ما 3933 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەی ئەو بنجە گوڵەی لەبەر

جۆگەی خەمباری برینی مندا ئەڕوێی.

لەسای مەرگی مندا شکۆفە دەرئەکەی

تاکەی نەتوانم بلبلی عەشقخوانی دەنگی خوێنم

 

 

چوار شیعری سامی شۆڕش

 

باوەشم دە

 

دڵ ئەشکەوتی دەرگا بزر.

باوەشم دە

لەچاومایە فرمێسکی کەو.

لەگیانمایە سۆزی کۆتر.

باوەشم دە

تاڤگەی قژت بڕژێنە ڕووم.

با خەرمانەی نەرمی بەفر

لە شەودا بۆم بێ بە پێخەف.

باوەشم دە

بۆ قەندیلەی فتیل کزر.

بۆ ئاسمانی دەم پڕ لە کەف.

منم ھەتاو منم ئاگر

باوەشم دە..

منم ھەتاو

منم ئاگر.

 

 

لە دەفتەری عاشقێکی ھەتاوەوە

 

١

برسی برسیتی تربێ.

ئەوەند عەشقی گوڵەگەنم و باران ئەبێ،

شەوگار ھەر چەند درێژتربێ.

ئەوەند غەریب شەیدای خۆری ئاسمان ئەبێ،

منیش ھەر چەند کوشتن بە گیانم فێر ئەکەن

بەری ھەتاوم لێ ئەگرن.

ئەوەند عەشقی ژیان ئەبم.

ئەوەند ھەتاوم خۆش ئەوێ.

٢

ئەی ئەو بنجە گوڵەی لەبەر

جۆگەی خەمباری برینی مندا ئەڕوێی.

لەسای مەرگی مندا شکۆفە دەرئەکەی

تاکەی نەتوانم بلبلی عەشقخوانی دەنگی خوێنم

بێنمە سەر چڵت بێنم.

پڕ بە دەنووکی ئارەزووم

بۆ ھێلانەی خۆر بخوێنم.

٣

- ڕێگا تەور

* گیانە درەخت چەند لقوپۆپی ببڕن.

ئەوەند ڕەگ و ڕیشەی بەرەو قووڵتر ئەڕوا،

- دنیا شەوە و دنیا بەفرە.

* شەوان خۆر خۆشەویست ئەبێ.

بەفرە ڕۆژیش.

برین ئەبێتە ئاگردان

- گیانە ڕێگا چاڵە و نزمە

* خۆشەویستم

ئاشقی خۆر ھەردەم ئەڕوانێتە ئاسمان.

 

 

مەم لەسەر مەزاری زیندا

 

- ئەی زین .. سەرچاوەی ئاگر،

گەر پەرچەمت نسار نەکا،

گەر مەمەکانی تۆ نەڕوێ،

گەر خۆر لە چاوەکانتەوە دەرنەکەوێ،

نەورۆز نایە..

ئەی زین .. ئەی سەرچاوەی ئاگر،

ھاتنی نەورۆزی – بۆتان –

لە ھەڵقوڵانی تۆ دایە!

* کە دێمەوە

- ئەترسم خاک ھەڵتلووشێ..

نەیەیتەوە،

مەترسە، خاک

کە ڕۆژ دادێ ئەمکاتە گوڵ

لە بەرۆکی زێڕینی ھەتاوم ئەدا،

کە شەو دادێ

ھۆن ھۆن لە گۆمی ئەشقی پاک

ئاوم ئەدا،

* کە دێمەوە؟

- لە دەمی برسێتی شارا

ئەتکەین بە نان،

کە دێتەوە

لە تینووێتی گوڵەگەنما

ئەتکەین بە بارینی باران،

* کە دێمەوە؟

کە وەک دەرگایەکی سەوز

لە دیواری چاوەکانتا ئەکرێمەوە.

- سەرلەنوێ ئەحمەدی خانی

بە ئاوازێکی گەرمتر

لە دەمی خۆری مرۆڤا

ئەمانکاتەوە گۆرانی!

 

 

لە پەراوێزەکانی شێخ ڕەزای تاڵەبانییەوە

 

١- وشەم پەنجەی گڕ و بارووت

ئەنێتە ناو چاوی تاوان!

     ھێڵی ژیانی سنوورەکانم ڕەت ئەکا،

وشەم لە سێبەری دەرگای درۆ و فێڵا

نایەتە سەر چۆکی گریان،

ڕەشەبای خوێن..

لەناو زامە بێ دەنگەکانما ھەڵ ئەکا!

٢- کۆچەری بووم لە ھەر کوێ دا

ڕەشماڵی ژانی خۆم ھەڵدا.

خەمی کام پارچە زەمینم،

بۆ برسێتی شمشاڵەکەم

ئەکردە نان،

ئەمدی وەکو ئاسمانە بێ ساماڵەکەم

وەک کوردستان،

یەک خەنجەر بوو

ڕەگی زامەکانی ئەبڕی،

یەک -حەمەی وەستا فەتاح- ڕقی ئەفرۆشت

ھەر یەک شێخ ڕەزاش بوو، پەردەی

ئەم شانۆگەریانەی ئەدڕی!

٣- کە ھۆنراوەم لە دایک ئەبێت،

دوومەڵە گڕگرتووەکانی ژێر زمانم

ئەتەقنەوە!

عەورەتەکانی لەشی شار

لە گەرماوی وشەکانما ڕووت ئەبنەوە!

شاعیرەکان

ئارەقەی کێش و قافیەی پیرە شیعرێ ئەخۆنەوە.

جوانکیلەکان

ھەڵئەگژێنە گەردەنی سنووری شار

لە ڕووباری یاخی بوونا

دەم و چاویان ئەشۆنەوە!

٤- تێر نابم نا

ڕەگی درەختی ھەڵبەستم

چەکی تۆقێنەری دەستم

برسێتیمە!

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت