ما 340 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناڵە حەسەن

چ خەیاڵێکی کوشندە و ئازاربەخش و

خەمۆکی و سترێسئامێزە

ئەو دەمانەی

تووڕەم لە عەشق و

توورەم لە ژیان

دەقی تەمەن / ٣٢

ناڵە حەسەن

١

وەکو شاعیرێک

 منیش نوێژ دەکەم

لە نوێژکردنم دا

لەسەر بەرماڵی شیعر

ڕوو بە کەعبەی داهێنان ڕادەوەستم

ئایەتەکانی عەشق دەخوێنم

لە نێو گەڕان و

زیکر و هاوارەکانم بەردەوام دەبم

تا / لە ناخەوە ئارام و بەتاڵدەبمەوە

٢

نیگای سپی و

ڕوخسارە گەنمڕەنگییەکەی تۆ

وای لێکردووم هەموو شەوێ

خەون بە کێڵگەی گوڵەگەنمەکانەوە ببینم

لە وەرزی دروێنەش دا

داسەکانمان تیژ تیژ کەینەوە

٣

ماوەیەکە زێتر خەون بەخۆمەوە دەبینم

لەنێو مردندا ون دەبم

لەنێو ونبوونیشمدا بزر دەبم

٤

گوڵە گیانم

ئارامی من لەنێو

بزە گەرمەکانی تۆ دایە

ئەو قسەیەم وەک

هێشووە ترێیەکی چاوڕەش

لەبەردەم خۆرەتاوی عەشق

وشک کەرەوە / وشک وشک وشک

بیکە بە سەبەتە مێوژێ

بۆ شەوجەرەی شەوە شینە بەرئاگردانییەکانت

یان /

بیکە بە ڕستەیێ لە قەنەفر و ڕەیحانەی بۆنخۆش

بۆ تاهەتایە بە گەردنتا شۆڕی کەرەوە

 

٥

ڕێگای ژووانم بۆ گوڵڕێژکە

وا بە تاسەوە بەرەو لات دێم

ئەستێرەیەکی مێ

بۆتە چاوساغی ڕێگاکانی نابەلەدیم

دڵنیامە دەتدۆزمەوە و

شاگەشکانە شەویش لەلات دەمێنمەوە

٦

چ خەیاڵێکی کوشندە و ئازاربەخش و

خەمۆکی و سترێسئامێزە

ئەو دەمانەی

تووڕەم لە عەشق و

توورەم لە ژیان

توورەم لە خۆم و لە پیاوەتیم و

لە مرۆڤبوونم

تووڕەم لە هاوار و لە ڕووناکی و

تەنانەت لە خەونەکانیشم

یان ئەو چرکەساتەی

هەموو شتێک لەبەر چاوما ڕەش دەنوێنێ

ڕەش ڕەش ڕەش / هەر ڕەشێتی دەبینم

بە قووڵایی نیو هەستەکانیشم

نەفرەت لە بوون و

نەفرەت لە زەوی و ئاسمان و

نەفرەت لە هەموو گەردوون دەکەم

٧

من لەنێو تۆدا

ونبووم و ڕەشبوومەوە

تۆش لەنێو مندا خۆت دوزییەوە

من و تۆ / لەنیو هاوکێشەکانی قەدەر

کۆڵارەیەکی کاغەزین و

واین بە دارتەلی

گەرەکە هەژارنشینەکانەوە

عاشقە نامورادەکانیش

بە ڕێنووسەکانی غەریبی دەماننووسنەوە

٨

من / کەبەنێو ئاگردا ڕەتدەبم

هەموو دەمارەکانی عاتیفەم و قەڵەمەکەم

گڕ دەگرن

کە بەنێو تاریکیدا ڕەتدەبم

چاوەکانم پڕ دەبن لە ڕووناکی

کە لە تۆش نزیک دەبمەوە

هەموو خەون و خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم

پڕ دەبن لە وەهمە گەورەکانی عەشق

٩

ئەی شۆخ

با لە خۆمانەوە دەستپێبکەین

تۆ ئاوێنە و گوڵدان و مۆمەکانی

ژووری خەوتنت بگۆڕە و

منیش / دەلاقەی کتێبەکانم و

پەنجەرەی خەونەکانم

بەڵکو ئەوە خوایە مرۆڤایەتیش

شێوە شەرمنۆکاوییەکەی شکۆمەندی خۆی بگۆڕێ

١٠

من ئێستا تابلۆیەکم

پڕم لە ڕەنگەکانی نائومێدی

نە لەژێر سێبەری هیچ دارێ

نە لەنێو دڵ و لە ئامێزی هیچ ئەستێرەیێ

 ئۆقرە ناگرم

لەگەڵ گەڵا و تۆز و غوبار و ڕووناکی

بەنێو گەردوون بڵاوبوومەتەوە

تادێ لە ژیان دوورتر دەکەومەوە

مەگەر لەدایکبوونێکی تر

ئەگەرنا / هیچ هێزێک شک نابەم

تا جارێکیتر

هەموو پارچەکانی بوونم لەنێو خۆمدا کۆکاتەوە

١١

منیش حەزدەکەم خودایەکم هەبێ

نا بۆ پەرستن و چەمانەوە

یان بۆ / خەونە وەهمییەکانی

حۆرییەکانی بەهەشت و

خۆ بچووک کردنەوە

تەنها بۆ ئەوەی

لەژێر هیچ فشارێک و

ترسی ئاگری هیچ دۆزەخێک

بە خواستی خۆم / خۆشمبوێ

١٢

ئەگەر لە ڕۆژگارێکیتر و لە سەردەمێکیتر

بێمەوە نێو ژیانەوە

دەبمەوە بە هەموو شت

باران و درەخت ، گوڵ و باخچە ، باڵندە و دەریا

ئەستێرە و هەور ، تاشەبەرد و شاخ ، شەقام و ڕێگا

ئاسمان و خۆر ، ئاگر و بەفر ، بروسکە و با

بەس نابمەوە بە مرۆڤ و

نامەوێت جارێکیتر

ببمەوە بە دڕندە و بە بوونەوەرێکی ڕیسوا

١٣

گەر لەگەڵ تۆدا بمنێژن

من وا هەست دەکەم لە بەهەشت دام

چونکە لە دونیادا

دوور لەتۆ و نامورادانە

ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی تەمەنم بەڕێکردن

ئێ چی دەبێ با لە مردنم

لە تەنیشت و لە باوەشی تۆدا بم

١٤

ڕۆژێ دادێ ژنێک

وەک شەونم و گیا

لەسەر جەستەی خۆی لە خاچم دەدا

منیش پێی دەڵێم دەک دەستت خۆش بێ

ئەی جەڵادی من پەرییەکەی خودا

١٥

ئەسپە سپییەکەی عەشقم بۆ زینکە

با بۆ دواجار

بچمە نێو مەیدانی جەنگە گەورەکانەوە

سەتلە ئاوێکی ڕوونیش بەدوامەوە بڕێژە و

کەمێک سەیری چاوەکانم کە

تاکو لەم سەهۆڵبەندانی غەریبییەم

دەست و پەنجە و قاچەکانم سڕ نەبن و

نیگا گەرمەکەی تۆش هێزی ئەوەم پێ ببەخێ و

نەکەوم و خورت خورت بتوانم بگەڕێمەوە ...!

 

                                                      ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢