ما 351 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئاسمان مووه‌كانم ڕاده‌كێشێ

زه‌مینیش خۆی به‌ له‌شم هه‌ڵواسیوه‌

منیش په‌نا ده‌به‌مه‌ به‌ر دڵی شه‌و

له‌ هانام بێ

هاواری من،

كه‌ وه‌ك گڕیی ئاگر كڵپه‌ ده‌كا

 

ده‌سته‌چیله‌یێک شیعری ئه‌رمه‌نی

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

  • كه‌وانه‌ی مانگ

ئا. ئه‌سڵان(1)

 

بێ هه‌ست و خوست پێكگه‌یشتین

ده‌رگای سێبووریمان لێ به‌سترا

كزه‌ڕۆشنایی سه‌فه‌ر

كه‌وانه‌ی مانگی گۆشه‌ی خه‌ڵوه‌ت

له‌ ئاسمانا

تینوو بوو

یادگارییه‌كانی ده‌نووسی

 

دوو چاوی گه‌وره‌

ڕووبه‌ڕووی چاوه‌كانم

بۆچی كز بوون و

ناكاو پێكه‌نین و گڕژینه‌وه‌؟

دوو پیاڵه‌ی سپی

له‌سه‌رخۆ شكان

ئه‌ستێره‌ی سه‌حه‌ر

جوانه‌ئه‌سپی ، سپی خۆی تاودا

كه‌ گوڵی لێوی پشكووت

ئه‌ستێره‌یێ له‌ ئاسمان

به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ داڕژا.

 

  • ده‌نگی خوێن

                                     ئا . ئه‌سڵان

نه‌ ئه‌ستێره‌ی به‌ربه‌یان بوو

نه‌ مانگ

چاوی تۆ بوون

به‌ چاوه‌كانم پێكه‌نین

 

نه‌ شایی بوو نه‌ ئاهه‌نگ

ده‌نگ و ئاوازی خوێنی من بوو

له‌ژێر پێی تۆدا

ئاوزنگی ده‌دا

نه‌ باڵدارێ بوو

 نه‌ خه‌ون

سێبه‌ری تۆ بوو ڕۆیی

تا جارێكی دی دڵه‌كه‌م

هه‌لا هه‌لا كات.

 

  • مۆتـه‌كـه‌

                                   زۆرایر میرزاییان(2)

ئاسمان مووه‌كانم ڕاده‌كێشێ

زه‌مینیش خۆی به‌ له‌شم هه‌ڵواسیوه‌

منیش په‌نا ده‌به‌مه‌ به‌ر دڵی شه‌و

له‌ هانام بێ

هاواری من

كه‌ وه‌ك گڕیی ئاگر كڵپه‌ ده‌كا

یه‌كه‌م قرچه‌ی سووتان

له‌ هه‌نییه‌ی سڕم ده‌چه‌قێ

زمانی مه‌شخه‌ڵداری شه‌و

ڕێڕه‌وه‌ ڕۆشنه‌كان ده‌لێسێته‌وه‌

به‌ڵام من خلۆر ده‌بمه‌وه‌

له‌ ناو پێچی گه‌رده‌لوولدا خلۆر ده‌بمه‌وه‌

ده‌سته‌ قوڕاوییه‌كانیشم

به‌ ده‌م و چاومه‌وه‌ گرتووه‌.

 

  • پـاسـه‌وان

                                    ئارشاویر مه‌گه‌ردیچ(3)

دێرزه‌مانێكه‌ هه‌تاو

به‌ چه‌كووشی په‌لكه‌زێڕینه‌ی ڕه‌نگینی

ئه‌شكه‌وتێكی بۆ دروست كردووم

هه‌موو ماڵ و ده‌وڵه‌تی من

به‌ دیواری ئه‌شكه‌وته‌وه‌

چوار وێنه‌یه‌ 

چوار وێنه‌ی پارچه‌ پارچه‌:

خاك، برسی و گۆشه‌گیره‌

ئاو، به‌ لێوی وشك هه‌ڵاتوو

ئاگر، به‌ چاوی بێ ڕوناهی

با ی بریندار

له‌سه‌ر پێخه‌فدا كه‌وتووه‌

له‌ ده‌روازه‌ی ئه‌شكه‌وته‌كه‌م

گوڵبه‌ڕۆژێ پاسه‌وانه‌

به‌رابه‌ر

هێرشی خۆر وه‌ستاوه‌ .

 

  • سه‌ت ساڵی تر

                                        گالۆست خانس(4)

سه‌ت ساڵی تر

یه‌كێ دێت و ده‌ڵێت:

  • لێره‌

 له‌سه‌ر ڕووی ئه‌م كاغه‌زه‌

له‌ هه‌ناسه‌ی ئه‌م خاكه‌دا

له‌ خانوویه‌كی ئه‌م كۆڵانه‌ خواره‌دا

مرۆڤێ ده‌ژیا

به‌ دڵێكی گه‌وره‌

به‌ هه‌ستی پاك و پیس

به‌ عه‌شقی یه‌كڕه‌نگی و به‌ بێ وه‌فایی

به‌ پێی ماندووی نه‌سایه‌وه‌

به‌ ده‌ستی بۆ ئاسمان به‌رز

به‌ چاوی بۆ تیشك شێت

به‌ گفتوگۆ و قسه‌ی ناخۆش

مرۆڤێ ده‌ژیا

مرۆڤێ

هه‌موو شتێ به‌ كه‌چ تێده‌گه‌یشت

له‌باتی نان

تریفه‌ی ئه‌ستێره‌ی ده‌جووی

گردی به‌ پێیان وه‌نه‌بوو

له‌ جیاتی جه‌سته‌

گیانی ئافره‌تی ده‌ویست

ئه‌وه‌ی خۆش ده‌ویست لێی بێزار بوو

وه‌ك ئاده‌مزادێكی سه‌رڕاست

ڕێی گرتبوو

هیچ وه‌ختێ كڕنۆش بلردنی نه‌ده‌ویست

ئا ئه‌و مرۆڤه‌ی

سه‌ت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ژیاوه‌

ئه‌و مرۆڤه‌ دلێرانه‌

ئاوازی زوڵمی بیستووه‌ و

وتوویه‌تی:

سه‌ت ساڵی تر

یه‌كێ دێت و ده‌ڵێ:

لێره‌

له‌سه‌ر ڕووی ئه‌م كاغه‌زه‌

مرۆڤێك ده‌ژیا

ئینسانی خۆش ده‌ویست

هه‌موو شوێنێكی پشكنیوه‌ و

تاڵی چه‌شتووه‌

له‌ ته‌واوی ڕێبوارانی پرسیوه‌

به‌ڵام لای هیچ كه‌س

له‌ هیچ كوچه‌یێ

ناو ونیشانی (عه‌داله‌ت)ی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ .

 

  • ئا . ئه‌سڵان، شاعیرێكی ئه‌رمه‌نییه‌ ساڵی 1907 له‌دایك بووه‌

له‌ زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا شیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌

به‌ تایبه‌به‌تی له‌ گۆڤاری (واردزنونه‌د)دا

و به‌ یه‌كێك له‌ شاعیره‌ له‌پێشه‌كانی ئه‌رمه‌ن داده‌نرێ.

 

  • زۆرایر میرزاییان ،1916 له‌ دایك بووه‌، میرزاییان جگه‌ له‌وه‌ی

    شاعیر بووه‌ ، چیرۆكنووس و وه‌رگێڕیش بووه‌ . چه‌نین به‌رهه‌می ناوازه‌ی

   كردووه‌ به‌ ئه‌رمه‌نی له‌وانه‌ چوارینه‌كانی بابا تایه‌ری هه‌مه‌دانی .

  • ناوی ته‌واوی ( ئارشاویر مه‌گه‌ردیچیان)ـه‌ 1913 له‌دایك بووه‌ .
  • گالۆست خانس ، 1910 له‌دایك بووه‌ ، یه‌كه‌مین به‌رهه‌می 1928 بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ .

 

(*) كۆی شیعره‌كان له‌ ژماره‌ (11) ی ئۆردیبه‌هه‌شتی ساڵی 1349ی

هه‌تاوی گۆڤاری  (سخن)ی  فارسی تایبه‌ت به‌ ئه‌ده‌بیات و كولتوور

كراون به‌ كوردی.