و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

وه‌ره‌ ئه‌ی دره‌خت با ڕۆڵمان بگۆڕینه‌وه‌!

تا له‌ تۆ فێر بم

ڕه‌گ و ڕیشه‌ی خۆم خۆش بوێ

كه‌ به‌ هێز و تاوه‌وه‌ له‌ خاكم ده‌چه‌سپێنێ

دوو قه‌سیده‌ی دی له‌ شاعیری میسری

(محه‌مه‌د ئه‌لقلینی)ـه‌وه‌

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

ئێمه‌ زۆر پێك ده‌چین

 

ئێمه‌ زۆر پێك ده‌چین

كه‌س تێبینی جیاوازی نێوانمان ناكا

ده‌ وه‌ره‌ ئه‌ی دره‌خت

ڕۆڵی خۆمان بگۆڕینه‌وه‌

تۆ ده‌چیته‌ ماڵی من و

وا پێشان ده‌ده‌ی تۆ منی

منیش هۆ له‌و چۆلاییه‌

له‌ جێی تۆدا ده‌وه‌ستم

وای نیشان ده‌ده‌م تۆم

هاوسێكانم به‌ قسه‌وقسه‌ڵۆكان غه‌یبه‌تت ده‌كه‌ن

وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕاهاتوون  له‌گه‌ڵ منیش وا ده‌كه‌ن

وه‌كو منیش

له‌ به‌روبوومی به‌ تامت زیاتر  لێ هه‌ڵناوه‌رێ

مناڵه‌ برسییه‌كانیشم

یه‌ك به‌رت لێ ناكه‌نه‌وه‌

چوون فێرم كردوون

هیچ خه‌ونێك نه‌دروونه‌وه‌

گه‌ر به‌ ئاره‌قه‌یان ته‌ڕ نه‌بووبێ.

 

وه‌ره‌ دره‌خت ڕۆڵمان بگۆڕینه‌وه‌!

به‌ڵێنت پێ ده‌ده‌م

چۆله‌كه‌كانت

ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر سنگیشم نووستن

بێداریان نه‌كه‌مه‌وه‌

پرچی با دابێنم  و

ده‌ست به‌ قوڕگی پڕ له‌ هاواری دادێنم

به‌ڵێن ده‌ده‌م

 دوو عاشق‌

كه‌ ماچێكی به‌ دزی

له‌ پشتی ترسه‌وه‌ ده‌كه‌ن

بشارمه‌وه

هه‌رگیز خۆم

له‌ گه‌رمای پڕوكێن نه‌دزمه‌وه‌.

 

وه‌ره‌ ئه‌ی دره‌خت با ڕۆڵمان بگۆڕینه‌وه‌!

تا له‌ تۆ فێر بم

ڕه‌گ و ڕیشه‌ی خۆم خۆش بوێ

كه‌ به‌ هێز و تاوه‌وه‌ له‌ خاكم ده‌چه‌سپێنێ

كه‌ خۆشم ده‌وێ

ته‌نانه‌ت كه‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵاتنیشم

له‌ سیمای داركه‌رێكی مڕومۆچ لێ ده‌گرێ.

 

 

 

هیچ قه‌سیده‌یه‌كم

له‌باره‌ی ده‌ریاوه‌ نه‌نووسیوه‌

 

 

هیچ قه‌سیده‌یه‌كم له‌باره‌ی ده‌ریاوه‌ نه‌نووسیوه‌

چونكه‌ ترساوم وشه‌كانم

به‌ر پاپۆڕه‌ نقووم بووه‌كان بكه‌ون

یا قه‌ڵه‌مم به‌ ڕشانه‌وه‌ی گه‌نجێك پیس ببێ

وه‌ختی هه‌ڵاتنی بۆ وڵاتێكی سنگفراواتر

ده‌ریا تووشی سه‌رسووڕانی كردووه‌.

 

دیسان هیچ قه‌سیده‌یه‌كیشم

له‌باره‌ی ئاسمانه‌وه‌ نه‌نووسیوه‌

چوون خه‌ونه‌كانم به‌ بێ باڵیش ده‌مگه‌یێنن

پاشان تفه‌نگه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌

پاسارییه‌كیان نه‌هێشتووه‌ نه‌یانكوشتبێ

هه‌وڵیشم نه‌داوه‌

قه‌سیده‌یه‌ك له‌باره‌ی ڕێگاوه‌ بنووسم

چوون غوربه‌ت

پێیه‌كانمی خواردووه‌

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دزه‌كان

تریفه‌ی مانگیان له‌ گیرفانییان كردووه‌ و

ڕێگایان به‌ تاریكی هێشتووه‌ته‌وه‌.

 

ته‌نانه‌ت قه‌سیده‌م

له‌سه‌ر به‌هه‌شتیش نه‌نووسیوه‌

چونكه‌ من خۆشه‌ویستێكم نه‌بووه‌

له‌سه‌ر مه‌مكی بنووم

كه‌ ئۆقره‌یشم وشك هه‌ڵاتووه‌

 لێوی ژنێكم نه‌مژیوه‌

 

من شاعیرێكم

تا ڕاده‌یه‌ك له‌سه‌ر هیچم نه‌نووسیوه‌

ته‌نیا جارێك

 قه‌سیده‌یه‌كم له‌باره‌ی گۆڕێكه‌وه‌ نووسی

به‌ قه‌باره‌ی نیشتمان

پاشان جه‌سته‌ی خۆمم تێهاوێشت و

مردم .

 

من شاعیرێكی تا بڵێی هه‌ژارم

كه‌ منداڵه‌كانم برسی ده‌بن

قه‌سیده‌ی فرێشیان ده‌‌ گه‌رووی داوێم

كه‌ ژنه‌كه‌یشم ترسی ئاینده‌یه‌تی

له‌ په‌راوێزی تێكستێكی خراپ ده‌یشارمه‌وه‌

چوون چاوی شه‌یتانان

به‌ سرووشتی خۆیان

به‌سه‌ر ده‌ق دا نه‌بێ ناسووڕێن

له‌ باتی نان و په‌نیر و شیری پاكژی مناڵان

دیوانێكی شیعر و

به‌سته‌یه‌ك كاغه‌زم كڕی

ژنه‌كه‌م هاواری كرد

(( تۆ باوكێكی خراپیت))

له‌ كاتێكدا

به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌  دیوانه‌كه‌ی ده‌خوارد

به‌ڵام ڕێگه‌ی دام ئه‌و ڕستانه‌ی

‌به‌ لێوییه‌وه‌ نووسابوون

تا دوا پیتی ‌ وشه‌ی (خۆشم ده‌وێی)

بلێسمه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌‌ ماڵپه‌ڕی:

http://mahertolba62.blogspot.com/p/blog-page_82.html

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت