ما 9902 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 تەلار تاهیر

 ڕۆمانی گۆڕە شار گەر لێی وردبینەوە بۆ یەک مەبەست نییە واتە کۆمەڵێ ڕەهەندی لەخۆ گرتووە وەک، کۆمەڵایەتی، سیاسی دەروونی، بەڵام لایەنە دەروونییەکە زۆر زاڵترە بەسەر کەش و هەواو دونیای ڕۆمانەکەوە. ئەم ڕۆمانە ئەگەرچی باسی بارودۆخی کورد دەکات، لەگەڵ ئەوەیشدا هەستم بەوە دەکرد کە کەش و هەوای شێوازی گێرانەوەی ڕۆمانی گۆڕە شار لە ڕۆمانەکانی دەستۆفسکی زۆر نزیکە. 

 

کورتە خوێندنەوەیەک لەبارەی ڕۆمانی (گۆڕە شار)ی "سەید قادر هیدایەتی"

 نووسینی: تەلار تاهیر

ڕۆمانی (گۆڕە شار) یەکێکە لە ڕۆمانە ناوازەکانی نووسەر و ڕۆماننووس سەید قادر هیدایەتی. کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە گەنجێکە بەناوی ئازاد، کەسێکی زمانگیرە و لە ڕووی دەروونیشەوە تەواو نییە، هەمیشە مەنەلۆگ لەبەرخۆیەوە دەکات. شوێن و جوگرافیای ڕۆمانەکە نادیار و مەجازەییە. نووسەر رووبەروو بارودۆخی ڕۆمانەکەی زۆر ئاڵۆز و پەرتەوازە پێشان داوە. واتە بە بۆچوونی من ڕۆمانەکە وەک وێنەیەکی پارچە پارچەکراو وایە. پێویستە خوێنەت یا لێکۆڵەر پارچەکان بدا بەدەم یەکا و وێنەیەکی کۆکراوەی بیرۆکەی ڕۆمانەکە بخاتە ڕوو. ئەگەرچی ڕۆمانی گۆڕە شار گەر لێی ورد بینەوە بۆ یەک مەبەست نییە واتە کۆمەڵێ ڕەهەندی لەخۆ گرتووە وەک، کۆمەڵایەتی، سیاسی دەروونی، بەڵام لایەنە دەروونییەکە زۆر زاڵترە بەسەر کەش و هەواو دونیای ڕۆمانەکەوە. ئەم ڕۆمانە ئەگەرچی باسی بارودۆخی کورد دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەستم بەوە دەکرد کە کەش و هەوای شێوازی گێرانەوەی ڕۆمانی گۆڕە شار لە ڕۆمانەکانی دەستۆفسکی زۆر نزیکە بۆ نموونە (برایانی کارامازۆف و تاوان و سزا) دەتوانم بڵێم زۆربەی ڕۆمانەکانی دەستۆفسکی هەمیشە کاراکتەرێکی هاوشێوەی (ئازاد)ی تێدایە، بۆ نموونە لە ڕووی دەروونییەوە تەواو نەبێت، یاخود مەنەلۆگی زۆر تێدایە بەڵام، لەگەڵ ئەوەیشدا ڕۆمانی گۆرە شار، ڕۆمانێکی کاریگەرە .یەکەمجارمە ڕۆمانێکی لەو جۆرە و بەو شیوازە ببینم. ئەوەی بەلای منەوە کاریگەر و سەرنجڕاکێش بوو ناوی کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە بە ناوی ئازاد. گوتەیەک زۆربەی کات بەرگوێمان دەکەوێت بۆ نموونە دەڵێن: ناوی کەسەکان هەڵگر و ڕەنگدانەوەی ناخ و ژیانی مرۆڤەکانە. نەک هەموو کاتێک بەڵام ڕەنگە زۆربەی کاتەکان وابێت. بەڵام سەید قادر لەم ڕۆمانەیدا ئەم قسەیەی تەواو پێچەوانە کردۆتەوە. بەوەی کە کاراکتەرەکە ناوی ئازادە، بەڵام لەناو زیندانییەکی هەمیشەیی دەروونیدا دەژیت. گومانیش دەکەم ئەم نووسەرە بە مەبەستەوە ئەو ناوەی هەڵبژارد بێت. بە بۆچوونی من ڕۆماننووس لە ڕێی ئازادەوە باسی ناخۆشی و نەهامەتی و تەنیایی کورد دەکات. واتە کورد هەرچەند تەنیا و ژێردەستە و داماو و بێ پشت و پەنایە بەڵام، هەمیشە دروشمە بۆ ئاشتی و ئازادی. هەروەک (شێرکۆ بێکەس) لە شیعرێکدا دەڵێت:

کوردو خودا لەیەک دەچن

هەردووک بێ شەریک و بی کەسن

لەلایەکی ترەوە، ڕەنگە ئازاد دەرگا و دەروازەیەک بێت بۆ ڕزگاربوون لەو بارودۆخەی کورد پێوەی دەناڵێنێت، هاوشێوەی (ژینا ئەمینی) ژیان بۆ تەواوی خەڵکی دەگەڕێنێتەوە.

گەڕان بۆ بابەت