فەڕۆخ نێعمەتپوور

گوێم لێبوو داوای پاچ و خاکەنازی لە ژنەکەی دەکرد. هەر بەو پڕتاوەی خۆی بە ژوورەوەدا کردبوو، چووەوەد دەرەوە،... ون بوو و هەتا درەنگان نەهاتەوە. من کڵاشینکۆفەکەم خستەوە شوێنی خۆی، پاڵم دایەوە و وەک هەمیشە بە تەلەفزیۆن و رۆژنامە و کتێبەوە خۆم سەرقاڵ کرد.

 

ترسنۆک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەتاو داچووبوو. بە هۆی فێنکیی ئاسمانەوە هەوا کەمێک جووڵابوو. نەرمەبایەکی ئێوارەیی گەڕەکی لە خۆ گرتبوو و، تەمی گەرما هەتا دەهات زیاتر لەبەر یەک دەکشایەوە، بەڵام دیواری رووەو رۆژئاوای قاتی دووهەمی خانووەکە، ئەو شوێنەی ئێمەی تیا دەژیاین، هەر وا داغ بوو و پیاوی دەویست پاڵی پێوەبدا. دەنگی وڕەوڕی موبەڕیدە ماڵەکەی تەنیبوو.من کە لەم لاترەوە پاڵم بە دیواری تەنیشت دیوارە گڕاوییەکەوە دابوو و، خەریکی کێشانی جگەرە لە دووای نانی ئێوارە بووم، لە پڕ سەرنجم چووە سەر دەنگەدەنگێکی لەناکاو کە لە قاتی ژێرەوە دەهات، لە قاتی یەکەم. ترسام. بە خۆم گوت نەکا خۆیان بە ژوورەوەدا کردبێ. سەرنجم چووە سەر ئەو کڵاشینکۆفەی وا هەمیشە لە تەنیشت خۆمەوە دامدەنا. لە گەڵ ئەوەیش دەنگی تەلەفزیۆنەکەم، کە هەواڵی دەخوێندەوە، کەم کرد. لەسەر هەست و ئامادە، گوێم راداشت.

دەنگەکەم ناسییەوە. خاوەن ماڵەکەم بوو. کاک میقداد. لەبەر خۆمەوە گوتم "حەک ماڵت ئاوا بێ... وەها دەنەڕێنێ لەوانە بوو نەیناسمەوە!" گوێم لێبوو داوای پاچ و خاکەنازی لە ژنەکەی دەکرد. هەر بەو پڕتاوەی خۆی بە ژوورەوەدا کردبوو، چووەوەد دەرەوە،... ون بوو و هەتا درەنگان نەهاتەوە. من کڵاشینکۆفەکەم خستەوە شوێنی خۆی، پاڵم دایەوە و وەک هەمیشە بە تەلەفزیۆن و رۆژنامە و کتێبەوە خۆم سەرقاڵ کرد.

لە دەرەوە دەنگی بانگی خەوتنان دەهات و تەلەفزیۆنەکەیش فیلمێکی بیانی سەرخستبوو کە دیسان گوێم لە دەنگی کاک میقداد بوو. ئەمجارە ئارام بوو و، وازی لە نەڕەنەڕ هێنابوو. گوێم لێ بوو ژنەکەی نانی بۆ دانا. گوێم لێبوو کەمێک بە قەڵسی لە گەڵ ژنەکەی دەدوا. یەک دوو جارێکیش لە منداڵەکانی تووڕە بوو و، ئەوجا گوێم لە دەنگی دەرگای تەنەکەی ئاودەست بوو. بە خۆم گوت "لە دووای ئاودەست نۆرەی منە!... ئیستا دێتەوە سەرەوە!"

هەر وایش بوو. کاک میقداد ئەوەندەی نەخایاند سەروسەکوتی پەیدا بوو! وەک هەمیشە بە کراس و پانتۆڵێکەوە و، بە تەسبێحە قەزوانەکەی دەستییەوە. بە تەنکە ریشی سەر روخساری و، بە سمێڵی قەیتانییەوە. هەستامە سەر پێ. دەنگی دام... هەنگاوەکانی خێراتر کرد و بە پەلە دەستی لە گەڵ لێدامەوە. هەوڵیدا راست نەبمەوە، بەڵام کار لە کار ترازابوو. تەواوقەد بەخێرهاتنم کرد. روخساری کاک میقداد کەمێک گرژ و ماندوو دەهاتە بەرچاوم و، بۆنی تیژی ئارەقی جەستەی ناو ژوورەکەی داگرت. بە خۆم گوت بڵێی چی بووبێت؟ میقداد وەک هەمیشە وشەکانی تێکەڵ بە بەخێرهاتنی من بوون:

ـ ئەدی مامۆستا ئەوە چ دەکەی... حەک ماڵتە شتی وا چۆن دەبی!

ـ  نا تکایە کاک میقداد گیان،... فەرموو... فەرموو!

میقداد هەموو شەوێک دەهاتە سەرەوە. گوێی نەدەدایە داخۆ من کارم هەیە یان نا... ماندووم یان نا... تاقەتم هەیە یان نا... ئەو لای خۆی پێم وابێ وای بیر دەکردەوە کە لەسەری فەڕزە سەردانی من بکا. هەموو شەوێ! بۆچی؟ قەت لەمە تێنەگەیشتم. منیش کە لە تەعاروفدا مابوومەوە، هەموو جارێک بە خۆم دەگوت "ئەوەننەیش لە خۆتی قووڵی مەکەوە... میقداد پیاوێکی چاکە." هەڵبەت میقداد پیاوێکی چاکیش بوو. مەزڵووم و بێ دەردیسەر بوو. تەنیا داهاتی بریتی بوو لەو کرێ خانووەی من دەمدایە... ئەو بایعیەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەریدەگرت و ئەو بڕە پارەیەیش باوکی لە جنووبەوە بۆی دەنارد، پارەیەکی کەم کە جاروبارە دەهات و هیچ کونێکی وەهای لە ژیانی پڕ لە کونی میقدادی نەگبەت پڕ نەدەکردەوە. راستییەکەی ئەوە بوو تەنیا دڵخۆشی میقداد ئەم خانووە بوو کە ئەویش لە سەر باوکی تاپۆ بوو و، بەڵام درابوو بە ئەم تا خۆی گوتەنی، خۆی و ژن و منداڵەکەی تیا بشارێتەوە و لە چاوی پیسی مرۆڤی ئەم سەردەمە بیانپارێزێ.

ـ دەی مامۆستا گیان چۆنی باشی، وەزعی سەلامەتیت رێکە؟ حەک بەزیاد بی... نا نا شوکور باشی. لە خودای بەزیاد بی!

میقداد قەت چاوەڕوانی وەڵامی من نەدەبوو و، زۆر خێرا دۆخی منی بە باش لێک دەدایەوە و دەستبەجێیش سوپاسی خوای دەکرد. بەڵام من بێ وەڵامم نەدەهێشتەوە. دەمگوت:

ـ وەڵڵا باشم کاک میقداد گیان. نەفەسێ دێت و دەڕوا،... ژیان بە خۆشییەوە هێشتا بەردەوامە.

ـ پەککوو مامۆستا گیان بۆ ئەو زاراوە شیرینەت... نەفەسێ دێت و دەچێ!... بە خوا برا جوانە... نەفەسێ دێت و دەچێ!

ئەوسا بزەیەکی دەهاتێ. بزەیەک کە تا چەند خولەک هەر وا روخساری دەقڵاشت و، بەڵین نەبوو بەو زووییە کۆتایی بێت.

میقداد چاییەکەی دەهێنایە لای من. قەت لە خوارەوە چایی نەدەخواردەوە. خێزانم دیشلەمەیەکی بۆ دانا. تەسبێحەکەی لە مەچەک و پەنجەکانی وەک مار ئاڵاند و، دەستی کرد بە هەڵقوڕاندنی چاییەکە.

من نیگام لە سەر میقداد هەڵگرت و، حەزم دەکرد بزانم فیلمەکە بە کوێ گەیشتووە. راستییەکەی ئەوە بوو من و میقداد قسەیەکی وەهامان بۆ یەکتر نەمابوو. شەوانی زۆری دانیشتن لەگەڵ یەکتری، لە وشە و رستەکان بەتاڵی کردبووینەوە، بەڵام میقداد کە نەیدەشاردەوە بە قسەی خۆی بە زیرەکی و فرەزانیی من موعجیب بوو، هەموو جارێک بە پرسیارێک لە سەر دۆخی سیاسی سەری قسەوباسی دەکردەوە.

ـ ئەرێ مامۆستا گیان لە رۆژنامەکەتان چ باس... دەڵێن لە رواندز شەڕێکی قورسە،... بە خودای لەم دۆخەی رزگارمان نابیتن،... نە بەخودای! کە برا برای کوشت و دەستی چووە خێنییەوە، یەعنی کۆتایی هەموو شتێک.

من کە تەواوی رۆژ لە بنکەی رۆژنامە خەریکی تاوتوێ کردنی باسی شەڕ و رووداوە سیاسییەکانی سەبارەت بە شەڕ بووم، بگرە لە دوو کۆبوونەوەیشدا بەشداریم کردبوو و بۆیە وەڕەز لە هەر چەشنە قسەوباسێکی تر سەبارەت بە شەڕ بە تەواوی داهێزرابووم، عەوداڵی پەیداکردنی باسێکی تر ناهومێدانە چاوم لە تەلەفزیۆنەکە هەڵگرت و لە میقدادم رووانی. پێم وایە نیگاکانم قورس و پڕ لە سەرکۆنەیەکی ناوەخت و چاوەڕوان نەکراو بوون، چونکە میقداد لە قاڵییەکەی رووانی و بە بێ ئەوەی وشەیەکی تر بدرکێنێ هەر وا مات و بێدەنگ لە رووانینی بێ مانای بەردەوام بوو. کتوپڕ ژاوەژاوەکەی چەند سەعات لەوە پێش هاتەوە بیرم. گوتم:

ـ ئەرێ کاک میقداد ئەم ئێوارەیە ئەوە چی بوو... بۆ وا بەپەلە هاتی و بە پەلە رۆیشتی؟ خێربێت،... خۆ شتێکی وەها رووی نەداوە؟

میقداد قنج بووەوە، چاوەکانی گەشانەوە و خۆشحاڵ لەم پرسیارە کەوتە قسەکردن:

ـ وەڵلا مامۆستا گیان! لە جەنابت شاراوە نەبێ ئەم ئێوارەیە زەعیفەیەکی دراوسێمان تەمەنی بە ئیرادەی خودای گەورە کۆتایی هات و چووین ناشتمان.

ـ ناشتتان؟! جا باشە ئەم پەلە پەلەی بۆچی بوو، لە مزگەوت داتانایە و سبەی بتان ناشتایە. بەم ئێوارە درەنگانە و قەبرستان؟ باشە کەی مرد؟

ـ وەڵلا مامۆستا گیان هەر ئەم ئێوارەیە!

ـ هەر ئەم ئێوارەیە!

ـ هەر ئەم ئێوارەیە.

ـ باشە فریاکەوتن؟

ـ ئەیچۆن مامۆستا گیان،... ئەی نابینی لە ماڵەوەم! قەبرستان دوور نیە، بە یەک دوو سەعات تەواومان کرد!

سەیری کاتژمێرەکەی دەستم کرد. ئەوپەڕی سێ سەعاتێک لەو کاتە میقداد هاتبووەوە ماڵەوە و پاچ و خاکەنازەکەی هەڵگرتبوو، تێپەڕیبوو.

ـ باشە چۆن چۆنێ؟ ئەی بە کوێڕا گۆڕهەڵکەنتان پەیاکرد؟ ئەی بەو تاریکیە چۆن توانیتان؟ ئەی کەس و کارەکەی... چۆن ئاگادارتان کردنەوە؟

ـ مامۆستاگیان وادیار دەڵێی تا ئیستا شوکری خودای مەزن کەستان لێ نەمردووە. مەگەر ناشتنی مردوو چەندەی دەوێ؟ دوو سێ پیاوی بە گوڕ لێی بنەون تەواوە! تەنیا غیرەت و شان و باهۆی دەوێ.

من کە هەر چۆنێک لێکم دەدایەوە هەڵکەندنی قەبرێکی نزیک دوو میتر قووڵ، دەخایەنێ و کاتی دەوێ، جگە لەمە پەیداکردنی کفن و شۆردنی مەیەتەکە و بە گشتی هەندێ بێنە و بەرەی دەوری ناشتنی مردوویەک پێی دەوێ، هەر وا بە سەرسوڕمانەوە لە میقدادم رووانی. میقداد بزەیەکی هاتێ. بە هەستێکی لە خۆبایی گوتی:

ـ جگە لەمە مامۆستا گیان! ئەو زەعیفە بوو، نەک پیاو،...عەمری خۆی کردبوو. وەک مامۆستای گەڕەک دەفەرموێ هەتا تەرمی ژنیش زووتر بنێژی خێری زۆرترە!... ئەرێ وەڵڵا مامۆستا گیان... قالبی ژن خۆی لە خۆیدا گوناحە... پڕە لە تاوان... چاوی لەسەرە... هەتا زووتر بیخەیتە ژێر خاکەوە باشترە!

هەر وا لە میقداد دەڕوانم. فیلمەکە لە کۆتاییەکانیدایە، بەڵام من ئیتر سەرنجم لە سەری نیە. نازانم بۆ، لەگەڵ ئەوەی دەزانم میقداد بە شوێن یارمەتی و کاری خێرەوە بووە و فڕی بە مردنی ئەو ژنەوە نەبووە، بەڵام حەزدەکەم میقداد دەرکەم.

ـ مامۆستا گیان! هەموومان لە ژن بەربووینەوە، بەڵام خۆت باشتر دەزانی کە خودای گەورە جسمی ژنی وەها خوڵقاندووە و ئیشی ئێمەیش ئەوەیە کە دەستووری خودا بە جێ بگەیەنین. ئێمە لە جسمێک کە خۆی لە خۆیدا گوناحە بەربووینەتەوە و دەبێ هەم لە دونیا و ژیاندا چاوی حورمەتمان لە سەری بێت و هەم کاتی مردنی.

ژنەکەم دێتە ژوورەوە. پیاڵەی دیشلەمەکە هەڵدەگرێ. سەیری جەستەی دەکەم. بیر لەو رۆژەی دەکەمەوە کە رەنگە ئەویش بە رێکەوت ئێوارەیەک بمرێ و، من لە ماڵ نەبم و میقداد و خەڵکی گەڕەک خۆکەون و پێش ئەوەی من بێمەوە بۆ ماڵەوە زوو بیبەنە قەبرستان و بینێژن.

ـ باشە ئەم ژنە کێ بوو؟... من دەیناسم؟

ـ ئەیچۆن مامۆستا گیان، چۆنی ناناسی! حەبسەی دراوسێمان، ژنی مام نەبی،... ئەها بە عەرەبانەیەکەوە پەتاتە دەفرۆشێ! پیاوە باڵاکورتە بەتەمەنە چاویلکە لە چاوەکە دەڵێم.

دێتەوە بیرم. خانوویەکی پەرپووت بە دەرگایەکەی تەنەکەوە لە سەرەتای کۆڵان. ناوی ژنەکەم نەدەزانی. پیاوەکەی با. مەگەر هەبوو نەیناسێ؟ دەمزانی جاری وابوو مام نەبی درەنگ دەهاتەوە. حەبسەی پیرێژن هاوینان لە بەر دەرگا هەمیشە تەشییەکی پێ بوو و بە دەم رستنەوە رۆژی بە رێ دەکرد. بە سیمای چرچ و رەق و تەقییەوە و بەو دەستماڵە رەش و کۆنەی بە سەرییەوە دەبەست، هەموو جارێک کە لە کار دەگەڕامەوە بە تووشییەوە دەبووم. وەک بڵێی هەمیشە چاوەڕوانی مێردەکەی بوو. ژنێکی مڕ و مۆچ. جوابی سڵاوی پیاوانی نەدەدایەوە. لانیکەم وەڵامی منی نەدەدایەوە. ئیتر منیش قەت مەرحەباییم نەکرد. حەبسە ئەم ئێوارەیە مردبوو و، هەر ئەم ئێوارەیەیش ناشتبوویان.

کتوپڕ پرسیم:

ـ خۆ 'نەبی'ی مێردی لە ماڵەوە بوو؟

ـ نەوەڵلا مامۆستا گیان! کاتێ مرد لەوێ نەبوو. کەسێکمان راسپارد پێی بڵێ. کە هاتەوە مردوو لە 'کفن'دا بوو،... بە رێی قەبرستانەوە بووین. خودای مەزن سبووری مام نەبی بدات. فەقیرە هێزی ئەژنۆی نەماوە،... یەعنی نەما. ئیستا چەند کەسێک لە جیرانەکان لەوێن،... خودا خێریان بنووسێ و جەزای بە خێریان بداتەوە!

***

مانگێک دوواتر لە گەڕەک گواستمەوە. بۆ دڵنیایی زیاتر بە ژنەکەیشم گوت "گەر زانی دەمری لای کەس نەیدرکێنێ،... تا بۆ خۆم دێمەوە،..."

بە سەرسووڕمانەوە لێم دەڕوانێ. دوواتر بیستم کاک میقداد گوتبووی "دەمزانی ئەو پیاوە بەڕێز و زانایە فڕی بە سەر دینی ئیسلامەوە نیە، بەڵام نەمدەزانی ئەوەندە ترسنۆکیشە!"

 

گەڕان بۆ بابەت