ما 6102 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

شێر بە خۆی گوت نا ئاوا نابێ، جاخۆ گەر بەم حسێبە بڕواتە پێش، ئەوەندەی تر ناژیم،... جا دەبێ رێگاچارەیەک بدۆزمەوە. لە لایەکی ترەوە شێر دەیبینی کە چلۆن لە دووای ئەوەی ببوو بە پاشا و کۆمەڵگای پڕ لە ئاشتەوانی دروست ببوو، چەندە ژمارەی ئاژەڵە گیاخۆرەکانی وەک کارمامز، گاکێوی و زەڕافە زیادیان کردبوو کە جێگایان بۆ هاتووچۆ لەو دەشتە پان و بەرینەدا نەهێشتبووەوە.

 

چۆن شێر بوو بە پاشا

فەڕۆخ نێعمەتپوور

شێر کە خۆی هەر لە ئەزەلەوە بە پاشای جیهان دەزانی، لەگەڵ ئەوەی لە هەموو ئاژەڵەکانی تر بە هێزتر بوو، بەڵام کێشەی ئەوەی هەبوو چلۆن ئەم پاشایەتییەی خۆی بە سەر ئاژەڵەکانی تردا بسەپێنێ. ئاژەڵەکانی تر ئەمەیان لێ قەبوڵ نەدەکرد و، دەیانگوت راستە لە ئێمە بەهێزتری بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە ببیە پاشامان. شێر سەرەتا بۆ ئەوەی بتوانێ داواکەی خۆی بسەپێنێ، بە بێ ئەوەی برسی بێت، زیاد لە رادە و هەر لە خۆوە راوی دەکرد. کار گەیشتە ئەو شوێنەی ئاژەڵ هەموو ترسان وەها کە بەدەگمەن دەردەکەوتن. ئەوانەیشی مابوون، وەها کەمیان کردبوو کە ئەگەری لەناوچوونی یەکجارەکی بەرۆکی پێگرتبوون.

سەرئەنجام بەناچار رۆژێک نوێنەری ئاژەڵەکان لە دەوری یەک کۆبوونەوە بۆ ئەوەی رێگاچارەیەک بۆ ئەم کێشە یەکجار گەورەیە بدۆزنەوە. لە دووای بینینەوەی چارە،  چوونە لای شێر و پێیان گوت ئەوان پاشایەتی شێر قەبووڵ دەکەن بەو مەرجەی شێر کۆمەڵگایەکی شارستانی و سیڤیل پێک بێنێ و، بەڵێن بدا هیچ ئاژەڵێکی تر نەخوا. نوێنەرەکان گوتیان بەشێکی ئەوەندە لە ئاژەڵەکان نەخۆش و پیر و پەککەوتە دەبن کە شێر پەکی لە خواردن نەکەوێ.

شێر لە دووای کەمێک بێنە و بەرە و پرتەوبۆڵە، کە چۆن دەبێ پاشا کەلاکی پیر و نەخۆش بخوا و، ئەمە بە مانای هێنانەخوارەوەی کەرامەت و ئاستی پاشایەتی ئەو دەبێ، سەرئەنجام ملی داو بە فەرمی بوو بە پاشای جیهانی ئاژەڵان.

ئیتر لەمە بەدووا شێری پاشا ناچار نەبوو رۆژ تا ئێوارە بە شوێن نێچیردا بگەڕێ. لە کولانەکەی خۆی کە ئێستا ببوو بە قەسرێکی رێک و پێکی چێکراو لە قامیش و لق و گەڵای دارەبی، پاڵی لێدایەوە و ئاژەڵەکانی تر کەلاکی مردوو و نەخۆشەکانیان بۆ دێنا.

سەرەتا خواردنیان ئاسان نەبوو. پاشا کە تەبعی بە گۆشتی تازە و خوێنی گەرم و بەلەزەت راهاتبوو، هەتا عادەتی بە کەلاکە سارد و تۆپیوەکان گرت، خایاندی. دوواتریش بە خواردنی زیاتریان هەستی کرد وەزع و حاڵی وەک جاران نەماوەو، بە تێپەڕینی کات هەتا دێت زیاتر کز و لاواز و ناشیرین دەبێ. رۆژێک کە بۆ ئاوخواردنەوە چووبووە قەراغ چۆمی، بە بینینی وێنەی خۆی لە ئاوەکەدا داچڵەکا و، چەند هەنگاوێک کشایەوە. بە خۆی گوت "بەڕاست ئەوە منم!" ئەوەی لە ئاوی زوڵاڵی چەمەکەدا دەیبینی، شێرێکی داهێزراوی رەنگ و روو هەڵبزرکاوی یاڵ و گۆپاڵ هەڵپڕوزکاو بوو کە دەڵێی سەد ساڵ لە تەمەنی تێپەڕیبوو! شێر جاری وابوو دڵی بەیەکدا دەهات و، تا چەند رۆژ ئیشتیای هیچی نەدەکرد. هەستی دەکرد هەناسەی بۆنی کەلاکی گرتبوو و، وەک جاری جارانیش مێینەکان بەلایدا نەدەهاتن.

شێر بە خۆی گوت نا ئاوا نابێ، جاخۆ گەر بەم حسێبە بڕواتە پێش، ئەوەندەی تر ناژیم،... جا دەبێ رێگاچارەیەک بدۆزمەوە. لە لایەکی ترەوە شێر دەیبینی کە چلۆن لە دووای ئەوەی ببوو بە پاشا و کۆمەڵگای پڕ لە ئاشتەوانی دروست ببوو، چەندە ژمارەی ئاژەڵە گیاخۆرەکانی وەک کارمامز، گاکێوی و زەڕافە زیادیان کردبوو کە جێگایان بۆ هاتووچۆ لەو دەشتە پان و بەرینەدا نەهێشتبووەوە.

چی بکا چی نەکا، پاشا کێشەکەی لەگەڵ چەند دانە لە نوێنەری ئاژەڵەکان کە ئێستاکە تەواو لەیەکتر نزیک ببوونەوە و ببوونە برادەری گیانی بە گیانی، خستە بەرباس. ئەگەر چی نوێنەرەکان خۆیان زۆر لە باسەکە نەدەدا و، هەوڵیان ئەوەبوو هەر چۆنێک بێت پاشا بەوە رازی بکەنەوە کە بەردەام بێت لە سەر وەعدە و بەڵێنی خۆی، بەڵام بە بینینی سەروسەکوتی تەواو تێک چووی، هەروەها بە دیتنی ئەو هەموو ئاژەڵە لە ناو سروشتدا، هاتنە سەر ئەو رایەی کە بەڵێ یاسایەکی تازە دامەزرێنن. یاساکەیش کە پێشنیاری خودی شێر لە دووای بیرکردنەوەیەکی زۆر لە قەسرە هەمیشە سەوز و فێنکەکەیدا بوو، ئەوە بوو کە ئاژەڵە گیاخۆرەکان نابێ چیتر لەمە بەدووا ئەوەندە کلک ببزوێنن. چونکە ئەم کلک بزواندنە زۆر جار دەبێتە هۆی فلیقانەوەو کوشتنی مێش و مەگەز و مێشوولەکان و، ئەمەیش ژێر پێخستنی ئەو یاسا و بەڵێنەیە وا کاتی خۆی لە سەری ساخ ببوونەوە. جا هەر ئاژەڵێک لەمە بەدووا کلک بجووڵێنێ، ئەوا پاشا مافی ئەوەی هەیە بیخوا!

ئاژەڵەکان بە بیستنی ئەم هەواڵە زۆر تێکچوون. سەرەتا قەبووڵیان نەکرد. بەڵام لەبەر ئەوەی رێگاچارەی دیکەیان نەبوو، گوتیان باشە.

سەرەتا بۆ ئەوەی بتوانن لە ئێشی پێوەدانی مێش و مەگەز و مێشوولەکان دەربازبن، غاریان دەدا و هەتا دەیانتوانی وەها بە تووندی هەڵدەهاتن کە هیچ مێش و مێشوولەیەک نەتوانن پێیان بگەنەوە. بەڵام چەندە بێسوود بوو! هەر ئەوەندەی رادەوەستان، دیسان یەکەوئان بە کۆمەڵ لێیان دەئاڵانەوە. خۆ نەیشدەکرا رۆژ تا شەو و شەو تا رۆژ خەریکی مۆزکردن و راکردن بن. بە ناچار بە گوێرەی یاسای تازە، ئەوانەی وا کلکیان هەڵدەسووڕاند دەبوو ببن بە ژەمی پاشا.

بە شێوەیە شێر وەک جاری جاران کەوتەوە خواردنەوەی گۆشتی تازە و، خوێنی گەرم و بەلەزەت. ئیستا ئەو هەم پاشا بوو و، هەم دەیتوانی بە تاوانی کووشتنی مێش و مێشوولەکان، خەریکی راوی ئاسک و گاکێوی و زەڕافە و بە گشتی هەموو ئەو ئاژەڵانە بێت کە رۆژ تا ئێوارە سەریان بە سەر مێرغوزارەکاندا شۆڕ بوو بۆ ئەوەی پارووە نانێک پەیدابکەن و، بیخۆن.

 

گەڕان بۆ بابەت