هاوڕێ نەهرۆ
ئەگەر ئاوڕێکی حزبەکانی لای خۆمان بدەینەوە ئەوە زیاتر دوست و لایەنگرەکانیان لەسەر بناغەی سۆز پەروەردە دەکەن، سۆز بۆ سیمبولەکانی حزب، سۆز بۆ شەهیدەکان، سۆز بۆ سەرکردەکانی .سۆز بۆ میژووی حزب، لە نێو فەزاو ئەتموسفێری سۆز دا ئەندامی حزب لە سروت وسیرمۆنی یەکی ئاینی رۆژانە دەژێ
پەروەردەی ئایینی لە ناو حیزبەکاندا
هاوڕێ نەهرۆ
بێگومان حزب ئامرازە بۆ رزگاری چینیک یان نەتەوەیەک، بەرنامەو پەیرەوی ناوخۆی هەیە، بەرنامەکەی لایەنی دوورو نزیکی هەیە وەک قوناغی دیموکراسی و سوسیالیزم بۆ نموونە لای حزبە کومونیستەکان، هەروا پەیرەوی ناوخۆشی هەیە وەک میکانیزمی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێو ئەندامانی دا و چونیەتی بەستنی کونگرەو کونفرانس و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات. لێرەدا حزب دەبێتە ئامرازێکی ئورگانیکی و دامەزراوەیی. لە راستی دا نابێ حزب و دەسەڵاتی حزب لە کەسێکی دیاریکراو بەرجەستە بکرێ بەناوی میژووی تێکۆشان و بوونی کاریزما لە کەسایەتی یی دا، لەبەر ئەوەی ئەم تێروانینە زەمینە خۆش دەکا بۆ هاتنەکایەو پەیدا بوونی دیکتاتۆر، لە میژووی میللەتان دا نموونە زۆرە وەک نازیەکان و فاشیەکان کە لە کەسایەتی هیتلەرو مۆسۆلینی دەسەڵات و بریار بەرجەستە کرا !
ئەمەی سەرەوە پێناسەی زانستی حزبە وەک لایەنی تیئوری بەڵام جێگای داخە زۆربەی حزبەکان لە پراکتیک دا نابن بە ئامراز یان وەکو ئامراز چاویان لێ ناکرێ بەڵکو دەبن بە ئامانج خودی حزب وەک پێکهاتەیەک لە خەڵک بوونی گرنگە تەنانەت هەندێ جاریش ئەو پێکهاتە خەڵکە بە ناوی رەوایەتی ئامانجەکانی حزب بە نارەوا ئیشی لەسەر یادەوەری کۆمەلگا کردووەو، لە رێگای ئەو دەسەڵاتە دیاریکراوەی کە هەیبووە چ لە شاخ چ لە شار. حزب وەک دەسەڵات لە ژێر چەمکێکی مافیایی خۆی پێناسە کردووە، مافیایی بەو مانایە (انصر اخاک ظالما او مظلوما) لیرەدا من جەخت لەسەر لایەنی پەروەردەیی حزب دەکەم، بەتایبەتی لە ناوچەی خۆمان وەک وڵاتانی رۆژهەڵات !
سەرەتا حزب دروشمی هەنگوین ئامێز ئەخاتە روو وەک ئازادی و رزگاری و سەربەستی و مافی نەتەو و مافی چینی ژێر دەست و دیموکراسی و مافی مرۆڤ !
بەڵام کاتێک لە رێگای ئەم دروشمە شیرین و بریقەدارانەوە لایەنگرێک یان دوستێکیان ڕاکێشا دەکەونە ئیش کردن لەسەر یادەوەری تاکی داماوی بەستەزمان و فریوخۆاردوو، بەهەزارو یەک رێگاو شێواز یادەوەری تاکی ملکەچ بە خۆیانەوە گریی دەدەن، رەنگە سەرەتا بە پروگرام و پەیرەوی ناوخۆ دەستی پێ بکەن بەڵام لە ڕاستی ئەم دووانە وەک (کلام حق یراد بە الباطل) وایە کە دەخرێتە زەینی دوست و لایەنگری نوێ یەوە، بەڵام کێشەکە دواتر دەست پێ ئەکا، کاتێ کە دوست یان لایەنگر دەبێتە ئەندامی ئەو حزبە دووچاری دەیان کوسپ و تەگەرەو مێشک شووشتنەوە دەبێتەوە !
حزبی دیاریکراوە وا لە یادەوەری ئەندامی نوێ خۆی دەخاتە روو کە ئەو تاقە فریادرەسی ئەم میللەتەیە، لە قۆناغیکی ناسک دەستی بە خەبات کردووە، یادەوەری پێکهێنەرانی حزب دەکرێ بە دیکۆمینت و دەسەپێنرێ بەسەر یادەوەری کۆمەلگا دا، حزب وا خۆی دەخاتە روو کە خاوەنی کاروانی شەهیدانە، هەقیقەتی رەها لای خۆیەتی، حزب و لایەنەکانی دی دەخاتە ژێر نەشتەری رەخنەوە لەوانەیە رەخنەکانیش وەهمی بن! بە شێوەکی کە بوونی حزبی تر و بیرکرنەوەی تر نارەوایە !
بێگومان تاک ئینتمای هەیە بۆ خێزان، بۆ گەڕەک بۆ قوتابخانە بۆ شارو ناوچەی خۆی، بۆ خاک وەک لایەنی جوگرافی، نیشتمان وەک لایەنی مەعنەوی، بۆ نەتەوە، بۆ چین، بۆ ئاینێکی دیاریکراو لای ئیمانداران. لە نێو ئەم هەموو ئینتمانە حزبی لای خۆمان کاتێ لایەنگرێ پەیدا دەکا بە پێ بەرژەوەندی تەسکی حزبی خۆی ئیش لەسەر ئینتما کان دەکا، پێش و پاشیان دەخا تا دواجار ئەندامی بەستەزمان خۆی لە نێو ڕایەڵێکی تری پەیوەندی خۆی دەدۆزێتەوە، ڕەنگە تاڕادەیەک ئاڵۆز بێ، کە بریتی یە لە سکتاریزم و دەمارگیری حزبی و داخستنی ئاسوی بیرکردنەوەی ئەو ئەندامە بە شێوەیەک دوور لە بازنەو سنووری حزب شتێکی تر نە بینێت ! کاتێ کە سەرکردایەتی ئەو حزبە یا دەسەڵاتی زاڵ دڵنیا بوو لەوەی ئەندامەکەیان لە نێو بودەقەی حزب و بیروبۆچوونەکەی تواوەتەوە وەک لایەنی عاتیفی نەک ئایدۆلۆژی ئیدی وەک داش دامە ئەندامی بەستەزمان پاش و پێش دەخەن تا هەرەسی دەروونی پێ دەکەن و دەیان گریی لا زیندوو دەکەنەوە !
لەوانەیە لێرە تیئورەکەی بافلوف شیاو بێ کە بیهێنینەوە وەک نموونە، بافلوفیش لە رێگای تیئوری کردەی مەرج داری پێچەوانەوەو بەستنەوەی لیکاوی برسی بوونی سەگ و کۆترو میشکەکان بە پێشاندانی رەنگی جیاوازی گڵوپەکان ولیدانی تونی زەنگی جیاوازو پێدانی پاداشت و سزا، ئەو گیانلەبەرانەی دەخستە ژێر کونترۆڵی خۆیەوە دواجاریش دەیتوانی هەرەسی ئەقڵیان پێ بکا !
لێرەدا من مەبەستم ئەوە نیە، هەر حزبێک ئەندام و لایەنگری خۆی پەروەردە نەکا بەڵکو رێگاو شیوازی پەروەردەی شیاوو زانستی و تەندروستی پیویستە، بەشێوەیەک کە ئەندامی دیاریکراو ون نەبێ لە نێو زاڵبوونی دەنگی ژاوەژاوی نێو حزب کە هەندێ جار دەنگە وەک یەکەیەکی فیزیاوی وهیپنوتیزمی بۆ لە خشتە بردنی ئەندامان و خەواندنیان و سەندنەوەی ئیرادەو بریاری سەربەخۆ لێ یان تاوەکو نەتوانن هەڵویست لە رووداو پێشهاتەکان وەرگرن و بە چاوی رەخنە بۆی بروانن، دوور لە کارتێکردنی دام و دەزگای حزب، بە هەنگاوی باش بڵێن باش بە هەنگاوێ خراپیش بڵێن خراپ!
کەچی ئەمرۆ بەهۆی پەروەردەی ئاینی ئامێز لە نێو حزبەکان، دەرئەنجام کەسایەتی دەرویش ئاسایان خوڵقاندووە، یادەوەری دەرویشەکان بە رموزو سیمبولی گوڕاوو نەگوری حزبەوە بەستراوە، بە گوێبیستی ستایشی حزب دەگەشێنەوە، لەکاتێکدا بە رەخنە گرتن لە حزب مڕومووچ دەبن!
هەر ئەم پەروەدەشە دەبێتە هۆی هینانە کایەی بنکەیەکی فراوانی دەرویشی کە تەنیا توانای کایەکردنێکی دیاریکراویان هەیە، ئەویش لە نێو قەلەمرۆ و نفوزی حزب دا.
لەکاتێکدا دەمیان دەبێتە تەڵەی تەقیو لەبەردەم تەڵیسمی سکرتیری حزب و ئەندامانی سەرکردایەتی دا، دەتوانم بڵێـم پەیوەندی نیوان سکرتیر و ئەندامان دەبێتە جۆرێک لە پەیوەندی لە چەشنی ئەو پەیوەندییەی لەنێوان شێخ و موریدەکان بەرقەرارە!
ئەم جۆرە پەیوەندی یە تەنیا لای بنکەکانی خوارەوە بوونی نییە بەڵکو لە نێوان سەرکردایەتی و کەسی سکرتیر دا ئامادەیی بەردەوامی هە .
لەکۆی کایەکان دەسەڵاتی رەها دەدرێ بە سکرتێر تەنانەت ژن و کوڕو ئامۆزاو خاڵوزاکانی مۆرکی پێرۆزی وەردەگرن، لەکاتێ غیابی سکرتێر دا دەشێ هەر یەک لەوانە جێگای روحی سکرتێر پڕ بکاتەوە!
لێرەدا باسی روحمان کرد، روح وەک چەمک زیاتر نزیکە لە سۆزەوە، سۆز لە کانگای دڵەوە هەڵدەقوڵێ، بەڵام ئەقڵ پەیوەستە بە لوژێکەوە، ئەوانەی خاوەن ئەقڵن زیاتر خەڵکی ئایدولۆژی و فەلسەفی ین، بەلاچوونی کەسە دەسەڵاتدارەکان، بەڵانس و تەرازووی بیرکردنەوەیان تێک ناچێ، ئەوە ئەقڵە پێمان دەڵێ جوڵانەوەی رزگاری خوازی جۆرێک لە سیستەم بەرێوەی بردوەو دەبا، کەسەکان تیایدا روڵێ دیاریکراویان هەبووە، بە لاچوونیان بەشێوەیەکی ئەوتوماتێکی وەک زادەی کایەیەکی میژوو کرد ئاڵتەرناتیڤ پەیدا دەبێ. لای خاوەن ئەقڵەکان هەمێشە پەنا دەبرێتە بەر کەرەستەی رەخنە، سێبەرو مێژووی ئەو کەسانەی خۆیان سەپاندووە ناتوانێ ئێرادە لە خاوەن ئەقڵەکان وەرگرێ!
ئەگەر ئاوەرێکی حزبەکانی لای خۆمان بدەینەوە ئەوە زیاتر دوست و لایەنگرەکانیان لەسەر بناغەی سۆز پەروەردە دەکەن، سۆز بۆ سیمبولەکانی حزب، سۆز بۆ شەهیدەکان، سۆز بۆ سەرکردەکانی ، سۆز بۆ میژووی حزب، لە نێو فەزاو ئەتموسفێری سۆز دا ئەندامی حزب لە سروت وسیرمۆنی یەکی ئاینی رۆژانە دەژێ !
بەردەوام ئینتمای خۆی تازە دەکاتەوە لە رێگای گوفتارو نووسینەوە، هەر وەک چۆن لە مەزهەبی شیعەدا لە موحەرەم و عاشورا پەیرەوانیان بەدەست و بە زەنجیر لە خۆیان ئەدەن و بەڵێن تازە دەکەنەوە و لە ئینتمای تاکەوە دەپەرنەوە بۆ ئینتمای شوناسی بە کۆمەڵ. لە کاتێکی دیاریکراو لە ساڵ دا. بەڵام لای موریدەکانی حزب ئەم لە خۆدانە بەشێوەیەکی میتافوری و (مجازي) بەردەوام و رۆژانە بوونی هەیە و لەگەڵ روحیەتیان تێکەڵ بووە، بە زمانێکی زانستی، سێبەری حزب یادەوەری یان کونترۆڵ کردووە، بەشێوەیەک کە ناتوانن دوور لە حزب هەڵویست بنوێنن، دوور لە حزب بیربکەنەوە، ناتوانن جیهان بینینێکی تر بۆ خۆیان پەیدا بکەن کە زیاتر نزیک بێ لە ئازادی تاک و سەربەخۆبوونی، زیاتر نزیک بێ لە مافی مرۆڤەوە، زیاتر تێگەیشنیان هەبێ سەبارەت بە پروسەی دیموکراسی و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات!
لەبەر بوونی ئەم پەروەردە ئاینی یە لە نێو حزبەکان تا ئێستا کوردستان نەبووەتە مەڵبەند ومەکۆی لە دایکبوونی دەنگی ئازادو سەربەخۆ، دەنگی رەخنەیەکی بێگەردو بێلایەن، کەسایەتی یە سەربەخۆوەکان بە ناو سەربەخۆون ئەگەر نە وەک نەست و لە واقعیش دا لە ژێر کاریگەری حزب و گروپێکی دیاریکراودان، لێرەدا ئەوەش تێبینی دەکرێ ئەوانەی پیشینەی حزبایەتیان نییە، هەست بە گریی خۆ بەکەم زانین دەکرێ لە گوتاریان دا!
دەمەوێ لێرەدا هاوکێشەکە بەم شێوەیە کۆتایی پێ بێنم، تاوەکو حزبەکانی کوردستان لەدەستی پەروەردەی ئاینی و روحی و مافیایی و دەمارگیری و سکتاریزم و تەنگ نەزەری خۆیان رزگار نەکەن (کە لەکاتی حازر دا ئەمە مەحاڵە) میللەتی کورد وەک یەکەیەکی نەتەوە بەئاسانی بەمافە رەواکانی شاد نابێتەوە !
ئەم پەروەردە ئاینی یە وای کردووە کە لەسەر حیسابی بەرژەوەندی باڵای میللەت، رکەبەرایەتی تەسکی حزبی بکرێ، حزبەکان هەر یەکەو گوتاریکی جیاوازیان هەبێ، هەندێ جار ئەمیان لەرقی ئەوی تردا ئاو بۆ ئاشی دوژمن ببا !لە نواندنی هەڵویست بەرانبەر پێشهاتە سیاسیەکان.
دیارە لەم سازش نواندنەو پایماڵ کردنەی مافی رەوای خەڵک گرەو لەسەر دەرویشەکانیان دەکەن وەک هیزێکی فیزیکی لەسەر ئەرزی واقیع، پلانی دژواریان پێ جێبەجێ ئەکەن.!
کە هەندێ جار دژ بە خواست و ئیرادەیان بەڵام بەهۆی پەروەردەی هەڵەوە هەستی پێ ناکەن!