ما 4872 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

شۆڕش خالید ئاژگەیی

فکر لای نەوەی تیک و تۆک و سۆشیال میدیا تا ئەو شوێنە بڕ دەکات ئەو، خۆی و شوناسی خۆی تیایدا ببینێتەوە.
ئەم نەوەیە  مێژوو و رووداوەکانی رابردووی بەلاوە گرنگ نیەو هەرگیز لە رابردوو بە دوای خۆیدا ناگەڕێ. رووەو پێشەوە هەنگاو دەنێ و رقی دنیای لە سیاسەت و کایەی سیاسی ودونیای هەواڵ و جەنگ و ماڵوێرانیە.

 

نەوەی دیجیتالی

نەوەی تیک تۆک و سۆشیال مێدیا، یەکەیەکی یەکانگیری ناسیۆنالیستی و یەکپارچەی نەتەوەیی نیە و سنوور ناناسێ و ئەندامی یەکەیەکی دیجیتالیە بەناوی “ دونیای دیجیتال”.

نەوەی تیک تۆک، وێنای یەکەیەکی نیشتیمانی ناکات. گرێدراوی هیچ کام لەو پرەنسیپ و یاساورێسا نەنووسراوانەی ناو کتێب و بەڵگەنامە مێژویی و جاڕنامەکان و ئەرشیڤەکان نیە.

نەوەی سۆشیال میدیا بە گشتی و تیک تۆک بە گشتی، هەمیشە پەلەیەتی لە گەیاندنی قسەیەک، پەیامێک و وتەیەک و خۆدەرخستنێکی لۆکاڵی. ئەم نەوەیە هەڵگری هیچ کام لە تایبەتمەندیە نەتەوەییەکانی نیشتیمانێکی دیاریکراوو سنوورێکی جوغرافی ناسراو نیە.

نەوەی سۆشیال میدیا لە کۆیەکی فیزیکی دابڕاوەو گۆشەگیرە. هیچ سنوورو بەربەست و رێگریەکی یاسایی، ئەخلاقی، ئایینی، نائایینی، سیاسی و جڤاکی ناناسێت. ئەندامی نیشتیمانێکی دیاریکراو یا گرووپگەلێکی کۆمەڵایەتی و چالاکوان و سیاسی نیە.

ئەم نەوەیە هەڵگری خەمی نیشتیمان و دیاردە کۆمەڵایەتیە خراپەکان یا روئیای دروست کردنی دونیایەکی جوانتر و رازاوەتر نیە. خۆی سەرۆک و سەرکردەو نوسەرو رۆژنامەنووس کارگوزارو فەرمانبەری دونیای خەیاڵاویی و مەجازی خۆیەتی. هیچ شتێک لای ئەو و لە دونیای ئاڵۆزی تێگەیشتنی ئەودا “ پیرۆز” و “ بڤە”  و “ گرنگ و بایەخدار” نیە.

ئەم نەوەیە بەوە دەناسرێتەوە بەردەوام لە جەدەل و ململانێ و جەنگێکی دەستەویەخەدایە لەگەڵ دونیابینی خۆی و سنووری فانتازیا و ئەو واقعەی تیایدا دەژیت، دەسەڵاتەکانی دیاری دەکات.

نەوەی سۆشیال میدیا بەگشتی بەردەوام و لە هەموو حاڵەتێکدا  لە دۆخی هۆشیاری جەستەییدایە…شەورۆژ “ ئۆنلاینە” و دۆخی “ ئۆفلاینی” بە کارەسات و دواکەوتن لە کاروانی کایەی ژیان و رەوتی پێشکەوتن تێدەگات.

نەوەی سۆشیال میدیا یا باشتر بڵێم نەوەی دیجیتالی، خانەکانی مێشکی بە ژمارەو بەراوردکاریەوە پڕ کراوەتەوەو رۆحیەت و زیندووێتی  دۆخی کۆمەڵایەتی و  جۆرێتی پەیوەندی کردن بە دونیای دەورووبەرو دەرەوە لای ئەو، پۆست کردن و ئاپلۆد کردنی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کورت و خۆ دزینەوەیە لە خوێندنەوەو نووسینی دەقێکی ئەدەبی جوان و پوخت و درێژەوە.

فکر لای نەوەی تیک و تۆک و سۆشیال میدیا تا ئەو شوێنە بڕ دەکات ئەو، خۆی و شوناسی خۆی تیایدا ببینێتەوە.
ئەم نەوەیە  مێژوو و رووداوەکانی رابردووی بەلاوە گرنگ نیەو هەرگیز لە رابردوو بە دوای خۆیدا ناگەڕێ. رووەو پێشەوە هەنگاو دەنێ و رقی دنیای لە سیاسەت و کایەی سیاسی ودونیای هەواڵ و جەنگ و ماڵوێرانیە.

چوارچێوەی فکرو هزرو بینینەکانی  ئەم نەوەیە تا ئەو شوێنە بڕدەکات ئەو دەیەوێ و خەونی پێوە دەبینێ و خولیای گەیشتنە پێی.

سەرچاوە: ئاوێنە

گەڕان بۆ بابەت