پێویستیی دەنگی یەکگرتووانەی نووسەران و هونەرمەندان

رووداوەکانی ئەم چەند هەفتەیەی ئێران، قۆناغێکی گرینگە لە هەوڵ و تێکۆشانی خەڵک بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیان. یەک لەوان "ئازادی، دیمۆکراسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی."  کۆمەڵانی ئازادیخواز کە هەنووکە لە خیاباندان و هەوڵدەدەن تا لە رێگای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین پاشەکشە بە دەسەڵاتی نابەرپرسیار و سەرکوتگەر بکەن و ژیانێکی شیاو بۆ کۆمەڵگا دابین بکەن، پێویستیان بە داڵدەی نووسەران و هونەرمەندانی خۆیانە.

بێگومان دەنگی یەکگرتووی رۆشنبیران، نووسەران، شاعیران و هونەرمەندانی کورد لە ناوخۆی وڵات رۆڵێکی گرینگ لەم قۆناغەدا دەبینێ. پێویستە ئەم توێژەیش لە کۆمەڵگا دەنگی خۆیان بە روونی و بە شێوەی یەکگرتووانە، بۆ وێنە لە شێوازی نووسین و بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک، بخەنە پاڵ دەنگی گەلی راپەڕیوەوە. ئەمە دەیسەلمێنێ کە رۆشنبیران، نووسەران، شاعیران و هونەرمەندان وەک هەمیشە ویژدانی بە ئاگای کۆمەڵگان و لە کاتی پێویستدا خۆ لە کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی دوور راناگرن.

با نووسەران و هونەرمەندانی کورد تێکڕا دەنگی پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی راپەڕیو و ئازادیخواز بەرزبکەنەوە و، تەوژمێکی نوێ بە رەوتی رووداوەکان بدەن.

سایتی قەڵەم

٢٦ مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢

گەڕان بۆ بابەت