ما 11768 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لێهاتوویی چیرۆک

یەکێک لەو شتانەی کە لە سەردەمی شەڕدا رەنگە باوی زۆر نەمێنێ، چیرۆکە. کاتێک شەڕ وەک رووداێکی ترسناکی گەورە کە ئەویش وەک چیرۆک دەستکردی مرۆڤە، سەرهەڵدەدا ئیتر کەمتر کەس روودەکاتە لاپەڕەکانی ئەم ژانرە ئەدەبییە بۆ ئەوەی بە یەکێک لە تواناکانی مرۆڤ لە بواری ئەفراندندا سەرسام بێت. شەڕ ئەو سەرسامکەرە ئەسڵی و سەرەکییەیە وا هەموو پانتاییەکە داگیردەکا.

گەر چیرۆک بە وشە و بە قەڵەم دەنووسرێ، ئەوا شەڕ بە زمانی چەک و کوشتن دەدوێ. گەر قەڵەم و وشە بە بێدەنگی دەدوێن، ئەوا چەک و کوشتن بە پێچەوانەوە. بەم شێوەیە چیرۆک لە ئاست ئەهریمەنی شەڕدا چۆک دادەدا.

بەڵام ئەوەی بۆ چیرۆک دەمێنێتەوە، گێڕانەوەکانی دوواترە لە هەمان شەڕ کە لە کاتی هەڵگیرسانیدا رێگای بە زمانەکانی تر نەدەدا. چیرۆک دەمێنێتەوە تا جارێکی شەڕ بگێڕێتەوە. بەڵام گێڕانەوەی ئەمجارە جیاوازە. چیرۆک بە شێوازی خۆی دەیگێڕێتەوە و وەهای شەرەمەزار دەکا کە لە هەراوهوریای جارانی خۆی دەخا. چیرۆک شەڕ لە داهاتوودا دەستەمۆ دەکا.

تەنیا ئەوەیکە گیانە دۆڕاوەکان و لەناوچووەکان ناتوانن بگەڕێنەوە. هەموو لێهاتوویی چیرۆکیش لەوەدایە کە سەرلەنوێ ئەوان بێنێتەوە ناو ژیان، ئەو ژیانەی وا فریانەکەوتن بژین و ئەهریمەنی شەڕ بۆ هەمیشە لێی ستاندن.

سایتی قەڵەم

١ی مانگی حەوتی ٢٠٢٢

گەڕان بۆ بابەت