ما 7365 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەو رۆژەی ویستم هۆتێلەکە جێ بێڵم و، بڕۆمەوە بۆ ماڵەوە، خەریکی کۆکردنەوەی کەل و پەلەکانم بووم کە بینیم قەڵەمەکەم نەماوە. ژێر مێزەکە، تەنیشتی، سەر تەختەکە و...هەموو ژوورەکە گەڕام. بێسوودبوو. هاتەوە بیرم لە تەواوی ئەم بیست و پێنج رۆژەدا قەت قەڵەمەکەم لە سەر مێزەکە نەبینیبوو.

 

ئاوێنە ـ سێبەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ساڵانێکی دوورودرێژە دەمەوێ چیرۆکی ژیانی خۆم بنووسمەوە. لەگەڵ نووسەرێکی شارەکەمان قسەم کرد. وتم هەرچەند زۆر شتی تایبەتی لە ژیانی مندا رووینەداوە، بەڵام هەستدەکەم دەبێ بینووسمەوە. وتی ژیانی هەموو کەس خۆی لە خۆیدا ئەوەندە گرینگە کە بتوانرێ ببێ بە چیرۆک. سوپاسم کرد. بەڵام هاوکات وتی دەبێ جۆرێکی بنووسی و بیگێڕیتەوە کە ببێ بە چیرۆک! وتی راستە ژیان خۆی لە خۆیدا چیرۆکە، بەڵام لە نێوان ژیان و گێڕانەوەدا هێشتا مەودایەک هەیە و، دەبێ بە شێوازی گێڕانەوە پڕبکرێتەوە. من کە لەم قسەیەی جوان نەگەیشتم، بە خۆم وت ئەم بەشەی دادەنێم بۆ کاتێک دەستم پێکرد.

ماڵەوە قەرەباڵغ بوو. نەمدەتوانێ لە تەنیایی خۆمدا دابنیشم و دەست بکەم بە نووسین. یان دەنگی رادیۆ بوو، یان تەلەفزیۆن، یان میوان و هەروەها ژاوەژاوی خێزان لە ژیانی رۆژانەدا کە قەت نەدەبڕایەوە. هەوڵمدا بە شەو، کاتی خەوتنی خێزان و دونیا بنووسم، بەڵام بێسوود بوو. یان خێرا ماندوویەتی رووی تێکردم، یان خەیاڵم بەلایەکی تردا دەڕۆیشت. جگە لەمە من پیاوی شەوزیندەداری نەبووم. دەبووا بخەوم. رۆژیش هیچ لە دایک نەدەبوو.

بڕیارمدا رووبکەمە هۆتێلێک. بەیانییەکی رۆژێکی پاییزی، جانتاکەم لە کەل و پەلی پێویست خنی و جلوبەرگم لەبەرکرد و دەرکەوتم. ئەوەندە قەرەباڵغ بووین کە کەس لێمی نەپرسی "ئەرێ خێرە،... ئەوە بۆ کوێ!؟" بۆیە لەگەڵ خۆم کەمێک دڵشکاویشم هەڵگرت و، لە کاتێکدا 'با' گەڵا وەریوەکانی دارسێوەکەی بە روومدا دەدا، مەودای حەوشەکەم تێپەڕاند و خۆم گەیاندە دەروازە گەورەکە. بە خۆم وت "رەنگە ئەمە پێویستییەکی بەنووسەربوون بێ!"

هۆتێلێکی کۆنم لە ناو شاردا دەناسی. قەت لەوێ شەوم بەسەرنەبردبوو، بەڵام دەمزانی خەڵکێکی زۆر، سەرەڕای وەزعی نە زۆر باشی رووی تێدەکەن. کابرای خاوەن هوتێل کە ئەو رۆژە بە رێکەوت لەوێ بوو، پاش بەخێرهاتنم، لەگەڵ ئەوەی ژوورێکی پێدام و راشیسپارد کە بە تایبەتی ئاگایان لێم بێ گەر شتێکم پێویست بوو، بە نیگای پر لە پرسیارەوە بەڕێی کردم. پرسیارێک لەو بابەتەی "چۆنە خەڵکی شار دێت و لە هۆتێل دەخەوێ!" جانتاکەم هەڵگرت و بە پێ پلیکانەکاندا کە پیس و چەور بوون، سەرکەوتم. ژوورەکەم بە سەر شەقامە قەرەباڵغەکەدا نەیدەڕووانی و، لە راستیدا لە دیوی پشتەوەی هۆتێلەکە بوو کە بەر سەر کەلاوەیەکدا دیمەنی هەبوو. دیارە بۆ خۆم ئەمەم داواکردبوو. مەگەر 'بێدەنگی' مەرجێکی بەنووسەربوون نیە؟

دەرگاکەم کردەوە. ژوورێکی بچووک بە تەختێکی کۆنی خەو، گڵۆپێک بە سەقفە رەنگ زەردەکەیەوە و... ئاوێنەیەکی قەدیمی و ژەنگاویش بە دیوارەکەی بەرامبەر تەختی خەوەکەوە. ئاها!... بە خۆشیشەوە مێزێکی گچکە و کورسییەک کە دەمتوانی بۆ نووسین بە کاریان بێنم.

سەرەتا جانتاکەم دانا و لەسەر تەختەکە پاڵکەوتم. بە خۆم وت پێش لە هەر شتێک دەبێ بە ژوورەکە ئاشنابم،... یان رەنگە ژوورەکە بە من. لە سەقفەکە مۆڕبوومەوە و، هاوکات هەوڵمدا زەینم لەسەر بابەتی نووسینەکەم کۆبکەمەوە. تەمەنم تازە لە بیست و پێنج ساڵ لایدابوو، بەڵام شتێک لە دەروونمدا بوو کە حەزم دەکرد ئەم بیست و پێنج ساڵە بخەمە سەر کاغەز. چەند ساڵی سەرەتای تەمەن کە پێم وایە کەس لە بیری نەماوە بە لایەک، بەڵام دەمتوانی لە تەمەنی کەمێک هەڵکشاوەترەوە دەست پێبکەم. بۆ وێنە لە سێ ساڵییەوە، یان چوار... یان کشاوەتر. لەم خەیاڵاتانەدابووم کە خەوبردمیەوە. کە بەئاگاهاتم، ژوورەکە تاریک تاریک بوو. لە پەنجەرەکەوە رووناکاییەکی کز خۆی بە ژوورەوەدا دەکرد. هەستام. گڵۆپەکەم هەڵکرد. تیشکی زەرد و کزی بڵاوبووەوە. یەکەم شت کە بینیم هەیکەلی خۆم بوو لە ئاوێنەکەدا. کشاوەوە و تەنیا. گوێم بۆ بێدەنگی ژوورەکە راداشت. بە خۆم وت ئەمە ئەو شتەیە وا من پێویستم پێیەتی.

ئەو شەوە لە پاش نانخواردن، لە پشت مێزەکە دانیشتم، قەڵەم و دەفتەرەکەم دەرهێنا و لە هەوڵی نووسیندا دەستم کرد بە بیرکردنەوە. دەستم پێکرد. پێم وابێ چەند رستەیەکم نووسی. باسی یەکەم بیرەوەرییە ناڕوونەکانم لە ژیان لە تەمەنی هەرە کەمی خۆمدا. ئەو بیرەوەرییە ناڕوونانەی وا هەوڵمدا بە خەیاڵ روونیان بکەمەوە و، بیانکەم بەو رووداوانەی کە دەبووایە هەبن! بیری قسەی چیرۆکنووسەکەی شارەکەمان کەوتمەوە. خەنی لە خۆم بزەیەک گرتمی. بە خۆم وت بێگومان رۆمانێکی باشی لێدەردەچێ!

بەڵام لە دووای هەر پەرەگراف یان چەند رستەیەک، هەستم دەکرد شتێک هەڵەیە و بۆیە کاغەزەکەم گرمۆڵەدەکرد و فڕێم دەدایە ناو زبڵدانە بچووکەکەی تەنیشت مێزەکەوە. ئەوسا سەرلەنوێ دەستم دەکردەوە بە نووسین. دیسان پەشیمان دەبوومەوە. هەر چیم دەکرد یەکەم وێنە ناڕوونەکانی سەرەتای ژیانم بۆ کۆنەدەکرایەوە. تەنانەت خەیاڵیش نەیدەتوانی یارمەتیدەربێت. بە خۆم وت "گەر سەرەتا نادیار و ناڕوون بێ، داخۆ ناوەڕاست و کۆتایی دەبێ چۆن بێ!"

ئەو شەوە بە بێ هیچ چەشنە دەستکەوتێک، گڵۆپەکەم کوژاندەوە و چوومەوە ناو جێگاکەم. لە پەنجەرەکەوە دیسان تیشکێکی بە ئاستەم خۆی کردەوە بە ژوورەکەدا. کات چەندە تێپەڕی،... نازانم. کتوپڕ لە خەو خەبەرم بووەوە. هەستم کرد گوێم لە شتێک ببوو. چاوم بە ناو تاریکیەکەدا گێڕا و گوێم هەڵخست. نا،... چرپە چییە نەدەهات. سەیری ئاوێنەکەم کرد. تاپۆی خۆمم تیابینی. بە سەرێکی بزۆزەوە کە دەیویست بزانێ ئەو دەنگە چی بووە. پاڵکەوتمەوە. چاوم بە جوانی نەچووبووەوە خەو کە دیسان دەنگەکە هاتەوە. دیسان سەرم بەرزکردەوە. بینیم لە ئاوێنەکەوە کەسێک هاتەدەر. سەرەتا کەمێک راوەستا و لە ناو تاریکیدا لە منی رووانی، پاشان چوو و لە سەر کورسییەکە دانیشت و قەڵەمەکەی هەڵگرت و دەستی کرد بە نووسین. من کە نەمدەزانی بترسم یا نا، هەروا لێم دەڕوانی. بە خۆم وت باشتر وایە لێیگەڕێم، بەڵکو ئەو سەرەتای چیرۆکەکەم بۆ بنووسێ. بە دەم ئەم خەیاڵ و بیرکردنەوەوە، خەوم لێکەوتەوە.

سبەی کە لە خەو هەستام، بە پەلە چووم و سەیری دەفتەرەکەم کرد. ئاوێنە ـ سێبەرەکەی دوێشەو، چەندین و چەندین لاپەڕەی نووسیبوو. خوێندمنەوە. لەگەڵ خوێندنەوەی دێڕەکان، کتوپڕ ژیانی سەرەتاکانی منداڵیم، رێک وەک ئەوەی کە بوو لەبەر چاوەکانمدا ژیانەوە. چ موعجیزیەک! باشە ئەو لە کوێ ئەمانەی دەزانی!؟

شەو، هەوڵمدا لەو شوێنەی وا ئەو وازی لێهێنابوو، دەست بکەم بە نووسین، بەڵام دیسان بە تووش کێشە بوومەوە. بە خۆم وت "چیرۆکێک کەسێکی تر دەستی پێکردبێ، وا باشتر نیە هەر بۆ خۆیشی کۆتایی پێ بێنێ؟"

بۆیە شەو خێراتر لە هەر کاتێکی تر چوومەوە ناو جێگاکەم و، چاوەڕوان مامەوە. ئاوێنە ـ سێبەرەکە دیسان هاتەوە و دەستی کردەوە بە نووسین.

من بیست و پێنج شەو لە هوتێلەکە مامەوە.

ئەو رۆژەی ویستم هۆتێلەکە جێ بێڵم و، بڕۆمەوە بۆ ماڵەوە، خەریکی کۆکردنەوەی کەل و پەلەکانم بووم کە بینیم قەڵەمەکەم نەماوە. ژێر مێزەکە، تەنیشتی، سەر تەختەکە و...هەموو ژوورەکە گەڕام. بێسوودبوو. هاتەوە بیرم لە تەواوی ئەم بیست و پێنج رۆژەدا قەت قەڵەمەکەم لە سەر مێزەکە نەبینیبوو.

بۆ دوواجار لەبەر ئاوێنەکەدا راوەستام. لە کەلاوەکەوە دەنگی قاڕەقاڕی قشقڕە دەهات. لە خۆم رووانی. لە دووای بیست و پێنج رۆژ، جگە لە زۆربوونی ریشم، هیچ گۆڕانێکی تر بە سەر رواڵەتمدا نەهاتبوو. چیرۆکەکەم نەخوێندبووەوە. دامنابوو دوواتر بیخوێنمەوە. راستی ئاوێنە ـ سێبەرەکە چۆن چۆنی بەسەرهاتی منی گێڕابووەوە؟ لە کوێ دەیزانی؟ لەم خەیاڵانەدا بووم، بینیم شتێک لە ئاوێنەکەدا جووڵا. لە پشت منەوە لە ئاوێنەکەدا تارماییەک جووڵا. لام کردەوە، بە خەیاڵی ئەوەی کەسێک لە ناو ژوورەکەدایە، بەڵام نا، سێبەرەکە لەوێ لە پشت منەوە بوو.

تارماییەکە تا ئەو جێگایەی خۆی دەردەخست زۆر لە منی دەکرد، چ بە قەد و چە بە شێواز. جاری وابوو دەبووینەوە بە یەک و، جاری وایە کەمێک جیا. دەمم کردەوە شتێک بڵێم، بەڵام وازم هێنا. گەر خۆی نەیەوێ بدوێ، من بۆ بدوێم. رەنگە کاری ئەو تەنیا نووسین بێت.

دانەویم، جانتاکەم هەڵگرم و بڕۆم کە دەستێک لە ئاوێنەکەوە بۆم کشا. قەڵەمەکە بوو. ئارام وەرمگرت و خستمە گیرفانمەوە.

پێش ئەوەی بە یەکجارەکی، دەفتەر لە بن باخەڵ، بچمە دەرەوە بۆ دوواجار سەیری مێز و کورسییەکەم کرد. بە خۆم وت "ساڵانی داهاتوویش دێمەوە."

گەڕان بۆ بابەت