەری و ناوەندی دەسەڵاتی ئاینی و ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی کە لەبنەرەتدا درێژکراوەی دەسەڵاتی ئاینی یە لەوڵاتانی درواسێ و جیهانی مەرجەعیان هەیە، ئەم ناوەندانە مۆرک و سروشتی بزنیان هەیە کە لە یەکتر یاخین، هاوشانی یەک بەشێوەیەکی هارمۆنی وەکو مەڕ ناڕۆن بەرێوە هەر بۆیە لێکترازان دروست دەبێ لە نێوان ناوەندەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسی هەروا ئەم دابەشبوونە نابێتە هۆی بەرهەمهینانی گوتارێکی گونجاوی هەمەلایەنە کە دەربڕی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەو خاک و نیشتمان بێ، هەر ناوەندێکی دەسەڵات بە جیا کایەی خۆی دەکا. مەبەستم لە گوتاری یەکگرتوو رەتکردنەوەی فرەیی نییە بەڵکو فرەیی لە نێو یەک بازنەی بەرژەوەندی دەسەڵاتی باڵا دا .

١٦ / ٥ / ٢٠٢٢

 

گەڕان بۆ بابەت