ما 3989 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەردار جاف

بە داخەوە لە ناو کورددا ناو بۆتە کێشەيەک هەندێجار لە بری جارێک بيرکردنەوە چەندينجار پێويستی بە بيرکردنەوەيە، تۆ نووسەری بە يەکێ لە ناوەکان نووسەرێکی دی پێش تۆ کتێب بەچاپ دەگەيەنێت هەمان ناوی تۆی هەيە، ناچار تۆی پەنا بۆ ناوێکی دی ببەيت تا لە لێکچوون جودا بکرێيتەوە.

نووسين بەرەو نووسين

بە چ ناوێک بڵاوبکەمەوە

سەردار جاف

رەنگە زۆر کەس لای سەير بێت، باس لە هەڵبژاردنی ناوێک بکەين کە کەسی نووسەر بۆ خۆی دەستنيشانی بکات تاوەکو پێی بناسرێت و شانازی پێەوە بکات، خودی ناونان پرۆسەيەکی گرينگە جا چ لە کاتی لە دايک بوون بێت ياخود هەر تاکێکی ئاسایی دوای درککردن بە ناقايلبوونی بە ناوەکەی دەکەوێتە هەڵپەی گۆڕينی ناوی خۆی، ناو بۆ مرۆڤ گرينگييەکی زۆری بۆ ژيان هەيە، بەشی يەکەم و سەرەکی مرۆڤ پێکدێنێت، جوڵەوبزاوتنی بە ناوی خۆوە و لە گەڵ ئەوانی ديش هەر بەم ناوەوە هەڵسوکەوت و رەفتار دەنوێنێ، هەروەها ناو بە جێی شانازی دادەنرێت، دەگوترێ هەر مرۆڤێ خودان بەختی خۆيە لە ناوەکەی، هەر مرۆڤێک ناوی بزڕێندرێت يان لەکەدار بکرێ، دووچاری تەنگەتاوی سەغڵەتی دەبێت، هەندێجاريش لە دادگاکان سکاڵا تۆمار دەکرێ لە بەرامبەر ناوزڕاندن داوای قەرەبووکردنەوە دەکرێت، ئەمە بۆ تاکی ئاسایی وابێت داخوا بۆ کەسێکی نووسەر کە مەيلی لە ناوێکە خۆزگە و تەمەننا دەخوازێت بەو ناوەوە ناوزەد بکرابا، کۆمەڵێ کێشە و گرفت لە رووی ناوەوە دووچاری نووسەران و ئەديبان دەبێتەوە، هەندێ جار ناوی لێکچوو لە ناو نووسەران وا دەکات، تێکەڵ و پێکەڵييەک لای خوێنەر لە بەرهەمەکانيان دروست بکات، بۆ ئەوەی خاوەنی خود بيت و لێکچوون نەخوڵقێت هەر لە تەمەنی بەرایی نووسينەوە ناوێ دەستنيشان بکە کە نەبێتە هۆی سەر ئێشەو پەشيمانی لە داهاتوودا، بەدەر لە شاعيرانی سەردەمی کلاسيکی کە هەر يەکێک لە ئەوان چەمکێکی تايبەت بە خۆی هەڵبژاردووە و دواتريش بوون بە ئەو شاعيرە مەزنانە کە ئێمە ئيمڕۆ شانازييان پێوە دەکەين، هەر يەکێکيش لە ئێمە ئەگەر پرس بە خۆمان بکرابا بۆ ناونانمان، ئەوا کەسمان قايل نين بە ناوی خۆ، بەدەر لەو حاڵەتەيش لێکچوونی ناو سەر ئێشەيەکی گەورەيە بە تايبەت بۆ ئەديبان و نووسەران، سەرباری ئەوانەيش هەندێ ديقەتدانی سەير و سەمەرە بۆ ناو هەيە، کەسانێ هەن پێيان وايە پاشناوی خێڵ و دەڤەر و شار و شتی لەو جۆرە، هەڵپەيەکە بۆ کۆيلايەتی دواکەوتنی کۆمەڵ، نامانەوێ لە سەر ئەم باسە درێژەی پێ بدەين هێندە دەڵێين، ئەوە کاری تاک و گروپ نييە، کاری دەسەڵاتە ئەو مليۆنان دۆلارە بەو ئاراستەيە خەرج نەکات، هەڵبەت مەبەستم لە کورد نييە بەڵکو لە تەواوی دونيا هەر لە بەريتانياوە تا بە هەموو سيستەمێکی پاشايەتی دەگات لە دونيادا، کەواتە دەکرێ بلێين رێگری کردنی تاک يان گروپ نالۆژيکييە.

     ئەوی دی لە رێگای ناوەکەيەوە دەناسێندرێت نەک کەسايەتييەکەی، بۆيە ناو لە سەر هەموو ئاستەکان دراوێکی گرانبەهايە، بۆ ئەمڕۆ نا کارێکی سانا نييە وەک پێشوو، نە وێنەکەت نە کەسايەتييەکەت دەرخەری تۆ نين، ناو دەرخەری کەسايەتی و خودی خۆتە، تەماشا بکە؛(( کتێب لە ناوەکەيەوە دەخوێندرێتەوە )) ناونيشانی تۆيش بۆ خود و دۆراندۆرت ناوەکەتە، مرۆڤ لە ژيانيدا جگە لە شانازی کردن بە ناوەکەی هەم بەرگری لێ دەکات هەميش بەرز رايدەگرێت، هەڵبژاردنی ناو کارێکی سەخت و دژوارە، ناوی ئەوتۆ هەن ئازار بەخشە بۆ خودی کەسەکە، ئی ئەوتۆيش هەن جێی خۆشبەختی و شانازييە، هەيە قورسە و هەيە سووکە، بۆيە ئەگەر نووسەران ويستيان ناوێ بۆ خۆيان دەستنيشان بکەن ئەوا بە عەقڵێکی هۆشيارەوە دوا بڕياری لە سەر بدات و نەبێتە مايەی پەشيمانی.

     بە هەر حاڵ تۆی رۆشنبير کاتێ هزرت ئاوەدان و پڕ پاشخانێکی رۆشنبيری دەبێ ئەو کات بۆ خۆت ئەو ناوەت لاپەسەند نابێت، نەک رێگريت لێبکرێ، کە ڕێگری کرا رێک وەک ئەو دەسەڵاتەيە ئازاديت قۆرخ دەکات، ناشکرێ ئەو ئازادی تۆ قۆرخ بکات و بانگەشەی ئازاديش بکات، بە داخەوە لە ناو کورددا ناو بۆتە کێشەيەک هەندێجار لە بری جارێک بيرکردنەوە چەندينجار پێويستی بە بيرکردنەوەيە، تۆ نووسەری بە يەکێ لە ناوەکان نووسەرێکی دی پێش تۆ کتێب بەچاپ دەگەيەنێت هەمان ناوی تۆی هەيە، ناچار تۆی پەنا بۆ ناوێکی دی ببەيت تا لە لێکچوون جودا بکرێيتەوە.

 لێرەوە دەمانەوێت ئەوە بڵێين کە بۆ هەڵبژاردنی ناو يان ئەوەتا بە ناوەکەی خۆت قايل دەبيت و بێدەنگی لێ دەکەی، وەک کوردستانييەکی باشووری ناوی خود و باوک دەبێتە ئەو ناوە ناسراوەت، خەسڵەتێ هەندێ تاکی کورد نەمازە نووسەران بەهرەيەک و باکگراونێکی باشی مەعريفی هەيە و کوڕی کەسێکی ناسراويشە، ئەو کاتە دەيەوێ بە ناوی باوکييەوە نەناسرێت نەک بە هۆی باوکييەوە رێزی لێ بنێن و زياتر ناسراو بێت، دەيەوێت خۆی خۆی بێت، دەيەوێت بزانێت خۆی چييە نەک کوڕی فڵانە، ئەوە حاشاکردن نييە لە باوک ئەگەر ئەوە حاشاکردن بێت لە باوک بۆ خێڵەکەيش بە هەمان جۆرە، هەوڵ بدە ناوێک بۆ خۆت دانەنێيت کە ببێتە مايەی گومان کردن، بۆ نمونە نووسەرێ بە کوردی دەنووسێت کەچی پاشناوی کوردی بەخۆوە لکاندووە، بۆ نووسەرێکی کوردی عارەبی نووس يان هەر زمانێکی دی بنووسێت لەبار و شياوە، کە مەبەستت بێت ناوت هەر بگۆڕيت هەوڵ بدە يەکێ لەو لايەنانە هەڵبژێريت کە بوونی لە نێو کەسايەتی تۆدا هەبێت، يانيش ئەو بوارەی تێيدا دەنووسيت، بە پێی ئەو لۆژيکەی ئەمرۆ دەبێتە رێگر ئەو ناوانەی لە سەرەوە باسمانکردن خۆتی لێ دوور بگرە، رەنگە رۆژێ دابێت ئەو ناوانە رەواجدارتر بێت، ئەمەيش بەو ئاراستەی فەرمانکردن و رێگريکردن و قۆرخکاری ئازادييە باسی لێوە ناکەم، وەک گوتم هەر کەسێک ئازادە چ ناوێک لە خۆی دەنێت، چونکی ئەوە ئاوێنەی خۆتە و هيچ هێزێک ناتوانێت بيشکێنێت، لە کۆڵانێک رێگەت پێنادرێت دەيان کۆڵان دەرگات بەسەردا واڵادەکات، گرينگترين شت ئەوەيە ئازادی من نەشێوێنی تا رێز لە ئازادی تۆ بگرم. هەندێجار شاعير يان ئەديب حەز دەکات نازناو بۆخۆی دابنێت لە بری ناو و پاشناو، هەروەک شاعيرانی کلاسيک پەيڕەويان کردووە.

      خوێندنەوەی تێر و پڕ هاوکارێکی زۆر باشی ئەوەيە کە بە عەقڵانييەتەوە لەم دەروازە بدەيت و بە سەرکەوتوویی لێی قورتار ببيت و لە دادێی ژيان و تەمەنتدا گرفت رێت پێ نەگرێت و تووشاری سەرئێشە نەبيت، هەوڵ بدە ئەمە نەببێتە کێشە و نەببێتە مايەی بيرکردنەوەت، بە شتێکی لاوەکی لە نووسين ديقەتی بدە....

ئەو سەرچاوانەی سوودم لێوەرگرتوون ؛

ما أهمية أن يکون لک أسم ، بقلم: أحمد سالم الفلاحي، جريدة عمان ليوم ٣ / ١٢ / ٢٠٢١.

 

گەڕان بۆ بابەت