ما 255 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خۆشحاڵم سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان، خەنە و ساف و لووسی لە ناو ئەو دۆ مرۆڤە گرینگەدا هاوبەشە. کەواتە دەکرێ لە دووان، یەکیان لەم سەری دونیادا بژی و یەکیان لەو سەری و،... کەچی هەندێ شتی هاوبەشیان هەبێ. بڕواناکەم ئەم دووانە بە هیچ کلۆجێکیش ئاگایان لە یەکتری بێت. بە تایبەت کریستۆفێر. 

 

لە جیاتی دەستکێش

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەرچی سەیری 'کریستوفێر ریڤ' ئەکتەری بە ناوبانگی نەقشی سوپێرمەن دەکەم، نازانم بۆ، بەڵام یەکسەر بیری کاک بورهانی چەقۆ دەکەومەوە. رەنگە لەبەر ساف و لووسی و حاڵەتی ژنانەی هەر دووکیان بێت، یان رەنگە لەبەر ئەوەی هەستدەکەم کریستۆفێریش وەک ئەو خەنە لە خۆی دەدات! لای من، ئەوانەی لووسن، یان حەزدەکەن خۆیان بە لووسی راگرن و بەردەوام نەک سەرو ریش بەڵکو هەموو ئازای ئەندامیشیان دەتاشن، هۆگری بێ ئەملاولای خەنەن. رەنگە بپرسن چووزانی؟ دەبێ بڵێم من ئەمەم هەم بە کاک بورهانی چەقۆوە بینیوە و، هەم لە سەریم بیستووە و هەمیش لە بەراوردکردنێکی نەک سەرپێیانە و هاکەزایی، بەڵکو لە رێگای بیرکردنەوەی قووڵەوە بەو ئاکامە گەیشتووم کە کریستۆفێری سوپێرمەنیش ئەهلی بەکارهێنانی خەنەیە. بەوەیش نیە لە ئامریکا دەژی. بە جوانی لێکم داوەتەوە و، دەزانم بە هۆی ئەو پێوەندییە چڕوپڕەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هیندوستان و وڵاتانی عەرەبی هەیەتی، بە فراوانی ئەنواعی خەنە لەوێیش لە بازاڕ دەستدەکەوێ.

کەس لەم شارەی ئێمە بە قەد کاک بورهانی چەقۆ، کە ئیستایش بەو تەمەنەوە و سەرەڕای گۆڕینی بەرچاوی سەردەم، کاری هەر گون بڕین یان خەتێنەکردنەی جارانە، حەزی بە خەنە نیە. خەتێنە و خەنە. هەر لە کۆنەوە وا بووە. بۆ خۆیشی مێژووەکەی واتە کاتی دەستپێکردنەکەی لەبیر نیە. هەر ئەوەندە دەزانێ رۆژێک لە رۆژان بە سیحری خەنە پەی بردووە و، ئیتر لەو کاتەوە بەردەوام مەسرەفی دەکا. خۆ ناشوکری نەبێت لە مێژە قژیشی بە سەرەوە نەماوە تا خەنەی لێ بدات، بەڵام خۆ خوا شوێنەکانی تری لێ نەبڕیوە. ئەو کە بڕوای تەواوی بە بەهرەی دەرمانیی ئەم بەرهەمە ئەفسانەییە هەیە، لە کاتی هەر حەمامکردنێک، کاسەیەک خەنەی ئیسفەهانی لێدەگرێتەوە و سەروملی تێدەنێ: سەرەتا قاچەکانی، دوواتر ناوگەڵی، ئەوسا بن باڵی و لە کۆتاییدا دەستەکانی. بۆ خۆی دەڵێ هەم جوانە (مەبەستی لە رەنگە سوورە مەیلەو قاوەییەکەی، یاخود قاوەییە مەیلەو سوورەکەیەتی)، هەم دەرمانی خورانە و هەم دژە قارچک و دژە برین. دەڵێ بۆنی ئارەقی لاقیش دەکوژێ و، خۆش بۆنی دەکا. دەڵێ لە خۆتی بدە و، ئیتر ئەوەندە وەک پیاوە نانەجیب و پیسەکانی ئەم شار نەگبەتە، لەبەر چاوی خەڵکیدا، بەتایبەت ژنان، دەست بۆ ناوگەڵ و قن و بن باخەڵت مەبە!

کاک بورهان شەرمی نیە لەوەی بە دەستی خەناوییەوە دەرکەوێ. خەڵکی و بە تایبەت ژنان پێی پێدەکەنن. ئەو کە لە گڕکەی بێ توێخڵ دەچێ، بە جانتاکەی دەستییەوە کۆڵان و کۆڵان هەنگاودەنێ و خەریکی گون بڕینی کوڕی خەڵکییە. سەیرە، بە پێچەوانەی ساف و لووسییەکەی، خاوەن نیگایەکی بە عەیەب و نەجیبە و، سەرنجی ژنان نادا. هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی پێی بڵێن یان هەتیوبازە، یان هەتیوان بە خۆی فێردەکا. دەڵێن زۆریش قەرەباڵغی ناکا. بە یک یان دووانەوە دەیگرێ و، ئیتر لێی دەخوڕێ هەتا بزانێ ژیان دوواتر چی دەهێنێتە سەر رێگای.

هەڵبەت من باوەڕم بەم قسانەی دوواتر نیە. بە ڕای من دەکرێ خەڵکی خۆیان ساف و لووس راگرن و، بەردەوامیش خەنە لە خۆیان بدەن بە بێ ئەوەی هەتیوباز بن. ئەمە کریستۆفێریش دەگرێتەوە کە پێش ئەوەی بمرێ فەلەج بوو و دووای نۆ ساڵ بە سەکتەی دڵ  بەسەر کورسییە تەگەرەدارەکەیەوە کۆچی دووایی کرد. خەڵکی بەڕاستی بێڕەحم و بێ بەزەیین. هەر لەخۆوە بێ ئەوەی بزانن، دەدوێن. تازە با وای دابنێین کە کاک بورهانی چەقۆ و کریستۆفێر هەتیوبازن، یان هەتیوان بە خۆیان فێردەکەن، جا ئەمە بەوان چی؟ مەگەر نانی ئەوان دەخۆن و، ژیانیان لەوان تێکداوە؟ ئەی ئەوە نیە کاک بورهان هەدای نیە و، بۆ پەیداکردنی پاروویەک نان کۆڵانەو کۆڵانیەتی و کریستۆفێریش دەبێ بەردەوام وای پیشان بدا سوپێرمەنە و دەتوانێ بە ئاسماندا بسووڕێتەوە و بە هێزی شان و باهۆی بەر بە قەتار و کۆمپرێسی و رووخانی کێو بگرێ!

من لەگەڵ ئەوەی کاک بورهان نەبووە کە گونی بڕیوم، بەڵام باوەڕی تەوام پێیەتی. جاری وایە بیردەکەمەوە گەر لە وڵاتی خواپێداوان بژیایە ئیستا بۆ خۆی سوپێرمەنێک بوو. کریستوفێریش گەر لێرە بژیایە ئەوا جگە لە کیفێکی گون بڕین بە شانییەوە چیتری پێنەدەبڕا. جا بۆیە تەنیا ساف و لووسی، یان خەنە نیە لە سەر چارەنووسی بنیادەمەکان بڕیاردەدا. دەبێ شتی تریش هەبن.

بەڵام خۆشحاڵم سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان، خەنە و ساف و لووسی لە ناو ئەو دۆ مرۆڤە گرینگەدا هاوبەشە. کەواتە دەکرێ لە دووان، یەکیان لەم سەری دونیادا بژی و یەکیان لەو سەری و،... کەچی هەندێ شتی هاوبەشیان هەبێ. بڕواناکەم ئەم دووانە بە هیچ کلۆجێکیش ئاگایان لە یەکتری بێت. بە تایبەت کریستۆفێر. رەنگە کاک بورهان بە جۆرێک و بە رێکەوت لە ناو تەلەفزوێن چاوی بە کریستۆفێر کەوتبێ، بەڵام لەو کەسانە ناچێ وا حەزیان بەو جۆرە فیلمانە بێت. کاک بورهان گونی زۆر کەسی بڕیوە و، بە جوانی ئاگایارە گونی کەس ئەوەندە بەهێز نیە کە وزەی فڕین بە باڵەکانی ببەخشێ.

لە خەیاڵانەدام کە رۆژێک بە رێکەوت دەچمە بەر ئاوێنەکە و، کتوپڕ تێدەگەم کە من بە پێچەوانەی بورهان و کریستۆفێر نەک تەنیا ساف و لووس نیم بگرە خاوەن دەمووچاوێکی گرینج گرینجی پاشماوە مێکوتەم بە سمێڵیکی زل و ریشێکی چڕەوە کە هەموو روخساری داپۆشیوم. دەستێک بە دموچاومدا دێنم. بە خۆم دەلێم "چۆنە بیتاشم!" بەڵام پەشیمان دەبمەوە. پاشماوەی مێکوتە پێم دەڵێ بیشیتاشی وەک خۆیەتی، ساف و لووس نابی.

شەوێک میوانمان هاتووە و باوکم لەگەڵیان گەرمی قسەیە. ئاگام لە مەوزوعی باسەکە نیە، بەڵام گوێم لێیە باوکم دەڵێ مرۆڤ هەمیشە سەرنجی دەچێتە سەر ئەوەی وا بۆ خۆی نیەتی. بەم قسەیە وەک بڵێی کەسێک لە گەرمەی خەودا پاڵێکی تووندی پێوەنابم، رادەچڵەکێم،... نەکا ئەمە چیرۆکی منیش بێت؟ کەواتە بۆیە من ئەوەندە لە کاک بورهانی چەقۆ و لە وێنە و فیلمەکانی کریستۆفێر کە ئیستاکە بە شێوەی فیلمی کارتۆنیش دەستدەکەون، رادەمێنم؟... ئاە،... دەبوایە زووتر بمزانیایە! لە بەر ئاوێنەکەدا خۆم رووت رووت دەکەمەوە و، جەستەیەک دەبینم تەژی لە موو. جێگایەک بۆ خەنە دەستناکەوێ. کەواتە وایە،... ساف و لووسی و خەنە،... خەنە و ساف و لووسی.  بێهۆ نیە ژنانیش ئەوەندە هۆگرین.

ماوەیەکە کاک بورهان دیار نیە. شەوێک دیسان میوان روو لە ماڵەکەمان دەکا و، گوێم لێیە یەکیان کە پیاوێکی مڕومۆچی کەمدووە دەڵێ بورهانی چەقۆیش نەخۆشە و لە جێگادا کەوتووە. دەڵێ دەڵێن نەخۆشییەکی خراپی گرتووە و رەنگە چاک نەبێتەوە، گوایا چەند جار بردوویانەتە لای دکتۆر و جوابیان کردووە.

چەند حەزدەکەم باوکم سەردانی بکا و، منیش لەگەڵی بچم. بەڵام باوکم هیچ پێوەندێکی لەگەڵ نیە. دەڵێ "خوا رەحمی پێبکا!" دایکیشم دەڵێ "یاخوا،... یاخوا زەلیلیش نەبێ!" هەرچەند بە قسەکانی کابرای میوان وا دەردەکەوێ زەلیلیش بووە!

باوکم دەڵێ بە مردنی ئەو ئیتر خەتێنەکردن بەو شێوە کۆنە بۆ هەمیشە کۆتایی دێ و دەبڕێتەوە،... نازانم بۆ هێشتا هەندێ کەس بەو شێوازە خەتێنەی مناڵی خۆیان دەکرد! کابرای میوان دەڵێ بەڵێ وایە لەم ساڵانەی دووایی ئیتر شاگردیشی نەبوو،... بە تەنیا دەگەڕا. باوکم دەڵێ چیتر پێویست ناکا، عیلم و زانست گەشەی کردووە. کابرای کەمدوو کە نازانم بۆ وا جیکەڵدانی قسەی دڕاوە، بە بزەوە دەڵێ بە خوا بەزمی خەنەکەیشی خۆش بوو، ئەو پیاوە بەو تەمەنەیشەوە هەر وازی لێ نەهێنا. باوکم دەڵێ عادەتە، عادەت! کابرا دەڵێ لانیکەم لە دەستی نەدایە، شوێنەکانی تر ئاسایی بوو، دەست زۆر عەیب بوو. باوکم دەڵێ لە جیاتی دەستکێش بوو کاتێک بە مەبەستی خەتێنەکردن دەستی لە زەکەری منداڵی خەڵکی دەدا، ئا، وەک دەستکێش ئیستیفادەی لێدەکرد، بۆ خۆی دەیوت. من کە ئەمەم نەبیستبوو، گوێم قوڵاغ بوو. لەبەر خۆمەوە گوتم "خەنە لە جیاتی دەستکێش!"

چەند رۆژ دوواتر کاک بورهانی چەقۆ کۆچی دووایی کرد. کە بە تەقویم لێکمدایەوە بینیم دوو ساڵ دووای مردنی 'کریستۆفێر ریڤ' بوو. بە خۆم گوت مردن مردنە، چ ساف و لووس بیت و چ نەبیت،... چ دەست و قن بە خەنە بیت و چ نەبیت، دەبێ بڕۆی.

نازانم لە دوو گۆڕستانەکەی شار، کاک بورهانی چەقۆیان لە کامیان ناشت: لەوی سەر گردەکە، یان لەوی دارستانەکە. بەڵام لەهەر کامیان بووە، لە دووای مردووان قسەی خێر باشە. تەنانەت گەر کاری خراپیشیان نەکردبێ!