ما 379 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناڵە حەسەن

چاوەکانم پڕبوون لە تەم

بەدەوری خۆی خولدەخواتەوە

هەردەگەڕێ و هەردەگەڕێ

لەنێو گەڕان و سووڕانەکاندا

ڕێگای ماڵەوە ناناسێتەوە

 

 

 دەقی تەمەن ٣١

ناڵە حەسەن

 ١

ڕەشەبای عەشق

بێڕەحمانە

گلێنە شووشەییەکەی

نێو چاوەکانی خۆرەتاوی وردوخاش کرد

نوور ڕژایە نێو شەقام و کۆڵانەکان

ئێستا هەموو شوێنێک

پەرستگە و دۆزەخەکانیش ڕووناکن

تەنها / دەلاقەکانی دڵی من نەبێ

پراوپڕن لە کتێبە بەرگ ڕەشەکانی تاریکی

٢

ئەی شۆخ

لەنێو بزە گەرمە شیرینییەکانت

بم گەوزێنە

تا بۆ هەمیشە بتوانم

لەنێو بڵنداییەکانی داهێنان و

هەورازەکانی بەرزەفڕیم / بمێنمەوە

تۆ لە بەفرانباری تەنیایی و

منیش لە بەستەڵەکی ئەم غەریبییەم

دوورکەومەوە

وەکو جاران / توند توند

دەست بە لچکە کراسی خەونەکانمان / بگرینەوە

٣

سەرم بۆتە بەشێک

لە جەستەی گەردەلوولێکی سەرشێت

چاوەکانم پڕبوون لە تەم

بەدەوری خۆی خولدەخواتەوە

هەردەگەڕێ و هەردەگەڕێ

لەنێو گەڕان و سووڕانەکاندا

ڕێگای ماڵەوە ناناسێتەوە

٤

بەسە ئیتر ....

وەرە با ئاوێنەی تەنیاییمان بشکێنین و

خۆڵەمێشی خەونەکانیشمان

بدەینە دەم شنەبایە شینەکانی قەدەرێکی تر

بەیەکەوە / شل شل

شەربە نەخشینەکانی ئومێد

پڕکەین لە شەڕابی شادومانی

سەمایەکیش بۆ جوانییەکانی ژیان و

دونیایەکی باشتر دابەستینەوە

٥

لەسەر مۆری و مەرجانەکانی

ملوانکەکەی سەر سینگت

ئەم پیتانە هەلبکۆڵە

ن ح ە ڵ ا ە ن س ە

لەسەر جامی کاتژمێری دەستت

 بە وردی بنووسە (دەقی تەمەن)

لەسەر باسک و مەچەکە سپییەکەشت

(نیگایەک بەسە بۆ مردن)

یان / هەردوو بەرگی دیوانەکەم بچووک بکەرەوە

بیانخەرە نێو جانتا ڕەشەکەی شانتەوە

شەوانان / لەناو جێگا و

بەڕۆژیش / لە دەوام و لەناو پاس و لەنێو پارک و

لەژێر چەتری دەم ڕووبارەکان

هەموودەم بمخوێنەوە

ئەی ئەفرۆدیتەی زەمەنە زێڕینییەکان

من دەمەوێت

گومبەتۆکەی خەونەکانت گڕ بدەم و

بۆ هەمیشە

لەنێو کۆشکە شووشەبەندییەکەی عەشق / بتهێڵمەوە

٦

من ئەو شاعیرەم

شیعر هەموو شتێکی پێ بەخشیوم

ژیان نەبێ

ژیان هەموو شتێکی پێ بەخشیوم

عەشق نەبێ

عەشقیش هەموو شتێکی پێ بەخشیوم

بەختەوەری نەبێ

بەختەوەری من

لە هەموو قۆناغەکانی تەمەنم

سەفەرێکی ناوەخت بوو لەگەڵ مردن

٧

ئەستێرەیەکی چاوگەش بووم

لە دووری دوورەوە دەدرەوشامەوە

ئێستاش بەبێ ویستی خۆم

جەستەم پڕە

لە گەردیلەی خەمەکانی گەردوون

پڕ لە ئاسۆیە سڕبووە سەرابییەکان

پڕ لە نووری نائومێدییەکانی مرۆڤبوون

٨

تەنیایی وای لێکردووم

هێندە هۆگری خۆم بم

تا ئاستی عەشق

بۆیە / کە خۆمم لێ وندەبێ  

دەمودەست ئاراستەی

جووڵە و

بیرکردنەوە و

خەونەکانم / دەشێوێن

تەنانەت

فرمێسک بەسەر گۆنای

شیعر و وشەکانیشم دەبیندرێن

٩

من پێموایە

ژیان گەیشتۆتە لێواری مردن

لە سۆز و عەشق و ڕەنگە جوانەکان

بەتاڵبۆتەوە

دەبێ جارێکیتر لەدایکبێتەوە

بەڵام بەرلەوە

دەبێ مرۆڤ

بەها و شکۆ بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە

١٠

ئەمشەو لەنێو قووڵایی بیرکردنەوەکانم

ئەستێرەیەک لە دووری دوورەوە

مەسیجێکی بۆ ناردم و گوتی

ئەی شاعیرە غوربەتییەکە

ئەم وردە شیعرەم

لەسەر وێنەیەکی فریشتەکەی خۆت بنووسە

(لێو و ڕوخسار و چاوەکانی تۆ

جوانترن لە

لێو و ڕوخسار و چاوەکانی مانگ

ئەی گەردن زەرد / مارەدڵم ...)

١١

هێندە بەنێو قووڵاییەکانی دۆزەخ

چوومە خوارەوە

تا پارچەیەک لە زمانم بوو بە خەلووز

لە حەژمەتا

کراسی ڕووبارم لەبەر کرد تا ببم بە ئاو

چاویلکەی ئاگرم لە چاوکرد تا ببم بە ئاگر

دواجار

لەناو تابلۆی بێدەنگیدا

وەک گۆڕستانی هەتاو

چاوەکان و ناولەپم بوون بە مۆرانەی خەمۆکی

١٢

من هەمیشە حەزدەکەم

ئەو چرکەساتە ئاوییانە بنووسمەوە

کە با سەما بۆ درەختەکانی مردن دەکات

هەور بە مەمکەکانی خۆی

لێوە وشکهەڵاتووەکانی

جەستەی خاک و کۆرپەکانی باخچە تەڕدەکاتەوە

یان / بازنە قۆپاوەکانی شێتبوون دەکێشم و

میلۆدییەکی نوێ بۆ لە دایکبوونەوەی

گوڵەگەنم و ئەستێرە مێینەکانیش / دەڵێمەوە

١٣

لە ڕۆژگارە سەرەتاییەکانی تەمەنم

زۆر منداڵبووم

لەو ڕۆژەی بۆ یەکەمینجار فێربووم بڵێم نا

هەر لەوکاتە / دەمارەکانی عاتیفەی خۆمم

لەگەڵ ڕەگەکانی درەختە پیرۆزەکەی نیشتیمانم

لێک گرێدان

ساڵان هاتن و ڕۆیشتن بە ئێستایشەوە

سەرەداوی ئەم گرێ کوێرانەم بۆ نادۆزرێنەوە

بۆیە / وەک بەشێکی گرینگ لە موقەدەساتی بوونم

لەهەرکوێ بم / دەبێ ڕۆژیك بە یەکجاری

بەرەو ئەو پەرستگایە ئەبەدییەم / بگەڕیمەوە

١٤

ئەی تەلاری نێو تەمە سپییەکانی خەیاڵم

نیگەران مەبە

ئەو دەمانەی بە دۆزەخت دەسپێرم

چونکێ دۆزەخ ماڵی ئەبەدی منە

من لەوێدا لەنێو چوارپایەکی پەمەیی / چاوەڕێتم

١٥

من منداڵە بزێوەکەی نیشتیمانی شیعرم

وەرە بمبە و بمگەرێنەوە

بۆ نێو بێشکە ئەویندارییەکەی ئاگر

بە دەسترازەی مرۆڤبوون بمپێچەوە

تاکو بۆتاهەتا

نەڕۆم بۆ دیوەخانی کوێخا و گەدا و

وەک کۆیلەیەکی چاو بەرەوژێر

لە کۆشک و تەلاری مرۆڤە چاوچنۆکەکانی

دنیای سەرمایەش نزیک نەبمەوە...!