ما 3062 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نیاز بە چیرۆک

راستی مرۆڤ بۆ عەوداڵی گێڕانەوەی چیرۆکە؟ بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە زانست و زانیاری گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی  و مرۆڤ دەتوانێ لە رێگای ئەوانەوە وەڵامی گەلێک پرسیار بدۆزێتەوە. بۆ ئێمە هێشتا چێژ لە چیرۆک وەردەگرین و، پێویستمان بە گێڕانەوەیە؟

چیرۆک کە سەرەتاییترین جۆری رووانینی مرۆڤە بۆ جیهان و، لە رێگای ئەوەوە ئینسان توانیویەتی وەسف و راڤەی جیهان دەست پێبکات، بێگومان هەنووکەیش لەم رۆڵ و ئەرکە گرینگەی خۆی نەکەوتووە. راستە ئەو زانیاری و ناسینەی ئێمە لە رێگای چیرۆکەوە بەدەستی دێنین جیاوازە لە زانستەکانی تر، بەڵام هێشتا مرۆڤ نیازی پێیەتی.

سەرچاوەی ئەم نیازەیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە لە زانستدا مرۆڤ و جیهان تا ئاستی بە شت بوون دادەبەزن، بەڵام لە زانستی ناو چیرۆکدا مرۆڤ سنوری شتیەتی دەبەزێنێ و بە جۆرێکی تر خۆی و دەورووبەری دەداتە بەر لێکدانەوە. بە واتایەکی تر لە چیرۆکدا مرۆڤ دەبێ بە ئۆبژە و بوونەوەرێکی زیندوو و کاریگەر کە بە شێوەیەکی زیندوو و چالاک لە گەڵ حەقیقەتی خۆی رووبەڕوو دەبێتەوە. لە چیرۆکدا ئۆبژە لەگەڵ ئۆبژە بە شێوازی ئۆبژە مامەڵە دەکا.

بەم شێوەیە جۆرێکی تر لە راستی و لە حەقیقەت شکڵ دەگرێ کە لەوەی زانست جیاوازە. هەتا ئەم شێوازە لە حەقیقەتیش هەبێ کە مرۆڤ لەگەڵ لایەنێکی تری خۆی ئاشنادەکا، ئەوا مرۆڤ دەستەداوێنی چیرۆکە.

سایتی قەڵەم

٣١ مانگی ئۆگۆستی ٢٠٢٢

گەڕان بۆ بابەت