ما 6628 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازاد کەریمی


سنە و پاڵنگان، چەمشار، ژاوەرۆ
لەیلاخ، کولیایی، گەڕوس، مەریوان
قوروە و هەورامان، کامیاران و جاف
دۆعاچی تۆن و سڵاوڕەسانان

 

موکریان
ئازاد کەریمی
موکریان سڵاو! زێدی خاڵانم
مەڵبەندی دایکیم، برای باوانم
ئەردەڵان خانان وارگەی هەڵۆخان
هەوارگەی باوکیم، خانووی ئەحمەدخان(١)
سنە و پاڵنگان، چەمشار، ژاوەرۆ
لەیلاخ، کولیایی، گەڕوس، مەریوان
قوروە و هەورامان، کامیاران و جاف
دۆعاچی تۆن و سڵاوڕەسانان
هەر لەتۆ جوانە تاجی شانازی
بازی شیروانی(٢) یت، نیشتووی لە بانان
سوێند بە ''سارم بەگ''(٣)، بەخوێنی سووری
بەمەنگوڕ، مامەش، زەڕزا و شاروێران
بە پیران و لەند، سندووس و خانێ
سەردەشت و ڕەبەت، سەقز و بۆکان
بە شنۆو بە بانە و سابڵاخی ڕازاو
وا لە تۆ جوانە شۆڕش و شەمزان
فیدای مەڵبەند و گوند و شارانت
شوێنکەوتووی ئەتۆم بە گرەوی پیاوان!
۲٠/ جوون/ ۲٠۱۵ - کۆیە

١- خان ئەحمەدخان ئاردەڵان کوڕی هەڵۆخان میری سنەو شارەزوور لەساڵی۱٠۲۱وە هەتا۱٠٤٦ی کۆچی مانگی بۆ ماوەی۲۱ساڵ حوکمی میرنشینی ئاردەڵانی کرد.کڵاوزەڕ خانم کچی شاهەباس سەفەوی هاوسەری بوو.کاتێ شاهەباس مرد و'' تاماسپ''ی کوڕی بوو بە شای ئێران'' زۆراو خان''ی کوڕی خان ئەحمەدخان لە ئەسفەهان بوو ،بە بڕیاری شاتاماسپ کوێرکرا و خان ئەحمەدخان بانگەوازی کرد و هەموو سەرۆک هۆزە کوردەکان چوون بۆ یارمەتی خان ئەحمەدخان ئاردەڵان و شەڕێکی گەورە لە ''دەشتی شلێر''لە نێوان سەقز و پێنجوێن و بانە و مەریوان لە نێوان کورد و سەفەوی هاتە ئاراوە و خەڵکێکی زۆر لە هەدوولا کوژران و بەداخەوە کورد شکستی هێنا،خان ئەحمەدخان بەرەو مووسڵ پاشەکشێی کرد و تاماسپی ترسەنۆک لە مەریوان لە سەری بڕاوی کوردانی کوژراو دوو منارەی ساز کرد...مەستورەی ئاردەڵان لە کتێبەکەیدا باسی ئەو بابەتەی کردوە.دیارە شاتاماسپی ترسەنۆک بەکرداری کەتن و خوێنخۆری باوکی خۆی شاهەباس دا چووە وا لە موکریان ئەو هەمووە جەنایەتەی کرد و کوڕی سارم بەگی موکری گرت و دایە دەرخواردی چینگەنە بنیادەم خۆرەکان ...
 ٢- بازی شیروانی: لە کۆندا لە کوردەواری و لە عەجەمستان ئەگەر شای وڵاتێک دەمرد یا دەکوژرا و خەڵک پێکنەدەهاتن لە سەر هەڵبژاردنی یەکێک وەک شایێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بازێکیان هەڵدەدا و کاتێ ئەو بازە هەڵدەفڕی کەسانێکی بڕوا پێکراو شوێن ئەو بازە دەکەوتن بۆ ئەوەی بزانن لە سەر شانی کێ ئەنیشێتەوە. ئەو بازە لە سەر شانی هەر کەس بنیشتایێتەوە ئەو کەسەیان ئەکرد بە شا... ئەو بازە بە بازی شیروانی دەناسرا و هێمای بەختەوەری بوو.

٣- سارم بەگ موکری کوڕەزای میرئەحمەدی پژدەر کوڕەزای میرشەرفەدین میری جزیرا بۆتان لە ساڵی۱٠۳۸ی کۆچی مانگیدالە موکریان حوکمی ئەو هەرێمەی کوردستانی کرد و دیارە شاهەباسی بەدناو شای سەفەوی لە ئەسفەهانەوە هات و هەڵی کوتایە سەر کوردستان و سارم بەگ بەرنگاری بوو بەداخەوە شکستی هێناو'' باوە ئۆمەر''ی کوڕی کەوتە دەستی دوژمن و بە زیندوویی لەت و پەت کرا و درایە دەستی پۆلێ کەس وا بە چینگەنە مەشهوور بوون و ئەجیرکراوی شاهەباس بوون و کاریان خواردنی گۆشتی مرۆڤ بوو.ئەو وێنەش هی مەزارگەی حەزرەتی بوداق سوڵتان میری موکریان لە شاری سابڵاغە و لەوەچەی سارم بەگ و میرئەحمەدی پژدەرە.دیارە خانەوادەی دایکم بەڕەچەڵەک دەگەنەوە بە بوداق سوڵتان

 

گەڕان بۆ بابەت