فەیلەسوف کێیە
فەرەیدون هیرانی
فەیلەسوف: منداڵێکە نە گەورە دەبێت و نە بەهۆی پرسیارە زۆرەکانیەوە فێر دەبێت، بەرزیەتی مەقامی فەیلەسوف درک کردنیەتی بەنەزانی خۆی و تەونی جاڵجاڵۆکەیی حەقیقەت.
ڕوحی فەیلەسوف هەڵگری لێبووردەیی و چاکەخوازی و گەڕیدەییە، بۆیە هیچ وەڵامێک کۆتایی پرسیارەکانی ئەو نییە و لەناو کۆتا وەڵامدا هێشتا دەپرسێت (کۆتا وەڵام چییە؟)
فەیلەسوف خاوەنی سەربەخۆیی فیکرە و لەژیر کاریگەری حیکایەتەکاندا نابێت بە فاڕگۆنی هیچ شەمەندەفەرێک، فەیلەسوف پەیامبەری عەقڵە و شەریعەتەکەی بریتییە لەپێکەوە ژیان و نەهێشتنی جەنگی باوەڕ و پێناسەکان، فەیلەسوف هەڵگری وەحی باڵایە و لەمرۆڤ بوونی خۆی دوورناکەوێتەوە. هەر ئەم ئاوێتەبوونەی مرۆڤبوونییەتی کە وا لەمورید گەلێکی هۆشیار دەکات ئالودەی دونیابینی و بۆچونە جیاوازەکانی بن.
فەیلەسوفی پلەو پۆست نیە بەڵکو تەنیا هەڵگری ڕوحی مرۆڤ بوونە و وانەی مرۆڤایەتیش بەکۆمەڵگاکان دەڵێتەوە، ئەو گوڵانە دەردەخات کە تەپ و تۆزی ڕق و کینە لەناخی وون بوەکان دایپۆشیوە.
هەر ئەمەشە وا لە فەیلەسوف دەکات بەبینینی ژنێکی دەربەدەر، مرۆڤێکی برسی، منداڵێکی دەستگێڕ و پیرەپیاوێکی هەژار، کچێکی زیندانی کراوی نەریت، ڕوحی هاڕمۆنی کاردانەوەی بەئاگر ببێت !