ما 7094 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا، کە بەرگی یەکەمی یازدەکتێبە لە بۆکسێکدا، لەسەر ئەرکی نووسەر خۆی لە چاپخانەی کارۆ لە چاپ دراوە. کە کۆی بەرگی یەکەمی (٧١٦) لاپەڕەیە. کاری ڕێنووس و هەڵەبژێری (وشیار عەلی) کردوویەتی و کاری بەرگیش (ئیبراهیم ساڵح) ئەنجامی داوە.

 

پڕۆژەی (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)ی پێشەوا کاکەیی

بە ڕاگەیاندنی مانیفێستی (شیعرەڕێی گەلدۆزی)ـیەوە، چاپ و بڵاو کرایەوە.

 

         گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا، کە بەرگی یەکەمی یازدەکتێبە لە بۆکسێکدا، لەسەر ئەرکی نووسەر خۆی لە چاپخانەی کارۆ لە چاپ دراوە. کە کۆی بەرگی یەکەمی (٧١٦) لاپەڕەیە. کاری ڕێنووس و هەڵەبژێری (وشیار عەلی) کردوویەتی و کاری بەرگیش (ئیبراهیم ساڵح) ئەنجامی داوە.

         (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)، بەرگی یەکەمی تایبەتە بە سەرجەم نەتەوە، گرووپی نەتەوە، گەل، تیرە، خێڵ و هۆزەکانی وڵاتی کینیا و هاوکاتیش کورد وەک بوون لەناو بوونی ئەواندایە. پڕۆژەکە کار لەسەر کولتوورسازیی و ئەفسانە و مێژوو و جوگرافیای ئەم گەل و نەتەوانەی ناو کینیا دەکات. شاعیر کار لەسەر زمان، فۆرم، تەکنیک، وێنەی شیعریی جیاواز و خۆی نابەستێتەوە بە تەکنیکگەلێکەوە، شاعیر لەنێو خۆیدا تەکینکگەلێک لە خۆیدا فڕێ دەدات و خۆی نوێ دەکاتەوە. دەقەکان فرە بابەتن و کار لەسەر ژانرەکانی (دەقی واڵا، شیعر، بەیتی نوێ-شیعر، شیعر-چامە) کراوە. بە کۆی گشتییش ئەو یازە کتێبەی بەرگی یەکەم بەسەریەکەوە، (ڕۆمانەشیعر)ە، بەڵام دانە دانە، جیایان بکەیتەوە و بیخوێنیتەوە، ژانرەکانیشی جیا دەکرێنەوە. هەر ئەمەش خۆی سەردەرهێنانەوەیەکی نوێیە لەنێو شیعردا. بەڵێ سەربارێکی دیکەیە بۆ سەر ژانری شیعر کە هەم لێک دەکشێت و هەمیش دەچێتەوە ناو یەکتریەوە. خەمی زمان، خەمێکی قووڵە. شاعیر دەڵێت:

 (ماوەی پێنج ساڵە لە ((٢٠١٨ بۆ مانگی چواری ٢٠٢٢))، ڕۆژانە (٩ بۆ ١٢) کاتکۆ کارم لەسەر ئەم پڕۆژانە کردووە. لەبارەی گەل و نەتەوەکانی کینیاوە خوێندووەتەوە و هاوکات لە منداڵییەوە شارەزای کولتوور و مێژوو و جوگرافیای گەلان بوومە. پشتم بە سەرچاوەی ڕاستەقینە بەستووە بۆ پەراوێزەکان. تەکنیکی بەستنەوەی شیعر و پەراوێز لە هەندێک بەشدا پەیڕەو کردووە. هەروەها کارم لەسەر حەیران و بەیتی کوردی و گەلانی کینیا کردووە. تەراتێن لەنێو قۆناغەکانی شیعردا دەکەم. لە پێناو زماندا شیعرم خۆی نابەستێەوە بە قۆناغێکەوە.)

هەروەها، لە مانیفێستۆکەمدا، (شیعرەڕێی گەلدۆزی)، دوازدە خاڵم خستووەتە ڕوو، کە ئەگەر یەكێک لەسەر ئەو کارنامەیە کار بکات، دەبێت ڕەچاوی ئەو خاڵانە بکات و مەعریفە و زانیارییەکی لەڕادەبەدەری هەبێت. کارم لەسەر هونەری زمان و زمانی هونەری شیعر کردووە. کینیا، چلوجوار گەلی ناساندووە، کارم لەسەر هەر ٦٢ گەل و نەتەوە و گرووپی نەتەوە و خیڵەکانی ئەوێم کردووە. خوێنەر دەبێت زۆر وریایانە و هێمنانە بیخوێنێتەوە تا ئاشنای هەم زمان و هەم کولتوور و هەمیش پاشخانی ئەو مێژووە ببێت لە گەلانی کینیا، ئەگەریش هیچ پاشخانێکی نەبێت، لە ڕێی پەراوێزەکانەوە پاشخانی بۆ درووست دەبێت.

هەروەها زمانی سەرجەم گەلانی ناو کینیا بە شێوەی سەر بە خێزانی زمانەکان بەر باس داوە لە پەراوزەکاندا. بۆ ناوەکان و شوێن، پشتم بە زمانی یەکەمی ئەو گەلانەی کینیا بەستووە و زۆر ماندووییم پێوە چەشتووە تاکوو بە خوێنەری شیعر بگات. وەهام کردووە بە تەنیا شیعر نەخوێنیتەوە، سەفەرنامەیەکی دوورودرێژ بخوێنیەوە، گەشتێکی دوورمەودا بکەیت بێ ئەوەی خوێنەر چووبێت بۆ ناو ئەو گەلانەی کینیا. تاکوو ئەم چرکەساتە نەچوومەتە ناو کینیا بە واقیعی، (لە داهاتوودا دەچمە کینیا، ئەگەر بمێنم.) ئەمەش ئەو خەونەیە کە دەتوانم بڵێم یەکەم کەس دەبم لە مێژوودا، گەشت لە پێناو شیعر دەکەم. ئەوە شیعرە دوای چاپبوونی وام لێ دەکات ئەزموونی خەیاڵی و خوێندنەوەم، پێیەکانم هەڵقەنێت و بمبات لەگەڵ خۆیدا، ئاخۆ خۆم لە کوێی ئەم گەشتەدام! خاڵێکی گرنگیش لەو پڕۆژەدا ئەوەیە کە بڵێم: [ئیشی من ئەوەیە زمانم جیهان قووت بدات و فڕێی بداتەوە تا هەوای نوێ بە زمان و بیرلێکردنەوەی بداتەوە، نەک جیهان زمانم قووت بدات و فڕێم نەداتەوە و سەر دەر نەهێنمەوە بۆ هەوایەکی تر!]

 

 گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا، بەرگی یەکەمی کە تایبەتە بە گەلانی کینیا، لەم کتێبانە پێک دێت:

 

کتێبی یەکەم: (لەنێو ماساییەکاندا)، دەقی واڵا؛

کتێبی دووەم: (گیکویوو و تیرەی کچانی مۆمبی)، دەقی واڵا؛

کتێبی سێیەم: (ئێمبوو و ئێمبێرێییەکان وەک درەختێکی لێکئاڵاو)، دەقی واڵا؛

کتێبی چوارەم: (وەک مێروویەک باڵم گرت بۆ لای مێرووەکان)، دەقی واڵا؛

کتێبی پێنجەم: (بە حەیرانی ساراکا و چووکایی)، بەیتی نوێ، شیعر؛

کتێبی شەشەم: (غەڕغەڕەم بە وشەی یاکووەکان کرد)، شیعر؛

کتێبی حەوتەم: (ئیلچامووس و خەونی ڕاوەماسی)، شیعر_چامە؛

کتێبی هەشتەم: (ڕۆشنایی و تاریکاییی تووگێن و پۆکۆتەکان)، دەقی واڵا؛

کتێبی نۆیەم: (ناندی و تێریک و کیپسیگیس وەک سیانەیەک لە چاوی مندا)، دەقی واڵا؛

کتێبی دەیەم: (شەش کێڵگەی کالێنجین)، دەقی واڵا؛

کتێبی یازدەیەم: (لە هەر گەلێکدا، شیعرم کاژی خۆی فڕێ دەدا)، دەقی واڵا.

 

 بەرگی دووەمی کە لە داهاتوودا کاری لەسەر دەکرێت تایبەت دەبێت بە (ئووگاندا) شاعیر وەک پڕۆژەسازیی و کولتوورسازیی ئەمەی ڕاگەیاندووە.

گەڕان بۆ بابەت