ما 9983 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خۆشحاڵ یا خەمناک، نازانم؛ بەڵام لە بیری ئەوەیدا ئیستاکە هەڵدەستم و سەرلەنوێ بە بەدەستەوەگرتنی شەڕ و ئاشتی جارێکی تر بەرەو ماڵەوە دەبمەوە، جووڵام؛... بەڵام هەرچیم کرد بێ سوود بوو. دەست و قاچ لەگەڵم نەدەهاتن. تووڕەییەک دایگرتم. "حەک لە قو..." بەڵام جوێنەکەم گێڕایەوە. دایکی سوورە بێ تاوانترین دایکی دونیا بوو.

 

شەڕ و ئاشتی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کاتێک فڕۆکەوانەکە لە بڵیندگۆکەوە رایگەیاند کە فڕۆکەکە لە لایەن تیرۆریستانەوە دەستی بە سەردا گیراوە (دیارە ئەو بە خەباتکارانی رێگای ئیسلام ناوی بردن و، ئەمە ئەو ناوە بوو خودی تیرۆریستەکان لەسەر خۆیان نابوو و تیرۆریستیش ئەو ناوەیە من لە میدیاوە فێری ببووم)، کاتێک وتی قەرارە تا چەند خولەکی تر خۆی بکێشێ بە بینای گەورەی حکومی لە ناو شاری ستۆکهۆڵم، من خەریکی خوێندنەوەی رۆمانی کورتکراوەی 'شەڕ و ئاشتی'ی تۆلستۆی بووم.

رستەکانم بیست. لەگەڵ ئەوەی لە وشەکان دەگەیشتم، بەڵام وەک مانای گشتی بۆم سەر یەک نەخرانەوە تا قیژوقاو لە ناو تەیارەکەوە بەرزبووەوە. قیژوقاوەکە بووە هۆی ئەوەیکە سەر لە سەر کتێبەکە هەڵگرم و، جارێکی تر لە دەروونی خۆمدا بە رستەکانی فڕۆکەوانەکەدا بچمەوە.

بەڵام تێگەیشتنەکەیش نەبووە هۆی راچڵەکینم،... وەک موسافیرەکانی تر باری دەروونیم تێکنەچوو و هەروا ئارام لە جێگای خۆمدا مامەوە. مات و بێدەنگ لە دەورووبەرم رووانی. قیژوقاوەکە هەتا دەهات زیاد و زیاتر دەبوو، وەها لەوانە بوو گوێ و مێشکم بتەقن. لەبەر خۆمەوە وتم وادیارە خەڵک لە بیریان کردووە ژیان شەڕ و ئاشتییە.

خەڵکەکە نەیاندەزانی چی بکەن. هوروژم بەرن بۆ ژووری فڕۆکەوانەکە، یان هەروا لە جێی خۆیانەوە بقیژێنن، خۆیان بڕنن و یان شێتانە بە خۆیاندا بکێشن؟ تەنیا کەسێک لەو ناوەدا وەک من بێدەنگ بوو منداڵێکی رەنگە تەمەن سێ یان چوارساڵان بوو کە چاوەکانی لەسەر من مۆڵەق مابوون و وەک بڵێی بە سەرسووڕمانەوە لە منی دەڕوانی. منیش لێم رووانی. نیگاکانمان گەیشتنە یەک. بزەیەکم هاتێ. ئەویش بزەیەکی هاتێ. بە خۆم وت بێگومان لەو منداڵانەیە لێیشی بدەی، ناگری.

لە بڵیندگۆکەوە ئیتر هیچ دەنگێکی تر نەدەهات، جگە لە دەنگی خشەخش و بەیەکداکەوتنی شت و دەنگی هەناسە. من کە لە تەنیشت پەنجەرەکە دانیشتبووم، سەیرێکی دەرەوەم کرد. هێشتا تەیارەکە بەرز بەرز دەفڕی و زەوی لەو ژێرانەوە دوور دوور بوو. خانووەکانی قەراغ شاری ستۆکهۆڵم دەرکەوتبوون. دونیا وەک هەمیشە سەرسەوز و جوان و رازاوە بوو. لێرە و لەوێ ئەو دەریاچە و گۆلەئاوانە دەبینران وا لە ناو دارستانە سەرسەوزەکاندا وەک بەردی ئەنگوستیلە دەدرەوشانەوە.

ئەوەندەی پێنەچوو لە بڵیندگۆکەوە کەسێک دەستی کردەوە بە قسەکردن. ئەمجارە، یەکی تر بوو. قێڕاندی کە هاوارهاوار بێ سوودە و ئەوەی ئیزن و رەزای خوای گەورە بووە دێتەدی و کەس ناتوانێ لێی دەرباز بێت. وتی هەتا ئەو خەڵکە ئارامتر بن بۆ دووارۆژی خۆیان لە زەمانی ئاخیرەتدا باشترە و خوای گەورە و مەلایکەکانی باشتر دەیانبەخشن. وتی ئەوەی لە رێگای خوا و ئیسلام و لەناوبردنی کوفردا دەمرێ شەهیدە و بۆیە خەم و خەفەت و هات و هاواری ناوێ. ئەوسا چەند جار پڕ بە گەرووی خۆی نەڕاندی "اللە اکبر... اللە اکبر... اللە اکبر!" دیسان بڵیندگۆکە بێدەنگ بووەوە و... کەوتەوە خشەخش.

خەڵکەکە کە بۆ ماوەیەک ئارام ببوونەوە، بە تەواوبوونی نوتقی کابرای نادیار، سەرلەنوێ کەوتنەوە زیق و زاق. ئەمجارەیان یەکجار لە جاری پێشوو ترسناکتر. سەیرێکی منداڵەکەم کردەوە کە ئیستاکە سەری خستبووە سەر کۆشی دایکی و بە پەنجەکانی بە پەتێکەوە خەریک بوو. ئەو دایکەی وەک کۆتری نیوەسەربڕاو لە جێگای خۆیدا هەڵیدەخستەوەو، شێتانە سەری هەڵدەسووڕاند. من کە سەرئێشەم گرتبوو، دوو شتە پلاستیکییە بچووکەکەم لە گیرفانم دەرهێنا و، خنیمە گوێکانمەوە. ئەوجا جوان پاڵم لێدایەوە و، چاوەکانم قونجاند.

زۆری نەخایاند راستبوومەوە! بە خۆم وت راستی ئەو دەنگە زۆر ئاشنا بوو، بڵێی کێ بێت! هەر چی بیرم کردەوە خەیاڵم نەچووە سەر شتێک. بەڵام وازم نەهێنا. بە خۆم وت یان دەیناسم یان دەنگی لە دەنگی کەسێکی ئاشنا دەچێ. بە خۆشییەوە ئەوەندەی پێ نەچوو کە دیسان هەمان دەنگ لە بڵیندگۆکەوە کەوتەوە قسەکردن. ئەمجارە باسی لەوە کرد کە ئەم کارەی ئەوان دەیکەن کارێکی زۆر گەورەیە و، دووهەم جارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەکرێ و بۆیە دەبێ ئەو خەڵکە شانازی بکەن کە لە وەها رووداوێکی مەزندا هەن و دەوری شەهید دەگێڕن. فیلمێک کە خودای گەورە کارگێڕیەتی و نەقشەکانی بەسەر ئۆمەتی خۆیدا دابەشکردووە.

هەر لە قسەکردندا بوو کە من دیسان بیرم لە دەنگی کردەوە. کتوپر هاتەوە بیرم دەنگی زۆر لە دەنگی حەمەسووری دراوسێمان دەچێ کە بە سوورە بەناوبانگ بوو. سوورە کوڕێکی گەنجی خڕیلەی ناوچاو تاڵ بوو کە بە هۆی مێکوتەوە هەموو دەموچاوی گرنج گرنج ببوو. لە بیرم دێ دەنگی سوورە تایبەتی بوو. ئەوەی بۆ یەک جار بیبیستایە قەت لە بیری نەدەچووەوە. بگرە یەکەم شت لەودا سەرنجی رادەکێشا هەر ئەم دەنگەی بوو و، ئەو جار خەیاڵ دەچووە سەر شتەکانی تری.

بە خۆم وت "ئای یادی بەخێڕ!... بەڵام،... بەڵام ئەوە سوورە لێرە چی ئەکا!"

نازانم چەندەی مابوو خۆمان بە بینا گەورەکدا بکێشین کە کتوپڕ بیرم لەوە کردەوە ئەگەر ئەوە هەمان سوورەی هاوگەڕەکی خۆم بێت، رەنگە گەر چاوم پێی بکەوێت بتوانم قسەی لەگەڵ بکەم و پەشیمانی بکەمەوە. بە خۆم وت بڕواناکەم ئەوەندەیش بێڕەحم بێت،... دڵی نەرم ئەکەم!

بەڵام هەر بەمەیش رانەوەستام. بیرم کردەوە "باشە ئەوە منی نەگبەت سیاسەت هێنامییە ئەم وڵاتە و ئەوە ساڵانی ساڵە لێرە لە دوورەوڵاتی دەژیم، ئەی ئەو چی!؟ ئەو بۆ گەیوەتە ئێرە!؟" ئەوەندەی لە بیرم دێت سوورە کاری بە کاری کەس نەبوو،... هەمیشە بە ژیانی خۆیەوە سەرقاڵ بوو. لە بنەماڵەیەکی هەژار بوو و خاوەن دایک و باوکێکی نەخۆش و تەمەن گەڕاوە کە چاویان لە سوورەی کوڕیان بوو. ئەویش رۆژ تا ئێوارە بە ناو خیاباندا بە گارییەکەوە دەسووڕایەوە و خەریکی کار و کاسبی و پەیداکردنی دوو قڕان بوو. لە بەر خۆمەوە وتم "کوڕە بابە وازبێنە سوورەی چی و شتی چی... جا کوا دەتوانێ بگاتە ئێرە... ئەویش بە سواری تەیارە و لە کاتێکدا دەیشزانێ بینای حکومەتی سوئێد لە شاری ستۆکهۆڵم لە کوێیە!... هە هە هە... کوڕە شتی وانابێ!" تازە، وەرەو سوورە کە سەوادی وەهای نەبوو فێری زمانی ئینگلیزی بووبێ و بەم ئاسمانی باکووری ئۆرووپاوە بە ئینگلیزی لەگەڵ خەڵکی بدوێ و هەڕەشەشیان لێ بکا!... سەرێکم بادا و بزەیەک لێوەکانمی تەنی.

لەم کاتەدا ئاگام لێبوو چەند دانە لە موسافیرەکان شێتانە دەیانویست ئەو دوو دەرگایەی ناوەڕاستی فڕۆکەکە بکەنەوە کە بۆ کاتی تەنگانە دروستکرابوون؛... بەڵام هەرچیان دەکرد، بێسوودبوو. نائومێدانە دەیانقیڕاند و بە لەقە و شەق بەرببوونە دەرگاکان. هەندێکی دیکەیش دەیانویست پەنجەرە بچووکەکانی تەنیشتیان بشکێنن و، لەوێوە خۆیان فڕێبدەنە خوارەوە! ئەو پەنجەرانەی بە هیچ کلۆجێک نەدەشکان.

بە خۆم گوت ئاوا نابێ، باشتر وایە شتێک بکەم. پلاستییکە بچووکەکانم لە گوێکانم دەرهێنان، شەڕ و ئاشتیی سەر کۆشم خستە زەنبیلەکەی بەر دەمم و رابووم و راستەوخۆ بەرەو دەرگای ژووری فڕۆکەوانەکە چووم. لە دەرگاکەم دا. وەڵام نەبوو. تووندتر لێمدا. دیسان وەڵام نەبوو. دەمم بە قڵشتی نێوان دەرگاکە و چوارچێوەکەیەوە نا و پڕ بە خۆم بە زمانی دایکی هاوارم کرد "کوڕە سوورە خۆمم،... بەکری دراوسێتان... لە بیرتە زستانان سەر بانی ئێمەت بە وەروەرە دەماڵی و پێش ئەوەی بڕۆیتەوە دایکم بانگی دەکردیتە ژوورەوە و نان و رۆنەکەرە و دوو چایی خەست و گەرم و بەلەزەتیشی دەدایتێ... ها لە بیرتە؟"

کتوپڕ هەستم کرد ژاوەژاوی ژووری فڕۆکەوانەکە کەمێک دامرکایەوە و، بێدەنگییەک زاڵ بوو؛... هەرچەند لە پشت سەرمەوە هاوارهاواری خەڵک خەریک بوو فڕۆکەکەی هەڵتەدەکاند. درێژەم دایە: "سوورەگیان نازانم لە کوێ ئەم ئینگلیزییە جوان و پاراو و رەسەنە فیربووی کە بەڕاستی پێی سەرسامم، لەمە زیاتر نازانم لە کوێ فێری سیلاح بوویت و رێگای ئۆرووپات دۆزیوەتەوە و جگە لەمە چۆن چۆنی دایک و باوکی بەستەزمانت کە ئیستاکە ئەگەر نەمردبێتن بە تەواوی پیر بوون جێهێشتووە،... هەر چۆنێک ئەمەت کردووە زۆر گرینگ نیە و دیارە دەبێ ئەو کاتیش پیاوێکی زیرەک بووبیت کە کەس پێی نەزانیوی، بە خۆیشمەوە، بەڵام توو سەری خۆت ئەمجارەیان بیکە بە خاتری ئەو ساڵانە و ئەو کاتانە و رەحمێک بە دراوسێیەتی قەدیممان بکە و با تەیارەکە بە خێر و بە سەلامەتی بنیشێتەوە... گوێت لێمە سوورە گیان!... ها گوێت لێمە؟ تکایە روحمێک بە غەریبی چەندین ساڵەی من بکە"

کتوپڕ بەم رستەیەی دوواتر دڵم پڕ بوو و، چاوەکانم تەژی بوون لە فرمێسک.

لەو دیو دەرگاکەوە هیچ وەڵام و کاردانەوەیەک نەبوو. بێدەنگییەکە ئەوەی دەسەلماند من هەڵەم نەکردبوو و، ئەوەی وا دەیویست فڕۆکەکە بە بینای حکومیی ستۆکهۆڵمدا بکێشێ، سوورەی دراوسێمان بوو کە من ساڵانی ساڵ بوو نەمبینیبوو،... بگرە هەر فرامۆشیشم کردبوو.

تەیارەکە لە بەرزاییەکەی کەم دەبووەوەو دادەکشایە خوارەوە. لەگەڵ داکشانەکەدا دەنگی هاوارهاواری خەڵکەکەیش هەتا دەهات زیاتر دەبوو. یەک هاواری کرد "گەر دەمزانی لە دووای نیۆیۆرک نۆرەی ستۆکهۆڵمە، ئەوا لە قوزیایکیم دەبرد و قەت رووم تێنەدەکرد!" من کە قەت باوەڕم نەدەکرد دەنگی مرۆڤ دەتوانێ ئاوەها تا بێسنوور بکشێ، بیری ناڵەناڵی سەرباز و خەڵکە کوژراوە و بریندارەکانی ناو رۆمانی شەڕ و ئاشتی کەوتمەوە. بە خۆم گوت "بێگومان سوورە قەت شەڕ و ئاشتی نەخوێندووەتەوە!"

لەو دیو دەرگاوە، بێدەنگی هەروا بەردەوام بوو. ئەو چکە خشەیەیش لە بڵیندگۆکەوە دەهات، بڕا. هاتەوە بیرم یەکێک لە ئاواتەکانی دایک و باوکی سوورە، چوون بۆ حەج بوو. باوکی بە باوکمی گوتبوو گەر کوڕەکەی بیتوانیایە بانی زیاتر بماڵێ و بیگێڕێ ئەوا بێگومان دەتوانن تا چەند ساڵی تر بگەنە ئاواتەکەیان.

ئارام گەڕامەوە سەر جێگاکەم. شتە گوێخنە پلاستیکییەکانم خنییەوە ناو گوێکانم و شەڕ و ئاشتیشم خستەوە سەر کۆشم. پێش ئەوەی پاڵ بدەمەوە و، چاوەکانم بقونجێنم سەیرێکی منداڵەکەم کردەوە. لە کاتێکدا دایکی بورابووەوە، ئەو هەروا خەریکی کایەکردن بە پەتەکەی بوو.

فڕۆکەکە دەڵێی لەگەڵ داکشانی، خێراییەکەیشی زیادتر دەبوو. جەستەی گەورە و قورس و گرانی کەوتە لەرزین. دەنگی مۆتۆرەکانی دونیایان کاس دەکرد. هاڕەهاڕێکی ترسناک دونیای تەنیبوو. تەیارەکە پێش ئەوەی خۆی لە بیناکە بدات بە نیوە خولێک بە دەوریا هات. من چاوم بە خانووە زەلامەکە کەوت: سوور و زەرد و سەوز بە حەوشەیەکی خڕ و گەورە لە ناویدا.

لە بەر خۆمەوە وتم "ئای سوورە! ئاخری کاری خۆت کرد!"

بەڵام،... بەڵام راستی چ کارێک؟... مەگەر سوورە قەراربوو کارێک بکات!؟

چاوەکانم توند قونجاند و، هەوڵمدا بیر لە ئیمڕاتۆری روسیە و فەڕانسە لە سەدەی هەژدە بکەمەوە. ئەو کاتانەی بۆ گەیشتن بۆ وڵاتان، ئەسپ باشترین ئامراز بوو. ئەو ئەسپانەی زۆر جار لە شەڕەکاندا ئەوانیش وەک مرۆڤەکان دەبوونە قوربانی بە بێ ئەوەی لە شوێنێک ناویان بێنن. دەستەکانم  لە کورسییەکە توندتوند گیردا و جەستەم رەق کرد و گڕمۆڵە. بەو هیوایەی رەنگە جەستە لە هەر هێزێکی تر بەهێزتر دەربچێ.

کە چاوەکانم هەڵهێنایەوە، بینیم لە حەوشە خڕە گەورەکەی ناو بیناکەدا کەوتووم. هەموو شوێنێک داڕماو و، گەمارۆدراوی تەپ و تۆز و گڕ و دووکەڵ. پەلەم نەکرد. هەروا لە دەورووبەرم ڕوانی. رێک بەو شانەیدا وا منداڵەکەی لێ بوو رووم وەرگێڕا،... جگە لە دار و پەردووی بەسەر یەکدا رووخاو و ئاسن و تەنەکەی لەتوکوت، هیچی ترم نەبینی. بە خۆم گوت "وادیارە وەک فیلمەکان تەنیا کەسێک رزگاری بووە و ئەو کەسەیش منم!" خۆشحاڵ یا خەمناک، نازانم؛ بەڵام لە بیری ئەوەیدا ئیستاکە هەڵدەستم و سەرلەنوێ بە بەدەستەوەگرتنی شەڕ و ئاشتی جارێکی تر بەرەو ماڵەوە دەبمەوە، جووڵام؛... بەڵام هەرچیم کرد بێ سوود بوو. دەست و قاچ لەگەڵم نەدەهاتن. تووڕەییەک دایگرتم. "حەک لە قو..." بەڵام جوێنەکەم گێڕایەوە. دایکی سوورە بێ تاوانترین دایکی دونیا بوو.

ئامبوڵانس و خەڵکی یارمەتیدەر گەیشتبوون. دونیا دەڵێی لە دونیای ناو فڕۆکەکە قەرەباڵغتر ببوو. من هێشتا عەبەساوی ئەوەی کە بۆ ناتوانم هەستم و بڕۆم، چاوم بە سەری سوورە کەوت کە دابڕاو لە جەستەی لە تەنیشت بەردێکەوە لە منی دەڕوانی. بە بێ هیچ چەشنە جووڵە و چاوترووکاندنێک. ئاە، هەڵەم نەکردبوو،... خۆی بوو.

بۆ ساتێک، لە دووای ساڵانی ساڵ زستانی پڕ بەفری ئەو ساڵانە و بانیژێکەی حەشەی پشتەوەم هاتەوە یاد.

 

گەڕان بۆ بابەت