ما 4110 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناڵە حەسەن

ئاگر لە پەرێزی خەونەکانم بەربووە

چاوەکانم و دەمارەکانی جەستەم وشکییان کردووە

پڕبووم لە گومان و لە تاریکی

بوون و یادەوەرییەکانم بیرنایەتەوە

نە سیماکان و نە ڕێگاکان و تەنانەت

شێوەی خۆیشم ناناسمەوە

 

سێ پیت لە پیتەکانی نائومێدی

ناڵە حەسەن

١        

ن / نەرم نەرم بم شێلە ئەی نائومێدی

بە ڕێنووسە ڕەشەکانی ونبوونم

بمکە بە ڕۆمانێکی درێژ

لەنێویدا

وردە شووشەکانی

ئاوێنەی بوونم کۆکەرەوە و

لەسەر ڕووی دەریاش

مانایەکی نوێ

بۆ ژیان و عەشق بنووسەوە

نەرم نەرم بم شێلە ئەی نائومێدی

بەداوە سپییە وەریوەکانی قژی خەونەکانم و

ڕەنگی کاتژمێرە وەستاوەکانی تەمەنم

یان بە پارچە خەڵووزێکی

خەمە ئاگرینە دۆزەخییەکانم و

سترێسە ترسناکە مەرگئامێزەکانم

تابلۆیەک بکێشە

لەنێویدا

بمکە بە باڵندەیەک و

لەئاسمانی نیشتیمانم بمفڕێنە

بمکە بە ڕێژنە بارانێک و

بەسەر باخچە و گوڵە ژاکاوەکان / بمبارێنە

ڕووبارەکانی ناو تابلۆکەت

پڕکە / لە فرمێسکی سەرگۆنای

منداڵە دەستفرۆشەکان

بمکە بە ژەمێ خواردن و لەسەر سفرەی

ماڵە هەژارێک دامبنێ

یان بمکە / بە چڕایەک  

لە شەقامێکی تاریک دامگیرسێنە

دەی / نەرم نەرم بم شێلە ئەی نائومێدی

 

٢

ئ / ئاگر لە پەرێزی خەونەکانم بەربووە

چاوەکانم و دەمارەکانی جەستەم وشکییان کردووە

پڕبووم لە گومان و لە تاریکی

بوون و یادەوەرییەکانم بیرنایەتەوە

نە سیماکان و نە ڕێگاکان و تەنانەت

شێوەی خۆیشم ناناسمەوە

لە دوورەوەش

ڕووناکییەکی ڕەش ڕەش دەبینم / ئەی نائومێدی

 

٣

د/ دەمەوێت دوورتر بڕۆم 

دوور دوور دوور

دوور لەژیان و لەمرۆڤ و لە ئاوەدانی

دوور لەپەرستگەکان و لە عەشق و لە ئاوێنەکان

دوور لە هەموو شتێک

لە شوێنێک

لەژێر کەپری تاریکیدا

بەرگی مرۆڤبوون لەخۆم دابکەنم

بەتاقی تەنێ / لەگەڵ شیعر هەناسە بدەم

لەدەفتەرێکیش

جوانییەکانی / باڵندەکان و درەختەکان و

ڕووبارەکان و ئەستێرەکان .. ڕەسم بکەم

دەی نەرم نەرم بم شێلە / ئەی نائومێدی ...!

 

   تەموزی ٢٠٢٢

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت