ما 2838 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێشەوا کاکەیی

ئەوە هیچ بیانوویەک نییە بۆ نووسەری ئەم کتێبە، کە بڵێت من کاری پیتچنینم نەکردووە، چونکی هەر لە سەرەتاوە ئاماژە بەوە دەدات کە نووسینی ئەم دەقانەی لە فەیسبووک بڵاو کردۆتەوە. کەواتە کە نووسەر بڕوای بە هەڵەچن و ڕێنووسکاری نەبێت، دەبێت ئەم ڕەخنانەش لە ئەستۆ بگرێت کە ڕووبەڕووی دەکرێتەوە. 

 

خولێک بۆ فێربوونی هەڵەی ڕێنووس و زمان 

ڕەخنە لە دەفتەرەشیعری (خولێک بۆ فێربوونی گریان)ـی قوبادی جەلیزادەدا

پێشەوا کاکەیی

ئەوەی لێرەدا لەگەڵیدا ڕووبەڕووم، ئەزموونی شیعری پاتبووەوەی (قوبادی جەلیزادە)یە، کێڵگەی شیعرەکەشی ناوی (خولێک بۆ فێربوونی گریان)ـە. لەم کتێبە شیعرییەدا، کە خۆی لە (٢٣٠) لاپەڕەدا دەبینێتەوە و (١٧١) دەقی شیعرین و لەژێر هەر ژمارەیەکی دەقدا، ناونیشانێکی سەرەکی و ناونیشانێکی لاوەکی لێوە هەڵتۆقیوە. لە سەرەتای دەستپێکەکەی بە ناوی (شیعرائیل) تا کۆتاییەکەی، پڕ لە هەڵەی ڕێنووس و زمان و خاڵبەندییە. هەروەها، سەرلەبەری ئەم دێڕانە لەناو خۆیدا پات بووەتەوە. واتە ئەم ئەزموونە، دێڕە شیعرەکانی ناو کتێبەکەی جووینەوەی دێڕە شیعری دیوانەکانی خۆیەتی. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە شاعیر ئاگاداری ئەزموونی خۆی نییە، وەکوو (خەسارناسی شیعر) لە شیعری خۆیدا.

ئەرکی شاعیر ئەوەیە کە شیعرەکانی خۆی لە بێژنگ بدات لە کوێدا پات بووەوەیە. ئەمە بۆ شاعیرێکی هەرزەکار ئاساییە درکی پێنەکات، چۆن ڕێی لە بەردەمدایە، بەڵام ئەم شاعیرە ئەزموونێکی چلساڵەی هەیە لەگەڵ خۆیدا، کە تووشی خوێنبەربوونی شیعر بووە لە خۆیدا. ئەم شیعرانە وەها ڕۆیشتوونە دەرەوە، کە دەماری شیعری فش بووە و دێڕە شیعری خۆی پێدا دێنە دەرەوە؛ وەک بڵێین ئەگەر ئەم دێڕە لە دیوانێکی پێشوویدا هەبێت، ئەوا لەم دیوانەدا پات بووەتەوە لەپاڵ دێڕێکی تری شیعری تازەیدا. ئەمە وشە نییە بێت و شاعیر ئازادانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، چونکی شاعیر کاتێک چەند وشەیەک دەهێنێت و لە دێڕێکدا دەری دەخات، دەبێت پارێزگاری ئەم بۆتەیە بکات و بیپارێزێت، نەک بیری چووبێتەوە کە بە ڕاستی پێشتر لە بۆتەیەکدا لە قاڵبی داوە؟! لە قاڵبدانی وشە لە دێڕە شیعرێکدا، بەرپرسیاریێتییە بەرانبەر زادەی وشە! هەر لەبەر ئەمەشە، ئەم شاعیرە، لەو کتێبەیدا، دوای چل ساڵ، تووشی خوێنبەربوونی شیعر بووە و سەرەڕای ئەوەش دەبوایە شاعیر خوڵقێنەری زمان و ڕێنووسکاری باش بوایە و ئەزموونێکی باشی بۆ خوێنەر جێ هێشتبایە، نەک بەردەنگ کاتێک بەر ئەو شیعرانەی دەکەوێت، وەک ئەوەی بە شەقامێکدا بڕوات، پڕ تاسە بێت و زووزوو قاچی بکەوێتە ناو چڵپاوەوە و دەستبەرداری شەقامەکە بێت. ئەگەرچی هەر چۆنێک بێت، من بەو شەقامەدا ڕۆیشتم، ئەوەی بۆی جێی هێشتم، تووڕەیی بوو لەو شەقامەدا، کە جلوبەرگی قوڕاوی کردم و پێڵاوکانی پڕ کردم لە چڵپاو.

 

↩ ئەوە هیچ بیانوویەک نییە بۆ نووسەری ئەم کتێبە، کە بڵێت من کاری پیتچنینم نەکردووە، چونکی هەر لە سەرەتاوە ئاماژە بەوە دەدات کە نووسینی ئەم دەقانەی لە فەیسبووک بڵاو کردۆتەوە. کەواتە کە نووسەر بڕوای بە هەڵەچن و ڕێنووسکاری نەبێت، دەبێت ئەم ڕەخنانەش لە ئەستۆ بگرێت کە ڕووبەڕووی دەکرێتەوە. نووسەر خێرا لە فەیسبووکەوە خستوویەتە سەر وۆرد و ناردوویەتیە دیزاینەر؛ چونکی پیتچنینێک لە ناسنامەی کتێبەکەدا نییە. کەواتە خۆی پیتچنینی کردووە. ئەوانەی بۆشیان چاپ کردووە، بە ڕێنووس و خاڵبەندی و زمانەوانییەکەیدا نەچوونەتەوە. هەڵبەت ئەمەش لە خۆبەگەورەزانینی بنووسانی دەقەوە دێت کە لەناو کورددا زۆر دەگمەنە کەسێک بیەوێت بە نووسینەکەیدا بچێتەوە، پێی لەنگییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ناوەندی چاپکەرە هەر چاپی کردووە و خەمی زمانی نەبووە. لێرەدا با ئەوە بۆ خوێنەر بخەمە ڕوو، کە ناوەرۆکی بە دیزاینێکی هێجگار جوان خراوەتە ڕوو، فۆرمەکەی لە داڕشتندا باشترە لە کتێبەکانی تر و سەری خۆی دەر هێناوەتەوە، بەڵام ناوەرۆکی هەمان جووینەوەیە بە کەمێک دەستکارییەوە. ئەگەرچی ڕێکسختنی ناوەوەی کتێبەکە هێجگار جوانە، بەڵام ئەم جوانییە کار ناکەتە سەر ئەوەی من فریو بدات، کە کتێبێکی هێجگار خراپە لە ڕووی ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕێزمانی و هەتا زمانییشەوە. ئەم کتێبە باشترین کێڵگەیە بۆ هەڵەبژێری و ڕێنووس کە من کەمێکی دەخەمە ڕوو، بەڵام نووسەرانی وەکوو حەمەسەعید حەسەن و دەیانی دیکە، با خۆیان لە برادەرایەتی ببوێرن و کنینەی ئەم دەقانە بکەن، بزانن بەسەر چیدا دەکەون. لێرەدا چەندین هەڵە تەنیا لە چەند لاپەڕەیەکی کەمدا دەخەمە ڕوو؛

١. لە لاپەڕە (٤)دا، هەر لە سەرەتای وشەوە نووسیویەتی (لەرۆژی ٢٠٢١/٦/٢٥ بڕیارمدا)، کە سێ هەڵەی تێدایە، دەبێت بنووسرێت: (لە ڕۆژی ٢٥ـی ٦ـی ٢٠٢١ـدا، بڕیارم دا. واتە هەم لە ڕۆژ و هەم ژمارەکە و هەمیش بڕیارم دا، نەک بڕیارمدا. 

٢. ئەو هێشتا خۆی بۆ ساخ نەبۆتەوە کە لە سەرەتای وشەدا، پیتی (ڕ، ر) کامیان بنووسێت، ئەگەرچی دوو ڕا هەیە، بەڵام ڕای یەکەمیان ستاندارترە، کە لە سەرەتای وشەدا (ڕ) دەنووسرێت نەک (ر)، بەڵام هەڵەی هێندە زۆرن لە هەژمار نایەت، هەیە بە (ر) نووسیویەتی و هەیشە بە (ڕ) نووسیویەتی. بۆیە دەتوانن خۆتان بە دوایدا بگەڕێن و بیخوێننەوە لە هەر لاپەڕەک و دێڕێکدا بەرچاوتان دەکەوێت. 

٣. هەر لە لاپەڕە (٤)دا، نووسیویەتی: (ببم ودەقێکی تازە) هەڵەیە، (ببم و دەقێکی تازە) درووستە. (بدۆزمەوەو) هەڵەیە و (بدۆزمەوە و) درووستە. لەدوای وشەکە فاریزە دادەنرێت، نەک وشە، بۆشایی ئینجا فاریزە بێت، وەکوو (لە فەیسبووک ، بڵاوی بکەمەوە) هەڵەیە و (لە فەیسبووک، بڵاوی بکەمەوە) درووستە. دیسانەوە (لە رۆژی٢٠٢١/٦/٢٦) هەڵە هاتۆتەوە ناو نووسین. هەروەها (دەقی نوێ ،) نا، بەڵکوو (دەقی نوێ،) درووستە. هەروەها (رۆژانی٩ و ١٠ ی مانگی یازدە بوو ،) نا، بەڵکوو (ڕۆژانی ٩ و ١٠ی مانگی یازدە،) درووستە. (قەستەرەو شەبەکەو بالۆنم بۆ کرا) نا، بەڵکوو (قەستەرە و شەبەکە و بالۆن/ باڵۆنم بۆ کرا) درووستە. هەروەها (لەماوەی) نا، بەڵکوو (لە ماوەی). (سەدوحەفتاو یەک  ڕۆژدا) نا، بەڵکوو (سەد و حەفتاویەک ڕۆژدا). (لە شوێنێکی نادیارەوە  بۆ شیعر دێتە خوارێ..وەک ئەوەی بیانەوێ...) نا، بەڵکوو (لە شوێنێکی نادیارەوە بۆ شیعر دێتە خوارێ، وەک ئەوەی بیانەوێ). (جۆرە  پێغەمبەرێکە لە  دەرەوەی ویستی خۆی) نا، بەڵکوو (جۆرە پێغەمبەرێکە لە دەرەوەی ویستی خۆی) واتە دوو بۆشایی/ سپەیس لە نێوان وشەکان بەڵکوو یەک بۆشایی پێویستە. لێرەوە لەسەر بۆشایی نێوان وشەکان قسە ناکەین، سەدان وشە ڕستە و وشەی ئاوها هەیە کە بە هەڵە دوو بۆشایی تا سێ بۆشایی کەوتۆتە ناو وشەکانەوە. ئینجا نووسیویەتی: (دەکرێتەوە.لای ئەوان جبرائیل ، (شیعرائیل )ەو پەیامهێنەو کاری شاعیریش تەنیا وەرگرتن و نوسینی پەیامە هاتووەکەیە...) کە ئەم دێڕە دەبێت ئاوها بێت: (دەکرێتەوە. لای ئەوان جوبرائیل/ جبرائیل، (شیعرائیل)ە و پەیامهێنە و کاری شاعیریش تەنیا وەرگرتنی نووسینی پەیامە هاتووەکەیە).

٤. لە بەشێکی دیکەی (شیعرائیل)ـدا ئاوهای نووسیوە: ((من پرۆسەی بەرهەم هێنانی شیعر بەتەواوی پێجەوانەی ئەوە دەبینم.نا هەرگیز  شاعیر چاوەڕێی پەیامهێن ناکات، بەڵکو خۆی بەدوای دۆزینەوەی دەقدا دەگەڕێ  و کنە دەکاو  هەڵدەکۆڵێ  ودەپشکنێ  ولێرەو  لەوێ دەیاندۆزێتەوە. من پێموایە لە ئەزەلەوە هەموو دەقێکی شیعری هەیەو هەبووە بەڵام شاعیر وەک ئاسەواردۆز(منقب) دەبێ ورد ورد بگەڕێ و بیاندۆزێتەو پاکیان کاتەوەو دووبارە بەزمانی سەردەمەکە داینڕێژێتەوە لە مۆزەی شیعردا نمایشیان بکات.)) ئەگەر سەیری ئەم نووسینە بکەین، پڕە لە هەڵە، (بەرهەم هێنانی) نا، بەڵکوو (بەرهەمهێنانی). (بەتەواوی) نا، بەڵکوو (بە تەواوی). (دەبینم.نا هەرگیز  شاعیر چاوەڕێی پەیامهێن ناکات) نا، بەڵکوو (دەبینم. نا هەرگیز شاعیر چاوەڕێی پەیامهێن ناکات). (بەڵکو) نا، (بەڵکوو). (بەدوای) نا، بە دوای دۆزینەوەی دەقدا دەگەڕێ. (دەکاو  هەڵدەکۆڵێ) نا، (دەکا و هەڵدەکۆڵێ). (ودەپشکنێ  ولێرەو  لەوێ دەیاندۆزێتەوە) نا، بەڵکوو (و دەپشکنێ و لێرەولەوێ دەیاندۆزێتەوە). (پێموایە) نا، (پێم وایە). (هەیەو هەبووە) نا، (هەیە و هەبووە). ئینجا دوای هەیە و هەبووە، فاریزە دادەنرێت، ئینجا بەڵام دەنووسرێت. (بیاندۆزێتەو) نا، (بیاندۆزێتەوە و). (کاتەوەو) نا، (کاتەوە و). (بەزمانی) نا، (بە زمانی). 

لێرەدا تەنیا هەڵەی لاپەڕەی (٤) بوو خستمانە ڕوو، با ڕەخنەگرێکی دیکەش لە لاپەڕە (٥)ـدا بیدۆزێتەوە، یان نووسەر خۆی پێیدا بچێتەوە کە ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕێزمانی تووشی چ دەردێک کردووە.

لێرەدا لەبارەی دوو دەقی ژمارەی شیعرەکانییەوە، هەڵەکان و سەرنجی خۆم دەخەمە ڕوو نەک هەر سەد و ‌حەفتاویەک دەقەکەی؛

١. دەقی ژمارە (١)، بە ناوی (کەنداو)، لاپەڕە (٦-٧)، هەر لە سەرەتاوە دەڵێت: (بەجۆگەم گوت؛) دەبێت بنووسرێت: (بە جۆگەم گوت؛ دواتر دەڵێت: (بۆوا) کە (بۆ وا) درووستە. (ڕێدەکەی) نا، بەڵکوو (ڕێ دەکەی) درووستە. نانەویت !) نا، بەڵکوو (نانەویت!) کە هەرگیز لەدوای وشە ئینجا بۆشایی ئینجا خاڵ، فاریزە، سەرسڕمان، پرسیار و خاڵبۆر نایەت. نووسەر خۆی بۆ ساخ ناکرێتەوە و شارەزایی لە (یەک 'واو' و دوو 'واو'دا نییە) و هەر لە دوو دێڕی بەدوای یەکدا، دوو هەڵە دەکات، دەنووسێت: (بیگەیەنم بە دەستی ڕووبار. بەڕوبارم گوت؛) کە لێرەدا (بەڕوبارم) گوت دوو هەڵەی تێدایە، دەبێت ئاوها بنووسرێت: (بە ڕووبارم گوت). دیسانەوە (کەدەست/ بەقژی/ هاورێیەکم/ تینووەو/ دواکەوم/ بەکٶڵ/ بۆبەرم) نا، بەڵکوو ئەمانە (کە دەست/ بە قژی/ هاوڕێیەکم/ تینووە و/ دوا کەوم/ بەکوڵ/ بۆ بەرم) درووستن. ئەوە هیچ لەبارەی خاڵبۆرەوە قسە ناکەم، چونکە لە هیچ شوێنێکی ئەم دەقانەیدا بە درووستی داینەناوە، دەنا بە سەد لاپەڕەش ئەم نووسینە تەواو نابێت. ئەم بەڕێزە هەر خۆی لەو ژمارەدا دەنووسێت: (بەزێی/ لە جۆگەلەی/ لەکانی) کە (بە زێی/ لە جۆگەلەی/ لە کانی) درووستە، واتە لە جۆگەلەیی درووستی نووسیوە، کەچی وشەی پێشتر و دواتری هەڵە بە کار هێناوەوەتەوە! هەروەها لە ڕۆژبەری نووسینەکانی دەقەکەدا، پێچەوانەوە نووسراوە، گشتیان بە هەڵە نووسراون، بۆ نموونە: (٢٦/٦/٢٠٢١) درووستە، ئەو (٢٠٢١/٦/٢٦)ـی نووسیوە.   

 

٢. دەقی ژمارە (٢)، لاپەڕە (٨)، تووشی جووینەوەی شیعری خۆی بووە. بە هەڵەی ڕێنووسی خۆی شیعرەکەی دادەنێمەوە و دواتر لەبارەی دەدوێم و ڕاستی دەکەمەوە. ئەمەش شیعرەکەیە؛

 

(لەشەوێکی سەرماو سۆڵی پایزدا،

کەدارستان خەریکی خۆ ڕووت کردنەوە بوو؛

هەور بەتۆبزی

لەچکێک و

مانتۆیەک و

مەقنەیەکی ،

کرد بەبەری مانگدا.

دەنا مانگ،

لە ڕەچەڵەکدا؛

ژنێکی عەلمانی سفوورە

هەمیشە تەنوورەیەکی کورت کورتی لەبەردایە،

کە لەبەردەممانا سەردەکەوێتە سەرپەیژەی ئاسمان،

دەرپێ زیوینەکەی دەدرەوشێتەوە.)

 

 هەر لە یەکەم دێڕییەوە تا کۆتاییی ئەو شیعرەی، پات بوونەوەی دێڕ و وشە جووینەوەی خۆیەتی و هیچی پێ نییە بۆ گوتن، تەنیا یەک شتی گۆڕیوە لەم شیعرەدا، ئەویش دێڕە شیعری لێکداون و ناونیشانی (عەلمانی) بۆ زیاد کردووە. تێگەییشتنەکە بۆ عەلمانی درووستە، بەڵام شیعرەکە چووەتە باری خەسارناسی شیعرەوە. 

ئەوە هەڵەکانیش لێرەدا هەندێکیان دەخەمە ڕوو؛ (لەشەوێکی) نا، بەڵکوو (لە شەوێکی). (سەرماو سۆڵی) نا، بەڵکوو (سەرماوسۆڵی). (کەدارستان) نا، بەڵکوو (کە دارستان). (مەقنەیەکی ،) نا، بەڵکوو (مەقنەیەکی،). (لەبەردەممانا) نا، بەڵکوو (لە بەردەمماندا/ لە بەردەممانا). (سەرپەیژەی) نا، بەڵکوو (سەر پەیژەی).

٣. دەقی ژمارە (٣)، لاپەڕە (١٠)، ناونیشانە لاوەکییەکە ئاوهای نووسیوە: (ئەم دەقەم لەپێکەشەرابێکی موکریدا ، دۆزییەوە)، ڕاستییەکەی دەبێت ئاوها بێت: (ئەم دەقەم لە پێکەشەرابێکی موکریدا، دۆزییەوە). هەر لە سەرەتای ئەم دەقەوە، (لە)ی بیر چووە، نووسیویەتی: (دوای مردنی "موکری"دا بێ هاوڕێ مامەوە) کە دەبێت ئاوها بێت: (لەدوای مردنی "موکری"ـدا، بێ هاوڕێ مامەوە). نووسیویەتی: (من مرۆڤی نابیناو نابیست و ناگۆم خۆشتر دەوێن.) هاتووە (نابیناو) بەسەرەیەکەوە نووسیویەتی و (نابیست و) جیای کردووەتەوە، کە دەبێت (من مرۆڤی نابینا و نابیست و ناگۆم خۆشن دەوێن) بێت. لە پەراوێزەکەشدا، لە لاپەڕە (١١)دا، لەبری (ڕۆماننووس)، (ڕۆامننوس)ـی نووسیوە. نووسیویەتی: (نەتوانێ قسە بکات.ڵاڵ) دەبێت بۆشایی هەبێت لەدوای خاڵی بکات، ئینجا ڵاڵ بنووسێت.

خوێنەری بەڕێز، ئەگەر بێت و من هەموو ڕەخنەکانم بخەمە ڕوو، دەبێت نووسینەکەم دوو هێندەی کتێبەکەی ئەو درێژتر بێت. من ئەو کاتەم نییە دابنیشم بۆی چاک بکەمەوە و بۆی دەستنیشان بکەم. ئەو لە زۆر شتدا ناشارەزایە، لەبری (ساز)ی دەمیرتاش بنووسێت، تەنبووری نووسیوە. ئەو تەنبوور و سازی جیا نەکردۆتەوە. گرفتەکە لە ئاگاییی خۆیەوەتی کە نائاگایە بە زمان و ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕێزمان. ئەگەر من بم، ئەو کتێبە هەڵدەگرمەوە لە بازاڕەکان، نەک لە بۆنەدا بە واژۆوە خۆمی پێوە دەربخەم. من تەنیا لە لاپەڕە (٤ بۆ ١١)م دیاری کردووە، ئەو زبڵخانەیەم بەرچاو خستن، ئاخۆ ئەگەر هەمووی بخەمە ڕوو، چۆن و چ دەبێت؟ بۆیە ئەم کتێبە فێڵی لە من نەکرد، ئەگەر دیزاینەکەی ناوەوەی جوانیش بێت، ڕاستییەکەی نووسینی ناوەوەی زۆر ناخی هەژاندم کە ئەمە زمان و ڕێنووسی شاعیرێکی چل ساڵ بێت.

 

گەڕان بۆ بابەت