ما 1268 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاورێ نەهرۆ                                  

ئەو تا ئێستاش بۆنی خاک و خوڵ و ئیسک و پروسکی لێ دێت. بریاری دا دەرگای لێ نەکاتەوە، بەو شەوە بیروکەی ئەوەی بۆ هات کە تەلەفون بۆ پۆلیس بکا، هەر بەو نێوەشەوە ژمارەی ١١٢ ی لێ دا، ئافرەتێکی پۆلیس وەڵامی دایەوە، پێ گوت، من ئێستا لە خانوویەکی هاوێنەم لە نێوان دوو شاخی گەردن کەش. 

 

کەمان ژەنەکە

 هاورێ نەهرۆ                                  

ئەو تەمەنی شەست ساڵ دەبوو، خولیای هونەری هەر لە گەنجی و منداڵی لای چەکەرەی کردبوو، بەڵام بە درێژایی میژوو قەدەر رێگای نەدا خولیاکانی تاقی بکاتەوە، تا ئەو کاتەی توانی کەمانیکی چینی بکڕێ ئیدی هەموو رۆژێ ڕاهینانی دەکرد بە پشت بەستن بە یوتوپ بەڵام پەیتا، پەیتا گەیشتە ئەو بڕوایەی کە موزیک ژەنین دەسەڵاتە، دەبێ خوداوەند ئیزنی لەسەر هەبێ دواتر هەر خوداوەند ئەو دەسەڵاتە دەنێرێ یان دەیبەخشێ، بێگومان دوای ڕاهێنان و ئامادەکاری و خستنە گەڕی توانای عەقڵ.

هاوین بوو، کەمانەکەی ناو سنووقی تایبەتی خۆی دا بوو، رۆژێکیان هاوین بوو، سەرلەبەیانی سنووقەکەی هەڵگرت بە کەناری رووبارەکە رۆیشت تاوەکو گەیشتە گۆڕستانەکە، ئەو لەو بروایەدا بوو کە مروڤەکان دەمرن، گەردیلەی روحیان لەفەزای ئەو شوێنە شەپۆل دەدا کە لێ نێژدراون، دەکرێ ئاخاوتن لەگەل روحیان بکرێ، ستایش و نەفرەت کاریان تیا دەکا، هەر بۆیە دوعا کاریگەری هەیە لەسەر روحی مردوو، کابرا لەبەر خۆیەوە گوتی، چی دەبێ ئەگەر لەسەر گۆڕی ئەم مردووانە کەمانجە بژەنم، بێگومان دەنگ و سەدای کەمانجەکە ئارامی بە روحیان دەبەخشێ، سەرەتا گۆڕی ژنێکی هەڵبژارد پێ وابوو ئافرەت میهرەبان ترە لە پیاو، وردترە لە پیاو، دەتوانێ لە یەک کاتدا چەند ئیشێک پێکەوە بکات، راستە لە رووی زانستی یەوە مێشکی بجوکترە لە پیاوە بەڵام پردی نێوان بەشی ڕاستی مێشکی و بەشی چەپ بەرینترە، ئافرەت کانگای سۆزو بەزەیی یە، کابرا چووە سەر گۆڕی ئافرەتەکەو دەستی کرد بە ژەنینی ئاوازیکی غەمناک، ئاوازێک لە قوڵایی مێژووی چەوساندنەوەی ئافرەت بە درێژایی مێژوو قوڵپی دەدا. بەم شێوەیە چەند گۆڕێکی ژنانی تاقی کردەوە، لەگەڵ موزیک ژەنین دا لەدڵی خۆی دا نیەتی ئەگرت، داوای ئاسودەیی لەروحی مردووەکان دەکرد، لەبەر خۆیەوە دەیگوت گەرچی ئێوە مردوون بەڵام دەسەڵاتێکی نەمرو جاویدانن، ئیرادەو بریار لاتان هەیە، دەشی ئێوە ئارامی بەناخی پڕ ئاشوبم ببەخشن، چەند ساڵێکی پێ چوو، کابرا وەک پێویست فێری کەمان ژەنین نەبوو، چەند ساڵێک تێپەڕی لە وەرزی هاوین دا کابرا بریاری دا خۆی بەتەنیا بچی بۆ هەوارگەی هاوینان لە ناوچەیەکی چوڵایی لەنێوان دوو شاخی گەردن کەش، بڕیاری دا چەند رۆژێک بەتەنیا لەوێ بمێنێتەوە دوور لە ژاوەژاوی شارو گڕە گڕی  دەنگی ئۆتۆمبێل، لەسەر ئەرزە تەختەکە ڕایەخەکەی ڕاخست دوای نێو سەعات خەوی لێ کەوت سەرەتا خەونی بە گۆرستانەوە دەبینی، لەنێو خەونە ترسناکەکە زۆر بێزار بوو هەوڵی دا خۆی لە فەزاو دیوزمەی گۆڕستان و روحی مردووان دوور بخاتەوە، کەچی بێ سود بوو، روحی مردووان پەیتا، پەیتا ئاوێتەی خەونەکانی بوون، دیمەنی کفن و خاک و ئیسک و پروسک لە ئەندیشەی دا بەرجەستە ببوو، لەپڕ سەعات دووی شەو لە دەرگای خانوەکەیان دا، لێدانێکی زۆر سەیرو توقێنەر، لێدانێک کە دیوارەکان لەگەڵی دەلەرینەوە، کابرا لە خەو ڕاپەڕی لە کونی دەرگاکەوە بە تیلەی چاو سەیری دەرەوەی دەکرد، دیمەنێکی ترسناکی بینی، تارمایی ئافرەتێکی بینی بە کفن داپۆشرا بوو، ڕەنگی کفنەکەی بەخۆڵ توزاوی ببوو، ترس سەرتاپا لەشی کابرای داگرت، خەریک بوو لە ترسا ببورێتەوە. رووداوەکانی ژیانی بەپەلە بەسەر پەردەی مێشکی دا وەک شەریتی سینەمایی تێپەرین.

کابرا لە دڵی خۆی دا دەیگوت، ئاخۆ ئەم ئافرەتە لە گۆرستان هەڵهاتووە. بۆ چی بۆ لای من هاتووە، بەم شەوە چی هیناویەتی، ئاخۆ دەزانی من تەنیام لەم چۆڵەوانی یە تەنانەت دراوسێ یم نییە پەنای بۆ بەرم، پەیتا پەیتا ڕم، ڕم لە دەرگاکەی ئەدا، کابرا بەدەنگێکی لەرزۆک لێ پرسی، تۆ کێ یت؟ چیت دەوێ لەمن بەم نێوە شەوە، ئافرەتەکە وەک ئەوەی دەنگی لە بیابانی چوڵەوە هات بێ هاتە گۆ و گوتی، من ئەو ئافرەتەم کەپێش چەند ساڵێک لە گۆڕستان بەئامیری کەمان ئاوازی خەمناک لەسەر گۆڕەکەمت دەژەنی، تا دەهات کابرا زیاتر دڵی دادەخورپا، بەژنە کفن پۆشەکەی گوت، لەراستی دا من زۆر ئەترسم دەرگات لێ ناکەمەوە، تۆ چیت دەوێ لەمن، من کابرایەکی زگوردیم بڕوام بە خوداوەندی خۆم هەیە،  هەموو رۆژی بەیانیان دوای دوش کردن دوو ئایەت دەخوێنم و سێ جار شایەتیمان دەهێنم لە بری نوێژ پێنج وەختە بەو مەبەستەی خوا ئاسودەییم پێ ببەخشێ. من هەموو رێگاکانم تاقی کردۆتەوە گەیشتمە ئەو بڕوایەیم بەم شێوەیە سازش لەگەڵ خوداوەند بکەم تاوەکو ئاسودەییم پێ ببەخشێ، ئەی ئافرەتی کفن پۆش ڕاکردوو لە گۆڕستان، تۆ چیت دەوێ لەمنی بەلەنگاز، ئافرەتە کفن پۆشەکە بە دەنگێکی پڕ خەمناک و ناسۆرەوە هاتە گۆو گوتی، کاتێ کەمانت دەژەنی لەسەر گۆڕەکەم لەدڵت دا چەند نیەتێک هەبوو، من ئەو دەمە گوێم لە ئاوازی کەمانەکەت و نیەتی دڵت بوو، بەڵام ئەوە دەم دەسەڵاتم لێ سێندرابوەوە نەمتوانی وەڵامی داخوازیەکانت بدەمەوە، دوای چەند ساڵێک لەرێگای پەریەکانەوە سکاڵای تۆم بردە لای خوداوەند، دوای تاوتووێ کردن ئەو لەرێگای پەریەکانەوە نەخشەی سەردانی تۆی بۆ ناردم، منیش ئەمرۆ دوای تاریک بوونی فەزا، سواری باڵی ڕەشەبا بووم و خۆم گەیاندە بەر دەرگای تۆ، ئێستاش دەرگام لێ بکەرەوە تا بە قوڵایی ماچت بکەم و دەسەڵاتی ژەنینی موزیک پێت ببەخشم بەشێوەیەک کە بە ئیمپریفیزاشون موزیک بژەنی، هەروا ئەگەر ماچی تۆ بکەم، تێکڕای نیەتەکانت دێتە دی. تا دەهات ترس لە دڵ و دەروونی کابرا تەشەنەی دەسەند، کابرا لەدڵی خۆی دا گوتی، چۆن دەبێ ئافرەتێکی کفن پۆشی خوڵاوی، هەڵهاتوو لە گۆڕستان ماچی منی زیندوو بکا، چەند کارێکی قێزەوەن و ترسناکە.

ئەو تائێستاش بۆنی خاک و خوڵ وئیسک و پروسکی لێ دێت. بریاری دا دەرگای لێ نەکاتەوە، بەو شەوە بیروکەی ئەوەی بۆ هات کە تەلەفون بۆ پۆلیس بکا، هەر بەو نێوەشەوە ژمارەی ١١٢ ی لێ دا، ئافرەتێکی پۆلیس وەڵامی دایەوە، پێ گوت، من ئێستا لە خانوویەکی هاوێنەم لە نێوان دوو شاخی گەردن کەش، بەم نێوەشەوە ئافرەتێکی کفن پۆش لە گۆڕستان ڕای کردووە، بە توندی لە دەرگای من دەدا، دەیەوی بێتە ژوورەوەو بەقوڵی ماچم بکا. ئەمە چ کارەساتێکی چاوەڕواننەکراوە، ئافرەتە پۆلیسەکە دەستبەجێ هەڵسەنگاندن بۆ قسەکانی کردوو بڕیاری دا کە بڕوای بە قسەکانی نەکا، پێ وابوو ئەم کابرایە دووچاری نەخۆشی دەروونی بووەو تارمایی دەبینێ، هەر بۆیە تەلەفونەکەی داخست، کابرا بە نێوەشەوە لەنێو بازنەی بێهودەیی گینگلی دەخوارد بریاری دا جارێکی دی تەلەفون بۆ ژنە پۆلیسەکە بکا بەمەبەستی بەهانایەوە بێ و فریای بکەوێ، ئەمجارەیان ئافرەتە پۆلیسەکە پێ گوت، ئەگەر ڕاست دەکەی ئافرەتە کفن پۆشەکە لە کونی دەرگاکەوە دەبینی، تومارێکی ڤدیویی بۆمان بنێرە تا بڕوات پێ بکەین بەڵام کاتێ کابرا ویستی بە ڤدیوی موبایلەکەی توماری دیمەنی ئافرەتە کفن پۆشەکە بکا لە کونی دەرگاکەوە، ئافرەتەکە وەک گەردەلوول چوو بە ئاسمانا، هەر وەک چۆن بودیەکان ناتوانن وێنەی پەیکەری بودا بگرن ئەوا ئەم کابرایە نەیتوانی بەڤدیو توماری دیمەنی ئافرەتە کفن پۆشەکە بکا و بۆ پۆلیس بینێرێ، بەم شێوەیە پیاوەکە لە نێو شەپۆلی ترس وسامناکی و خەم دا تا بەیانی گینگلی دەداو خەوی لێ نەکەوت نەوەکو خەونێکی ترسناک تر و سامناکتر ببینێ.

 

گەڕان بۆ بابەت