ما 5350 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە سویدییەوە: رەسول سەفەریانی

مناڵیش دەتوانێت لە رێگای ژێستەکانییەوە (جووڵەی دەم و چاو و جەستەیی) مەبەستەکانی لە پەیوەندییە دوولایەنەکاندا روونتربکات. بڕێ لە ژێستەکان ناوەڕۆکێکی تەقریبەن عالەمیان هەیە وەک دەست تەکاندان بۆ ماڵئاوایی. مناڵان زۆر زوو دەستدەکەن بە بەکارهێنانی ئەم جۆرە لە ژێستەکان. لە تەمەنی ١٠ بۆ ١٨ مانگییەوە ژێستەکان بە شێوەیێکی بەر بڵاو لە پەیوەندیەکانی مناڵاندا بەکار دێن. لانیکەم چوار جۆر ژێست لە تەمەنی ١٠ مانگیدا لە مناڵاندا دەبیندرێت. 

درەنگ وەقسەهاتوو

 

لە نێوان تاکەکانی مناڵانی ساوادا جیاوازی زۆر گەورە هەیە لە مقدار و ئاستی زمان فێربوون و بەرهەمهێنانی ئەو زمانەدا کە مناڵەکە قسەی پێدەکات. ئەمە لە تاقیکردنەوەییک پیشانیداوە کە لە سەر ئەساسی "پرسیارنامەی هەڵسەنگاندنی دایبابان "ی مەک ئارتور – بێتس( Mac-Arthur. Bats ) دانراوە کە بە ناوی" لیستی بەرینی پەیوندیی" یان ئاستی بەرینی ئیرتباتی ناسراوە. لە فۆرمە سەرەکییەکەدا کە بە زمانی ئەمریکایی نوسرابوو چەند سەد وشە لەو یەکەم وشە و رستانەی کە مناڵانی ئەمەریکی فێری دەبن لەخۆگرتبوو. وەک مامی، دادی، بەیبی و... ئەم فۆرمە ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر  ٢٠ زمانی جۆراوجۆر. دایک و باوکەکان فۆرمەکە دەخوێننەوە و ئەو وشانەی کە مناڵەکەیان دەیزانن دیاری دەکەن و پاشان ئەم کارە چەند جاریتر لە تەمەنی جۆراوجۆردا تیکرار دەکەنەوە. ئەم خوێندنەوە پیشانی داوە کە لێکچوونی زۆر هەیە لە نێوان یەکەم وشەکاندا کە مناڵانی زمانە جۆراوجۆرەکان فێری دەبن. هاوکات پیشانیداوە کە لێکچونێکی ماناداری کلتوری لە پرۆسەی گەشەی فێربوون و تێگەیشتنی زمانیدا هەیە. نەتیجەی لێکۆڵینەوەکە، هەروەها تەئیدی جیاوازییە تاکەکەسییەکان دەکات لە نێوان مناڵانێکدا کە خەریکی فێربوونی یەک زمانی هاوبەشن واتە هاوزمانن.

لە زمانی ئینگلیسی ئەمەریکیدا ئاستی فێربوونی وشە بە شێوەی مامناوەندی بۆ مناڵانی شازدە مانگ ٥٥ وشە و بۆ مناڵانی دوو ساڵ ٢٢٥ وشە وهەروەها بۆ مناڵانی ٣٠ مناگ ٥٧٣ وشەیە. ئەم ئاستە لە شەش ساڵیدا دەگاتە سەروی ٦٠٠٠ وشە. بەڵام مناڵی وا هەیە کە دوو ساڵ تەمەنیەتی و یەک تاکە وشەش نازانێت. سەرەڕای ئەم درەنگ کەوتنی زمانییە، بە عام نیوەی هەر ئەم مناڵە درەنگ کەوتوانە لە تەمەنی پینج ساڵیدا گەشەیێکی نۆرماڵ و تەواو و کەماڵی زمانییان کردووە ولە  نیوەکەیتریاندا دەردەکەوێت کە نوقسانیێکی تایبەتیان لە بەشی توانای زمانیدا یان شکڵێکی تر لە نوقسانی گەشە(وەک ئاوتیسم)یان تێدایە.

بەداخەوە پسپۆڕەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەم دوو جۆرە درەنگکەوتنی زمانە لەیەک جیا بکەنەوە و دیارییان بکەن. لە بەرانبەردا فاکتورەکانی مەترسی ئاوتیسم ناسراون. ئەو ریسکانەش وەهایە کە کاتێک بڕێک رەفتار  لە مناڵێکدا بەدی ناکرێت، وەک ئەوەی کە مناڵەکە بە ناو و بانگ لێکردنی رەتفێعل پیشان نادات، یان لە کاتی پەیوەندیە دوولایەنەکاندا سەیری کەسەکە ناکات و پەیوەندی چاو سازناکات یان ئەوەی کە بۆ راکێشانی سەرنجی کەسانی تر ئاماژە ناکات. ئەم نوقسانییانە ئاماژەیان بە وەیە کە مەترسی ئاوتیسم لەو مناڵەدا زۆر لەسەرەوەیە.

 

دەوری  ژێستەکان

 

مناڵیش دەتوانێت لە رێگای ژێستەکانییەوە(حەرەکانی دەم و چاو و جەستەیی) مەبەدستەکانی لە پەیوەندییە دوولایەنەکاندا روونتربکات. بڕێ لە ژێستەکان ناوەڕۆکێکی تەقریبەن عالەمیان هەیە وەک دەست تەکاندان بۆ خواحافیزی یان بای بای. مناڵان زۆر زوو دەست دەکەن بە بەکارهێنانی ئەم جۆرە لە ژستەکان. لە تەمەنی ١٠ بۆ ١٨ مانگییەوە ژستەکان بە شێوەیێکی بەر بڵاو لە پەیوەندیەکانی مناڵاندا بەکار دێن. لانی کەم چوار جۆر ژست لە تەمەنی ١٠ مانگیدا لە مناڵاندا دەبیندرێت. بەشێک لەم ژستانە بۆ کەڵک وەرگرتن لە گەورەکانە بۆ یارمەتی دانیانە، بۆ نمونە کاتێک بە پەنجە ئاماژە بە کەرەسەیێکی یاری دەکات بۆ ئەوەی پیبدەن. بەشێک لە ژستەکان بە شت ومەکەوە بەکاردێن وەک ئەوەی دەسگیرەی درگاکە دەگری بۆ ئەوەی بڵێ بڕۆین بۆ دەرۆ یان تەلەفون بە لای گوێوە دەگری بۆ بەیانی زەنگ لێدان.

لە کۆتاییدا ئەبێ بڵێین کە بڕێک ژستیش هەیە کە تەنیا بۆ مەبەستی مەنزور و مەبەستێکی هاوبەش لە گەڵ کەسێک  بەکاردەبرێت کە حەز و خولیایێکی هاوبەشییان هەیە، وەک ئەوەی کە بە دەست ئاماژە دەکەیت بۆ شتێک کە دەزانیت بەرانبەرەکیشت پیخۆشە. هەر وەک لە کاپیتالی ١ باسمان کرد بەمە دەڵێن" ئاماژەی راگەیاندنی دەسپێک" کە زۆر بۆ پێشبینی ئاستی گەشەی زمانی بەکار دێت. لە تەمەنی هەژدە مانگی بەرەو سەرەوە وردە وردە لە ژستەکان کەم دەبێتەوە و دەنگ و وشە  لە پەیوەندییەکانی مناڵاندا جێگایان دەگرنەوە.

  خوێندنەوە و سەرنجدانی مناڵانی ورد و ژستەکانیان وای پیشانداوە کە تەنانەت دەتوانن مانا قورس و ئاڵۆزەکانیش بە ژستێکی سادە بگەیێندرێتە بەرانەرەکەیان. بۆنمونە رەفتاری کوڕێک بە ناوی بیک و دایکی دەخەنە ژێر سەرنج. کۆمەڵێک کتێبی لەسەر یەک هەڵچندراو لە بەردەمیاندایە.  دایکی بە بیل دەڵێت کوڕم دەتەوێت کتێبێک هەڵبژێریت با بیخوێنینەوە. بیل تەنیا بە سەر راوەشاندن گەیاندی کە" نا". پاشان دەستی دایکی دەگرێت و دەیخاتە سەر کتێبەکان. بەم شێوە بە دایکی دەڵێت خۆت کتێبێک هەڵبژێرە.

گەڕان بۆ بابەت