ما 7813 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێشەواکاکەیی

شیعر ماڵی ژیانە، خۆی توانای ڕاگرتنی پایەکی ماڵۆچکەکەی هەیە، ئەوە قودرەتی خودی ژانری شیعرە کە وای کردووە زمانەکەی لە زمانەکانی تر پڕ تەڵیسماویتر و وزەبەخشتر بێت، دەتوان جیهان لە خۆیدا قووت بدات، هەر بۆیە سیستەمەکانی تر شەڕی ئەوەیانە چۆن شیعر قووت بدەن تا زمانیان تەڵیسماویتر بێت. 

 

چۆن لە کولتوورسازیی شیعر بگەین

وەک پێشەکییەک

پێشەواکاکەیی

یەکێک لەو هەوڵانەی کە دەمەوێت لە شیعردا ڕۆڵی پێ بدەم، کارکردن بووە لە هەمبەر کولتوورسازیی و پێکەوەگرێدانی کولتوورەکان، کە چۆن قەبوڵیان بکەم وەک خۆیان و چۆنیش و لە کوێدا ڕەخنەیان بکەم لە چوارچێوەی ئەوەی خۆیاندا، نەک بنکۆڵکردن و ڕووخاندنی تەواوی «ئەویدیکە» بە «ئەمیدیکە». تێگەییشتن لە شیعر لەم کارنامەیەم دا، (کە لە داهاتوویەکی نزیکدا، پێش چاپکردنی گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا، کارنامەی «شیعرەڕێی گەلدۆزی» بڵاو دەکرێتەوە کە دووەمین کارنامەی شیعری منە، لەدوای کارنامەی «شیعرەڕێ»ـوە!) هەوڵی ئاشتی و بانگەشەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەدات لەسەر بنەمای میراتی ئەفسانە و مێژوو و داب و نەریتی کولتووری گەلان لەناو بازنەی خۆیاندا، هەم ڕەخنەکاری و هەم بنکۆڵکاری تێدا بکەین و هەمیش دەریچەیەکی تر بە ڕووی ئەواندا بکەینەوە. ڕۆڵی شیعر لەو پەیوەندییەدا، بەو پێیەی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێیەمی پێش زایین و لە لایەن حەکیمان و فەیلەسووفانەوە کاری بونیادی لەسەر کراوە و بۆ سەر زمانی کەتوار وەرگێڕراوە، ئەوەیە کە ئەوان هەوڵیان داوە بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکانیان و ڕەخنە و بنکۆڵکاری و نیشاندانەوەی خۆیان. هەروەها، نێوەندگیریان کردووە لەسەر بنەمای زمان و ئایین و نیشتمان و پێکەوەژیانیان کە شیعر ماڵەکەی بوون بووە بۆیان. 

شیعر لە کولتوورسازییدا، پەیامی بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی و برایەتی و ئاشتییە لە نێوان هەموو ئەندامانی کۆمەڵگاکاندا، بەبێ گوێدانە بۆچوون و بیروباوەڕ و زمان و نەتەوە و گەل و هۆز و تیرە جیاوازەکانیان. ئەم بانگەواز و فێرکارییە، بۆ گەیشتن بە یەک ئامانج دەستی پێکردووە، ئەویش ڕۆڵی ئاشتی بگێڕێت و مرۆڤەکان لە دابەشبوونیان لە نێوان خەڵکاندا دوور بخاتەوە. یان بە مانایەکی دیکە، ئەگەر ئەم ڕۆڵەش نەگێڕێت، ئەوەی هەیە قەبوڵ بکرێت وەک ئەوەی هەیە نەک بسڕێدرێتەوە له پێناوی ئەمیدیکەدا.

جیاوازی نێوان مرۆڤەکان لە بیروباوەڕ و کولتوور و ئایدیاکاندا پرسێکی سرووشتییە و نابێت ببێتە هۆکاری کێشە و شەڕ و لێکترازان، بەڵکوو دەبێت ببێتە مایەی هێز بۆ مرۆڤایەتی، چونکە ئەم جیاوازییە لە کولتوورەکاندا دەرەنجامی ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و زیادکردنێکی گرنگە بۆ میراتی فیکری و کولتووری و شارستانیێتی کۆمەڵگاکان، وەک چۆن دەبێت کولتووری ئاشتی هەبێت وەک کەتوارێک لە کۆمەڵگادا، کە حوکوومەتەکان لە پلەی یەکەمدا دەیگرنەبەر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمە یەکێکە لە ئەرکە دەستوورییەکانیان، وەکوو (خۆشەویستی، لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە). هەروەها، ڕەتکردنەوەی لێبوردەیی لە نێوان ئایین و داب و نەریت و ڕەگەز و زمان و گەلەکان... بیرکردنەوەمان بۆ ئازادی تەسکتر دەبێتەوە، بۆ تێگەییشتن لە ئازادی دەبێت لە «ئازادی ئەوانیدیکە»ش بگەین.

شیعر وەک کولتوورسازیی، ڕوانین و ڕۆچوونە، گەڕانە بە دوای شتە هاوبەشەکاندا و هەوڵدانە بۆ بەهێزکردنیان لەنێو  تاکەکان و کۆمەڵگاکاندا و ئاوێتەکردن و ئاشناکردنە بە ئەوانیدیکە. هەوڵی لەناوبردنی شەڕ و جەنگ دەدات لە نێوان تاکەکان و کۆمەڵگاکاندا، لەسەر بنەمای نێونەتەوەیی و مرۆڤخوازی و زمان وەک هەر بوونی ماڵێک و وەک هەر هەبوویەک کە بوون و هەبوون بێنێتە ناو کەیەی شیعرەوە و شیعر لە ڕێی کولتوورسازییەوە فڕێی بداتەوە ناو ماڵی زمانەوە. ئەمەش لە ڕێی بیرکردنەوە لە زمان دەکرێت، بەو پێیەش [ زمان وەک ماڵێکی سەربەخۆ] نەک [زمان وەک ماڵێکی سەپێنراو]. بۆیە زمان لە ماڵی خۆیدا حەوشەی خۆی پاک دەکاتەوە تاکوو كولتووری ئاشتی بە هەموو ئایدیاڵە مرۆییە بەرزەكانیەوە بگێڕێت بۆ ئەوەی بەشداری بكات لە بونیادنانی نەوەیەكی نوێ كە هەموو جۆرە شەڕ و جەنگێک ڕەت بكاتەوە و ئاشتی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ هەموو ئەندامانی كۆمەڵگە مرۆییەكان بڵاو بكاتەوە، بەبێ گوێدانە ئایین و کولتوور و ئارەزووەکانیان. هەتا هەموان بە خۆشەویستی و ئاسایش و ئارامییەوە بژین.

هیچ شتێک بۆ مرۆڤایەتی نەماوە بە هۆی ئەم جیهانەی ئەمڕۆ کە مرۆڤەیاتی تێی کەوتووە، جگە لە گوتاری کولتوورسازیی و بە تایبەت شیعر، کە تا ئێستاش بە دوای ئەو هاوبەشە مرۆییە مۆدێرنەدا دەگەڕێت بۆ ئەو کاریگەرییەی کە بەرەنگاری ئەم گۆڕانکاریانە دەبێتەوە. بابەتەکانی وەک ئاشتی و خۆشەویستی و ڕەتکردنەوەی ڕق و کینە و ئەوانی تر بابەتگەلێکی مرۆیین کە تا ئێستاش شاعیران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.

شیعر ماڵی ژیانە، خۆی توانای ڕاگرتنی پایەکی ماڵۆچکەکەی هەیە، ئەوە قودرەتی خودی ژانری شیعرە کە وای کردووە زمانەکەی لە زمانەکانی تر پڕ تەڵیسماویتر و وزەبەخشتر بێت، دەتوان جیهان لە خۆیدا قووت بدات، هەر بۆیە سیستەمەکانی تر شەڕی ئەوەیانە چۆن شیعر قووت بدەن تا زمانیان تەڵیسماویتر بێت. لەبەر ئەوە، شیعر توانای هەیە کە کەلێنی نێوان زۆرێک لە دژیەکەکانی جیهان کەم بکاتەوە، و پێگەیەکی بەرز و باڵا بە مرۆڤایەتی ببەخشێت.

ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە شیعر بە درێژایی مێژووی خۆی بەها مرۆییەکان شکۆمەند دەکات و ڕووبەڕووی قێزەونەکان دەبێتەوە، تا شیعر بۆ هەمیشە «جیهانێکی جیهانگیری» بە خۆی ببەخشێت 

٭ لە پێشەکیی [چۆن لە شیعری کولتوورسازیی بگەین] پڕۆژەی کتێبەکە لە داهاتوودا دێتە بەرهەم.

 

گەڕان بۆ بابەت