ما 336 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەردار جاف

گەمەکردن هەم هانی خوێنەر دەدات لە خوێندنەوە دانەبڕێت هەميش چێژ لە دەقەکە دەبينێت ، نەک وەڕسبوون و بێزارکردن، ئەگەر خوێنەر مکوڕ بێت لە سەر تەواوکردنی ئەو رۆمانە يان نوسينە ئەوا رۆژانە لە چەند لاپەڕەيەکی پەنجەکانی يەک دەست تێناپەڕن کە دەيخوێنێتەوە.

 

رۆمانی 'گۆشەگيری' خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو و شەپۆلە نەرمەکانی زنە

سەردار جاف

بەشی دووەم

زمان و ڕێنووس


زمان خۆی لە خۆيدا بنەما و کۆڵەکەی هەر دەقێکی ئەدەبييە، ديارە مەبەست لە هێنانەوەی زمان لێرەدا مەبەست لەو زمانەيە کە بۆ ئەدەب بەکار بهێندرێت دەنا جياکردنەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵەکانی دی زمانەکەيەتی، ئیدی گەرەکە ئەو زمانە بە جۆرێ بێت شايستەی ئەو دەقە بێت.
رۆمان، کارێکی هونەرييە ئێستاتيکای زمان و پانتایی ئەندێشە پێکەوە گرێدەدات، زمان لە رۆماندا فاکتەر و ئامانجن پێکەوە، زۆر جياوازترە لە زمانی شيعر، شيعر زمانێکی تايبەت بە خۆی هەيە و شآعير هێندە لە سۆراغی وشەی جواندا دەبێت بۆ ئەوەی شيعرەکەی بخزێتە خانەی ناوازەکانەوە، رۆمانووسی ئەلبانی ئيسماعيل کادارێ لە بارەی زمانەوە دەڵێ ((هەميشە شيعر دەنووسم، چونکە شيعر مرۆڤ ناچار دەکات ياری بە زمان بکات))1.. ناکرێ لێکچوون لە نێوان زمانی رۆژنامە و رۆماندا هەبێت، يەکەميان هەواڵ بە چەمکێکی سادەوە دەگەيەنێتە بینەر و بيسەر کە رۆژانە پەيگيری رووداوگەلێکی سياسی و ئابوری و سەربازی و کۆمەڵايەتی و رۆشنبيری دەکەن، بە سادەیی لێیحاڵی دەبن، ئەو کاتە داڕێژەری هەواڵ هەست بە ئاسوودەیی دەکات کە مەبەستەکەی پێگەياندون، لێرەدا ئەو بۆچوونەی (ئەندرێ لالاند) لە فەرهەنگی تەکنيکی و رەخنەی فەلسەفی دێتە پێشەوە کە دەڵێ: ((لە واتای راستەقينەدا / کاری دەربڕينی ئاخاوتن لە بيری دەرەکی و ناوەکییە، بەم پێيە بێت زمان جۆرێکە و ئاخاوتنی دەرەکی رەگەزەکەيە، بە واتايەکی گشتگير تر، هەموو سيستەمێک ئاماژەن، دەکرێ بەکاربهێندرێت وەک هۆکاری پەيوەندی))2 لێرەدا ئەوە ساغ دەبێتەوە، کە زمان جۆرێکی سەرەکی و بنەڕەتی پەيوەندی نێوان خودی مرۆڤەکانە، کە ئێمە مەبەستمان ئەوەيە رۆمانيش زمانی خۆی هەيە.
هەندێک پێیان وايە قسەکردن لە سەر زمان بە تايبەت بۆ رۆمان گێلکردن و خۆ دوور خستنەوەيە لە کرۆکی ژانرەکەو نەزانينە لە قوڵایی شرۆڤەکاری زانستی و ئەکاديميايانە، نەخاسمە بۆ شرۆڤەکردنی رۆمان زمان بە کارێکی کردەیی نازانن و چ پێويست ناکات باس بکرێ، ئێمە پێمان وايە ئەو کەسانە بۆ خۆيان کاڵفام و نەزانن، بە داخەوە ئەوانە بە ناکامڵی پێگەيشتوون، دەنا زمان کرۆکی رۆمانە، بۆ کێی دەنوسێ و چۆن دەنوسێ و چی دەنوسێ بە چ زمانێ دەدوێ.زمان بۆ رۆمان مشتومڕی زۆری خوڵقاندووە، نەمازە لە ناو عارەب کە زمانێکی جگە لە قوولی و بەرفراوانييەکەی هەمەجۆر و هەمەچەشنەيە لە ڕووی ئاخاوتنی خۆجێی (محلي) يان هەر وڵاتێک بە جؤرێکە و زمانی رێنوسيشيان هەيە، کە زمانێکی گشتگير و يەک ئاراستەيە، لە ئێراقدا بە ( جڵفی و قواعدی) رۆيشتووە.
زمان بۆ خۆی ململانێی نێوان بوون و نەبوونی بيرمەندانە، کە بوونێتی خۆی تێدا ساغکردۆتەوە، لێرەوە نامانەوێ باسوخواسەکەمان بە لاڕیدا بەرين و دێینە سەر کرۆک، بەم پێیە پێويستە هەڵوێستە لە سەر زمانی ئەم رۆمانە بکرێت و نامانەوێ لێی باز بدەين، جگە لەوەی کە بە زمانێکی سادە و بێقووڵبوونەوە نوسراوە، لەگەڵ ئەوەی ناو بە ناو دەستەواژەيەکی تێئاخنراوە کە سەر لە خوێنەر دەشوێنێ و ئەندێشەبيری تێکدەشکێنێ، لە کاتی خوێندنەوەدا خوێنەر يەکسەر هەست دەکات لاوازی رستە و وشە لای نوسەر هەيە، بە کەسێکی هەژاری نێو فەرهەنگی کوردی لە قەڵەم دەدات، ئیدی ئێمەيش لە گەڵ ئیوە دەکەوينە ديقەتدانی زمانەوانی… ((وەک ئەوەی قسەيەکی ئاسایی بکات، هەر وەک ئەوەی لە نێو بۆشاييەکی تايبەت بە خويدا پەرشی بکاتەوە، وەک ئەوەی دووکەڵ نەبێت)) لاپەڕە ١٢ ی رۆمانەکە.
نمونەيەکی دی، تەماشا چون لە گەڵ کات مامەڵە دەکات: ((ئەمە کاتێک روو دەدات کە سۆزی بەوپەڕی بێزارييەوە لە راڕەوەکە دەڕوانێت و هێشتا هاموشۆکارانی دوای نيوە شەو جەنجاڵی نەکردووە، ئەمە کاتێکە سۆزی هيچ شتێکی ديکەی نييە، جگە لە گاڵتەکردن نەبێت بە سۆزانييەکانی هاوپيشەی، لەو کاتانەدا….)) ل ١٣.
جگە لە وەڕسبوون و بێزاری خوێنەر بە دەست وشەی (وەک ئەوەی) کە جۆرێکی سواوی پێبەخشيوە لە هەمانکاتدا لاوازی نوسەر لە نوسينەوە دەخاتە روو، سەبارەت بە کاتيش بە هەمان شێوە ئەو حاڵەتەی دووبارە کردۆتەوە سەر لە خوێنەر تێکدەدات هێندە ناوی کات دێنێ، خوێنەر هزری بەرەو ئەوێ دەڕوا کە هەمان کات نەبێت و لە کاتێکی تردا ڕوودرابێت، ئەگەر وەهايش بێت چۆن لە يەک رستەدا دەخرێتە روو، هاو شێوەی جۆرێکە کە باسی نەکردبێت، با خوێنەر لێرەيش ورد بێتەوە هەر لەم کورتە نوسينەدا چونکە باس لە (وەک ئەوەی) دەکەين، بۆ ئێمەيش هەمان کار هاتە پێشەوە و خۆمان لێدەرباز کرد هاوشێوەی جۆرێکمان بەکارهێنا، نوسەر سەليقەیی لەوەدايە لە نوسينی ئەدەبيدا دەستەودامێن رانەمێنێت، جا نەمازە رۆمان بێت.. دەچێنە لاپەڕە ١٥ و لە هەمان سوينی وشە بەردەوامە، لەدوو دێردا سێ جار وشەی _ وەک ئەوەی – بەکارهێناوەتەوە، پێمان وايە بۆ خۆی رەنگە بە نوسينەکەيدا نەچوبێتەوە دەنا هەر لە خوێندنەوەدا خوێنەر هەست بە سواسی وشەکە دەکا، ((وەک ئەوەی خەنجەرێک کرا بێت بە دڵياندا، وەک ئەوەی قووڵ و زۆر قووڵتر لەوەی هەمووان مەزندەی دەکەن بريندار بوو بن، وەک ئەوەی لە پڕێکا نامورادی خۆيان بيرکەوتبێتەوە)) ل١٥ .

بۆيە زمان لە بەدەم نوسەر ئەرکێکی قورس و گران و زەحمەتە کە دەبێ زۆر بە سەليقەییەوە بەکار بهێندرێت و گەمەی پێبکرێت، ئەو دەمانەی گەمەکردن بە زمان غيابی دەبێت ئەوا ژانرێکی کرچ و کاڵ دەخرێتە بەر ديدی خوێنەر، گەمەکردن هەم هانی خوێنەر دەدات لە خوێندنەوە دانەبڕێت هەميش چێژ لە دەقەکە دەبينێت، نەک وەڕسبوون و بێزارکردن، ئەگەر خوێنەر مکوڕ بێت لە سەر تەواوکردنی ئەو رۆمانە يان نوسينە ئەوا رۆژانە لە چەند لاپەڕەيەکی پەنجەکانی يەک دەست تێناپەڕن کە دەيخوێنێتەوە.
لە لاپەڕە ( ٣٥ ) لە بری ئەوەی بڵێ پەرژينە ئاسن، دەڵێ( ئاسنی جياکەرەوە) کە مەبەست لەو پەرژينە یاسنينەيە لە نێوان دوو ڕاڕەوی دژ بە يەکی ئۆتۆبانی ترومبێلە، لە سەر دووبارە کردنەوەی وشە سوواندنی بەردەوام دەبێ و دەڵێ : ((وەک چۆن خاليد لە هەمان گێژاوی ئەشقی بە سەر چووی سۆزيدا دەژيا تاوەکو چەنە رۆژێک لەوەوبەر هەر لەم گێژاوەدا بوو، تاوەکو بووە…)) ل٦٥. لە دێڕ و نيوێکدا سێ جار دەڵێ: ((وەک ، تاوەکو)) نامانەوێت درێژدادەڕی لەم لايەنەوە بکەين چونکە شيتاڵکردنی بە پێی ئەوەی رۆمانەکە نزيکەی ( ٥٠٠) لاپەڕەيە بۆيە لە زۆربەی زمانەوانی و رێنووسەکەيدا پەنا بۆ نمونەيەک يان چەند نمونەيەک دەبەين، تەماشا عەبدولباقی يوسف چۆن لە رۆمان دەدوێ: ((هەميشە رۆمان بە نووسەرەکەی دەڵێ: ئەوە تۆ نيت دەتەوی ببیت بە رۆماننووس، بەڵکو ئەوە منم دەمەوێ ببیت بە رۆماننووس و پێتبگەيەنم، ئەوە من نيم هەر کەس بيەوێت بمنووسێ و بمگێڕێتەوە، بەڵکو ئەوە منم دەتنووسێنم و دەتگێڕێنمەوە و پێشکەشت دەکەم))، کەواتە لەم ديدگاوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە نووسەر تەنها ئەوەيە بە زمانێکی روون و رەوان خوێنەر ئاشنا بکا لەو پەيامەی دەيەوێت بيگەيەنێت، ئێمە لە رووی رێزمانيشەوە هەست بە لاوازی و بێهێزی دەکرێت، نەمازە لە رێنووسی کورديدا کار (فعل) دەکەوێتە کۆتایی رستەوە، کە تەنها نمونەيەک دێنين و گێگرەوەکەيشی دادەنێین، لە لاپەڕە ٦٨ ی گۆشەگير دەڵێ: ((سوزی لە چواردە ساڵييەوە چاوەڕێی پياوێک بوو دەرگاکانی بەختەوەری لێ بکاتەوە، ئێستاش دوای جيابوونەوەی لە خاليد، دوای چەند ساڵێک، بە تايبەت دوای ئەو بەرەبەيانەی ويسکی خواردنەوەيان کاتێک ڤێسنا پێکەوە لە گەڵ سوزی ، باسی گەشتی مەسيحی بۆ دەکرد))، نووسەر جگە لە کاری رێکخستنی وشەکاندا سەرکەوتوو نەبووە، لە هەمانکاتدا لێڵ بوونێکی لای خوێنەر دروست کردووە کە کاميان سوزی يان ڤێسنا باسی گەشتی مەسيح دەکەن، ئێمە دەڵێین دەبووا نووسەر وا دەستپێکی ئەم بەشەی بکردبا: ((لە چواردە ساڵييەوە سوزی لە چاوەنواڕی ئەو خەون و خەياڵەی بوو کە هەموو کچێ هيوای بۆ دەخوازێت، پياوێک بێت و دەرگاکانی بەختەوەری لێبکاتەوە، ئێستايش دوای چەند ساڵێک لە جيابوونەوەی لە خاليد، بە تايبەت لە کاتێکدا کە لە گەڵ ڤێسنا بوو، دوای ئەو بەرەبەيانييەی وێسکیان پێکەوە دەخواردەوە، باسی گەشتی مەسيحی بۆ دەکرد)) ئەمە لە کاتێک ئەگەر سوزی گەشتی مەسيح بگێڕێتەوە، بە پێچەوانەيشەوە ئەگەر ڤێسنا گەشتەکە بگێڕێتەوە ئەوا وا دەبوو : (( لە چواردە ساڵييەوە سوزی لە چاوەنواڕی ئەو خەون و خەياڵەی بوو کە هەموو کچێ هيوای بۆ دەخوازێت، پياوێک بێت و دەرگاکانی بەختەوەری لێبکاتەوە، ئێستايش دوای چەند ساڵێک لە جيابوونەوەی لە خاليد، بە تايبەت لە کاتێکدا لە گەڵ ڤێسنا بوو، دوای ئەو بەرەبەيانييەی وێسکیان پێکەوە دەخواردەوە، کە ڤێسنا باسی گەشتی مەسيحی بۆ دەکرد)). پێمان وايە بەم جۆرە خوێنەر باشتر دەگاتە خاڵی تێگەيشتن. وا بزانم لە سەر زمان زۆر دواين و لێرەدا چەند نمونەيەکی رێنووس دەخەينا ڕوو کە زۆر بە زەقی ديارن و ناکرێ نووسەر خۆی لەو هەڵە رێنووسيانە ببورێ و بە سەرياندا باز بدات و چاو بنوقێنێت، ئەم وشانە زۆر زەقن دەبێ هەر نووسەرێک لە نووسينەکانيدا فەرامۆشی نەکات ((ئەمەش ، ئەمەيش / ئەم کۆڵانەش، ئەم کۆڵانەيش / لەوانەشە، لەوانەيشە / باڵەخانەکەش ، باڵەخانەکەيش / ئێستاش، ئێستايش / خوداش، خودايش / جيابوونەوەشيان ، جيابوونەوەيشيان/ ئەوەشی لە ڤێسنا نەشاردەوە، ئەويشی لە ڤێسنا نەشاردەوە/ ديکەش ، ديکەيش / لە پەڕينەوەشيدا، لە پەڕينەوەيشيدا / کزۆڵەش ، کزۆڵەيش / ئەوەندەش، ئەوەندەيش /سەتەلايتەکەش، سەتەلايتەکەيش)) بە داخەوە زۆر زۆر وشەي تريش لەم جۆرە هەبوون کە هەندێکيان زمانی ئاسایی قسەکردنە، کە ئێمەيش وەک نەتەوەيەک مافی ئەوە بە خۆمان دەدەين کە زمانی نووسين و ئاخاوتنمان جياواز بێت، ئەگەر نووسەر ئەم کارە نەکات، من نازانم ئەرکی نووسەر ئەو کاتە لە بواری زمانەوانيدا چی دەبێت.
بە داخەوە کێشەيەکی ديکەيش کە ئەم نووسەرەيشی گرتۆتەوە، پرسی (دوو واوە) من نازانم بۆچی نووسەرێک نەتوانێت خۆی لە قاڵبی ئايديۆلۆژيا قورتار بکات و لە نووسينەکانی بيری لای ئەم پرسە بێت، دەنا جار و دووجار نييە دەيان جار ئەم حاڵەتە چەند بارە کراوەتەوە،لێرە ئەوانيش دەخەينەڕوو ((مەيموون، مەيمون / بچووک ، بچوک / ڕووس، ڕوس / ئۆردووگا، ئۆردوگا / نووح، نوح / گرووپ، گروپ / بەڵکوو، بەڵکو/ لێبووردن، لێبوردن / گووت، گوت / کوون و کەلەبەر، کون و کەلەبەر/ مووچە، موچە….)) بەڕای ئێمە هێندە نمونەيەکن، رۆژ لە دوای رۆژيش زمان و رێنووس گۆڕانکاری بە سەردا دێ مرۆڤ بە تايبەت نووسەر دەبێ لەم رووەوە رژد بێت. لە زۆر شوێن (( بوو بوو )) بەکار هاتووە پێمان جوانە ئەم کردارەيش ببێ و بنووسرێ (( ببوو ))، خوێنەر جياوازيش لە کاتی خوێندنەوە بە هەردوو حاڵەتەکە دەکات.

درێژەی هەیە…