ما 10259 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خولە لەو رۆژەوە نەک تەنیا بۆی مەعلوم نەبوو کە داخۆ ئەوانەی سەعاتی چواری بەیانیان دەمردن، لە فرۆشتنی ئاوەکەی ئەو خۆشحاڵ بوون یان نا، بەڵکوو پەشیمان لەوەی کە شوێن وەها پرسیارێکیش کەوتبوو، ئیستا لە پشت پەنجەرەکەیان بە غەمگینی دادەنیشێ و چاوەڕوانی کەرەبەڕەڵڵایەکی تری ناو بیابانە. ئەو کەرەی کە تەنیا ئەو دەزانێ تاقە کانیی ناو بیابان لە ساڵانی وشکە ساڵیدا لە کوێدایە. 

 

سەقای مێژوویی

 

خولەی دراوسێمان کەرێکی پیری چڵکنی گەڕی پێیە کە کاتی خۆی کەرە بەڕەڵڵا بووە. لە شارەکەی ئێمە، شەش پووت ئاوی سەر پشت دەخا و لە کاتێکدا بۆ خۆیشی بە شەلە شەلە بە شوێنیەوەیە، کۆڵان و کۆڵان ئاو بە شاری تینوو دەفرۆشێ. کەرەکە، کە لە ژێر باری قورسی سەر پشتیدا هینکە هینکی دێ و ئارەقە هەموو ئازای ئەندامی چۆڕ چۆڕ لە خۆگرتووە، زۆر مل کەجانە گوێڕایەڵی خاوەنەکەیەتی و بە میلی متر چییە لە قسە و ئەوامری دەرناچێ. وەک بڵێی تامی تاڵی ساڵانی بەڕەڵلایی و ئاوارەیی هێشتا لە ژێر زمانی دا ماوەتەوە. ئیستایش باڵندەی سیمای تاریکی شەوانی ترسناکی بیابان لە دەروونیدا هەڵدەفڕێ،... بیابانە لێواولێوەکانی دەنگی لوورەی گورگ و خەتەر.

بەڵام خولە پیاوێکی ئاژەڵ ئازاردەر نیە. ئەو پێی وایە بەم کارەی نەک تەنیا خزمەت بە خودی کەرەکە دەکا، بەڵکوو خزمەت بە تەواوی شار و تەنانەت بەوانەیش دەکا کە دەڵێن سەعاتی چواری بەیانیان دەمرن. بەمەیش ناحەقی نیە. تەنیا پێویستە لە کاتی ئاوفرۆشتنەکانیدا کەمێک سەیری بکەی. جگە لە کەرەکە کە ئارەقی خۆشی و زەحمەت پێکەوە بە لەشیدا دەچۆڕێتەوە، ئاپۆرای خەڵکەکە و هەڵاتنیان بەرەو و خولە، کاتێک لەو سەری کۆڵان دەردەکەوێ، بە جوانی ئەم راستیە پیشان دەدەن، بەڵام،... بەڵام تەنیا لە یەک شت، خولە بە تەواوی دڵنیا نیە، ئەویش خۆشحاڵیی ئەوانەیە وا هەموو رۆژێک سەعاتی چواری بەیانیان دەبێ بمرن!

خوڵە بۆ ئەوەی بە سەر دڵەڕاوکێکانی خۆیدا زاڵ بێت، بە دەنگی بەرز، لە کاتێکدا لە گەڵ کەرەکەی لە بن سێبەری دیوارەکاندا رادەوەستن و دەحەسێنەوە، بە خۆی دەڵێ:

ـ "مادام کوڕ و کچی ئەم خەڵکەن، کەواتە ئەوانیش دەبێ خۆشحاڵ بن."

بەڵام زۆر خێرا لەم بەڵگەیەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە. ئاخر ئەو کە نازانێ ئەوان لەم ئاوەیان پێدەگا یان نا، یاخود ئەسڵەن هەواڵی سەقایی خولەیان پێدەگا یان نا، چلۆن بزانێ خۆشحاڵن. رەنگە ئەوان لە بەر تینوویەتی بێت هەموو بەیانییەک سەعاتی چوار دەمرن! تەقەی تفەنگی تینوویەتی لە سەعاتی چواری بەیانی.

خولە، کە لە مێژووی شار ئاگادار نیە و بە تەواوی نازانێ کەی و چۆن کەم ئاوی و تینوویەتی رووی کردە ئەم وڵاتە (ئەو نازانێ ئەوانەی وا سەعاتی چوار دەمردن، زانیبوویان وشکە ساڵی روودەکاتە وڵات)، بەیانییەک زوو ئەم کەرەی لە بەر پەنجەرەکەی خۆیاندا بە هەڵکەوت بینی. وەک بڵێی کەرەکەیش دەیزانی خولە بێکار و بێ ئیشە و، فلس چییە لە گیرفانی دا دەست ناکەوێ. وەک بڵێی کەرەکە لەم پەنجەرەیەوە هەموو رۆژێک لە دڵی بیاباندا گوێی لە نزا و جوێن و شەڕ فرۆشتنەکانی دایکە پیرەکەی خولە بووە و هەر بۆیە لە دووای بیستنی هەواڵەکە بۆ خۆی رووی لەم بەر پەنجەرە پەرپوتەیە کردبوو. خولەیش کە زمانی لە بەر گەرمانا و لە بەر تینوویەتی بە مەڵاشوویەوە چەسپیبوو، دەستبەجێ سوار پشتی رووتی ببوو و لە دووای کۆکردنەوەی ئەو تەنەکە بیست کیلۆییە کۆنانەی وا هێشتا بۆنی "روغن نباتی" یان دەدا، بەرەو ئەو کانییە لێی خوڕیبوو کە تەنیا کەرەکە پێی دەزانی.

لەو رۆژەوە نانی خولە کەوتە ناو رۆنەوە. دایکی ئیستا هەموو شەوێک دۆعای بەخێری بۆ دەکرد و خەڵکی شاریش وەک رزگاریدەرێکی مێژووی سەیریان دەکرد. ئەوان ناویان نابوو "سەقای مێژوویی".   

بەڵام کێشەی سەعات چوارەکان تەواو خولەیان ئازار دەدا. هەوڵ دەدا رێگا چارەیەکی بۆ بدۆزێتەوە. رۆژێک لە دووای پرسیارێکی زۆر سەرئەنجام شوێنیان دەدۆزێتەوە کە خانوویەکی گەورەیە بە حەسارێکی بەرز بە دەورییەوە، بەو چەکدارانەوەی لێرە و لەوێ چاوەدێری دەکەن. لە کاتێکدا لە گەڵ کەرەکەی بە شەش پووتی پڕ لە ئاوەوە لە بیناکە نزیک دەکەوێتەوە، هەوڵ دەدا جوانتر و وردتر لێی بڕوانێ. نازانێ بۆچی ئەم بینایەی لە بیر نییە. ئەوێک کە لەم شارەدا لەدایک بووە و لێرە گەورە بووە، چۆن دەبێ بە وەها جێگایەکی نەزانیبێ. دڵنیا لەوەی لە دەرگاکەوە کەسێک دەردەکەوێ و بانگی لێدەکا و ئاوی لێدەکڕێ، لە دیوارەبەرزەکە نزیک و نزیکتر دەکەوێتەوە. بەڵام نەک تەنیا کەس دەرگاکە ناکاتەوە، بەڵکوو تەنانەت قەرەوڵەکانی سەر دیوارەکەیش وەها مۆڕەکەیەکی لێدەکەن کە زۆر بە پەلە دوور دەکەوێتەوە.

ـ "ئەمە کوێیە وا تینوویان نیە و بیر لە خولە و کەرەکەی و شەش پووتە ئاوەکەی سەر پشتی ناکەنەوە؟"

شەو خولە لە ماڵەوە بیر لە مردنەکانی سەعاتی چوار دەکاتەوە:

ـ "باشە بۆ سەعاتی چوار؟ بڵێی لەبەر ئەوە نەبێ ئەوەی دەبێ بمرێ هێشتا خەواڵووە و جوان ئاگای لێ نییە چی لێ بەسەردێت؟ بڵێی هی ئەوە نەبێ کە بێدەنگیی بەیانیان زوو، ئەوان ئاشناتر بە مردن دەکا؟... یان نا راوەستە!... رەنگە،... رەنگە هی ئەوە بێت کە ئەو کاتانە من هێشتا تازە لە سەر کانییەکەم و خەریکم تەنەکەکان پڕ لە ئاو دەکەم!"

خولە بڕیار دەدا لە جیاتی سەعاتی چوار، زۆر زووتر لە خەو هەستێ و بچێ بۆ ئاوهێنان. دایکی کە ئاگاداری مەسەلەکە نیە، شوکری زیاتری خودا دەکا بۆ ئەوەی رۆژ لە گەڵ رۆژ زیاتر خولەی هێناوەتە سەر رێگای راست. خولە سەعاتی یەک لە خەو هەڵدەستێ و دەچێ بۆ کانییەکە. پووتە ژەنگاوییەکانی پڕ دەکا و ئارام بە کۆڵانەکاندا بێ ئەوەی دەنگ هەڵبڕێ و لە کەرەکەی بژەنێ، بەرەو دیوارە بەرزەکان بەڕێ دەکەوێ. کە دەگا، رێک سەعاتی چواری بەیانییە. دڵنیا لەوەی ئیستا لە پشت حەسارەکان دیسان چەند کەسێکی تر خەریکن دەمرن، لە تاریکی و روونیی بوومەلێڵ دا دەگاتە قەرەوڵەکان.

خولە زۆر هەوڵ دەدا. چەند جارێک لە سەر یەک لە تاقە دەرگا زلەکە دەدا. هاوار لە نیگابانەکان دەکا. دەڵێ کە ئەم ئاوە بەلاشە و بۆ فرۆش نیە و تەنیا حەز دەکا بیدا بە تەواوی ئەوانەی وا لەو دیوەوە رۆژانی رۆژە، بگرە ساڵانی ساڵە، گەروویان وشکە. تەنانەت بۆ قەرەوڵەکانیش و بۆ ئەوانەی نازانن بۆ دەبێ هەموو رۆژێک کۆمەڵێک کەس بە سەعاتی چواری بەیانی بکوژن. بەڵام دەنگی خولە ناگاتێ. دەنگی، بە دیوارەکاندا هەڵدەکشێ و بێ ئەوەی بگاتە سەری، دەترازێ و دەکەوێتەوە خوارەوە. قەرەوڵەکان و ئەوانەی ناوەوە بە شتێکی ترەوە سەرقاڵن. کتوپڕ لە پشت حەسارەکەوە کۆمەڵێک باڵندەی رەشی ترسناک دەردەکەون. باڵندەکان بە پڕتاو بەرەو لای خولە و کەرەکە دێن. خولە دەکشێتەوە. باڵندەکان دووای ئەوەی چەند سوڕێک بە دەوریاندا دەدەن، بەرەو ئاوەکە و کەرەکە هوروژم دێنن. دووای ئەوەی تێر لە ئاوەکە دەخۆنەوە و تێیدا دەکەونە باڵە فرتێ، دەست دەکەن بە دەندوک لێدان و کرۆشتنەوەی کەرە گەڕەکە. گوێ درێژەکە لە ژان و ئازاری خۆی هاوار دەکا و جووتە دەهاوێ و، دەکەوێتە هەوڵی خۆدەربازکردن. بەڵام بێسوودە! خولە لە تاریکی و روونیی بوومەلێڵدا، کەرەکەی وەک تابلۆیەکی رەش بەرە بەرە لە بەرچاو ون دەبێ. باڵندە رەشەکان دەیڕەتێنن و دەیبەن.

 

خولە لەو رۆژەوە نەک تەنیا بۆی مەعلوم نەبوو کە داخۆ ئەوانەی سەعاتی چواری بەیانیان دەمردن، لە فرۆشتنی ئاوەکەی ئەو خۆشحاڵ بوون یان نا، بەڵکوو پەشیمان لەوەی کە شوێن وەها پرسیارێکیش کەوتبوو، ئیستا لە پشت پەنجەرەکەیان بە غەمگینی دادەنیشێ و چاوەڕوانی کەرەبەڕەڵڵایەکی تری ناو بیابانە. ئەو کەرەی کە تەنیا ئەو دەزانێ تاقە کانیی ناو بیابان لە ساڵانی وشکە ساڵیدا لە کوێدایە.   

گەڕان بۆ بابەت