ما 7155 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ساڵان ژیان وەها نەبوو. بۆ ژیان تەنیا ماستاو، دۆ، دوێ سوێر، خورما و رۆن، نان و کولێرەیەک بەس بوو. گەر ئیشتیای ئاویشت بکردایە، رێگای کانی زۆر دوور نەبوو. دەڵێ ئەو ساڵانە کە دەچووی بۆ دەشت هەمیشە جۆگەلەیەک ئاو دەست دەکەوت کە گوێت لە دەنگی زوڵالی رۆیشتنی بێت. یاخود گۆرانیی کانیەک لە قەراخەکانی خۆیدا. 

 

دایکم دەستی گرتم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نازانم دایکم چۆن گەیشتە ئێرە! دەستی گرتم و، وتی با بچینەوە بۆ ساڵی پەنجا. من ساڵی پەنجام زۆر بە جوانی لە بیر نایەت. هەر ئەوەندە دەزانم زۆر بچووک بووم و، کۆڵان خۆڵاوی بوو. لەو سەریشی پیرەژنێک تەشی دەڕست. باوکیشم لە ژوورەکەدا جەگەرەی دەکێشا و، رەنگە بیری لە کەمێک پارەی زیاتر لە گیرفانیدا دەکردەوە.

نازانم. سێبەرەکان لەناو مێشکمدا دێن و دەچن. ساڵی پەنجا. دایکم واز ناهێنێ. دەڵێ زۆری پێ ناچێ. دەڵێ گرینگ ئەوەیە بتەوێ بچیت. من نازانم دایکم چۆن دەیەوێ بەرەو رابردوو بڕواتەوە. رەنگە ژیان لای ئەو تەنیا خەیاڵ بێت و، بەس.

دەستم لە ناو دەستیدایە. دەستە گەورەکانی و دەستە بچووکەکانم. بەڵام راوەستن! ئەرێ دایکە تۆ چۆن لەو هەموو سنوورە پەڕیویتەوە و، گەیشتوویتە ئێرە؟ حەزدەکەم سەرم بەرزبکەمەوە و لێی بڕوانم... تا وەڵامم دەداتەوە. بەڵام لە ترسی ئەوەی نەکا هەموو دیمەنەکە تەنیا خەیاڵ بێت و درۆ، سەرم بەرزناکەمەوە و بەردەوام لەبەر دەمی خۆم دەڕوانم. رێگایش، ئەو چرکانەی بەرەو دوواوە دەخولێنەوە. هەر چرکەیەک هەنگاوێک. هەست دەکەم چرچ و لۆچەکانی دەستی دایکم هەتا دێن دەکاڵێنەوە و ساف و سافتر دەبن. بۆنی گەنجیەتی لە دایکم دەئاڵێتەوە. ساڵی پەنجا لەو دووردوورانەوە بزەیەک دەیگرێ و، خۆی دەکێشێتەوە. پێم وایە ئەویش لە مێژە چاوەڕوانە. ساڵی پەنجا بە قاچێکی کایە بە خۆڵی ژێرپێی خۆی دەکا. بە خۆم دەڵێم بڵێی بگەینێ؟

لە ئاسمان کۆترەکان پەیدا دەبنەوە. کەسێک مشتێک گەنمی پێیە و دەیەوێ بۆیان رۆبکاتەوە. پشیلەیەک خۆی دەکێشێتەوە و چاوەڕوانی نیشتنەوەیانە. لە حەوشەیەکەوە بۆنی نوێژی باوەگەورە لەسەر بەردەنوێژەکەوە دێت. تۆپەڵە قژێکی خەناوی و سپی لە کونە دێوارێک دەکەوێتە خوارەوە. من بە پێوە خەریکم میز بە دیواری دراوسێکەماندا دەکەم. قیژەی ژنێک لە ماڵێکەوە دێت. وەک بڵێی لە شتێک تووڕەیە. یان رەنگە لێی دەدەن. دایکم دەڵێ بە قسەم بکە تەنیا یەک جار، ئیتر چی دەکەی بیکە، بە کەیفی خۆت، وەک هەمیشە!

بە کەیفی خۆم!؟ نا دایکە. من بە کەیفی خۆم نەکرد. قەت قەت. شتێک هەمیشە لەگەڵما بووە. شتێک کە تەنیا خۆم دەمبینی. شتێک وەک ساڵی پەنجا،... دوور و نادیار.

لە پەنجەرەکەوە دووکەڵی جگەرەکەی باوکم بەرەو کۆڵان دێت و بە ئاسمانەوە پڕش و بڵاو دەبێتەوە. دەنگی بانگی مزگەوت هەوای گەرمی دووانیوەڕۆ دڕ پێدەدا و کەڵەشێرێکش پڕ بە گەرووی تەنگی دەخوێنێ. من توونیمە، دەم بە شێری ئاوەکەوە دەنێم و بە کەیفی خۆم دەخۆمەوە. لەگەڵ ئاوەکە تامی ساردی شێری ئاوەکەیش لە زارمدا دەگەڕێ. تامی مس. بە پشتە دەستەکانم دەمم دەسڕمەوە. دایکم دەڵێ بە کەیفی خۆت بخۆرەوە، جاری وایە رێگا دوورە. من کە بەردەوام ناوێرم سەرم بەرزبکەمەوە، لەبەر خۆمەوە بیردەکەمەوە داخۆ دایکم بۆ وا دەڵێ!

دایەگەورە دەڵێ ساڵان ژیان وەها نەبوو. بۆ ژیان تەنیا ماستاو، دۆ، دوێ سوێر، خورما و رۆن، نان و کولێرەیەک بەس بوو. گەر ئیشتیای ئاویشت بکردایە، رێگای کانی زۆر دوور نەبوو. دەڵێ ئەو ساڵانە کە دەچووی بۆ دەشت هەمیشە جۆگەلەیەک ئاو دەست دەکەوت کە گوێت لە دەنگی زوڵالی رۆیشتنی بێت. یاخود گۆرانیی کانیەک لە قەراخەکانی خۆیدا. دایکم بزەیەک دەیگرێ. لەبەر خۆمەوە دەڵێم دیسان درۆ دەکەن. ناوێرن باسی راستییەکان بکەن. ئەوان تەنیا کاتێک باسی خۆشییەکان دەکەن کە تەمەن رۆیشتووە!

کەچی هەنگاوەکانم راناوەستن. من دەستم لە دەستی دایکمدا هەر دەڕۆم. بانە داتەپیوەکان و گوێسبانە خەمگینەکانی دوانیوەڕۆیان خۆیان دەردەخەنەوە. گوێم لە دەنگی دایەگەورەیە هاوارم لێ دەکا قاچەکانی بۆ بشێلم. هەڵدێم! هاواردەکا توخمەسەگ گوێم لێتە و ئەوسا پێدەکەنێ. من لەو سەری کۆڵان هەموو چیرۆکەکەم لە بیرم دەچێتەوە. خەیاڵم دەچێتە سەر منداڵێک خەریکی ئالاسکە خواردنە. باوکی کە کۆت و شەرواڵێکی جوان و رێک و پێکی بە کەڕاواتەوە لەبەردایە، پێی دەڵێ ئاگای لە خۆی بێ خۆی پیس نەکا. ئالاسکەکە، ناو دەمی منیش شیرین دەکا. تفی دەمم قوت دەدەم و، لەبەر خۆمەوە دەڵێم رەنگە منیش رۆژێک بیخۆم. خاڵم دەیگوت بۆ ئەوەی هەموو منداڵەکان ئالاسکە بخۆن دەبێ شۆڕش بکەین، ئاوا نابێ!

سەیرە، لەبیرم دێت قەت دەستم لەناو دەستی دایکمدا ئارەقی نەدەکردەوە. بە ئیستایشەوە. بە لاچاو سەیری دەستە سپییەکانی دەکەم و، بە خۆم دەڵێم هی ئەوەیە زۆری ناگووشێ. دایکم دەیزانی چۆن دەستم بگرێ. هەر ئەوەندەی کە کاتێک کەمێک گەورەتر بووم رێگا بەڵەد نەبوو. باوکم چاوم لێ مۆڕدەکاتەوە و، دەڵێ گەورە بوویت و ئیستا پیاوێکیت و ئیتر دەزانی دەبێ چی بکەی. راستی من دەزانم چی بکەم!؟

لە دوورەوە دەنگی تەقەی ئاسنگەر و تەنەکەچی دێت. دەنگی وردەواڵە فرۆشەکان. هێلانە زەردەواڵەیەک دەوروژێ و، زەردەواڵەیەک بە لاملی منداڵێکەوە دەدا. ئەوەندەی پێ ناچێ تەپێ قوڕی سوور بە شوێنی پیادانەکەدا دەدەن. منداڵەکە هەر دەگری. باوکی شەپڵاخەیەکی لێدەدا و، دەڵێ دەی کارت بە سەر زەردەواڵەوە چی بوو! منداڵەکە لە بەر ژان بۆی نایەت بڵێ کە ئەو تەنیا لەوێوە تێدەپەڕی. بۆنی چێشتێکی خۆش کە کەس نازانێ لە کوێوە دێت، گێژم دەکا. بە خۆم دەڵێم رەنگە دەبێ دیسان چاوەڕوانی شۆڕش بین.

ئێوارەیەکی پاییزە و، ئاسمان خۆڵەمێشی و بایەکی سارد دێت. باران دادەکا. پێڵاوە لاسیقییەکانم شڵقەیان دێت. کۆڵان دەبێ بە قوڕ. ئاغای مودیر چەترەکەی هەڵدەدا و، لە دوکانی میوەفرۆشییەکە دوو کیلۆ هەرمێ دەکڕێ. ئەوسا لەبەر خۆیەوە جوێن بەم شارە دوواکەوتووە دەدا و ئەو بەڵێنە بە خۆی دەدا کە داوای ئینتیقالی بکا و بۆیە ئەوەندەی نەماوە لێرە رزگاری بێت. منیش خەیاڵم دەڕوات بۆ شاران. بۆ ئەو شوێنەی ئاغای مودیری مەدرەسەکەی ئێمەی لێوە هاتووە. خەیاڵێک بە بێ باران و بە بێ کۆڵان و قوڕ. ئاغای مودێر کوڵمە خڕ و سوورەکانی دەخورێنێ و، تفێک رۆدەکا. لە دوورەوە دەنگی هاڕەی تەنیا کۆمپریسیەکەی شار دێت. شۆفیرەکەی چەند ساڵ دوواتر، لە دووای شۆڕش، لە شەڕێکدا کوژرا.

گوێم لە دەنگی پێکەنینی دایکمە. رەنگە گەیشتووین وا پێدەکەنێ. رەنگیشە نا. دایکم دەتوانێ لە نەگەیشتنەکانیشیدا بە دڵ پێبکەنێ. چاوەکانم ورد دەکەمەوە. بە خۆم دەڵێم بێگومان گەیشتووین. ئا،... گەیشتووین. ئەوسا گیرفانم پڕدەبێ لە تووە رەشە و، دەست دەکەم بە تروکاندنی. بە تۆخڵەوە دەیخۆم. جاری وایە دەپەڕێتە قوڕگم و، دەکۆکم. دونیا لەبەر چاومدا لێڵ دەبێ.

قوتابیە تەمبەڵەکان هەمیشە لە دوواوە دادەنیشتن. کەس نازانێ بۆ و کەس نازانێ کێ دەیناردنە ئەوێ. هەمیشە وەها بوو. من کە رێزی ناوەڕاستدا دادەنیشتم، هەمیشە حەزم لەوە بوو هەم وەک ئەوانەی دوواوە بم و، هەم وەک ئەوانەی پێشەوەیش. ئازا بە ماسولکە و، زیرەک لە مێشکدا. نە بووم بەوان و، نە بووم بەمان. ساڵان تێپەڕین. باوەگەورە دەیگوت ئەم هەتیوە نابێ بە پیاو! من رقم لە خۆمە. سەرکوتکراو و بە نومرەی 'دە'وە لەبەر ئاوێنەکەدا رادەوەستم و، چاوم پڕدەبێ لە فرمێسک. چۆلەکەیەک شێتانە خۆی بە پەنجەرەی ژوورەکەدا دەدا.

هەنگاوەکانم شل دەبنەوە. دایکم تێدەگا و، کەمێک دەستم دەگووشێ. حەزدەکەم بڵێم دایە با نەگەڕێینەوە. بەڵام هەر مکوڕە. دەڵێ لەوێ نەبێ ئێمە قەت یەک ناگرینەوە. مەگەر لەبیرت نایێ؟

دەست دەبەم تۆنگەکەی پشت سەرم هەڵدەگرم و، بینی پێوە دەنێم. لە تاریکیی نیوەشەودا تەنیا دەنگی هەناسەی قورس و دەنگی پرخە دێت. ژوورەکە ئەوەندە گەرمە، خەریکە دەخنکێم. میزم دێت و، نازانم چی بکەم. هەڵدەستم و لە پەنجەرەکەوە دەیکم. سەر تەنوور ئەوەندە تاریکە وەک قوڕگی ئەژدیها،... لە ترسان لە نیوەدا دەیقرتێنم و ئەوی تری بۆ ناو جێگاکە جێ دێڵم. بۆ سبەی دۆشەکەکە بە هەڵواسراوی کە پەڵەیەکی تەڕی بە سەرەوەیە لەسەر پلیکانەکان دەبینم. هەتاو قەرارە یارمەتی دایکم بدات.

راستی دایکە تۆ ئەم سنوورانەت چۆن بەزاند و،... گەیشتیتە ئێرە؟ دایکم گوێی لێ نیە، یان رەنگە من پرسیارناکەم! نازانم. بە خۆم دەڵێم گەر قەرارە دایکم ئەو هەموو سنوورە بە تەنیا ببڕێ و بتوانێ بگاتە ئێرە، ئەوا دەگاتەوە ساڵی پەنجایش. حەزدەکەم سەرم بەرزبکەمەوە و، لێی بڕوانم. دیسان ناوێرم. هەم سنوور و هەم ساڵی پەنجا دەڵێن هەموو شتێک درۆیە.

ئاسمان جاری وایە ئاسمانی نیوەشەوی هاوینە،... تەژی لە ئەستێرە بێ ئەژمارەکان. جاری وایشە ئاسمانی ناو چاو تاڵی رۆژێکی بەهاری. خوناوکە باران کوڵمەکانم تەڕدەکا. دیسان دایکم پێدەکەنێ و، دەڵێ دەبینی ژیان زۆریش ناخۆش نیە! ئاە، دایکم چەندە دیوی سپیی ژیانە. سەفەرێکە هەمیشە بەرەو رابردوو. باوەشێک پڕ لە خەونی بەردەوامبوون. تەنانەت ئەو کاتەیش زەمەنێک بە دەستەوە نەماوە. لەم کاتانەدا دەست دەباتەوە بۆ ناو توورەکەی رابردوو. ئەو دەتوانێ ژیان دیسان بانگهێشت بکاتەوە.

کوکوختییەک دەخوێنێ. جووتەکەی لە حەوشەوە سەر بەرزدەکاتەوە و، لە هێلانەکەیان دەڕوانێ. مێینەکە چاوەڕوانی شتێکە. داخۆ هێلکەکان ترووکاون؟

هەمیشە بیانوویەک بۆ دەست پێکردنەوە هەیە.

دایکم بزەی دێت و، دەڵێ زۆرمان نەماوە. من هەنگاوەکانم شل دەبنەوە. ئاماژە ناڕاستەوخۆکان و، راکێشانەکانیش دادم نادەن. دێتەوە بیرم لە دایکم هیچ شتێکم لە بیر نەماوە. ئەو، ئەوەندە لەوێ بوو کە لێم ون ببوو.

هەنگاوەکانم تینیان تێ دەگەڕێتەوە. سەرهەڵدەبڕم و، لە بەرامبەرم دەڕوانم. ساڵی پەنجا لەبەر دەممدا، نە ئەوەندە دوور، چاوەڕوانە. پۆلێک مەل بەسەر گەنمەجاڕەکانی قەراخ شاردا دەفڕن. بازێک بە سەر سەریانەوە.

رەنگە لەوێ، لەگەڵ دایکم بتوانین فکرێکیش بە حالی سنوورەکان بکەین!

  

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت