ما 1847 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

حەقیقەت وەک رەوت

حەقیقەتی رەها بوونی نیە. ئەوەی هەیە تەنیا بریتییە لە دەرکی قووڵتری مرۆڤ لە حەقیقەت. هەر بەم پێیە زانین رەوتە. رەنگە خاوەن سەرەتا بێت، بەڵام خاوەن کۆتایی نیە. ئەوانەی دەیانەوێ بە حەقیقەت بگەن دەبێ بزانن کە پێش لە هەر شتێک دەکەونە ناو رەوتێکی بەردەوام و بێکۆتایی لە بە دوواداچوونی حەقیقەت.

بۆیە گرینگە کراوە بین. گرینگە لە هیچ شوێنێک هەدانەدەین و پێمان وا نەبێ ئیتر گەیشتووینەتە خاڵی کۆتایی. ئەمە تەنانەت یەک بابەتیش دەگرێتەوە و تەنیا پێوەندیی بە هەموو بوونەوە نیە. بە واتایەکی تر یەک شت یان دیاردەیەک دەتوانێ خاوەن حەقیقەتێک بێت رەوت ئاسا.

کاتێک باوەڕمان بە حەقیقتی موتڵەق هەبێ، ئەوا لە شوێنێک رادەوەستین. ئیتر بە شوێن ناسین و لێکدانەوەی زیاتر نین. دۆگم و چەقبەستوویی بە سەرماندا زاڵ دەبێ و مل دەدەینە ئەوەی هەیە. حەقیقەتە ئایدۆلۆژییەکان لەم چەشنەن. دەگەنە شوێنێک کە پرسیارکردن قدەدەغەیە. بەتایبەت ئایین کە شوێنی پاڵدانەوە بە زاتێکی ئەبەدییە کە لامان وایە نەگۆڕە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ ناسینی زیاتر دەبێ گومان و پرسیارمان لا دروست بێت سەبارەت بە هەمان شت کە لامان وایە بە گوێرەی پێویست ناسیوومانە.

دیارە ئەمە دڵەڕاوکێ دەبەخشێ. بێ قەرارمان دەکا. بەڵام گەر دەمانەوێ توانا ئینسانییەکانی خۆمان بخەینە گەڕ، ناچارین مل بدەینە ئەم کارە. لە راستیدا ئینسانبوونی ئێمە وەک بوونێک کە دەیەوێ لە رەوتدا خۆی بسەلمێنێ بەتەواوی پێوەندی بەم بابەتەوە هەیە.

١١ی مانگی حەوتی ٢٠٢٢

گەڕان بۆ بابەت