ما 7014 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەڵاحەدین ئەحمەد

ستەملێکراوانی کوردستان و لوڕستان و بەلوچستان و عەرەبستان و خوراسان و ئازەربایجانی غەربیی و ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران بە بێ هاوسۆزیی و هاوپشتیی یەکتریی ئاسۆیەکی رزگارییان نییە. شۆڤینیستە کوردەکان زۆرتریین خزمەت بە هێزە نەژادپەرست و مەزهەبییە سەردەستەکان دەکەن و زۆرتریین زیان بە خەڵکی ناوچە پەراوێزخراوەکان دەگەینن. هیچ شتێک نییە ئەو راستییە بگۆڕێت کە دەبێت کورد و فارس و تورک و عەرەب و ئازەریی و تورکمەن و ئەرمەن و بەلوچ و چەرکەس و جوو و دانیشتووانی دیکەی ناوچەکە بەیەکەوە بژیین.

نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس ئازاد بکات: سپاردنی پێشمەرگە بە رابووردوو، کۆتاییهێنان بە شۆڤێنیزم، و رێگرتن لە بەرهەمهێنانەوەی فاشیزم.

 

سەڵاحەدین ئەحمەد
پرۆفیسۆر لە بەشی زمان و ئەدەبە هاوچەرخەکان – بە سەردانیی-
یونیەن کۆلێج
سکەنەکتیدی، نیویۆرک

 

کاتێک کوردپەروەریی دەبێت بە بەڵا بۆ کوردە پەراوێزخراوەکان

کاردانەوەیەک کە لە دژی شۆڤێنیزمی گرووپێکی سەردەست شۆڤێنیزمی گرووپێکی دیکە دروست بکات رەوشی نائازادی بۆ زۆرینەی پەراوێزخراو خراپتر دەکات. هەر هێزێک کە نەژادپەرستییەک بکات بە بەهانە بۆ هاندانی نەژادپەرستییەکی دیکە هێزێکە هەم خزمەت بە جیهانبینیی گرووپە سەردەستەکان دەکات هەم رەوشی ژیان بۆ پەراوێزخراوان خراپتر دەکات. گشتگیرکردنی دوالیزمی تاوان و قوربانی لە سەر بنەمای خوێن (وەکو نەتەوەپەرستیی) یان لە سەر بنەمای مەزهەب نیشانەی تەماهیکردنە ، نەک دژایەتیکردن، لەگەڵ پڕۆژەیەکی ئیمپریالیستدا. نوخبە خۆبەزلزانەکان بە ناوی ناسنامەی قوربانییەوە توندوتیژیی دەشیعرێنن بەڵام لە پشت ئەو دەمامکە زمانەوانییەوە بوونەوەرێک هەیە کە خاڵییە لە هەموو خەمێکی گشتیی و لە هەموو توانایەک بۆ هەستکردن بە کێشەی راستەقینەی ئینسانی راستەقینە لە ژیانی راستەقینەی رۆژانەدا. جیهانبینیی شۆڤێنیزم گیرۆدەی وێنەیەکی بونیادنراوی ئینسانە نەک ئینسانێک کە لە راستییدا هەیە و هەناسە دەدات و رۆژانە رووبەڕووە لەگەڵ رەوشی دیارییکراودا لە پەیوەند بە هەموو شتێک، هەر لە پەیداکردنی ژەمێکی خواردنەوە بۆ هەموو ئەو شتانەی دیکە کە پێویستن بۆ ئەوەی وەکو زیندەوەرێک و هۆشمەدێک ماڵێکی لە جیهاندا هەبێت. بە ناوی رزگارکردنی نەتەوەی بندەستەوە زۆر جار نوخبەکان ئیجازەیەکی ئەخلاقیی وەها بە خۆیان دەبەخشن کە بە بێ یەک و دوو بە ناوی هەموانێکی بەتاککراوەوە بدوێن. لە گوتارە هەرە ئەخلاقیی و ئەمەکدارەکانیاندا ئەو شتانەی کە دیفاعیان لێت دەکرێت بوونیان نییە لە دەرەوەی خەیاڵی شۆڤێنیزمدا، هەر شتێکیش کە بوونی هەیە لە جیهاندا نەک هەر دیفاعی لێ ناکرێت بەڵکوو هەمیشە بەخت دەکرێت. لە دەرئەنجامدا مۆڵەتێک کە کەس بە نوخبەکانی نەداوە پەراوێزخراوەکان لە رەوشی دژواری ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتییەوە دەبات بۆ رەوشی قوربانیی رووت، لە شەڕێکی نابەرابەری رەوشێکەوە بۆ رەوشی شەڕێکی خۆکوژانە، لە جیهانێکەوە کە تێیدا بەرگریی لە ژیان دەکرێت لە دژی دامەزراوەی توندوتیژیی بۆ جیهانێک کە تێیدا کوشتن دەبێت بە یاسای کۆمەڵایەتیی و پیشەسازی مەرگ بە شانازییەکی ئەخلاقیی. بە کورتیی، نوخبە شۆڤێنیستەکان شەڕ لە دژی یەکتری ناکەن بەڵکوو پرۆژەی یەکتری تەواو دەکەن، و هەر بەو پێیەش پەراوێزخراوان لە قوربانیی رێژەیی ژیانەوە ژیانەوە دەکەن بە قوربانیی موتڵەقی مەرگ.

ئەمڕۆ بەڵای هەرە گەورەی خەڵکی کوردستان ئەو نوخبانەن کە بە زمانی هەموانێکی بەتاککراوەوە خەریکن کۆمەڵگەیەکی ریشەداری مێژوویی و جیهانێکی شارستانیی فرە ناسنامە لەبەریەک هەڵبوەشێننەوە و لە جێگایدا جیهانێک دروست بکەن کە پانتاییەک دەبێت بۆ ناسنامەی پاراوی خوێن و جەنگی بەربەرییانەی هەموان دژی هەموان. لە دوای کوشتنی مەهسا ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیسی ئەخلاقیی رژێمی جمهوریی ئیسلامیی ئێران، رۆژانە جگە لە ئازادیخوازانی کوردستان، ئازادیخوازان لە تاران، ئەسفەهان، عەبادان، کرمان، زاهیدان، یەزد، مەشهەد، ئەردەبیل، کەرەج، و دەیان شاری دیکە لە سەرانسەری ئێراندا رووبەڕووی دامەزراوە سەرکوتگەرەکانی رژێمی مەزهەبیی و رەگەزپەرستی خامەنائی دەبنەوە. تاکو ئێستا سەدان قوربانیی هەن و رۆژانە ژینای دیکە لە نێو دەچێ، بەڵام ئەو نەژادپەرستانەی کە کوردبوون لە لایان تالێهاتنێکی گرێئامێزی و ووڕێنەیەکی پڕ لە کینەیە دەیانەوێت وای پیشان بدەن کە فارسان یەک قەبیلەن و هەمویان دژەکوردن و کوردانیش یەک خانەوادەی سەرگەردانی پێکهاتوو لە منداڵ و ژنی بێدەسڵاتی حەوجەت بە فیگەری باوکێک-پیاوێک کە ناموسیان بپارێزێت و رێگای رزگارییان پیشان بدات. لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە ئەم نەژادپەرستانە، وەکو نەژادپەرستەکانی هەر شوێنێکی تر، ئەوەیان بۆ کێشە نییە چی بەسەر هاونیشتمانییەکانیاندا دێت لە دەرئەنجامی دروستکردنی دوژمنایەتیی رەگەزپەرستییدا لەگەڵ دەیان میللەتی خاوەن ناسنامە و زمانی دیکە کە لە کوردستان و دەوروبەری کوردستان دەژین. تەنانەت بۆیان گرنگ نییە چی بەسەر هەر تاکەکەس و ماڵ و جڤاتێکدا دێت جا ناسنامەی زمانیی و فەرهەنگیی یان باوەڕی ئاینییان هەر چییەک بێت. ئامادەن بە ناوی کوردبوونەوە بچڕانی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دروست بکەن لەگەڵ لوڕەکان و بەختیارییەکان و دەیان قووڵایی دیمۆگرافیکی دیکە کە ئاوێتەی یەکترییبن و بەیەکەوە سەرچاوەی هەمەڕەنگیی شارستانیی و فەرهەنگیی بێوێنەن. نەژادپەرستەکان دەیانەوێت ئاشوبێکی ڕەچەڵەکگەر بەرپا بکەن و ئەوەیان بۆ گرنگ نییە کە خەڵکی بەناو-دیفاع-لێکراو چییان بەسەر دێت لە ئاوەها سیناریۆیەکدا. بەبەلقاکردن یان بەعێراقکردنی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە جێی دۆستایەتی هەموان بۆ هەموان شەڕی هەموان دژی هەموان بەرپا ببێت و هەموانیش تێیدا دۆڕاو بن. دروستکردنی هەڵدێری لەو جەشنە ئاسانە، بەڵام ئەگەر روویدا ئەوا وێرانەیی بە دوای وێرانییدا دەهێنێت و کارەساتەکان ئەسەریان بۆ ئەبەد دەمێنێ.

هەندێک لە نەژادپەرستەکانی باشووریش، بێخەم لە سەدان ژینای هەرێمی بندەستی قەبیلە و مافیا، دیسان دەماری کوردایەتییان بزوواوە، ئەمجارەیان لە بەدبەختیی رۆژهەڵاتدایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە جگە لە ژیناکانی هەرێمیش، بە هەزاران پەنابەری خەڵکی رۆئاڤا و رۆژهەڵات لەسەر شەقام و لە ناو بازاڕ و لە کەمپە تەلبەندکراوەکاندان و نەک هەر کۆمەک ناکرێن بەڵکوو رۆژانە غەدریشیان لێ دەکرێت لە لایەن خودی ئەم رەگەزپەرستانەوە. زۆربەی شەنگالییەکان ئێستاش لە رەوشی نائینسانییدا دەژیین لە کاتێکدا هەر ئەوانەی کە سەر و دڵییان دەگیردرێت ئەگەر شەنگالییەک خۆی بە کورد نەزانێت دەیانتوانی لانی کەم ئەوەندە بکەن بۆ شەنگالییەکان کە پۆلۆنییەکان بۆ ئۆکرانییەکانی دەکەن. بە جیابوونەوەی رەگەزیی کەمتر رازی نیین، بەڵام بۆ گەشت کە دەچن بۆ ئێران یان تورکیا، ئاستەمە رۆژێک لە پاوا یان سەرپێڵی زەهاو، لە مێردین یان دێرسیم، بەسەر ببەن یان خۆیان فێری یەک رستەی هەورامی، کرمانجی، یان زازاکی بکەن. گوایە ویژدانییان بۆ شۆڕشی ژن-ژیان-ئازادی جووڵاوە، بەڵام ئەمڕۆ، لە سایەی پڕۆژە کێوییەکەی پاڵەوانانی نەتەوەپەرستییەوە، ژنان و کچان لە باشور رۆژانە لە مەترسیی تیرۆری کۆمەڵایەتیی و هەڕەشەی کوشتندا دەژین.

گەورەتریین مەترسیی سیاسیی لەسەر دانیشتووانی هەر ناوچەیەک نەژادپەرستانی ئەو ناوچەیەن. ئەگەر بێتوو راستڕەوە فاشیلەکانی نەژادپەرستیی بۆیان بلوێت شەڕی رەگەزیی بەرپا بکەن، لە جێی ئەوەی کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوخاوەنی هەموو شارێکی ئێران بن و هاوپشتیوانی ئازادیخوازانی هەموو شوێنێکی ئێران بن، لە باشتریین حاڵەتدا دیسان دەبێت پەنا بۆ ئەشکەوتەکان ببەنەوە لە کاتێکدا لەو دیوی سنوورەکانەوە نوخبە خۆبەباوکزانەکان بەردەوام دەبن لە شیعراندنی کوردستانێک کە خودی خۆیان و هاوشێوە شۆڤێنیستەکانیان کردوویانە بە جەهەنەم. وەکو ئەوەی خۆڕسکانە و لە یەک کاتدا لە خزمەتی جمهوریی ئیسلامیی و فاشیستە ئارییستەکان و کەمالیستەکاندا بن، شۆڤێنیستە نەژادپەرستەکان بەناوی کوردایەتییەوە خەریکن ئەم شۆڕشەی ئێستای ئێران بە زۆر بکەن بە شەڕی رەگەزیی، شەڕێک کە ئەگەر بقەومێ، جگە لە چەند قەشمەرێکی هەلپەرست، هەموو لایەک تێیدا دۆڕاو دەبێت و لە هەمووانیش خراپتر بەسەر خەڵکە هەرە چەوساوە و بێدیفاعەکانی کوردستاندا دێت.

ستەملێکراوانی کوردستان و لوڕستان و بەلوچستان و عەرەبستان و خوراسان و ئازەربایجانی غەربیی و ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران بە بێ هاوسۆزیی و هاوپشتیی یەکتریی ئاسۆیەکی رزگارییان نییە. شۆڤینیستە کوردەکان زۆرتریین خزمەت بە هێزە نەژادپەرست و مەزهەبییە سەردەستەکان دەکەن و زۆرتریین زیان بە خەڵکی ناوچە پەراوێزخراوەکان دەگەینن. هیچ شتێک نییە ئەو راستییە بگۆڕێت کە دەبێت کورد و فارس و تورک و عەرەب و ئازەریی و تورکمەن و ئەرمەن و بەلوچ و چەرکەس و جوو و دانیشتووانی دیکەی ناوچەکە بەیەکەوە بژیین. کوردستان بەشێک نییە لە مەریخ و هیچ نوشتە و دوعایەکیش نایکات بە بەشێک لە سەرزەمینێکی دیکە. باشتریین شت کە نوخبەکانی تاراوگە و ناوخۆ بیکەن ئەوەیە ئیرادە و توانای فەرهەنگیی و هزریی خەڵکی چەوساوە بەکەم وەرنەگرن و دەست لەو تەسەورە هەڵبگرن کە گوایە خەڵکی کوردستان پێویستییان بە شوانێتی جەنابییانە. دونیای سەرکوتگەریی سیاسیی، کولتوری تیرۆر، و نامۆرڤکرند لە سەرەتادا لەوەوە دەست پێدەکات کە نوخبەکان بە ناوی ملیۆنان ئینسانەوە قسە دەکەن، وەکو ئەوەی ماندەیتێکی ئەخلاقیی یان میتافیزیکییان هەبێت، وەکو ئەوەی میللەتەکەیان تەنیا هەندێ منداڵی نوقسان یان مەڕوماڵات یان کەرەستەی خاوی بەرهەمهێنانی مەرگ بن.

پێشمەرگە هیچ وەزیفەیەکی مێژوویی نەماوە و پێویستە خانەنشین بکرێت

ئەو بوونەوەرەی کە پێی دەگوترێت پێشمەرگە هیچ وەزیفەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی نەماوە. پێشمەرگایەتیی نە بەهرەیە، نە پیشەیە، نە زەروورەت. پڕۆژەیەکە کە زۆر جار لە رابووردووشدا بووەتە هۆی توندووتیژیی زیاتر دژی پەراوێزخراوانی بێدیفاع. بەرگریی راستەقینە لە دانیشگە و بیمارستان و کارگە و کێڵگەکاندا روودەدات لەسەر دەستی ئەوانەی کە بەرخودان دەکەن لە دژی رەوایەتیی چەک و لە دژی گوتارێک کە تێیدا هەمیشە ئەو شتانەی کە هەن و دەبێت ببن بەخت دەکرێن لە پێناو ئەو شتانەی کە نیین و نابن و نابێت ببن. شۆڕشێک کە بۆ ژیان و بۆ ئازادی بێت شۆڕشێکە دژی ئەو جیهان و سیستەمە کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەی کە تێیدا هەموو شتێک کە پەیوەندی بە ئینسان و ژیانی ئینسانەوە هەیە بەخت دەکرێت لە پێناو شتانێکدا کە تەنیا لە چوارچێوەی وەهم یان ناعەقڵانییەت یان وەحشیگەرییدا دەتوانن هەبن. شۆڕشێک کە ژیان تێیدا بەهایەکە لەسەر و هەموو بەهاکانەوە شۆڕشێکە دژی عەقڵییەت و دەسەڵات و ئەخلاقی چەکداریی و هەروەها دژی ئەو رەوشانەی کە توندووتیژیی بەرهەمدەهێنن و ئەو پڕۆژانەی کە وێنەی چەکدار دەکەن بە وێنەی قارەمان و ئەو هێزانەی کە دەسەڵاتی چەک دەسەپێنن بەسەر ئەوانەدا کە مەفروزە هەموو دەسەڵاتێک هی خۆیان بێت و بۆ خۆیان بێت.

دروشمی خاک و خوێن یەکێ لە دروشمە مێژووییەکانی فاشیزمە و هەمیشە ئینسان وەکو مەڕ دەکات بە قوربانیی هەندێ دەستەواژەی پوچی نێو جیهانبینییەکی پوچگەرا. پێشمەرگە کارەکتەرێکە کە لە بنەڕەتدا لە سەر بنەمای خاک و خوێن بونادنراوە. وەکو پڕۆژەش رەوایەتییەکی رەوایەتیی فەلسەفەیەکی دیاریکراوی ئازادی نییە، بەڵکوو بە تەواوی و بەتەنیا پەیوەستە بە ناڕەوایەتیی پڕۆژەیەکی دیکەی توندوتیژییەوە کە توندوتیژیی دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەکەیە. وەکو بزووتنەوە، پێشمەرگایەتیی پەرە بە هیچ جۆرە دیدگایەک نادات کە لە جێگای توندوتیژیی فەلسەفەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتیی بەرهەمبهێنێت یان لە جێگای شۆڤێنیزم کرانەوە بە رووی هەمەڕەنگییدا بەرپا بکات یان ئامانجێکی هەبێت لە دەرەوەی بەرهەمهێنانەوەی سەپاندنی پەیوەندییەکان و پەیوەندییەکانی سەپاندن.

پێشمەرگە، ئەگەر بەزوویی تەقاوت نەکرێت، دەبێت بە یەک دانە دەعبای وەها کە لە جێی فەرهەنگی کوردەواریی کەوتن و مافیاگەرێتیی و کولتوری ئابڕوتکاندن دروست دەکات لە رۆژهەڵات. ئەو حیزبانەش کە شەرعییەتیان لە پێشمەرگایەتییەوە وەرگرتووە جۆرە بەڵایەکی وەهان کە دەتوانن لە ئایندەدا وێنەی دەوڵەتی سەرکوتگەری بەسەرچوو لە یادەوەریی گشتییدا بکەن بە بابەتی شیعری نوستالجیک. ئەمڕۆ خۆشبەختانە لوڕبوون و بەختیارییبوون و لەکبوون و کوردبوون و دەیان دەنگ و ڕەنگی دیکە لە یەک سەمفۆنیادا ئاوێتەی یەکتریین و لە تەونی یەک نەخشی بێسنوور سەرسووڕهێندا بەڵێنێکی بێهاوتای ژیانن لەسەر ئەم هەسارەیە. رووخاندنی رژێمی جمهوریی ئیسلامیی گرنگە لەبەر خاتری پاراستنی، نەک بۆ لەناوبردنی، ئەو پانۆراما بێئەندازە دەوڵەمەندە کە هەموو دەرکەوتەیەکی لە دەرەوەی پەوەندییەکانی چەوساندنەوە شەبەنگێکی کەماڵە نەک تەنیا بۆ هاونیشتمانییەکان و هاوسێکانیان لە ناوچەکەدا بەڵکوو بۆ شارستانییەت بە گشتیی. چ غەدرێکە ئەو فەزای فرەدەنگیی و هەمەڕەنگییە بە دەستی چەند خۆ بەزلزانێکی لە راستییدا خۆبەکەمزانی شۆڤێنیست بۆ ئەبەد وێران بکرێت و لە جێگایدا بە ناوی نەتەوەی پاراو و خاکی پیرۆزی خوێن لە سەررژاودا جەنگەڵێک لە چەکداریی دروستبکرێت؟

کێ بۆی دەکرێت کوردبوون لە لوڕبوون جیابکاتەوە بەبێ ئەوەی کوردبوون کورت بکاتەوە بۆ تایفەگەریی و تایفەگەرییش بۆ وەحشیگەریی؟ بۆ دەبێت کرمانشانییەک ناچار بکرێت یان کورد بێت یان ئێرانیی؟ نەژادپەرستەکان پێیان وایە کە خەڵکی ئیلام تەنیا بۆ ئەوەی لە فەزایەکی زیهنیی تەسککراوی کوردبوون بێبەش نەبن دەبێت دەست لە هەموو میللەتانی دیکەی ئێران هەڵگرن. بۆ دەبێت بەختییارییەکان بکرێن بە دوژنمی کوردەکان لە سنە و ئازەرییەکان بکرێن بە دوژمنی کوردەکان لە ورمێ لە پێناو پڕۆژەیەکی خێڵەگەردا کە نە توانیوێتی نە دەتوانێت بنەمایەکی زانستیی، ستراتیجیی، و تەنانەت عەسکەرییشی هەبێت؟ ئەگەر کوردبوون لەو هەموو قووڵاییە دیمۆگرافیی و جوگرافیی و فەرهەنگیی و مێژووییە بکرێت، کوا شایستەی ئەوەیە کە جێگای شانازیی ئینسانی هۆشیار بێت؟ تەنیا بەلاهەتێکی بێسنوور دەتوانێت بێشەرمانە ناسنامەی کوردبوون بە ناوی دژایەتییکردنی نەژادپەرستیی فارسییەوە بسپرێت بە عەقیدەی نەژادپەرستیی کوردیی.

ئەوانەی کە بە ناوی کوردبوونەوە نەژادپەرستیی هەڵدێننەوە گرێی هەرە قووڵییان گرێی رق-لە-خۆبوونە. هەر ئەو کەسایەتییانە ئامادەن لەگەڵ هێزە هەرە فاشیستە نەتەوەییەکانی دیکەدا سازش بکەن بۆ لەنێوبردنی هەر هێزێکی دیکەی کوردستانەکەی خۆیان بە راست و چەپەوە. نەژادپەرستیی بەچواردەوردا فاشیزم بونیاد دەنێ، و فاشیزمیش حەماقەت دەکات بە دیکتاتۆری ژینگەی کۆمەڵایەتیی.

هیوایەک ئەگەر هەبێت لەو ئاسۆیەدایە کە فێربین داکۆکیی لە مافی دەنگدەربڕینی ئەوانە بکەین کە بێدەنگکراون و راستگۆیانە بەرگریی لەوانە بکەین کە لە زمان و فەرهەنگدا جیاوازن جا هەرچەندێک نزیک یان دوور، کەم یان زۆر بن. لە جیاتی ئەوەی بە زمانی کوردی دوژمنایەتی لەگەڵ دەرەوەدا و بە زمانی بێگانەش سازش لە گەڵ فاشیزمی نەتەوەپەرستی دیکەدا بکرێت، دەبێت بە هەموو زمانێک لە هەموو فاشیزمێک بدرێت. دواجار فاشیزمێک کە بە ناوی میللەتی ستەمدیدەوە کینە دژی میللەتێکی دیکە بڵاو دەکاتەوە لە فاشیزمێک باشتر نییە کە بە ناوی باڵایی ڕەگەزییەوە میللەتانی دیکە سەرکوت دەکات. فاشیزم ئەگەر لە تافی گەراییدا رێگەی لێنەگیردرێ، سەری هەرە زولملێکراوەکان دەخوات و جیهانیش بۆ رزگاربوانی جینۆساید بەرتەسکتر دەکات.

ئەوانەی کە گوایە بەس مافی کوردیان لەلا گرنگە لە راستییدا بەس کورد بە بەشەر نازانن، چونکە لە قووڵاییدا خودی خۆیان بە بەشەر نازانن. ئەمە لە ئەتواری رۆژانەیاندا بە روونی دەردەکەوێ. بڕوانە لەتەک هاونیشتمانییەکی کورددا چەندە بێحورمەتیی دەنوێنن و بە پێچەوانەشەوە لە گەڵ بییانییەکدا چۆن خەجاڵەتیی لە نێوچاوانیان دەتکێ.

هەر بۆیەش سەیر نییە ئەو نەژادپەرستانەی کە خۆیان وەها تێگەیاندووە کە بۆ کوردبوون دەژین و دەمرن لە راستییدا رقێکی بێوێنەیان لە هەموو شتێکە کە پەیوەندیی بە چەپەوە هەبێت و دڵییان هەمیشە بۆ راستڕەوە هەرە فاشیستەکان لێدەدات بە فاشیستە سپییەکانەوە. لەسەر ئاستی کەسایەتیی، فاشیزم لە ناو دەرونێکدا گەشە دەکات کە لە قووڵاییدا خۆی بە بێدەسەڵات و بێفەڕ دەزانێت و لەهەمان کاتیشدا هۆگری دەسەڵاتداران و سەردەستانە. هەموو بێدەسەڵاتێک وەکو ئاوێنەیەک وایە بۆی کە تێیدا وێنەی خودی خەفێنراو خویا دەبێت. لەبەر ئەوە، ئەم کەسایەتییە کاردانەوەیەکی توندوتیژی نەستیی هەیە لە بەرانبەر هەموو بێدەسەڵات و پەراوێزخراوێکدا، و لە هەمان کاتیشدا ماسۆشییانە هۆگری سەردەست و زۆردار و دڕندەیە.

فاشیزم حەماقەتێکی نوخبەوییە و بەڵایەکی رووت بۆ پەراوێزخراوان

بابەتی رقی هەموو فاشیستێک پەراوزخراوانه. کەسایەتی فاشیست رەقی لە پەراوزخراوانی هەموو کۆمەڵگەیەکە و لەهەمووشیان زیاتر لەو پەراوێزخراوانەی کە بە زمانی خۆی دەدوێن.

فاشیزم جۆرە زەهرێکی زیندەوەرییە کە لە حەماقەتدا گەشە دەکات، بۆیە فاشیزم کە دەبێت بە بزووتنەوەی سیاسیی، بە پلەی یەکەم سەرقاڵی بڵاوکردنەوە حەماقەت دەبێت. فاشیزم هەموو دەرفەتێک بەکارد دەهێنێت بۆ ئەوەی رووداووە مێژوویی و رۆژانەییەکان وەکو بەڵگە نمایش بکات بۆ سەلماندنی ئەوەی کە جیهان جیهانی رەگەز و مەزهەب و مومارەسەکردنی هێزە و هیچ تر. غەریب نییە کە لە ناو نەژادپەرست و راستڕەوەکاندا بیریارە فاشیستەکان بە عیشقەوە سەیر دەکرێن. کورتکردنەوەی جیهان بۆ ”ئێمە و ئەوان” رێگایەکی کورت و ئاسانە بۆ خەفەکردنی بووچگەرایی و بێبەهایی و گۆڕینەوەیان بە ناسنامەیەکی زۆر زەلامی گشتیی. ئەوەی کە ئەندامانی بزووتنەوەیەکی فاشیست بەیەکەوە کۆدەکاتەوە خۆشەویستیی نییە بۆ یەکتری یان بۆ هاونیشتمانییەکانییان، بەڵکوو ڕقی هاوبەشە لە دژی پەرواوزخراوان، واتا دژی هەموو بکەرێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کە خودی راستەقینە و خەفێنراو بوورووژێنێت. فاشیزم، بۆیە، بزووتنەوەیەکە لە دژی حەقیقەت هەم بە دیوی ناوەوەی تاکەکەسییدا، هەم بە دیوی ناوەوەیی جڤاکییدا، و هەم بە دیوی دەرەوەی کۆمەڵگەییشدا.

بۆ دژایەتیکردنێکی ئاوەها توندی حەقیقەت، بەرهەمهێنانەوەی حەماقەت وەکو پەتا مەرجی هەرە جەوهەرییە. حەماقەتی ئاوهاش، کە ووڕێنەکردنی سیاسیی وەکو پەتا بڵاودەکاتەوە، کەشێکە بۆ تەشەنەکردنی فاشیزم لە فەزای گشییدا. فاشیزم، بۆیە، لە بەدوژمنکردنی هاوسێی بێگانەوە دەست پێ دەکات، بە لەنێوبردنی چەپەکاندا تێدەپەڕێ، و بە خاینکردنی یەک لە دوای یەکی ”خوشک و براکانی نەتەوە” تەواو دەبێت. ئەگەر سەرکەوتوو بێت، لە جێگای نیشتمانێکی ئازاد بۆ هەموان، جەهەنەمێک بۆ هەموان بونیاد دەنێ.

شتێک نییە ناوی نیشتمانی ئازاد بێت بە بێ هاونیشتمانیی ئازاد. ئەوە بوونی زۆرینەیەکە لە ئینسانی ئازاد کە دەتوانێت نیشتمانی ئازاد دروست بکات، نیشتمانێک نەک تەنیا بۆ خۆجێییەکان بەڵکوو بۆ ئەو پەناپەر و کۆچەبەرانەش کە نیشتمانەکانیان کراوە بە جەهەنەم لە ژێر سایەی نەژادپەرستیی و مەزەهەبگەرایی و شێوازی جۆرا و جۆری فاشیزمدا.

با دروست نەبێت کوردستانێک کە تێیدا چەک جێگای عەقڵ بگرێتەوە و دیسانەوە ئەشکەوت ببێت بە پەناگە. سەلامەت نەبن ئەوانەی کە کوردە بێدیفاعەکان دەکەن بە سووتەمەنی، و هاوزۆیی نێوان قوربانییان دەکەن بە دوژمنایەتیی، و کوردستان دەکەن بە گۆڕەپانی قەڵەمبازیی چەندیین هێزو دەوڵەتی فاشیست تەنیا بۆ ئەوەی جیابوونەوە فاشیلەکەیان بپارێزن. ئەوانەی کە هەزاران ژینا لە پەنا دەستی خۆیاندا نابینن و قەڵسیش دەبن بە هەموو هاوسۆزییەک لەنێوان قوربانییەکاندا هەرگا دەرفەتییان بۆ هەڵکەوت بۆ سەرکوتکردنی قوربانییە کوردەکان لە بەربەرییەتدا دەبن بە بوونەوەری بەسیجیی.

لە رزگارکەرەکان کوردەکان پێویستە رزگارییان بێت. ئەو رزگارکەرانەش کە خێریان تێدا بێت دەست هەڵدەگرن لە نووخبەگەرایی و بگرە رزگاربوونی خۆیان لە بندەستیی لە پێشەوایی هاونیشتمانییە ئازادیخوازەکاندا دەبینن نەک بە پێچەوانەوە. لە یەکە کۆمەڵگەییەکاندا، وەکو خێزان و تایفە و عەشیرەت و تیرە و هتد، خودی پارێزەری ئابڕوو گەورەتریین مەترسییە لەسەر کەرامەت و سەلامەتیی بێدەنگکراوەکان. لەسەر ئاستی سیاسیی، خودی دامەزراوە سیاسییەکان گەورەتریین مەترسیین لەسەر ئەمنییەت و ژیانی زۆرینەی هاونیشتمانییە پەراوێزخراوەکان. وەکو فیگەری باوک، نوخبەی نەتەوەپەرست نە توانای قەدرگرتنی ژیانی کەسەکانی هەیە نە متمانەی بە توانا هزرییەکانیان هەیە. لە هەر کوێکیشدا پەرواێزخراوێک ببێت بە قوربانیی لە پای سیاسەتی یان عەقڵییەتی نوخبەویی، نوخبەکان نەک هەر تووشی شەرمەزاریی نابن بەڵکوو مەرگی ئەو پەراوێزخراوەش دەکەن بە سەرمایەی ئەخلاقیی بۆ زیاتر رەوایەتییدان بە خۆیان وەکو ویژدان و هۆش و زمانحاڵی کۆمەڵگە. ئەو نوخبانە لە دەرئەنجامدا تا بێت زیاتر مافی سەربەخۆیی و ئازادی لە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەکەی خۆیان زەوت دەکەن و تا بێت زیاتر فرەیی کۆمەڵایەتیی و تاکەکەسیی ناو کۆ لە یەک بوونەوەری خەیاڵییدا کورت دەکەنەوە، بوونەوەرێک کە زیاتر وێنەی مێینەیەکی بێتوانا و نوقسان و جێبەزییە لە خەیاڵی باوکسالاری نوخبەوییدا. رزگارکەرەکان، بۆیە، نوێنەری دەسەڵاتێکی ئەخلاقیی سەرکوتگەری ناوخۆیین کە دەبێت بڕوخێندرێت بۆ ئەوەی رزگاربوونی ئینسانەکان مومکین بێت.

ژیناکوژان زۆرن؛ هەندێکیان فارسن، کوردن، تورکن، عەرەبن، هتد. ژیناکان زۆترن؛ تیایاندایە فارسە، کوردە، تورکە، عەرەبە، هتد. رزگارکەرەکان زۆر نیین بەڵام دەنگیان زۆر بەرزە. ئەم فەریادڕەسانە چونکە خۆیان بە ویژدانی گشتیی دەزانن، بەڵان بۆ سەربەخۆیی تاکەکەس و ئازادی سیاسیی و یەکسانی کۆمەڵایەتیی. تا رژێمە ئەخلاقییەکەیان مابێت، تاکەکەس لە ناوچەکەدا ناتوانێت لە دایک ببێت وەکو خاوەن ماف. تاکو تاکەکەسیش وەکو خاوەن ماف لە دایک نەبێت، ئیرادەی کەس و گرووپ و جڤات و میللەت و چینە زۆرلێکراوەکان لە هیچ قەبارەیەکی سیاسییدا بواری خۆدەربڕینیان پێ نادرێت.

شۆڕشی ژن-ژیان-ئازادی شتێک نییە کە پێویستی بە فیگەری باوکی نەتەوە و برای نەتەوەیی هەبێت، بەڵکوو شۆڕشێکە لە دژی هەموو باوکە نەتەوەییەکان و هەموو برایەتییە نەژادپەرستەکان. ئەمەش کە ئێستا روودەدات سەرەتایە نەک کۆتایی. بۆ ئەوەی سەرکوتگەریی جارێکی دیکە سەرکەوتوو نەبێت وەکو جل و سێت ساڵی رابووردوو لە ئێراندا، رزگارکەرەکان دەبێت پەرناوەردە بکرێن بۆ ئەوەی فێربکرێن کە رێز لە ویژدان و عەقڵ و ئیرادەی سیاسیی ستەمدیدەکان بگرن و ئەوندەش بە ناوی ژنی کوردەوە نەدوێن چونکە خودی پرسەکە پرسی لابردنی دەسەڵاتی وەلی ئەمرە. شۆڕشی ئەمڕۆی هەموو ناوچەکە شۆڕشێکە لە دژی ئەوانەی کە بە ناوی ئابڕووی گشتییەوە خۆیان کردووە بە پۆلیسی ئەخلاقیی و شکاندن و کوشتنی ئینسانیان کردووە بە پیشەی پیرۆزیان.

گەڕان بۆ بابەت