ما 2501 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تۆیش هاوڕێ و خۆشەویستی خۆمی، برای بەڕێزی، دەچم بۆ گانکردن،... دەڵێن خۆشە، ئافرەتی سورو سپی و خز و لووسی باشی لێیە، باش خزمەتی کێر دەکەن و رێزی پیاویان لە لایە، وەک ژنی خۆمان نین کە حورمەتی پیاویان لا نەماوە و دەیانەوێ لاسایی پیاوان بکەنەوە،... نە کاکی برا،... نە بەقوربان،... دەزانن پیاو عەوداڵی چییە و چی دەوێ. بە خوا برا ئەم کێرەی کە خوای گەورە داویەتی بە بێ ئافرەت ناژی،... نەوەڵلا ناژی..."

 

کاک شوکور

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کاک شوکور تەمەنی لە پەنجا لایداوە و، بە تەواوی سەرو ریشی سپی کردووە. تا ئێرە هیچ کێشیەکی ئەوتۆی نیە، ئەگەرچی سنووری پەنجای زۆر بەلاوە خۆش نیە. گەنجیەتی سەرەڕای هەموو وتەکانی کاک شوکور سەبارەت بە کورتیی تەمەن و هەوڵدان بۆ قبوڵکردنی، هێشتا بەلایەوە ئەوەندە خێرا تێپەری کە نەیدەتوانی باوەڕ بکا. ئەو بەڕاستی نەیدەزانی کە جگە لە خەیاڵ هیچی تر لە رابردوو نامێنێتەوە. ئەوەی بە دەم دەگوترێ و ئەوەی بە چاو دەبینرێ دوو شتی یەکجار جیاوازن. ئەو لەم راستیە تێگەیشتبوو کە تەنیا بە تێپەڕینی کاتە لە کات دەگەی. باقی قسەی قۆڕە و بەس. جاروبارەیش، بۆ ئەوەی دڵخۆشیی خۆی بداتەوە بە خۆی دەگوت "جا دونیا بۆ کێ مایەوە تا بۆ ئێمەیش بمنێنێ!"، یان دەیگوت "گرینگ ئەوەیە ژنی چاکم هەیە و، ساڵانی ساڵە پاڵمان بە یەکەوە داوە و لە خوا بەزیابێ بە پیریش هەروا پشتی یەکتر دەبین تا بزانین خوای گەورە چی دێنێتە سەر رێگامان."

بەڵام دۆعا و نزاکەی نەیگرت و، کتوپڕ ژنە چاکەکەی کە تەمەنی لە چل دا بوو، لێی عاسی بوو و لە پاش نزیکەی ساڵێک مشت و مڕ لێی جیابووەوە. کەل و پەلی خۆی هەڵگرت و رۆژێکی کۆتایی زستان بۆ هەمیشە جێی هێشت. رێک کاتژمێر دوانزەی نیوەڕۆ. دیارە کاک شوکور لای کەس باسی ئەوەی نەکرد کە چۆن چۆنی بوو ژنە چاکەکەی پشتی تێکرد و، بۆ هەمیشە جێی هێڵا. دەیگوت وەڵلا بابم ئافرەتی چاک بوو و هیچ گلەییم لێی نیە،... ئیترە وەهایە کە نەسازاین و تەواو. نەسازانیش کەس خراپ ناکا. مانای ئەوە نیە کەسەکان ئەوەن،... سەلیقە سەلیقەیە و تەواو!

کاک شوکور دڵ و دەروونێکی مەحکەمی هەبوو و، لەو کەسانە نەبوو نەهامەتی و خەمی رۆژگار ئەوەندە ئاسان راپێچی بدا و دەستەوئەژنۆ لە بن دیواری خەماندا بیخا. نا، بە پێچەوانەوە وەک دەڵێن گورگی باراندیدە بوو و دارە بیی نەبوو کە بە هەر بایەک بچەمێتەوە. وەک بۆ خۆیشی دەیگوت لە خوا بەزیا بێت لە پاش تەمەنێک کارکردن، خاوەن ماڵ و ژیانی خۆی بوو و موحتاجی نامەرد و دەست پانکردنەوە بۆ عیبادەلبەشەر نەبوو. کاک شوکور لە خانەی پیران و بەساڵاچووان لە شارێکی تا رادەیەک گەورەی دەورووبەری ئۆسلۆ کاری دەکرد و، هەر لەو شارەدا دەژیا و تەواو مورتاحیش بوو.

ئەو رۆژەی ژنەکەی رۆیشتبوو، بە تووڕەییەوە هاواری لێکردبوو دەی بڕۆ دەی، بزانە چۆن ژنی تر دێنمەوە و چۆن ناسکترین کچۆڵە دەخەمە باوەشی خۆمەوە،... بزانە چۆن چۆنی پشتت کرد لە بەختی خۆت و قوڕت کرد بە سەر چارەنووسی خۆتدا!

بەڵام ژنە لای لێ نەکردبووەوە و، رێگا، هەر بەو شێوەیەی لە خانووەکە هاتبووە دەر، قووتیدابوو و لە چاو ونیکردبوو.

کاک شوکور سەرەتا، سەرەڕای دڵتەنگیەکانی کە لە تەنیاییەوە دەهاتن، زۆر وەزعی خراپ نەبوو. تووڕەیی و لەخۆباییبوونەکەی وەها بوو کە هەستی پێنەدەکرد. دەچوو بۆ ئیش، ئارامیی ناو ماڵ لە دووای دەمەقاڵەکانی ئەم دووایە و جاروبارەیش سەردانی ئەم برادەر و ئەو برادەر کردن بە ماشینەکەی کە لە شاری تر دەژیان، بە لایەوە خۆش بوو. بەڵام پاش ماوەیەک هەستی بە نائارامی لەشی کرد و، شەوانە تامەزرۆی بۆن و لەشی ئافرەت دایدەگرت. هەر لەو کاتەدا ئافرەتێکی لە تەنیشتدا بووایە، بەسی بوو. ئیتر گرینگ نەبوو لە چ جۆرێکی. تەنانەت سەرەڕای هەموو تووڕەییەکانی لە ژنەکەی، دەیشیتوانی دەست لە ملانی ئەویش بێتەوە و ئەو شەوە تا بەیانی خۆی تێ هەڵسوێ! شوکور گێنگڵی دەدا و لەبەر خۆیەوە وەک ورچی بریندار هاواری دەکرد و، دەیگوت "ئاخ بۆ ژنێک،... ئاخ بۆ سینە و مەم و ناوگەڵێکی گەرم،... ئاخ خ خ !... وەها گەرم وەک تەنوور بتسووتینێ،... هەڵتقرچێنێ!"

 کاک شوکور دەیزانی کە دەتوانێ ژن لە کوردستانەوە بێنێ، بەڵام ئەمە دەیخایاند و رەنگە چەندین ساڵیشی ببردایە. لە سەرێکی دیکەیشەوە لێرە لەم وڵاتە دۆزینەوەی ئافرەتێک بە دڵی خۆی ئەوەندەیش ئاسان نەبوو، بەتایبەت لەو تەمەنەیدا ئەمی تیا بوو، ئیتر ئافرەتی گەنج ئاوڕیان لێنەدەدایەوە و بەتەمەنەکانیش ئەوەندە ئاسان نەدەچوونەوە حاڵ و هەوای جارانی گەنجیەتییەوە. حسێب و کتێبیان زۆر بوو.دەیزانی دەبووایە ماوەیەکی زۆر سەرف کا بۆ ئەوەی دڵیان نەرم کا و، متمانەیان بەدەست بێنێ. ئەمەیش بۆ ئەو کە هێشتا بە دەست زمانەوە دەیناڵاند و نۆروێژییەکەی باش نەبوو، یەکجار ئەستەم بوو. جگە لەمە خۆی گوتەنی کێر کە ئەقڵی نیە و خۆ ناتوانێ ئەم شتانە لێک بداتەوە! شوکور کتوپڕ هەستی بە گرانی و قورساییەکی سەیر لە سەرشانەکانی خۆی کرد. جەستەی ژن کە ئەوەندە ئاسان دەهاتە بەرچاوی، لەناکاو بوو بە خەیاڵ. وەها دوورەدەست دەینواند کە باوەڕی نەدەکرد. بە خۆی گوت "گێلە قەدری ژنەکەت نەزانی!... شوکور نەبووی!" بەڵام کە بیریشی دەکردەوە هیچ خەتایەکی وەهای لە خۆیدا شک نەدەبرد. هەر ئەوەندەی لەم ساڵانەی دووایی کتوپڕ زەوقی نەمابوو و، وەک بڵیی لە ناو ماڵەکەی هەر ژنی تیا نەمابێ. چاوی شوکور ژنەکەی نەدەبینی.

بڕیاری دا بچێ بۆ باڕ، تا بەڵکو شتێکی بۆ هەڵکەوێ. ئەو بە حەیاتی رووی نەکردبووە شوێنی وەها، بۆیە سەرەتا بە کزەکز و بە نادڵنیاییەوە خۆی پیاکرد. پاش ئەوەی دیتی کەس کاری پێی نیە، لە گۆشەیەک دوور لە خەڵکی دانیشت و لە دەورووبەری ڕوانی. لە ناو گرمەگرم و دەنگی یەکجار بەرزی مۆسیقا و بۆنی توندی خواردنەوە و ئارەقەی لەشی سەماکەراندا کە شێتانە خۆیان بادەدا، هەتا درەنگان دانیشت بە بێ ئەوەی کەسی دەستکەوێ. وەک بڵێی کەسێک بە ناوی شوکور هەر نەیشبێ. چاوی کەس کاک شوکوری نەدەبینی. سەرئەنجام بە نامرادی هەستا و رۆیشت. لە سەر رێگای ماڵەوە بە تووش ژنێکی چل پەنجا ساڵانەوە بوو، دانەیەکی ناشیرین کە جوان دیار بوو دەرمانخۆرە و، بۆساردێکی یەکجار ناخۆشیشی لێوە دەهات. ژنە رووخۆش بوو، دەنگی شوکوری دا و لەگەڵیا کەوتە قسەکردن. کاک شوکور ئەوەندە تامەزرۆ بوو کە لەگەڵ خۆی بردییەوە بۆ ماڵەوە و ئەو شەوە خۆی لێدا، بەڵام هەتا یەک هەفتە کاتێک بیری لێدەکردەوە هێڵنجی دەدا و تەبیعەتی بەتووندی تێکدەچوو. سوێندی خوارد بە حەیاتی روو لە شوێنی وا نەکاتەوە.

کاک شوکور سەرئەنجام هاتە سەر ئەو قەناعەتەی رووبکاتە لەشفرۆشەکان و بە پوڵ و پارە خۆی بگەیەنێتە لەشی گەنجی ئافرەتێکی جوان. ئەو هەر چۆنێک با دەبووایە خاترەی ناخۆشی ئەو ژنە پیسە لە بیر خۆی بباتەوە و دڵ و دەروونی خۆی وەک جاری جاران لێبکاتەوە. بەڵام هەرچی کرد بینی بۆی دژوارە. خۆی پێ رازی نەدەکرا. ئەوسا بەخیلی بە تاکسی شۆفیرەکاندا هاتەوە. بیستبووی کە لەم بارەیەوە وەزعیان باشە و بە کەیفی خۆیان شتی باش باش دێتە سەر رێگایان. رێک لەم کەین و بەینەدا بوو کە یادی ژنەکەی خۆی کردەوە و، شەوێک بە خۆی گوت "کوڕە چش دونیا ئەوە ناهێنێ، بەڵکو بتوانم دڵی چاک بکەمەوە،... جا شەڕ چییە،... هەموو کەس شەڕی دەبێ و تەواو." بۆیە دەستی برد، تەلەفۆنەکەی هەڵگرت و لە پاش بیرەبیرەیەکی زۆر سەرئەنجام زەنگی لێدا. بەڵام نەک تەنیا کەس وەڵامی نەدایەوە، بەڵکو هەستی کرد جەڕەسەکەشیان لێ قەتع کرد. شوکور وای لێکدایەوە رەنگە ژنەکەی بە هەڵە دەستی پیانابێ و، بۆیە جارێکی تریش زەنگی دایەوە،... ئەمجارەیش هەر بە شێوەی پێشوو تەلەفۆنەکە قەتع بوو.

نیوەشەو بوو کە لەناکاو لە خەو بەئاگاهات. هەستی کرد ئەوەندە تامەزرۆی جەستەی ئافرەتە کە چیتر تەحەمولی نەماوە. رابوو. چوو بە ناو کەل و پەلی ژنەکەیدا گەڕا کە بە هەڵکەوت جێمابوون. ئەو کەل و پەلانەی ئەو وەک نیشانەیەک بۆ گەڕانەوەی هاوسەرەکەی لێکی دەدانەوە. لە ناویاندا چەند تیکە جل و بەرگێکی دۆزییەوە و، لە پاش رووانینێکی زۆر دەستی کرد بە بۆن پێوە کردنیان. یەکێک لە جلەکان کە فانیلەیەکی پەمەیی بوو لەگەڵ خۆی هەڵیگرت و بردیە ناو جێگاکەیەوە. بە دەم خەیاڵی جارانەوە کە لە ناو ئەم جێگایەدا بە درێژایی ١٣ ساڵ لەگەڵ ژنەکەی جووت ببوو، دەستپەڕێکی بۆ کرد و لە کاتێکا بە توندی هەناسەی سوار ببوو، جەستەی تەواو نیشتبووە سەر ئارەق و دڵی شێتانە لە سەر هەزار لێی دەدا، خەوێکی قووڵ بردیەوە.

هەتا دوو هەفتەیەک لە دووای ئەم دەستپەڕە، وەزع خراپ نەبوو. چاوی، دونیای دەبینییەوە و وەک جاران کارەکانی رادەپەڕاند. زۆر گوێی نەدەدایە ئافرەتان و بگرە وەک بڵێی هەر نەشبن! کاک شوکور ئەمەی وەک لایەنی بەهێزی کەسایەتی خۆی لێکدەدایەوە و بە خۆی دەگوت ئا پیاو دەبێ ئاوا بێت! بەڵام کەمکەم چووەوە سەر حاڵ و هەوای جاران و ئەمجارە بەهێزتر لە هەمیشە جەستەی داوای ئافرەتی کردەوە. لە کاتێکدا بە تەواوی رقی لە خۆی دەبووەوە، چووەوە سەر موبیلەکەی و لە دووای سیرچکردنێکی زۆر بە خۆشییەوە ئامجارە بەسەر سایتێکی ئافرەتە لەشفرۆشەکان بە ناوی 'رئال ئێسکۆڕت' دا کەوت. بە بینینی ئەو هەموو ئافرەتە جوانە تەواو سەری سوڕما. باوەڕی نەدەکرد. شوێنی نیشتەجێ بوونی زۆربەیان لە ئۆسلۆ بوو و، بەڵام خۆشبەختانە ئادرەسی سیانیان لە شارەکەی ئەمدا بوون. زەنگی بۆ یەکیان لێدا، لەگەڵی سازا و بەپەلە سوار ماشینەکەی بوو و رووی کردە ماڵەکەی. بەڵام کاک شوکور لە گەڵ ئەوەی زۆر تامەزرۆ بوو، بینی کە جەستەی لەگەڵ حەزی دەروونی رێ ناکا. هەناسەیەکی سەیری سوار ببوو و دڵی لە سەر هەزار لێی دەدا. کێری نەک تەنیا بۆ هەڵنەدەستا، بگرە سیستر لە هەر کاتێکی تر خۆی لە ناو لینگی دا قوفڵ کردبوو و بە هیچ کلۆجێک نیازی خۆ رەهاکردنی نەبوو. ژنە لەشفرۆشکە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی ئۆرووپا بوو، ئەویش هەوڵی خۆی لەگەڵ دا کە هیچ سوودێکی نەبوو. کاک شوکور پارەکەی دا و بە دڵشکاوی لە خانووەکە کە ئاپارتمانێکی قەدیمی و کەمێک تاریک بوو، هاتەدەر. لە رێگای ماڵەوە هەستی بە سک ئێشەیەکی سەیر لە لا سەرووی میزەڵدانەکەیدا کرد. بۆ ئەوەی لە دەستی قوتاری بێت، خۆی کرد بە حەمامدا و دووشێکی گەرم و خۆشی بۆ گرت. بەڵام ژانەکە هەر لەوێدا بوو، بگرە هەتا دەهات زیاتر هەڵدەکشا و تەنانەت لە ناو جێگاکەیشیدا لە ژێر لێفەکەدا هەر نەڕەوییەوە. بە دەم ژان و خەیاڵی جەستەی ژنە لەشفرۆشەکەوە کە یەکجار جوان بوو، هەوڵیدا بە دەست خۆی رەحەت کا کە ئەوەیش ئەنجامی نەبوو. هەرچی خۆی گووشی و خۆی هەڵگڵۆفی، بێ فایدە بوو. رێک لەو کاتەدا کە دەبا رەحەت بێت شتێک لە جەستەیدا بە هەڵە دەردەچوو و ریسەکەی لێ دەکردەوە بە خوری! کەس نازانێ چۆن خەو بردییەوە، بەڵام کاتێک خەبەری بووەوە نزیک یەکی نیوەڕۆ بوو. ئازارەکە نەمابوو و ئەمە زۆر خۆشحاڵی کرد، بەڵام هاوکات هەستی بە حاڵەتێکی یەکجار ناخۆش دەکرد. بە خۆی گوت "ئاوا نابێت، دەبێ چارەیەک بدۆزمەوە!"

رۆژێک لە ماڵەوە بووم کە کاک شوکور زەنگی دا و گوتی فڵان کەس تکایە دەتوانی هەندێ ڤاکتم لەگەڵ بگۆڕییەوە؟ گوتی دەمەوێ بچم بۆ سەفەر و نیازم پێیەتی. لە پاش هێنان و بردنێکی زۆر سەرئەنجام توانیمان دوو رۆژی کاری خۆم لەگەڵ دوو رۆژ کاری خۆی کە بۆ گۆڕینەوە دەگونجان، بدۆزینەوە. زۆر سوپاسی کرد و گوتی دەینێرێ بۆ مودیر بەڵکو پێی رازی بێت.

راستییەکەی ئەوە بوو من ئاگام لەوە نەبوو کاک شوکور لە ژنەکەی جیاببووە. رۆژێک کە دەچوومە سەر کار، لە شوێنی پارککردنی ماشینەکان بینیم. کاک شوکور وەک جاران نەبوو و، بە سەرو وەزعێکی ئاڵۆز و نەتاشراوەوە بینیم. قژ و ریش و سمێڵی سپی لێک ئاڵابوون و، تابڵۆیەکی تەواو چەرمگیان رازاندبووەوە. راچڵەکام. زانیم شتێک هەڵەیە، بەڵام هیچم نەگوت و وەک هەمیشە بە گەرمی چاک و چۆنیمان کرد. گوتم ئەرێ کاکە نەڕۆیشتی. بە خێر کەی سەفەرەکەت دەکەی؟ گوتی کاک لەتیف گیان ئەرێ مەگەر بۆ خۆت ڤاکتت لەگەڵ نەگۆڕیمەوە، ئەی بێ قەزابی چۆن وا خێرا لەبیرت چووەوە؟ پێکەنیم و گوتم وەڵڵا پیری و هەزار عەیب. گوتی خێر لە سەر رێگا بێت دوو هەفتەی دیکە دەڕۆم و،... یاڵڵا و یا عەلی!

من کە تەنیا چەند دەقیقەیەک کاتم هەبوو و، دەبوایە خێرا بچمە سەر کارەکەم، نەگەیشتم ماڵئاوایی لێ بکەم کە کتوپڕ بە حاڵەتێکی هەڵچووەوە گوتی:

ـ "ئەرێ کاک لەتیف گیان! لێت شاراوە نەبێ لە ژنەکەم جیابوومەتەوە، (لێرەدا ویستم تەئەسوفی خۆم دەرببڕم کە دەرفەتی نەدامێ، وشە و رستەکان وەک تیسکەی تفەنگ لە زارییەوە خۆیان کرد بە دەرەوەدا)، ئیتر ژنە و وای پێ خۆش بوو و منیش دەستم نەهێنا سەر رێگای و... تەواو. وتم بە کەیفی خۆت، عیسا بە دینی خۆی و مووسا بە دینی خۆی. لە خوا بەزیا بێت سێزدە ساڵ پێکەوە بووین، بە خوا بێ حورمەتیم قەت پێ نەکرد و هەمیشە لە سەر سەر و لە سەر چاوانم دادەنا، بەڵام ئیدی ئاوای پێخۆش بوو. خۆ بۆ خۆت چاکتر دەزانی کاک لەتیف گیان کەس بە زۆری راگیر ناکرێ، زەمانی قەدیم نەماوە مێرد گۆپاڵی بەدەستەوە بێت و ژن نەوێرێ بجووڵێتەوە، ئەرێ وەڵڵا کاکی برا... عەیبەیش کە نەماوە،... پەردەی حەیا دراوە"

لێرەدا فورسەتێکم گیرهێنا و، گوتم:

ـ "هەر زۆرم پێ ناخۆش بوو کاک شوکور گیان! جا چۆن شتی وا دەبێ! جا کاکی برا بۆ دەنگت نەکرد! ئێ برایەتی و دۆستایەتی بۆ رۆژێکی وەها باشە و، ئیستایش گەر ئیزنت لە سەری بێت با بچم و قسەیەکی خێری تیا بکەم، بەڵکو پێکتان بێنمەوە و دۆخەکەتان چاک بکەینەوە؟"

ـ  "نەوەڵڵا کاکە گیان،... بە قوربانی چاوەکانت بم،... نا نا تازە لەوە دەرچووە... چیدی کەڵکی نەماوە."

من کە خەمی کاتم هەبوو و، نەمدەزانی چۆن چۆنی خۆم لەو دۆخە قوتارکەم، بە ئارامی چەند هەنگاوێکم هەڵگرت کە کتوپر دەنگی شوکور تەواو گۆڕا. بە دەنگێکی بەرز و گڕ و تووڕەوە گوتی:

ـ "کاک لەتیف گیان بە ئێمە دەڵێن پیاو، ئێمە پیاوین پیاو، وا نیە! کاکی خۆم پیاویش کێری پێوەیە کێر!... وانیە؟ کێریش داوای خێر و بێری خۆی دەکا و خزمەتی دەوێ، خزمەتی نەکەی پەرێشانت دەکا و ژیانت لێ دەکا بە چەرمی چۆلەکە! لە خوا بەزیا بێت و گەر کوفر نەبێت ئەمە ئیتر ئیرادەی حەق تەعالایە و خۆی وەهای داناوە. ئێمەی مەخلوقیش جگە لە دەستەوەستانی و ملکەجبوونی ئیرادەی ئەو خوا گەورەیە چمان لە دەست دێت؟ بێگومان هیچ... کاک لەتیف گیان! ئەو دوو رۆژەم لە گەڵ جەنابت گۆڕییەوە بۆ ئەوەی ئیجازەکەم ببێ بە دوازدە رۆژ، ئا لە دەوە بۆ دوازدە، دەمەوێ بچم بۆ 'ریگا' پایتەختی لات... لاتڤی یا،... تێدەگەی ریگا. تۆیش هاوڕێ و خۆشەویستی خۆمی، برای بەڕێزی، دەچم بۆ گانکردن،... دەڵێن خۆشە، ئافرەتی سورو سپی و خز و لووسی باشی لێیە، باش خزمەتی کێر دەکەن و رێزی پیاویان لە لایە، وەک ژنی خۆمان نین کە حورمەتی پیاویان لا نەماوە و دەیانەوێ لاسایی پیاوان بکەنەوە،... نە کاکی برا،... نە بەقوربان،... دەزانن پیاو عەوداڵی چییە و چی دەوێ. بە خوا برا ئەم کێرەی کە خوای گەورە داویەتی بە بێ ئافرەت ناژی،... نەوەڵلا ناژی..."

کە من پەلەم بوو و نەمدەزانی چی بکەم، چەند هەنگاوێکی ترم نا، ئەمجارەیان بە ئاشکراتر، بەڵام شوکور هەر بەردەوام بوو:

ـ "ئەوە ئەو گەوادە خۆ ئاوقای ئۆکرایین بووەو دایکی ئەو وڵاتەی گاوە! ئەگینا دەڵێن ئەوێ بەهەشتە ئەوێ، ئۆکرایین دەڵێم،... دەڵێن ئەوەی ئافرەتی ئۆکرایینی لە گەڵ کێر دەیکا، هیچ مەخلوقێکی مێینەی تر لە سەر کورەی زەوی نایکا، دەیمژن کە دەیمژن! بە خوا برا من رێزم بۆ ژنەکەم هەیە، بە خوا براگیان ژنی چاک بوو، لە هیچ شوێنێک نامەوێ زەمی بکەم، جیابوونەوە نیشانەی خراپ بوونی کەس نیە، تەنیا ئەوەندەی کە موشکیلەی ئەم کێرە دەبێ چارەسەر بکرێ، بە حەمد و قووەتی خوایش چارەسەری دەکەین، ئەم خوایە خۆی رێگاکان دەبینێتەوە،... ئا بزانە چۆن لە دووای ئۆکراین دەروازەی 'ریگا'ی کردووەتەوە. خوا یار بێ دوازدە رۆژ لەوێم و دوازدە گانی مزری بۆ دەکەم. هەرچەند دەڵێن هەڕەشەیشی لەوێ کردووە، دوعا بکە ئەتۆمێکی پیا نەکێشێ تا من دێمەوە، تا ئەم کێرە بەستەزمانە بە ئاواتی خۆی دەگەیەنم،... ئا دوعای بەخێرم بۆ بکە کاک لەتیف گیان، تۆ پیاوێکی بەڕێزیت و خوای گەورەیش لێت رازیە، دەنگت دەڕوا، تکایە دوعای بەخێرم بۆ بکە. وێرانم،... بە خوا ئیستایش خۆشم دەوێ، نازانم بۆ رۆیشت،... لەم ئەخیرەدا. تۆیش برا و کەسی خۆمی باش کێرم هەڵنەدەستا، پێم وابێ لەبەر ئەمە رۆیشت،... بە خوا برا لەو کاتەوە رۆیشتووە کیرم هەستاوەتەوە، ئەو شەوە زەنگم بۆ دا ئەمەی پێ بڵێم،... چبکەم هەڵینەگرت، هەڵیگرتایە رازیم دەکرد، دەزانم ئەویش وەیلانە و ئیستا لە ناو جێگادا گێنگڵ دەدا،...

من ئەمجارە پاشە و پاش هەنگاوم هەڵێنا و،... هەتا گەیشتمە دەرگاکە هەر لێم رووانی و گوێم لێ گرت و ئەویش پێ بە پێی دوورکەوتنەوەی من زیاتر دەنگی هەڵدەبڕی. نە ئەو وشەیەکی بۆ گوتن لە خەسار دا و، نە منیش کەلیمەیەکم بۆ گوێگرتن لە کیس دا.

کە لە دەرگاکە ئاودیو بووم، لە بەر خۆمەوە گوتم تا دوو هەفتەی تر زەمەنێکی زۆرە، خوا دەزانێ چی دەبێ،... رەنگە سوورە و خڕەی مۆسکۆ بە بۆمبێک ئەوێیشی لێ تێکبدا!

دەنگی هەر دەهات. باش بوو هەر من و ئەو کوردیمان دەزانی:

ـ "بە خوا ماڵەکەیشم بەناوی خۆیەوە کردبوو، کەچی نەیوست و رۆیشت، بە خوا برا قەحبەگایینیش گوناحە، تاوانە، خوای گەورە رای لەسەر نیە و دەمانخاتە جەهەننەمەوە،... بەڵام چ بکەم،... روبکەمە کوێ،... تۆ کارێکم بۆ بکە تۆ کاک لەتیف گیان تۆ!

لە ناو ژوورەکە هاوکارە نۆروێژییەکەم لەبەر کامپیوترەکەدا دانیشتووە. لا دەکاتەوە و بە تەعەجوبەوە دەڵێ:

ـ "هەی ڤا شێر؟"(Hei! Hva skjer?) ١

دەڵێم:

ـ ئینگێن تینگ، بارە فورتشێت مێ یۆببێن دین!"( Ingenting. Bare fortsett med jobben din!) ٢

 

ژێرنووس:

١ـ سڵاو، ئەوە چ باسە؟

٢ ـ هیچ، لە کاری خۆت بەردەوام بە!

گەڕان بۆ بابەت