ما 690 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەردار جاف

نووسەرە لەم رۆمانەدا تەنها لە سەر پرسە نێوخۆیی و نيشتيمانی و نەتەوەييەکان هەڵوێستەی نەکردووە، بگرە پەلی بۆ زۆر لايەن کوتاوە و رەنگە بۆ خۆيشی لە خۆی تێنەگات بۆ ئەم هەموو پرسەی ئاڵۆسکاندووە لەو پەڕی چەپەوە بۆ پرسی شۆڕشگێڕیی نەتەوەیی و دواتر ئیسلامی سياسی.

رۆمانی 'گۆشەگيری' خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو و شەپۆلە نەرمەکانی زنە

سەردار جاف

 بەشی چوارەم

سياسەت يان ئايديۆلۆژيا
نەماندەويست توخنی ئەم لايەنەی رۆمانەکە بکەوين، جگە لەوەی پانتاییەکی فراوانی هەيە، لە نێو کورديشدا بە پێی پەتی تێی کەوتووين و ئیدی بۆتە هەموو ساتێکی ژيانمان، نووسەريش بۆ خۆی پەلکێشمان دەکات، ناکرێ ئێمەيش لێی بێدەنگ بين، نەجيب مەحفوز هەرچەندە لە خێزانێکی ئينتيمای سياسی پەروەردە و گۆشکراوە، کاتێ مناڵ بووە لە ماڵی ئەواندا باسی سەعد زەغلول کراوە و لە سەر ئەو رەوتە ژيانی هێناوە، کەچی کاتێک لە بارەی رۆمانی ” ميرامار” پرسياری کەسايەتييەکانيان لێ دەکەن، دەڵێ ‘ بە هيج مەبەستی سياسی ئەو کەسايەتيانەم دەستنيشان نەکردووە، کەچی خزايە نێو سياسەتەوە”، وەلێ نووسەری گۆشەگير باس لە ديدێکی ديکە دەکات و سياسەتی تێدا چڕ کردۆتەوە، ئێمە نامانەوێ بەراورد کارييەکی ناپێويست بکەين، تەنها دێين شرۆڤەيەکی سەرپێيانە لەو دونيا قووڵ و بەرفراوانەی ئايديۆلۆژيا لە ناو رۆمانەکە دەکەين، هەڵبەتە ئاشکرايە کە رۆمان خۆی لە خۆيدا رەنگدانەوەی واقيعی ژيانی مرۆڤايەتييە، وەلێ ئەم واقيعە لە ناو رۆمان و بۆ ئینتيمای ئايديۆلۆژی، لە رووی ئەندێشەييەوە نووسەر دەتوانێ بە رووداوە راستييەکانی کۆمەڵی خۆيەوە گرێی بدات، دەنا وەک خۆی گواستنەوەی ئەوا دەبێتە وتارێکی ئايديۆلۆژی و لە رێی رۆمانەوە نووسەرەکە ناخی خۆی دەردەبڕێت.
ئاخۆ نووسەر چۆن دەتوانێ واقيع بگوازێتەوە بۆ نێو رۆمان، بە رای ئێمە نووسەر ناکرێ واقيع وەک خۆی بۆ رۆمان بگوازێتەوە هەر کات ئەوەی کرد ئەو کات دەبێتە دەمسپی لايەنێک دژ بە لايەنێکی ديکە، مەرجيش نييە لايەنداری بکات يان بۆنی لايەنداری پێوە ديار بێت، ئەمە لە حاڵەتێک ئەگەر نووسەر بە ئەنقەست و دەستی مەبەستەوە پەنا ببا بۆ بواری سياسی و ئايديۆلۆژی، وەک ئیسماعيل حەمە ئەمين لێرەدا ئەو کارەی بۆ مەبەستێک کردووە، ئەو مەبەستەيش دەشێ روون بێت، ئەگەر زێتر بە وردی لێکۆڵينەوەی لە سەر بکرێت، هەموو نووسەرێکيش کاتێک دێتە سەر باری سياسی و ئايديۆلۆژييەتی حزبی، هيچی کەمتر نييە لەو دەزگا رۆژنامەوانامەوانييانەی لە خانەی بەرهەڵستکارين و ئامانجيان راستکردنەوەی هەڵەکانی حوکمڕانان نييە. ئێمە لێرەوە پێويستمان بەوەيە بزانين چ پەيوەندييەک لە نێوان ئەدەب و کۆمەڵگا هەيە، کاتێک لە رۆمانی سياسی دەنووسن، ((ئەدەب بە يەکێک لەو هونەرانە دەژمێردرێت کە پەيوەستە بە کۆمەڵگاوە، ديدگايان ديدگای ئەديب بۆ کۆمەڵگا لە رێگای ئاوێتەکردنی واقيع و خەياڵەوەيە، ديدگايەک يان چەند بيروبۆچوونێک بە شێوازێکی تواناداری دەخاتەڕوو، کە کاريگەری بە جۆرێک لە جۆرەکان لە سەر خوێنەر دابنێت))١٧. ئێمە باسەکەمان رۆچوون نييە بە شرۆڤەکردنی ئايديولۆژيا ئاخۆ ئينتيمابوونی سياسيش ئايديولۆژيايە يان نا، کە ئەمە مشتومڕێکی زۆر زۆر هەڵدەگرێت و وا بەسانایی لە بن هەنگڵی دەرناچين، لە کاتێکدا ئەم دەستەواژە جاڵجاڵۆکەییە ديدگای جياوازی لای بيرمەندانی وەک هێکڵ و مارکس و ئنگلس و نيچە و فرۆيد و هايدگەر و… تاد خوڵقاندووە، کە هەر يەکە و بە تێگەيشتنی خۆی و بە پێی سەردەم و جوگرافيا و سنووری خۆی ديدگای خۆی خستۆتەڕوو، زۆرجار لە رووی ئالۆسکاوييەوە بۆ بيری کۆمەڵايەتی و سياسی و فەلسەفی و ئابووری قووڵبۆتەوە، ئێمە ئايديولۆژيا وەک ئەو بيرە سياسييە ديقەت دەدەين و قسەی لە سەر دەکەين بۆ ئەم رۆمانە. رۆمانی سياسی بۆچی دەنووسرێت، هەروەک گوتمان بۆ ئاشنابوون و بەرچاوراستی رووداوەکان لای خوێنەر، ئەگەر درزێک هەبێت رۆمانی سياسی ببێتە بەشێکی گرێنگ لە ئەدەب، وەلێ جگە لەوە خزاندنی لایەنی سياسی بۆ ناو رۆمانيش ئاماژەمان پێدا، ((رۆمانی سياسی زۆرجار سەرنج دەخاتە سەر پرسە سياسييە ناوخۆیی و نيشتيمانی و نەتەوەییەکان تاوەکو لە چوارچێوەی ئاراستە جوايەزەکان و چەندين ميحوەرەوەچارەسەريان بکات، جێگای ئەو قۆناغە جوايەزانە دەگرێتەوە کە پرسەکە پێیدا تێپەڕيوە))١٨. نووسەرە لەم رۆمانەدا تەنها لە سەر پرسە نێوخۆیی و نيشتيمانی و نەتەوەييەکان هەڵوێستەی نەکردووە، بگرە پەلی بۆ زۆر لايەن کوتاوە و رەنگە بۆ خۆيشی لە خۆی تێنەگات بۆ ئەم هەموو پرسەی ئاڵۆسکاندووە لەو پەڕی چەپەوە بۆ پرسی شۆڕشگێڕیی نەتەوەیی و دواتر ئیسلامی سياسی، نووسەر کاتێک بۆ خۆی تەنانەت ئينتيمايەکی سياسيشی هەبێت دەبێت ملکەچی داوا و خواستی حزبەکەی نەبێت بۆ ئەوەی ديدگای حزبەکەی بسەپێنێت، لە گۆشەگيری ئەمە نەکراوە وەلێ ئەم پرسە ديوێکی ديکەی هەيە و لێرە باسی ناکەين، ((لە نووسين و ديدگاکانی رۆماننووسی پورتوگالی ”خۆزيە ساراماگۆ” ئەوەمان بۆ ساغ دەبێتەوە کە لە ساڵی ١٩٦٩ تا مردنی سەر بە حزبی شيوعی پورتوگالی بوو، مەرج و ياساکانی جێبەجێ نەکردوون، رۆمانەکانيشی رەنگڕێژی ديدگا و ئاراستەی حزبي نەبوون، بەڵکو بە فەلسەفەيەکی جياوازەوە دەينووسی هەموو جارێک خوێنەری سەرسام کردووە، لە کاتی نووسيندا گۆڕدراوە بۆ کەسێکی داهێنەر بە ئەندێشەيەکی ناوازەوە، ئەوەيە مەبەستم لە پێويستی جياکردنەوەی کاريگەری تەواو لە نێوان پێگەی هزری و ئينتيمای ئايديولۆژييەکانی نووسەرو دەقە رۆمانە داهێنەرەکانيدا)) ١٩. ئێمە نەهاتووين بڵێين نووسەر لە گۆشەگيريدا لاگيری ئينتيمای سياسی کردووە، يان بە پرسی حزبی رۆمانەکەی داڕشتووە ئێمە دەڵێين لە پشت خستنە رووی ديدگای سياسييەوە نە بەرژەوەندی گروپی خودان ئايديولۆژی لە بەرچاو بگرە نە بەرژەوەندی تاکە کەسی، خوێنەر لە خوێندنەوەی رۆمانەکەدا هەست بە مەبەستداری نووسەر دەکات بۆ هەر يەکێک لەو دوو بەرژەوەندييانە بێت.
ئینتيمابوون بۆ چەپ و هەڵگيڕانەوە، لە نێو رۆمانەکەدا هەست دەکرێ ئەو کەسێکی چەپی سەر بە بزاڤێکی” مارکسی – لينينيزم ” بزانين پاشان چۆن دێت و دەهری دەبێت و چ دەڵێ ؛ ((دەهری و بێزار بوو لەم گيرخواردنەی لەو وڵاتە تاريک و سارد و پڕ مافيا و جەردە و نەخۆشی سفلس و گۆناريايەی کە ناوی سۆڤيەت بوو، سۆڤيەت و بلۆکی سوسياليستی جگە لە مرۆڤی سەرخۆش و دز و قۆڵبڕ و تلياکخۆر و لەشفرۆشی هەرزان و مافيا نەبێت، هيچی لە دووی خۆی بەجێنەهێشووە،ل ١٤١ )) پێمان وايە ئەمە رێخۆشکردنێکە لە رۆمانەکەدا بۆ زێتر شۆڕبوونەوە بە لايەنی نەرێنی بلۆکی سۆسياليستی، هەر لە هەمان لاپەڕە و دوای چەند دێرێک دەڵێ ؛ (( گولاک ئەو سەربازگە تاريک و ترسناکانەی هەواڵگيری سۆڤيەت بوو، کە مرۆڤی تێدا لەتوپەت دەکرا و بۆ ئەبەد تامردن لەوێ بەند دەکران و کاری قورسيان پێدەکرا، سۆڤيەت رای وەها بوو، گۆرانی دەبێت هەر بۆ شۆڕش و لينين و ستالين و سۆڤيەت و کرێکار بێت، گۆرانی ديکە دەچنە خانەی چێژی سەرمايەدارێتی و دژە کرێکاری و کۆمۆنيستەوە، لە دوای ئەوەی کۆی سۆڤيەت و کۆی بلۆکی سۆسياليستی رووخا، خەڵکی هەناسەی ئازادييان هەڵکێشا، بەڵام هەناسە هەلکێشانێکی ژەهراوی، ل ١٤١ و ١٤٢ )). مرۆڤ لە شێوازی دەربڕينەکە هەست بە رک و کينەی نووسەر دەکات، نەک لێرە ئەگەر نەڵێين لە تەواوی رۆمانەکەدا ئەوا لە زۆربەی هەرە زۆری رۆمانەکەدا نە بەو جۆرە دەدوێ کە زمانێکی زبرئامێزە نە بە سۆڤيەت دەڵێ يەکێتی سۆڤيەت، نووسەر پێويستە لە ناو کەسايەتييەکان و گرێ و رووداوەکانی رۆمانەکەخۆی نەکاتە پاڵەوان لێگەڕێت با پاڵەوانەکان خۆيان رۆڵ بگێڕن، وەک گوتمان رۆمانەکە پێت بڵێ وەرە بمنووسە با پێشکەشی خوێنەرت بکەم، ((تەنها بيری لەوە دەکردەوە چۆن لەم پەرستگايەی ديۆنيزۆسە سەما بکات، لەوەدا وەک خۆی مەزندەی دەکرد بە دووی جێگە پێيە ئاوريشمينەکانی جاکۆمۆ کازانۆڤادا دەڕوات و دەيەوێت پشت بکاتە جڕتەکانی رۆشنگەری…. ل ١٥١ )). نووسەر نەک لێرەدا بێلايەنی پێيەوە ديارە بگرە لە تاو حەزی بۆ سەما چۆن دەدوێ بەڵکو بەرائەتيشی پێوە ديارە، تا دەگاتەی ئەوەی ” دەيەوێت پشت بکاتە جڕتەکانی رۆشنگەری” لێرەدا هەڵچوون و ئاوێتەبوونەوەی نووسەر بە رۆمانەکەوە دەردەکەوێتەوە. خۆی پێدا دەکاتەوە، ئەمجارەيان قێز لە رۆشنگەری دەکاتەوە، کە نووسەر تاکێکی بوارەکەيە. لە دونيای چەپەوە بەرەو خەباتی باشوور دەچين(( جونێت دوورا و دوور ئەوی وەک کوردە لات و بێپارەکانی رووسيا و سۆڤيەتی کۆن دەناسی، بەڵام دوای ئەوەی جارێکيان پێکەوە ڤۆدکايان خواردەوە و زانی ئەو لە ” شۆڕشکەرە” دێرينەکانە، ئەوی خۆشويست و هەستی دەکرد هەڤاڵێکی ونبووە. جونێت هێشتا خۆی بە مرۆڤێکی شۆڕشگێڕی مارکسی لينينی تێدەگەيشت و يارمەتی پەکەکەی دەدا لە ئاوديووکردنی کەسە تايبەتەکانيان بۆ ئەوروپا و تورکيا و بە پێچەوانەيشەوە، هەر بۆيە سومپاتی هەبوو لە گەڵ رابوردووی ئەو وەک شۆڕشگێڕێکی هەشتاکانی کوردستان، هەموو کاتێک کە جونێت باسی بەرخودانی کوردانی بۆ دەکرد ئەو بێزار دەبوو و دەيگوت؛ تکايە جونێت شۆڕش لە دونيادا کەرەکان پێهەڵدەستن و دۆڕاو و قەحپە و گەوادەکان لە بەرەکەی دەخۆن.ل ١٦٣ )). هەڵبەتە وشەی کوردستان بە چەمکە ئاوروپاييەکەی مەبەست لێی کوردستانی باشورە، کاتێکيش هەر دوای ئەوە دەڵێ ؛ ((راوەستە با شۆڕشەکەی تۆيش بێتە دەسەڵاتەوەو تامی پارە بکەن ئەوسا تێدەگەيت بۆچی لينين کتێبی ” دەوڵەت و شۆڕشی نووسيوە.ل ١٦٣ ))، لێرەدا نووسەر دوای قسەی عەوامی خەڵک کەوتووە، کە دەسەڵاتدارانی کوردستان پارەيان بيني بێت، بە ڕای ئێمە دەبووايە بڕێک لەو ديدە نێودەوڵەتيانەيشی باسکردبا، واتا ئەوديوی رووداوەکانيشی ببيني بايە، نەک يەک ئاراستە بڕوات، ئەوە وا دەکات خوێنەر تێبگات کە نووسەريش بووە بە يەکێ لە پاڵەوانەکانی پێکەوە لە ناو رۆمانەکەن.

نووسەر کە باسی مەلا مستەفا بارزانی دەکات ناوی مامە عەزە دێنێتە ئاراوە و دەڵێ؛ ((ئەو زەمەنە هێشتا مەلا موستەفا بارزانی لە مەنفای ئەمريکیی خۆيدا لە ژێر ئازاری دڵشکاندا دەيناڵاند، کەچی مامە عەزە لە مەنفای باشوری ئێراقدا لە ژێر. ل ١٢٤ )). ئەمە بەراوردکردنێکی ساغلەم نييە، راستە هەم مامە عەزە و هەميش مەلا مستەفا لە روانگەی مرۆڤبوونەوە مرۆڤن، لێ مرۆڤەکان هەميشە جياوازيان هەيە. ديقەت بدەن لە ماڵێکدا دوو برا لە خەسڵەتەکانيان جودان، لای دايک و باوکيش هەميشە نەرم نيان و خودان ئاکارە بەرزەکە خۆشەويستترە. چ جای بگاتە مرۆڤەکان هەر لە کردار و رەفتار و بەها ئاکارييەکان و دونيايەک خەسڵەتی ديکەی مرۆڤايەتی، لە بەزەیی و سۆز و ئەوينداری تا بە دڵفراوانی و بەرگەگرتنی ئازار و زەحمەتی و ماندووبوون و نەهامەتی دەگات، جا ئەمە لە ئاستی تاکی مرۆڤدا بێت، ئاخۆ لە سەر ئاستی سەرکردەوە دەبێ چی راگوزەر بکات، کە تراژيديای يەک گەل و نەتەوەی دەکەوێتە ئەستۆوە و بەرگەی دەگرێ و پێيەوە دەناڵێ و لە تێکۆشانيش کۆڵنادات و بێوچان بەردەوام دەبێت، نەدەبووا ئەم حاڵەتە لێرەدا ببا. سياسەت پانتاييەکی زۆر لە ژيانی مرۆڤەکان داگير دەکات، ئیدی هەندێ جار تاکەکان بەدەر لە خواستی خۆيان دەخزێنە نێو دەمودوو و گفتوگۆی سياسييەوە، ئەديبانيش لەم حاڵە بە دەر نين لە نووسينەکانيان وەلێ گەرەکە ئەديب هۆشيارانە تر مامەڵە لە تەک ئەم لايەنەدا بکات، جونکە ئەديب بۆ چارەسەر دەکەوێتە نێو باسەکەوە وەک تاکی ئاسایی نييە نەک بۆ ورووژاندن و جێهێشتنی بە بێ چارەسەرکردن، ((بيرمەند و رەخنەگری ئینگليزی تيری ئیگلتون وای دەبينێتەوە کە زانايان و فەيلەسوف و تيۆريستەکان بارگرانی ئەو وتارە يەکشێوازيانە لە ئەستۆدەگرن، لە بەرامبەردا ئەديبان پانتایی هەست و ئەزمونی باڵای بەها و رێزلێنان داگير دەکەن)) ٢٠. کەواتە ناکرێ ئەديب وەک سياسييەک بير بکاتەوە. لێرەدا لەم دوو نمونەی دەيهێنينەوە نووسەر وەک سياسييەک دەدوی ؛ (( ئەمەيش جيرۆکەکی ترە، بەوەی هێشتا شازدە ساڵی تەواو نەکردبوو کە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی ١٩٧٤ دا هەڵگيرسا، ل ١٢١ )). ئێمە پێمان وايە شۆڕش شۆڕشی نەتەوەيەک بوو لە کوردستانی باشوور بە سەرکردايەتی مەلا مستافای بارزانی نەک شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی، ئەو کات هەموو کورد لەم پارچەيە يەکدەنگ و يەکڕەنگ بوو، (( بەڵام کە شؤڕشی نوێ دەستيپێکردەوە، مامە عەزەی گەنج يەکەم کەس بوو رايکردەوە شاخ، بێگومان ئەو شانسی هەبوو کە لە کارەساتی هەکاری ١٩٧٨ رزگاری بوو. ل ١٢٤ )). کە دەڵێ شۆڕشی نوێ واتا شۆڕشی نوێی گەلێک يان نەتەوە و ميللەتێک، کە لە کاتێکدا شۆڕشی ئايديولۆژيايەکی تايبەت بوو، هەر خۆيشی نووسەر ئەو یايديولۆأيايە ساغ دەکاتەوە کە باس لە شەڕی هەکاری دەکات، لێرە وەک سياسييەک دوواوە کە پێويستە وەک ئەديبێک بدوێ، کە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی ئەيلول و گەلێک بووە، شۆڕشی نوێيش شۆرشی ئايديولۆژيايەکی تايبەت بووە دەبووا نووسەر لەو ئينتيما سياسييە خۆی دەرباز بکردبا، کە رەنگدانەوەی مێژوو و رابردووی کۆنی پێوە ديارە لە رۆمانەکەدا، لێرەدا باسوخواس لەمەڕ ديدی ئايديولۆژی لە رۆمانەکەدا کورت دەکەينەوە و نامانەوێ درێژدادڕی تێدا بکەين . لێ ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت لە رووی سياسييەوە کۆتایی پێ بێنين، ئەوەيە ؛ ((کێ مەزندەی ئەوە دەکات خەڵکانێک هەبن ئەوەندە گێل بن لە حەوشەی پشتەوەی مەخفەری پۆليس شەڕەچەقۆ بکەن و يەکتر شەڵاڵی خوێن بکەن، کێ مەزندەی کەرێتی کوردیی دەکات، جگە لە کورد نەبێت. ل٤٥٦ )). هێندە دەڵێین ئەگەر نووسەرێکی ” عارەب يان تورک ياخو فارس ” کوردی بە کەر لە قەڵەم بدابايە چ فەوزايەک دەخوڵقا، دەبووە هەرايەک ئەوسەری ديار نەبووايە، ئەم تەوزيفکردنە دەستەو گروپ و کەسانێک ناگرێتەوە وەلێ بە شمولی باسی کەرێتی کورد دەکات، کە کورد کەر بێت ئەی نووسەر بە زمانی کوردی بۆ کێ دەنووسێت.

پڵۆتەکە” الحبک “
چەند کەيفساز و زێتر ئاوەدان دەبووين ئەو دەمانەی بە نێو دونيای مەجاز و ريتم و هارمۆنييەت و پانتایی و فەزايەکی ناوازە و بە سەليقەدا تەيمان بکردبا و ترۆپکی ئێستاتيکامان لە نێو گۆشەگيردا شەن و کەوی بکردبا و نەوەی نوێمان وەئاگا بهێنابايەتەوە کە دەتوانن جوانناسی و ديقەتدانی فەزای رۆمان لە گۆشەگيرەوە فێرببان، چەندە ئێمەيش دونيايەکی ئەدەبيمان قووڵتر دەکردەوە و هێندەی لە سۆراغی سەرچاوەو ژێدەری لابەلا دەبووين لە دونيای ئەدەب و پانتایی و فەزای رۆماندا نوقم دەبووين، بە هەر حاڵ دونيايەکی لەو جۆرەمان لە پانتاییەکی بەرفراوانی ژينگەکەدا بەدی نەکرد، لە سەرەتاييشدا باسمان لەوە کرد رەخنەگر بۆ خۆی کە دەکەوێتە شرۆڤەکاری ژانرێکی ئەدەبی لە دڵەوە دەيخواست بۆ خۆی ئەو داهێنانەی بنووسيبا تا کون و کەلەبەرە ناتەواوەکانی بە جوانی کەفماڵ بکردبا و رەونەقێکی ناوازەی ببەخشيبا. پڵۆتەکە يان پلان ياخود گرێ کە بە عارەبی دەکاتە ” الحبکة ” بۆ رۆمان يەکێکە لە بنەما سەرەکييەکان پێويستە نووسەر چۆن ئاوەزی” عقل ” ی خوێنەر شێلو دەکات بە هەمان جۆر روونی بکاتەوە، با بزانين گرێ چييە(( ئەو رووداوگەلانەن لە چيرۆکدا روودەدەن بە ستراونەتەوە بەرايەڵەيەکی پەيوەست کە بە پەيوەندی هۆکارانەی نێوانيان هەرگيز لە کارەکتەرەکان جيانابنەوە، گێڕەرەوە هەميشە کارەکتەرەکانيمان وا نيشان دەدات کە ئاوێتەی رووداوگەلێکن، کاريگەريان بە سەر يەکەوە هەيە بە هيچ شێوەيەک لە شێوەکان لە يەکتری جيانابنەوە)) ٢١. هەر لە درێژەیدا و لە پێناسەی گرێ دەڵێ ؛ (( ئەو رێگە چارەسەرە تەکنيکييە کە نووسەر لە سەر کەرەستەی خاوی چيرۆکەکەی دەيگرێتە بەر)) ٢٢. کەواتە پێويستە نووسەر هەر لە سەرەتاوە ئاشنامان بکات بە کەسايەتييەکانی رۆمانەکەی و ژينگەکەی ئەو گرفت و ئاريشانەی دەيخوڵقێنێت، سەرەتا خوێنەر وا تێدەگات کێشەکە ئەوەيە کە لە نێوان ” سوزی ” و ” ڤێسنا ” لە سەر ئاشنا بوون بە زمانی ئەڵمانی يان کۆڵانی خوارو و خێچە: ( نازدار کە نێوی خۆی نابوو سوزی، هێمنتر و پڕتر بوو لە وشە و دەستەواژەی ئەڵمانی. جارجارەيش بۆ سوژنکردنی ژنانە بە ڤێسنادا هەندێک وشەی بەکار دەهێنا کە ئەمەيش ڤێسنای تووڕە و دەهری دەکرد، بۆ نمونە وشەی ” ئۆپتيميست – Optimist ” ئەو وشەيە بوو هەموو جارێک سوزی بەکاریدەهێنا و هەموو جارێکيش دەبووە هۆکارێک بۆ سەلماندنی گەوجێتی ڤێسنا.ل ١ )) دەربارەی کۆڵانی خواريش لە هەمان لاپەڕە دبێژێت ؛ ((کاتێک بە کۆڵانی سەر شەقامە گشتييەکە پێکەوە تێپەڕ دەبوون و خێرا دەيگوت ؛ سوزی دەزانی ئەم کۆڵانە خوارە… ئيدی سوزی رادەوەستا و دەيگوت ؛ گێلە کوا کۆڵانی خوار هەيە لەم دونيايەدا… ئاوها شەڕەکە دەستيپێدەکردەوە.ل١٠ )) ئەم مشتومڕە لە نێو رۆمانەکە لە نێوان ئەم دوانە دەبێتە مشتومڕ و دەموودوو، خوێنەر وا هەست دەکات ئەمە گرێکەی رۆمانەکەيە و پێويستە نووسەر بيگەيەنێتە ترۆپک و پاشان هێدی هێدی بۆ خوارەوە و چارەسەرێکی بداتێ. خوێنەر لە لاپەڕە ١٣٧ کە دەگاتە ” ئيگۆيەکی دوور ؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا” دوای خوێندنەوەی چەند لاپەڕەيەک لەم ئيگۆيە هەست دەکات دەچێتە نێو رووداوگەلێکەوە تێچڕژاو و ئاڵۆسکاو خوێنەر پێويستی بەوە دەبێت بە هێمنی لە سەرخۆ بە بيرێکی فراوانەوە بچێتە نێو رووداوەکان، کێشەکە لە وێدايە ئەو هەموو رووداوگەلە دوای تەواو بوونی رۆمانەکە زۆربەی رووداوەکانی بۆ يەکلا نابێتەوە، بشێ نووسەر بە ئەنقەست کردنەوەی دەرگاکانی بە رووی خوێنەردا واڵا کرد بێت بۆ ئەوەی بۆ خۆی رۆمانێکی تەواو نەکراو تەواو بکات …

درێژەی هەيە...