ما 10213 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە عەرەبییەوە: ئەحمەد ڕەزا

ئەمجارەیان

جیاواز لە جارانیتر،

 شتی سەیرو سەمەرەی پێشکەش کرا،

تاجی هیوای لەسەر نرابوو

بە باوەش هێنرایە ژوورەوە،

گوڵباران کرا

 

 ناپاکیی

دەق: سەعدیە بەهرام

لە عەرەبییەوە: ئەحمەد ڕەزا

جارێکیتریش

تاتاری بەتین،

بەهێز و پتەو

بە تفاقی ڕاوەوە

گەڕایەوە بۆمان.

چڵێسیی خۆی بۆ ڕاو

بە ئاشکرا دەرئەخات...

پەتای توڕەبوونی

سەر لوتکەکان

لەسەر گازەرای پشت ڕائەخات!

بێ سنوور هاتە ناوەوە.

ئەمجارەیان...

بە پێچەوانەی جارانیترەوە

ڕەگ دائەکوتێ.

توندوتیژیی و

زەبروزەنگی خۆی بە ئاشکرا دەرئەخات.

پێداگیرە جێمان نەهێڵێت

تا..

بە تەواوی هەموو

ئەستێرەکان

هەڵنەوەرێنێ!

تا مانگی چواردە

مانگی پڕ،

بە تەواوەتیی

خامۆش نەکات.

بەڵێن ئەدا... چەخماخە ئەدا

لێمان نابێتەوە

تا ئەو کاتەی

پێدەشت و نشێوەکان

نوقمی تاریکیی نەکات.

***

ئەمجارەیان

تەتەری بەتین؛

بە گوێ هەڵخستنەوە

سنوری خاکی نەبەزاندین.

ئەمجارەیان

لە ناوجەرگەی تاریکییەوە

هات و          

خۆی ماندوو نەکرد.

ئەمجارەیان

درزی نەخستە دیوارێکیشەوە

پەرژینەکانی نەڕوخاند،

وەک هەموو جارێ

لە سەربانەوە

خۆی هەڵنەدایە خوارەوە

بۆ ناو ماڵەکان.

نەخێر.. نا

کتوپڕ دەرنەکەوت

وەک جارانیتر،

لە پڕێکا

لە قاوەخانە... لە دوکانا

دەرنەکەوت و

توشی کوتوپڕییمان بکا!

وەک ئەو کاتانەی

بەری درەختەکانمان ئەکرماندو

لە بێستانەکانا گۆرانیمان ئەچڕی!

نا... نەخێر...

تەتەری بەتین

بۆسەی بۆ دانەناین و

فێڵی لێ نەکردین.

***

ئەمجارەیان

جیاواز لە جارانیتر،

 شتی سەیرو سەمەرەی پێشکەش کرا،

تاجی هیوای لەسەر نرابوو

بە باوەش هێنرایە ژوورەوە،

گوڵباران کراو

بەڵێنی سەرکەوتنی پێدرابوو

سەرکەوتنی بێهاوتاو توندوتۆڵ و دڵنیا...

بەڵێنی پێدرابوو... وەک جارانی پێشوو

بەدەستی بەتاڵ

نەگەڕێتەوە بۆ تەختی شاهانەی

فەرامۆش و دۆڕاو و دڵشکاو بێت.  

***

سوپا بێگانەکە

ئەمجارەیان

بەدڵخۆشیی و

ڕووی خۆشەوە،

هات و

بە سوپا هێنراوەکەیەوە،

بە چەکە سووکەکانییەوە

بە چەکە قورسەکانییەوە،

جیاواز لە جاران

بە هەموو هێزو توانایەوە

لە دەرگا گەورەکەوە،

لە دەرگای باڵادەستەکانەوە،

لەو دەرگایانەوە

کە فەرمانیان پێدرا بوو،

خواوەندەکان لێی بێنە ژوورەوە،

بۆ بچووک و لاوازەکان

هاتە سەرمان

وەک تاوس

چۆن نمایشی ڕەنگی پەڕەکانی ئەکا؛

ئەویش بەوجۆرە نمایشی

مل پەڕاندنی لەرزۆکەکان و

خەڵکی سڤیل و بێ چەک و

هەڵپاچینی لق و پۆپی

درەختی ژیانمان ئەکا.

***

هاتە ناوەوەو

لەسەرخۆ ڕێ ئەکا

ڕێگە هەڵەتەکانی پێشتر

بۆ تانکەکانی

تەخت و ئاسان کرابوون،

دەروازەو دەربەندەکانیش

هەر هەموو ملکەچی بوون،

سوپای بێگانە

نە نوکە دەرزییەکی پیائەچێ!

نەهاوارێکیش

کۆسپێ ئەخاتە بەر ڕێگەی.

***

ئای خودایە!

چ شەرمەزاریەکە؟!

چەند شوورەییە!؟

بەدەستی خۆمان

ملی ڕۆڵەکانمان

بخەینە بەردەستی جەللاد؟

کەی ڕەوایە

بەدەستی خۆمان

بیناییمان کوێرکەینەوە؟

خودایە... ئای خودایە

ناپاکان چەند دڵڕەقن؟

چەند قێزەونە ناپاکیی!؟

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سعدیە محمود بهرام:

ژنە شاعیرێکی عێراقی بە ڕەگەز کوردە، ساڵی 1954 لە شاروچکەی فەلوجەی سەر بە پارێزگای ڕومادی لەدایک بووە.. هەردوو پەیمانگەی هونەریی ماڵداریی و دەروونناسیی منداڵانی لە بەغداد تەواو کردووە.. مامۆستای خانەنشینە.. یەکەمین کتێبی خۆی بە ناونیشانی " الصرخة" ساڵی 2021 چاپکردووە.. ئێستا بە خێزانەوە لە شاری سلێمانی نیشتەجێن.

گەڕان بۆ بابەت